شوبهەى شەخص پەرستان : چۆن ئێمە بەكافر دادەنرێین لە كاتێكدا باوەڕمان بە بوونی خوا هەیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
شوبهەى شەخص پەرستان : چۆن ئێمە بەكافر دادەنرێین لە كاتێكدا باوەڕمان بە بوونی خوا هەیە؟
پرسیار:

لەم بەشەدا هەرجارە و شوبهەیەک لە شوبهەی شەخس پەرستان دەخەینە ژێر تیشكی ڕووناكی قوڕئان و سوننەت بە گوێرەی تێگەیشتنی هاوەڵان و پێشەوایانی پێشینەی ئوممەت 

شوبهەی یەكەم

دەڵێن: ئێمە باوەڕمان وایە تەنها خوا خالقە و دروستكاری هەموو بوونەوەرەو تەنها ئەویش پادشاو خاوەنەو هەر ئەویش پەروەردگاری هەموو جیهانە، وە هەموو ئەو پیاوچاك و پێغەمبەرانەش كە ئێمە ئیعتیقادمان پێیانەو هاواریان دەكەینێ‌ ئەوانیش هـەر تەنهـا خـوا دروستی كردوون و هیچیان ناكەین بە شەریكی خوا لە دروست كردنی هیچ بەشێكی بونەوەر.
كەواتە: چۆن ئێمە بەكافر دادەنرێین لە كاتێكدا باوەڕمان بە بوونی خوا هەیە ؟! وە چۆن ئێمە بە موشریك دادەنرێین لە كاتێكدا كە ئیعتیقادمان وایە تەنها خوا خالیقەو پەروەردگارە بەبێ‌ شەریك ؟!

پوچەڵ كردنەوەی شوبهەی یەكەمی شەخس پەرستان

لە وەڵامی ئەم شوبهەیەدا دەڵێین: 

ئەم شوبهەیە مایەی نەفامی و بێ‌ ئاگایییە لە قوڕئان و سوننەت چونكە ئەگەر ئاوڕ بدەنەوە بەلای قوڕئاندا بۆیان دەردەكەوێت، كە لە چەندەها ئایەتدا پەروەردگار باسی كردووە كە موشریكەكانیش باوەڕیان بە بوونی خوا بووەو لەوەش زیاتر باوەڕیان بە تەنها پەروەردگاریەتی و خالقیەتی خوا بووەو بتەكانیان بە شەریكی خوا دانەدەنا لە دروست كردن و پەروەردگاریەتیدا وە خۆیان ئیقڕاڕیان دەكرد كە بتەكانیان دروست كراون‌و تەنها خوا خالیقە. وە هەروەها (إبليس)ی مەلعونیش باوەڕی بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا هەیەو دەڵێت: [رَبِّ خَلَقْتَنِي مِن نَّارٍ] واتە: ئەی پەروەردگارم تۆ منت دروست كردوە لە ئاگر. 

كەواتە ئەگەر تەنها بەو بـاوەڕە عەبـد ببێت بە موسڵمـان ئەوا دیـارە (إبليس)و موشریكەكانیش موسڵمان بوون و كافر نەبوون، چونكە ئەوانیش باوەڕیان وابوو كە تەنها خوا خالقەو پەروەردگارە وەكو گۆڕپەرستەكانی ئەمڕۆ.
كەواتە ئەی شەخس پەرستان بە تەنها بەم باوەڕ بوونە لە موشریك و كافرەكان جیا نابنەوە؛ چونكە ئەوانیش وەكو ئێوە ئەم باوەڕەیان بە خوا هەبوو وەك لەم ئایەتانەدا دەردەكەوێت:
١ ـ {وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَهُمْ لَيَقُولُنَّ اللَّـهُ ۖ فَأَنَّىٰ يُؤْفَكُونَ ﴿٨٧﴾} [الزخرف].

