ئایا بە بێ دەست نوێژ دەتوانین قورئان بخوێنین؟ وە شەو نوێژ سەعات چەند بكرێ خێری زیاترە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا بە بێ دەست نوێژ دەتوانین قورئان بخوێنین؟ وە شەو نوێژ سەعات چەند بكرێ خێری زیاترە
پرسیار:

ئایا بە بێ دەست نوێژ دەتوانین قورئان بخوێنین؟ وە شەو نوێژ چ كاتێكی شەو بكرێ خێری زیاترە واتە سەعات چەند؟

وەڵام:
بسم الله الرحمن الرحیم
شوكر و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، و صەڵات و سەلامیش لەسەر پێغەمبەر و ئال و بەیت و یار و یاوەڕنی تا ڕۆژی دوایی،... پاشان لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا، دەڵێم:
بەڵی دەتوانرێت بە بێ دەستنوێژ قورئان ـ كە سەروەری هەموو زیكرەكانە وخوای پەروەردگار لەبارەیەوە فەرموویەتی: [ وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ ] (النحل: 44) ـ بخوێنیت، یان هەر زیكرێكی تر بكەیت، چونكە دایكە (عائشە) ـ ڕەزا و ڕەحمەتی خوای لێبێت ـ فەرموویەتی:" كَانَ النَّبِىُّ ـ ـ يَذْكُرُ اللَّهَ عَلَى كُلِّ أَحْيَانِهِ " (رواه مسلم)، واتە: پێغەمبەری خوا () لە هەموو بار و حاڵێكیدا زیكر و یادی خوای پەروەردگاری دەكرد.
بەڵام سوننەت و باشتر وایە كە لەكاتی زیكركردندا ـ قورئان خوێندن بێت یان جگە لەو ـ دەستنوێژمان هەبێت، هەروەكو پێغەمبەری خوا () لە كاتێكدا كە هاوەڵێكی سەلامی لێدەكات، وەڵامی ناداتەوە تاكو دەستنوێژ دەگرێت (دەشوات)، پاشان دەفەرموێت: " إني كرهت أن أذكر الله إلا على طهر ـ أو قال: ـ على طهارة "(1) واتە: من پێم خۆش نەبوو زیكر و یادی خوا بكەم جگە بە دەستنوێژەوە نەبێت، یان فەرمووی: بەبێ دەستنوێژ... خوای پەروەردگاریش زاناترە.
[وە سەبارەت بە پرسیاری دووم، دەڵێم:]
(ابن عمرو) ـ ڕەزا و ڕەحمەتی خوای لێبێت ـ بۆ مان لە پێغەمبەری خواوە () دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی: "...، و أحب الصلاة إلى الله صلاة داود كان ينام نصف الليل و يقوم ثلثه و ينام سدسه "(2)، واتە: خۆشەویسترین شێوازی شەونوێژ شەونوێژی پێغەمبەر داودە ـ علیه السلام ـ نێوەی شەو دەخەوت و لە سێیەكی كۆتاییدا شەونوێژی دەكرد، پاشان لە شەش یەكی كۆتایی شەو دەخەوتەوە.
دیاریكردنی شەویش لە سەرەتای خۆرئاوابوونەوە دەست پێدەكات، تاكو سەرەتای دەركەوتنی سپێدەی ڕاستگۆ (الفجر الصادق) ـە و سەرەتای كاتی نوێژی بەیانیە، بۆیە كات و ساتی شەونوێژ بەو پێیە دیاری دەكرێت، و سەعاتێكی دیاری كراوی نیە، لەبەر گۆڕانی كاتی شەو لە وەرزێكەوە بۆ وەرزێكی تر... خوای پەروەردگاریش زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
باوكی سوننە عدنان بارام كەلاری
===========================
(1) (صححه العلامة الألباني في السلسلة الصحيحة، برقم: 834، وقال في صحيح سنن أبي داود عن حديث رقم (13): إسناده صحيح على شرط مسلم، وصححه ابن حبان (800)، والحاكم والذهبي والنووي)
(2) (صححه الألباني في: صحيح الجامع، برقم: 170)

سەردان: ٥,١٥٠ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان