چۆن دەیسەلمێنن که (محمد صلى الله علیه وسلم) پێغەمبەرى خوایە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن دەیسەلمێنن که (محمد صلى الله علیه وسلم) پێغەمبەرى خوایە ؟

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڵگەكان بۆ سەلماندنی ئەوەی كە موحەممەد پەیامبەری خوایە زۆرن , لێرەدا هەندێك لەو بەڵگانەپێشكەش دەكەین بەو هیوایەی بەویستی خوای گەورە سوودبەخش بن بۆ زیاتر جێگیربوونی ئیمان وباوەڕ لە دڵەكاندا و وەڵامێكیش بێت بۆ هەموو ئەو گومانانەی كە لێرەو لەوێ دەدرێن بە گوێی موسوڵماندا .
بەڵگەی یەكەم : ئەو جیاوازییە ڕوون وئاشكرایەی كە لە نێوان قورئان و فەرموودەدا هەیە .
وەك ئاشكرایە یەكێك لەو گومانانەی كە سەبارەت بە پێغەمبەرێتی خوا دەكرێت ئەوەیە كە دەڵێن قورئان دەستنووسی خۆیەتی , بەڵام لەڕاستیییدا جیاوازیی قورئان لەگەڵ فەرموودەدا بەهەردوو جۆرەكەیەوە ( فەرموودەكانی پێغەمبه‌ر و فەرموودە قودسیەكان ) یەكێك لە گەورەترین و بەهێزترین بەڵگەكانن لەسەر پێغەمبەرێتیی موحەممەد بۆ كەسێك كە بیەوێت تێبگات , چونكە هەموومان ئەوە دەزانین كە هەركەسە و شێوازێكی تایبەتی خۆی لە قسەكردن ونووسیندا هەیە كە جیای دەكاتەوە لە قسە و نوسینی كەسێكی تر , بە جۆرێك كە ئەگەر تۆ بە شێوەیەكی هەمیشەیی نووسینی كەسێك ( نوسەرێك بۆ نموونە ) بخوێنیتەوە , ئەوا دواتر دەتوانیت ئەو شێوازەی ئەو لە هەموو شێوازەكانی دیكە جیابكەیتەوە و بە شێوەیەك كە هەر چاوت بە نووسینێكی بكەوێت یەكسەر دەیناسیتەوە بێ ئەوەی ناوی ئەوی لەسەر بێت .
لێرەشدا دەبینین پێغەمبەری خوا شتێكی ناوازە و دەگمەنی هێناوە , ئەوەتا سێ تەرزی ( اسلوب ) ی جیاوازیی لە قسەكردن هێناوە , كە هەریەك لەو تەرزانە مۆركێكی تایبەتی ئەدەبی و ڕەوانبێژیی هەیە كە لە ئەو دووانەكەی دیكەی جیادەكاتەوە , ئەوانەش :
1 . قورئان .
2 . فەرموودەی قودسیی .
3 . فەرموودەی پێغەمبەر .
پرسیاریش ئەوەیە ئایا كەس هەیە بتوانێت قسەكانی بە سێ تەرزو شێوازی ئەدەبیی دابڕێژێت كە هەر تەرزەو لەوی دیكە جیاواز بێت ؟
بەڵام برای خوێنەر , پێش ئەوەی وەڵام وەرگرین , داوات لێ دەكەین سەرنجی ئەم سێ شێوازە بدەیت و لێی ورد ببیتەوە یەك لەدوای یەك :
قورئان : [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا * يُصْلِحْ لَكُمْ أَعْمَالَكُمْ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ فَازَ فَوْزًا عَظِيمًا * إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ فَأَبَيْنَ أَنْ يَحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَلَهَا الْإِنْسَانُ إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا * لِيُعَذِّبَ اللَّهُ الْمُنَافِقِينَ وَالْمُنَافِقَاتِ وَالْمُشْرِكِينَ وَالْمُشْرِكَاتِ وَيَتُوبَ اللَّهُ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا ] ( الاحزاب : ٧٠ ـ ٧٣ ) .