واتە: ئەی محمد ئەگەر بپرسی لەم موشریكانە كێ‌ دروستی كردوون ؟ لە وەڵامدا دەڵێن: (الله) دروستی كردووین بە تەنها، كەوابوو ئەدی بۆچی هەڵدەگەڕێنەوە لە تەنها پەرستن و هاواركردنی ئەو(الله)یەی كە بەتەنها دروستی كردون ؟ وە بۆ شتی تری لەگەڵ دەپەرستن كە هیچ پەیوەندیان نەبووە بە دروست كردنی ئێوە ؟!

٢ ـ {وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ لَيَقُولُنَّ اللَّـهُ ۖ فَأَنَّىٰ يُؤْفَكُونَ ﴿٦١﴾} [العنكبوت].
واتە: ئەگەر پرسیار بكەیت لە موشریكەكان: كێ‌ ئاسمانەكان و زەوی دروست كردووەو كێ‌ خۆرو مانگی ژێربار كردووەو بە ڕێكی دەخولێنەوە، لە وەڵامدا دەڵێن: تەنها (الله) كەوابوو چۆن لادەدەن لە پەرستنی ئەو (الله)یە كە دروستكاری ئاسمانەكان و زەوییەو ڕێكخەری خۆرو مانگەو چۆن لەگەڵ ئەودا هاوار دەكەنە غەیری ئەو، وە شتانێكی تر دەپەرستن ؟!

٣ ـ {وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّن نَّزَّلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَحْيَا بِهِ الْأَرْضَ مِن بَعْدِ مَوْتِهَا لَيَقُولُنَّ اللَّـهُ ۚ قُلِ الْحَمْدُ لِلَّـهِ ۚ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ ﴿٦٣﴾} [العنكبوت].
واتە: ئەگەر پرسیار لە موشریكەكان بكەیت كە: كێ‌ لە ئاسمان بارانی باراندوەو زەوی مردووی ووشك بووی پێ‌ زیندوو كردۆتەوە؟ لە وەڵامدا دەڵێن: (الله)؛ دەتۆش بڵێ‌ سوپاس بۆ ئەو خوایە (الـحمد لله)، بەڵام زۆربەی ئەو خەڵكە عەقڵیان نیە كە تەنها دەبێت ئەو (الله)یە بپەرسترێت كە بارانیان بۆ دەبارێنێت و زەویان بۆ زیندوو دەكاتەوە! جا چونكە عەقڵی ئەوەیان نیە، شەریكی بۆ دادەنێن لە پەرستن و پشت پێ‌ بەستن و ئیعتقاد پێ‌ بوون !!

