بۆ ئەوەى توشى ڕیا نەبم واز لە هەندێ عیبادەت دەهێنم ئایا ئەم کارەى من دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆ ئەوەى توشى ڕیا نەبم واز لە هەندێ عیبادەت دەهێنم ئایا ئەم کارەى من دروستە؟
پرسیار:

جاری وا هەیە ئەمەوێ‌ هەستم بەكار و عیبادەتێك وەكو نوێژ یان قورئان خوێندن و لەوكاتەدا كەسێك دێت بۆ لام منیش دەسبەجێ لە قورئان خوێندن دەوەستم یان دەست ناكەم بەنوێژەكە وە یاخود كورتی دەكەمەوە ئەگەر دەستم پێ كردبێت, جا ئایا ئەم كارەی من دەیكەم دروستە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
نابێت واز لە كارێكی شەرعی بهێنیت بە بیانوی تووشبون بە ڕیاوە
 ابن مفلح دەڵێت: دروست نیە واز لە كارێكی شەرعی بهێنیت لەترسی ڕیاو بەرچاوی.
لەو شتانەی كە بەسەر مرۆڤدا دێت لەمیانەی ئەنجامدانی كارێكی شەرعیدا كە وای لێ دەكات تەركی بكات و نەیكات ئەوەیە كە ترسی ریا وپێشچاوی بۆ دروست دەبێت, جا ئەوەی پێویستە لەسەری ئەوەیە كە ئاوڕنەداتەوە بۆ ئەم جۆرە بیركردنەوانەو ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێكردووە با بیكات بەوپەڕی ڕەغبەتەوە و پەنایش بگرێ‌ بەخوا پشت تەنها بەو ببەستێت بۆ ئەنجام دانی عیبادەت بەشێوەی شەرعی و دروست.
پێشەوا نەوەوی بەڕەحمەت بێت دەڵێــت: نابێت واز لە زیكر بەزمان بهێنیت لەگەڵ دڵـدا لەترسی ڕیا بەڵكو دەبێت بەهەردووكیان زیكر بكرێت و مەبەست لێی تەنها خوایش بێت.
وە هەروەها فوزەیلی كوڕی عیاز دەڵێت: واز هێنان لەكردەوە لەبەر خەڵكی ئەوە ڕیایە, وە كردەوەش لەبەر خەڵكی ئەوە شیركە. وە دەڵێت: ئەگەر مرۆڤ دەرگای هەست كردن بەچاودێری و سەرنجی خەڵكی لەسەرخۆی بكاتەوە ئەوا زۆربەی دەرگای خێـری لەسەر دەبەسترێت.
ابوالفرج ابن الجوزی دەڵێت: وازهێنان لە عیبادەت لەترسی ریا ئەگەرهاتوو پاڵنەرەكە لەسەر عیبادەت دین نەبووئەوا دەبێت وازی لێ بهێنرێ‌ چونكە ئەوە سەرپێچیە, وە ئەگەریش پاڵنەرەكە دین بوو وە مەبەست لێی ڕەزامەندی خوابوو ئەوا نابێت وازی لێ بهێنرێت, چونكە پاڵنەرەكە دینە, بەهەمان شێوە ئەگەر واز لە عیبادەت بهێنێ‌ لەترسی ئەوەی پێی بووترێ‌ ریاكار, ئەوا نابێت وازی لێ بهێنرێ‌ چونكە ئەوە لە فێڵەكانی شەیتانە.
ابراهیمی نەخعی دەڵێت: ئەگەر تۆ لە نوێژدا بوویت و شەیتان بۆت هات و وتی: تۆ ڕیاكاری ئەوا زیاتر درێژی بكەرەوە, بەڵام ئەوەی لە سەلەفەوە هاتووە كە وازیان لە هەندێ هێناوە لەترسی ڕیا, ئەوە بەو شێوەیە لێكدەدرێتەوە كە هەستیان بە جۆرێك لە ڕازاندنەوە كردووە لەناخی خۆیاندا بۆیە وازیان هێناوە, بۆیە كاتێك یەكێكی وەكو (اعمش) كە لای ابراهیم دەبێت دەڵێت خەریكی قورئان خوێندن بوو لەوكاتەدا كەسێك ئیزنی وەرگرت كە بێتە ژورەوە, و ابراهیم قورئانەی داپۆشی و وتی با وا گومان نەبا من هەمیشەوكات قورئان دەخوێنم.
جا ئەگەر واز لەعیبادەت نەهێنرێ‌ لەبەرترسی ڕودانی ریا ئەوا لە پێشترە وازی لێ‌ نەهێنرێ‌ لەبەر ترسی عوجب و بەخۆسەرسام بوون كە لە دوای ئەوەوە بۆت دروست دەبێت.

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٢,٢١٨ بەش: هەمەجۆر