فەرموودەی قودسیی : (( يا عبادي إني حرمت الظلم على نفسي وجعلته محرما بينكم فلا تظالموا يا عبادي كلكم ضال إلا من هديته فاستهدوني أهدكم يا عبادي كلكم جائع إلا من أطعمته فاستطعموني أطعمكم يا عبادي كلكم عار إلا من كسوته فاستكسوني أكسكم يا عبادي إنكم تخطئون بالليل والنهار وأنا أغفر الذنوب جميعا غير الشرك فاستغفروني أغفر لكم يا عبادي إنكم لن تبلغوا ضري فتضروني ولن تبلغوا نفعي فتنفعوني يا عبادي لو أن أولكم وآخركم وإنسكم وجنكم كانوا على أتقى قلب رجل واحد منكم ما زاد ذلك في ملكي شيئا يا عبادي لو أن أولكم وآخركم وإنسكم وجنكم كانوا على أفجر قلب رجل واحد منكم ما نقص ذلك من ملكي شيئا يا عبادي لو أن أولكم وآخركم وإنسكم وجنكم قاموا في صعيد واحد فسألوني فأعطيت كل إنسان مسألته ما نقص ذلك مما عندي شيئا إلا كما ينقص المخيط إذا أدخل البحر يا عبادي إنما هي أعمالكم أحصيها لكم ثم أوفيكم إياها فمن وجد خيرا فليحمد الله ومن وجد غير ذلك فلا يلومن إلا نفسه )) .
فەرموودەی پێغەمبەر :
قال النبی صلی الله علیه و سلم (( لیس منا من لم یرحم صغیرنا ویوقر كبیرنا )) ( رواه الترمذي وصححه الالباني ) .
لەبەر درێژنەبوونەوە دەقەكانمان وەرنەگێڕا , چونكە ئەوەی لێرەدا گرنگە بابەتی تەرزە ( اسلوب ) , نەك مانا و ئەوەش تۆسقاڵێك شارەزایی لە زمانی عەرەبیدا هەبێت یان سەلیقەیەكی ئەدەبیی هەبێت زۆر بە سانایی دەتوانێت جیاوازیی لە نێوان ئەم سێ دەقەی سەرەوەدا بكات و وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بە نەخێر بداتەوە , چونكە هەرگیز نەبووە و نابێت كەسێكی نەخوێندەوار كە بە درێژیی ژیانی نە شیعر و نە وتار و نە كارێكی ڕەوانبێژانەی ئەنجام دابێت و نەپێی ناسرابێت یەكسەر لە ناكاوێكدا بێت و سێ شێوازیی قسەكردنی ئەدەبیی پڕلە جوانیی و ڕەوانبێژیی جیاواز بێنێت , كە هەریەكەیان لەوی تریان جیاوازبێت , ولەهەمووش سەیرتر ئەوەیە ئەدیب و شاعیرو ڕەوانبێژەكانی سەردەمی ئەو نەك وەك ئەو , یان نزیك بەویان نەهێناوە , بەڵكو زۆر سەرسامیش بوون بەوەی ئەو هێناویەتی و سەرباری دژایەتییان بۆ خۆی و ئایینەكەی كەچی نەیانتوانیوە وەڵامی ئەو تەحەدایە بدەنەوە كە قورئان تەحەدای كردن وبەوان وهەموو دوژمنانی ئیسلامی وتووە كە ئەگەر هەموویان كۆببنەوە بۆ ئەوەی قورئانێك , سورەتێك , دواتر ئایەتێك بهێنن وەك ئەوەی موحەممەد هێناویەتی ئەوا بێگومان ناتوانن بیهێنن وگەر ئەمەش نەبێت , ئەوا هەركەس تەماشای ئەم سێ شێوازە جیاوازە بكات دەبێت دان بەوەدا بنێت كە ئەوەی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه و سلم هێناویەتی دروستكراوی خۆی نییە و لەلایەن خوای گەورەوە هاتووە و شتێكی وا لە سەرووی توانای مرۆڤەوەیە .