٤ ـ {قُل لِّمَنِ الْأَرْضُ وَمَن فِيهَا إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ﴿٨٤﴾ سَيَقُولُونَ لِلَّـهِ ۚ قُلْ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ ﴿٨٥﴾ قُلْ مَن رَّبُّ السَّمَاوَاتِ السَّبْعِ وَرَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ ﴿٨٦﴾ سَيَقُولُونَ لِلَّـهِ ۚ قُلْ أَفَلَا تَتَّقُونَ ﴿٨٧﴾ قُلْ مَن بِيَدِهِ مَلَكُوتُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ يُجِيرُ وَلَا يُجَارُ عَلَيْهِ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ﴿٨٨﴾ سَيَقُولُونَ لِلَّـهِ ۚ قُلْ فَأَنَّىٰ تُسْحَرُونَ ﴿٨٩﴾} [المؤمنون].
واتە: ئەی محمد بەو موشریكانە بفەرموو: ئەم زەویەو ئەوەی كە لەناو زەویش دایە ـ موڵكی كێ‌یە ئەگەر دەزانن ؟ بێگومان ـ لە وەڵامدا دەڵێن ـ تەنها موڵكی (الله)یە، تۆ ئەوكاتە بفەرموو: ئەدی كەواتە بۆ بیرناكەنەوە كەتەنها ئەویش شایسـتەی پـەرسـتـنەو زینـدوتـان دەكاتەوەو موحاسەبەتان دەكات لەسەر شەریك بۆ خوا دانانتان.
وە بفەرموو: كێ‌ پەروەردگاری حەوت ئاسمانەكان و كێ‌ پەروەردگاری عەرشی گەورەیە كە لە هەموو دروستكراوێك گەورەترەو بەرزترە؟!
بێگومان لە وەڵامدا دەڵێن: تەنها (الله) پەروەردگارە تۆش بفەرموو كەوابوو بۆ لەو تەنها پەروەردگارە؛ ناترسن و شەریكی بۆ دادەنێن لە پەرستندا، لەكاتێكدا خۆتــان
دان دەنێن بەوەی كە تەنها ئەو پەروەردگارە ؟
وە بفەرموو: كێ‌ خاوەنی هەموو شتێكەو خەزێنەی هەموو شتێكی بەدەستە ؟
وە كێ‌ پەنای ئەوە دەگرێ‌ كە پەنای پێ‌ بگرێ‌ و پەناش لەو ناگیرێت؟ ئەگەر دەزانن؟
لە وەڵامدا دەڵێن: ئەم دەسەڵات و موڵكە تەنها هی (الله)یە.
تۆش بفەرموو: {فَأَنَّىٰ تُسْحَرُونَ} واتە: كەوابوو چۆن فێڵتان لێ‌ دەكرێت و لادەدرێن لە پەرستنی ئەو خوایەو بەڕاست دانانی هەواڵەكانی و شوێنكەوتنی فەرمانەكانی.

٥ ـ {قُلْ مَن يَرْزُقُكُم مِّنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ أَمَّن يَمْلِكُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَمَن يُخْرِجُ الْحَيَّ مِنَ الْمَيِّتِ وَيُخْرِجُ الْمَيِّتَ مِنَ الْحَيِّ وَمَن يُدَبِّرُ الْأَمْرَ ۚ فَسَيَقُولُونَ اللَّـهُ ۚ فَقُلْ أَفَلَا تَتَّقُونَ ﴿٣١﴾ فَذَٰلِكُمُ اللَّـهُ رَبُّكُمُ الْحَقُّ ۖ فَمَاذَا بَعْدَ الْحَقِّ إِلَّا الضَّلَالُ ۖ فَأَنَّىٰ تُصْرَفُونَ ﴿٣٢﴾} [یونس].

واتە: بفەرموو: كێ‌ ڕزقتان دەدات لە ئاسمان بە باران بارین و لە زەویدا بە ڕوەك ڕواندن؟ وە كێ‌ بیستن و بینینی ئێوەی بە دەستە؟ وەكێ‌یە مردن و ژیانی بە دەستەو زیندوو لە مردوو دروست دەكات، وە مردووش لە زیندوو دروست دەكات، وەكێ‌ كاروباری بونەوەر بەڕێوە دەبات؟ لە وەڵامدا دەڵێن (الله) بە تەنها.
تۆش بفەرموو: كەوابوو بۆ لە خوا ناترسن و خۆپارێزی ناكەن لەوەی كە ئەو (الله)یە پێی ناخۆشە، وەك پەرستنی غەیری خوا ؟!
وە تەنها ئەو خوایە پەر ستراوی حەقەو شایستەی پەرستنە كە پەروەردگارتانەو هەمـوو شتێكی بە دەستە، وە غەیری ئەو پەروەردگارە هیچ یەكێك شایستەی پەرستن‌و هاوار بۆ كردن نیەو تەنها (الله) پەرستراوی حەقەو غەیری ئەو پەرستراوی ناڕەواو ناحەقن.
كەوابوو بۆ لە پەرستنی ئەم پەرستراوە شیاوە لادەدەن بۆ پەرستنی پەرستراوێكی ناحەق (باطل) ؟!
كەواتە: لەم ئایەتانەدا بۆمان دەركەوت كە موشریكەكان هەموویان باوەڕیان بەوە هەبوو، كە تەنها خوا پەروەردگارەو دروستكاری بونەوەرەو خاوەنی هەموو شتێكە، وەلەو شتانەدا هیچ یەكێكیان نەدەكرد بە شەریك بۆ خوا، بەڵام لە عیبادەتدا شەریكیان بۆ خوا دادەناو پەرستنیان بۆ غەیری خوا دەكرد؛ بۆیە خوای گەورە بانگیان دەكات بۆ تەنها (الله) پەرستن، لە ڕێگای باوەڕ بوونیان بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا؛ چونكە كەسێك باوەڕی بەوە هەبێت كە تەنها (الله) پەروەردگارە، دەبێت تەنها ئەویش بپەرستێت؛ چونكە تەنها ئەو زاتە شایستەی پەرستن بۆ كردنە كە پەروەردگارو خالیق و ڕازق و مالك و قادر ... بێت، بەڵام ئەوەی كە هیچ یەكێك لەم سیفەتانەی نیە، شایستەی ئەوە نیە بپەرسـترێـت و عیبادەتی بۆ بكرێت و هاواری بكرێتـێ‌.
وە لە چەندان ئایەتی تریشدا دەبینین خوای گەورە ئەم باوەڕ بوونەیان بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا (الإيـمان بتوحيد الربوبية)، دەكاتە بەڵگە لەسەر بانگ كردنیان بۆ تەنها پەرستنی ئەو (توحيد الأُلوهية)، وەك لەم ئایەتانەدا دەفەرمووێت:
{أَمَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَأَنزَلَ لَكُم مِّنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَنبَتْنَا بِهِ حَدَائِقَ ذَاتَ بَهْجَةٍ مَّا كَانَ لَكُمْ أَن تُنبِتُوا شَجَرَهَا ۗ أَإِلَـٰهٌ مَّعَ اللَّـهِ ۚ بَلْ هُمْ قَوْمٌ يَعْدِلُونَ ﴿٦٠﴾ أَمَّن جَعَلَ الْأَرْضَ قَرَارًا وَجَعَلَ خِلَالَهَا أَنْهَارًا وَجَعَلَ لَهَا رَوَاسِيَ وَجَعَلَ بَيْنَ الْبَحْرَيْنِ حَاجِزًا ۗ أَإِلَـٰهٌ مَّعَ اللَّـهِ ۚ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ ﴿٦١﴾ أَمَّن يُجِيبُ الْمُضْطَرَّ إِذَا دَعَاهُ وَيَكْشِفُ السُّوءَ وَيَجْعَلُكُمْ خُلَفَاءَ الْأَرْضِ ۗ أَإِلَـٰهٌ مَّعَ اللَّـهِ ۚ قَلِيلًا مَّا تَذَكَّرُونَ ﴿٦٢﴾ أَمَّن يَهْدِيكُمْ فِي ظُلُمَاتِ الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَمَن يُرْسِلُ الرِّيَاحَ بُشْرًا بَيْنَ يَدَيْ رَحْمَتِهِ ۗ أَإِلَـٰهٌ مَّعَ اللَّـهِ ۚ تَعَالَى اللَّـهُ عَمَّا يُشْرِكُونَ ﴿٦٣﴾ أَمَّن يَبْدَأُ الْخَلْقَ ثُمَّ يُعِيدُهُ وَمَن يَرْزُقُكُم مِّنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ ۗ أَإِلَـٰهٌ مَّعَ اللَّـهِ ۚ قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ﴿٦٤﴾} [النمل].