بەڵگەی دووەم : جیاوازیی نێوان قورئان و قسەوباسی عەرەب لە دورگەی عەرەبیی دا .
مرۆڤ بەشێوەیەكی سرووشتیی زادەی ئەو ژینگەیەیە كە تێیدا چاوی بە دونیا هەڵ دەهێنێت و ئەو كۆمەڵگایەی كە تێیدا گەورە دەبێت و هەمیشە لە ژێر كاریگەریی ئەو ڕۆشنبیرییە گشتییەدا دەبێت كە ئەو كۆمەڵگایە بەرهەمی هێناوە وئەو شتانەش كە لە دەورو بەریدا دەیبینێت , بەم پێیەش دەبوو پێغەمبەری خوا هەر هیچ نەبێت كەمێكی لەو میراتە زۆرو زەبەندەی سەردەمی نەفامیی لە شیعرو هەواڵی جەنگەكان و ئەو چیرۆكانەی لەنەفامیدا هەبوون لە قورئاندا بگێڕابایەتەوە , كەچی دەبینین هیچ لەوانە لە قورئاندا بوونی نییە و لەوەش زیاتر ئەوەیە كە ئەگەر هەریەكێك قورئان بخوێنێتەوە لە دووتوێی هەردوو بەرگەكەیدا نابینێت باسێكی دەربارەی ژیانی تایبەتیی پێغەمبەر ی تێدا بێت , نە لەدایك بوونی نە سەردەمیی منداڵی و نە سەردەمی مێرد منداڵیی , یان گەنجێتی , یاخود چل ساڵی تەمەنی پێش پێغەمبەرێتیی تیدانییە , هەروەها دەبینین ناوی خۆشەویستترین هاوەڵیی لە پێش پێغەمبەرێتیی و دوای پێغەمبەرێتیی كە ( ئەبو بەكری صدیق ) ه ڕه‌زاي خواي لێبێت , بۆیەك جاریش بە ناو ناوی نەهاتووە , یاخود ( خەدیجە ڕەزای خوای لێبێت ) , كە لە قورستترین كاتەكانی ژیانییدا پشتیوانیی كردوو هەموو ناخۆشییەكی لە پێناویدا چەشت وەك برسێتیی و گەمارۆ و دەیان ئازاری دیكە و هێندەش خۆشەویست وبەڕێز بوو لە دڵی پێغەمبەر دا بە شێوەیەك كە فەرموویەتی ( سوێند بەخوا خوای گەورە لەو ( خەدیجە ) باشتریی پێنەداوم ) كەچی ناوی نەهاتووە لە قورئاندا , هەروەها ناوی هیچكام لە كچەكانی و ناوی دایكی خۆی ( ئامینە ) ش نەهاتوون و ئەگەر قورئان دانراوی موحەممەد بوایە بۆ یەكێك لەم ناوانەی تێدا نەدەبوو , لە كاتێكدا دەبینین سورەتێك بە ناوی ( مەریەم ) ەوە سەلامی خوای لێبێت , دایكی پێغەمبەر ( عیسا سه‌لامي خواي لێبێت ) هاتووە , بەڕاستیی جێگەی سەرسوڕمانە قورئانێك دەستنووس و دانراوی موحەممەد بێت كەچیی سورەتێكی بەناوی ( خەدیجە ) یان ( عائیشە ) یان ( ئامینە ) ی تێدا نەبێت بەڵام سورەتی ( مەریەم ) ی تێدا بێت كە دایكی نزیكتریین پێغەمبەرە لێیەوە لە ڕووی كاتەوە و لۆژیكیش ئەوە دەخوازێت كە باسی ئەو پێغەمبەرە ( عیسا عليه السلام ) و دایكی نەكردایە بۆ ئەوەی خەڵكیی لەبیری بكەن .
دكتۆر غاری میلەر خاوەنی كیتابی " القران المذهل ـ قورئانی سەرسوڕهێنەر " دەڵێت :
" كاتێك بۆ یەكەم جار قورئانم خوێندەوە , وام دادەنا كە باسگەلێكی دەربارەی بیابان وداب ونەریتە ناوخۆییەكانی ئەو ژینگە بیابانییە ساكارەی تێدا بدۆزمەوە ... وام دادەنا كە دەربارەی هەندێك لەو ڕووداوە قورسانەی كە بەسەر پێغەمبەردا هاتوون شتێك بخوێنمەوە وەك مردنی خەدیجەی خێزانی ڕەزای خوای لێبێت و مردنی كچەكانی و كوڕەكانی ... بەڵام هیچم لەوانە نەبینی ...
بەڵكو ئەوەی سەرسامی كردم ئەوەبوو كە سورەتێكم بینی بە تەواویی بە ناوی ( مەریەم ) ەوە كە هێندە ڕێزگرتنی مەریەمی تێدایە سەلامی خوای لێبێت نموونەی ئەوە لە كتێب و ئینجیلەكانی گاورەكان دا نییە !! لە هەمان كاتدا سورەتی عائیشە یان سورەتی فاتیمەم نەبینی !
وە هەروەها بینیم لە قورئاندا (25) جار ناوی عیسا عليه السلام هاتووە لەكاتێكدا ناوی موحەممەد تەنها پێنج جار هاتووە ـ كە (4) جار بە موحەممەد و (1) جار بە ئەحمەد بووە ـ وئەمەش سەرسامیی زیاتر كردم " .
وە ئەم قسەیە بۆ ( موسی عليه السلام ) یش بەهەمان شێوە ڕاستە ودەبینین ناوی زیاتر (130) جار هاتووە , جا دەكرێت ئەوانەی كە خانە گومانن لە خۆیان بپرسن ئایا دەبێت پەیوەندیی كەسێك كە لە بیابانەكانی مەككەدا ژیابێت بە موساوە چی بێت كە پێش ئەو بە دوو هەزار ساڵ لە میصرا ژیابێت تا (130) جار ناوی بهێنێت ؟!
خۆ ئەگەر هەر باسیشی بكردایە ئەوا جارێك یان دوو جاری بەس بوو , وە دەیتوانی ئەو بەشەكەی قورئانی تەرخان بكردایە بۆ باس كردن دەربارەی خۆی و كەسو كاری و هاوەڵانی و مێژووی مەككە و ئەو توراسەی هەیبووە و دەربارەی شاعیر و شیعرەكانی نەفامیی و هەڵواسراوەكانیان كە چەندە لە دڵی عەرەبی ئەو سەردەمەدا بەرز ڕادەگیران كەچی لەگەڵ ئەوەشدا قورئان تەنانەت بە ئاماژەیەكیش ئاماژەی پێ نەداوە , بۆیە ئەمەش یەكێكە لە گەورەترین بەڵگەكان كە دەیسەلمێنن قورئان كەلامی خوایە و نوسراو و دانراوی موحەممەد نییە چونكە سروشتی مرۆڤ وایە كە باس لەوانە بكات كە دەیبینێ و دەیبیستێ بەڵام ئەوەی پێغەمبەر موحەممەد هێناویەتی پێچەوانەی ئەوەیە .
بەڵگەی سێیەم : پاراستنی خوا بۆ پێغەمبەرەكەی لە دوژمنەكانی كە سەرباریی زۆرییان , هەمیشە لە كەمین دا بوون بۆی .