واتای ئایەتی (٦٠):
ئەی محمد پرسیار بكە لەو موشریكانە: ئایا كێ‌ دروستی كردوە ئاسمانەكان و زەوی، وە باراندویەتی لەئاسمانەوە ئاوێك، جابەهۆی ئەو ئاوەوە باغ و بێستانی بەدیمەن و جوانمان بۆسەوز كردن لەحاڵێكدا كەئێوە توانای سەوز كردنی دارەكەیشیتان نەبوو ئەگەر پەروەردگار بارانی بۆ نەباراندبان !!
كەوابوو تەنها ئەو زاتە پەرستراوە (إلـه)ـە كە ئەمانەی بۆ ئێوە كردووەو هەر پەرستراوێكی تر كە ئەمانەی نەكردبێت ناحەقە بە پەرستراو دابنرێت و پەرستن و سەربڕین و هاواری بۆ بكرێت، جا ئایا هیچ پەرستراوێكی دی هەیە لەگەڵ (الله) ئەم شتانەی پێشووی بۆ ئێوە كردبێ‌ تاوەكو بەهۆی ئەوەوە ببێتە شیاوی پەرستن بۆ كردن و بەگەورە دانان ؟!
بێگومان هیچ پەرستراوێكی تر نیە جگە لە (الله) ئەم كارانەی كردبێت، بەڵام ئەم موشریكانە گەلێكن (قومٌ) لە حەق لادەدەن و پەرستراوەكانیان یەكسان دەكەن بە خوا لە پەرستن بۆ كردنداو كردوویانن بە شەریكی (الله) !! لە كاتێكدا خۆیان دان دەنێن بەوەی كە شەریكی خوا نین لە دروست كردن‌و باران باراندن و ڕووەك سەوز كردن و پەروەردگارێتیدا !!

واتای ئایەتی (٦١):
ئایا پەرستنی دروست كراوەكانی ئێوە خێرترە، یان پەرستنی ئەو خوایەی كە زەوی بۆ ئێوە جێگیر كردووەو بۆی كردون بە جێگای قەرار گرتن و، لەناو زەویشدا چۆم و ڕووباری بۆ داناون و، شاخی پتەویشی لە زەوی داكوتاوە بۆ بەهێزكردن و بەستنەوەی، وەهەروەها لەنێوان دوو بەحری شیرین و سوێر، مانعێكی داناوە بۆ ئەوەی تێكەڵاو نەبن ؟!
ئایا هیچ پەرستراو (معبود = إلـه)ێك هەیە لەگەڵ (الله) ئەمانەی پێشووی بۆ كردبن تاوەكو بەوە بوبێتە شیاوی پەرستن بۆكردن و كردنە شەریكی خوا ؟!

نەخێر نیە، بەڵام موشریكەكان هەر بەردەوامن لەسەر شەریك بۆ خوا دانان لە پەرستندا، چونكە زۆربەیان قەدری گەورەیی خوا نازانن بۆیە بەنەفامی و كوێرانەو لاسایی كردنەوە شەریكی بۆ دادەنێن و بەندەیەكی دروستكراوی لاوازی بێ‌ دەسەڵات دەكەن بەهاوبەشی خوای دروستكاری بوونەوەر لە پەرستندا‍‍ !!

واتای ئایەتی(٦٢): ئایا پەرستنی مەعبودەكانی ئێوە خێرترە یان تەنها پەرستنی ئەو خوایەی كە وەڵامی لێقەوماوو داماوو غەمبار دەداتەوە كاتێ‌ هاواری بكاتێ‌، وە ناڕەحەتی لەسەر لادەبات، وە هەروەها دەتانكات بە نیشتەجێ‌ی پێش خۆتان ؟!
ئایا هیچ پەرستراوێك هەیە لەگەڵ خوا خاوەنی ئەم نیعمەتانە بێت بەسەرتانەوە ؟ بۆیە ئێوەش بەندایەتی بۆ بكەن لەگەڵ خواو هاواری بكەنێ‌ لەكاتی تەنگانەدا ؟!
نەخێر هیچ یەكێكی تر نیە كە وەڵامی لێقەوماو بداتەوەو ناڕەحەتی لەسەر لابەرێت. وەموشریكەكان خۆیان ئەمەیان چاك دەزانی بۆیە لەكاتی تەنگانەدا ـ بۆ نمونە ـ لەناو دەریادا كە (مەترسی تێداچوونیان بۆ دەهات) تەنها هاواریان دەكردە خوا، چونكە دەیانزانی تەنها (الله) بە فریای لێقەوماوان دێت و، ناڕەحەتیان لەسەر لادەبات، بەڵام بەداخەوە كەم عیبرەت وەردەگرن و، كەم بیردەكەنەوە لە گەورەیی و دەسەڵاتی خوا؛ بۆیە مەعبوداتێكی (پەرستراوانێكی) نا شایستەتان پەرستوون و بەوە كردوتانن بە شەریك بۆ خوای گەورەو تاكە پەرستراوی حەق.

واتای ئایەتی(٦٣):
وە ئایا پەرستنی ئەوانە خێرە كە كردوتانن بە شەریكی خوا، یان پەرستنی ئەو خوایەی كە ڕێنمونیتان دەكات لە تاریكایەكانی دەشت و دەریا، كاتێك كەڕێتان لێ‌ تێك دەچێت و شەوتان بەسەردا دێت ؟ وە ئەو خوایەی كە بەر لە ناردنی بارانی ڕەحمەتی، بای مزگێنی دەنێرێ‌ ؟
ئایا پەرستراوێكی دی لەگەڵ (الله) هەیە، ئەم شتانەی بۆ ئێوە كردبێت؛ تاوەكو ئێوەش بە شیاوی پەرستن بۆكردنی دابنێن و هاواری بكەنێ‌ ؟
نەخێر هیچ یەكێك نیە لەو پەرستراوانە، جگە لە (الله)، كە زۆر بەرزترە لەوەی كە دەیكەن بە شەریكی خوا {تَعَالَى اللَّـهُ عَمَّا يُشْرِكُونَ} .
كەواتە خوای گەورە بە موشریكی دانان چونكە پەرستن و هاواركردنیان بۆ غەیری خوا دەكرد، هەرچەندە باوەڕیان وابوو كە تەنها خوا دروستكارو ڕازیق و بارانبارێنەرو ژینەرو مرێنەرو هەڵسوڕێنەری بوونەوەرە، وەكو لە وەڵامەكانیاندا دەركەوت كە لەم لایەنە شەریكیان بۆ خوا دانەنابوو.

واتای ئایەتی(٦٤):
وە ئایا كێ‌ لە نەبوونەوە بوونەوەری دروست كردوە، دواییـش تێـكی دەداتـەوەو، خەڵـكی دەمرێنێ‌ و، نیزامی جیهان دەشڵەژێنێ‌ ، وە دیسان دوای ئەوە دەیان گەڕێنێتەوە ؟ وەكێ‌ ڕزقتان دەدات لە ئاسمان بە باراندنی باران و، لە زەویش بە ڕواندنی ڕووەك و دانەوێڵە ؟
ئایا هیچ مەعبودێكی (پەرستراوێكی) تر هەیە لەگەڵ (الله) ئەم شتانە بكات؛ تاوەكو ئێوەش بیپەرستن لەگەڵ ئەودا ؟!
نەخێر چاك دەزانن كە هیچ مەعبودێك (پەرستراوێك) نیە ئەمانەی پێ‌ بكرێت و شەراكەتی خوای كردبێت لەمانەدا. كەوابوو هیچ یەكێكی تر شایستەی پەرستن بۆكردن نیە لەگەڵ خوادا. وە ئەگەر هەر گومانی ئەوەش دەبەن، كە پەرستراوەكانتان شایستەی پەرستن و هاوار بۆكردن بن، وە بە دروستی دەزانن بكرێن بە واسیتە بۆ ئەوەی شەفاعەتتان بۆ بكەن لای خوا بەبێ‌ ئەوەی خوا ڕێگای ئەوەی بە ئێوەش و ئەوانیش دابێت، ئەوا دەی بەڵگە بهێننەوە لەسەر ئەو گومان و بیرو باوەڕە شیركیەتان ئەگەر ڕاست دەكەن : {أَإِلَهٌ مَّعَ اللَّهِ قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ}.
ئێمەی ئەهلی سوننەتیش هەمان ئەم ئایەتە دەخەینە ڕووی ئەوانەی پیاوچاكان و پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام) دەكەن بە واسیتەو داوای شەفاعەت و هێنانی خۆشی و لادانی ناخۆشیان لێ‌ دەكەن و هاواریان دەكەنێ‌ لە خۆشی و ناخۆشیدا. وەكو پەروەردگار بەو نەفامانە دەڵێت: {هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ} بەڵگەكانتان بێنن ئەگەر ڕاست دەكەن و كارەكەتان بـە ڕاسـت دادەنـێـن، وا ئێمە بەڵگەكانی خۆمان باس دەكەین لە قوڕئان و سوننەت، ئەی كوا بەڵگەكانی ئێوەش لە قوڕئان و سوننەت ؟!

كەواتە: لەم ئایەتە قوڕئانیە پیرۆزانەدا بۆمان دەركەوت كە موشریكەكانیش ـ وەكو شەخس پەرستانی ئەمڕۆ ـ باوەڕیان هەبوو بە: (توحيد الربوبية)، واتە: تەنها پەروەردگارێتی خوا واتە ئیعتقادیان وابوو كە بەتەنها (الله): خالق و ڕازق و مالك و زیندووكەرو مرێنەرو بەڕێوەبەرو باران بارێنەرو ژیێنەرو پەروەردگاری ئەرزو ئاسمان و هەموو بوونەوەرەو بێ‌ ئەوەی هیچ كەس شەریكی بێت لەم كارانە، واتە ئیعتیقادیان وابوو كە تەنها خوا خاوەنی ئەم كارانەیە (إفراد الله بأفعاله)، وە كەسی تر بكەری هیچ كارێك لەم كارانە نیە جگە لە (الله).
وە هەروەها لە ڕێگای ئەم باوەڕ بوونەیان بەتەنها پەروەردگاریەتی خوا (توحيد الربوبية)، قوڕئان بانگی دەكردن بۆ تەنها پەرستنی ئەو خوایە (توحيد الألوهية) واتە: لە ڕێگای باوەڕ بوونیان بەتەنها پەروەردگاریەتی خوا، بانگی دەكردن بۆ تەنها پەرستنی خوا، واتە ئەم باوەڕ بوونەیان بە (توحيد الربوبية)ی دەكرد بە بەڵگە لەسەریان بۆ باوەڕ هێنانیش بەتەنها خوا پەرستی، چونكە كێ‌ بەتەنها خالق و پەوەردگار (رب) بێت، دەبێت خەڵكی عیبادەت بۆ ئەو بكەن بەتەنها. 

كەواتە كافربوونی موشریكەكان بەهۆی ئەوەوە نەبوو، كە باوەڕیان بە بوونی خوا، یان تەنها پەروەردگاریەتی خوا نەبووبێت و باوەڕیان بە بتەكانیان بوبێت كە شەریكی خوا بن، لە دروست كردن و پەروەردگاریەتیدا!!
نەخێر كوفرەكەیان لەبەر ئەوە نەبوو، چونكە لەمەدا شەریكیان بۆ خوا دانەدەناو، باوەڕی تەواویشیان بەتەنها پەروەردگاریەتی خوا هەبوو، بەڵام هۆی كافربوونیان و، خەلەلیان ئەوەبوو كە: بەتەنها ئەو پەروەردگارەیان نەدەپەرست !!

وەرگیراوە لە کتێبی : خواپەرستى نەک شەخص پەرستى لە نوسینى : دکتۆر عبداللطیف أحمد

سەردان: ٢,٥٦١ بەش: شوبهەکانى شەخس پەرستان