خوای گەورە لە قورئاندا فەرموویەتی : [ يَا أَيُّهَا الرَّسُولُ بَلِّغْ مَا أُنْزِلَ إِلَيْكَ مِنْ رَبِّكَ وَإِنْ لَمْ تَفْعَلْ فَمَا بَلَّغْتَ رِسَالَتَهُ وَاللَّهُ يَعْصِمُكَ مِنَ النَّاسِ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْكَافِرِينَ ] ( المائدە : ٦٧ ) , واتە " ئەی پێغەمبەر , ئەوەی لە خواوە بۆت دابەزیوە ڕای بگەیەنە , وئەگەر وانەكەی ئەوا پەیامەكەی خوات ڕانەگەیاندووە , وە خوای گەورە لە خەڵكیی دەتپارێزێت , بەڕاستیی خوای گەورە ڕێنموونی خەڵكانی بێباوەڕ ناكات " .
پێش ئەوەی ئەم ئایەتەپیرۆزە دابەزێت , وەك لە فەرموودەكاندا هاتووە , هاوەڵان بە شێوەیەكی خۆبەخش پاسەوانیی پێغەمبەری خوایان دەكرد , لەبەر بوونی مەترسی لەسەر ژیانی و پێغەمبەری خواش نەك هەر ڕەتی نەدەكردەوە بەڵكو كارەكەیانی ئیقرار كرد , و ئەمەش لەبەر ئەوەبوو كوشتنی پێغەمبەر شتێكی چاوەڕوان نەكراو نەبوو چونكە وەك لە قورئاندا هاتووە پیغەمبەران كوژراون و بەتایبەتیی لە لایەن جوولەكەشەوە ئەو كارە زیاترلە جارێك ئەنجام دراوە وەك خوای گەورە فەرموویەتی : [ قُلْ فَلِمَ تَقْتُلُونَ أَنْبِيَاءَ اللَّهِ مِنْ قَبْلُ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ ] ( البقرە : ٩١ ) ، واتە " پێیان بڵێ ئەی بۆچی پێشتر پێغەمبەرانی خواتان دەكوشت ئەگەر ئێوە باوەڕداربوون " , بەڵام دوای ئەوەی ئەم ئایەتە پیرۆزە دابەزیی پێغەمبەری خوا بە هاوەڵانی فەرموو : " خەڵكینە لێرە بڕۆن خوای گەورە دەمپارێزێت " وەك لەم فەرموودەیەدا هاتووە ( عن عائشە قالت : كان النبی صلی الله علیه و سلم یحرس حتى نزلت هذه الآیة { والله یعصمك من الناس } فأخرج رسول الله صلی الله علیه و سلم رأسه من القبة فقال لهم : یا أیها الناس انصرفوا فقد عصمني الله ) ( رواه الترمذي / ح : 3046 وقال الألباني : حسن ) جا ئەگەر پێغەمبەری خوا تەنها بانگەشەكارێك بووایە , و قورئان دەستنووسی خۆی بووایە ئایە كەس هەیە بە هۆی ئایەتێكەوە كە خۆی بینووسێت ئەو متمانەیە پەیدابكات و ترسی نەمێنێت لەو هەموو دوژمنانەی كە تا ساتێك پێش ئەوە ترسی هەبوو بیكوژن ؟ هەروەها ئەگەر پێغەمبەری ڕاستەقینە نەبووایە ئایا خۆی دەخستە ئەو مەترسییەوە كە بەبێ پاسەوان دەهات و دەچوو ؟ و بەبێ پاسەوان دەنووست ؟ لەبەرامبەر ئەو هەموو دوژمنە زۆرەدا لە عەرەب و جگە لە عەرەب , لە ناوخۆی دوورگەی عەرەبی ودەرەوەی دوورگەكەدا , ئەوەبوو هاوەڵدانەران لە مەككە دەیانویست بیكوژن , وە هەروەها لە مەدینەش مونافیقەكان لەلایەك وجوولەكە لە لایەكی ترەوە و سەرباری ئەوانەش مەجووسەكان و ڕۆمەكانیش بەهەمان شێوە حەزییان دەكرد پێغەمبەری خوا نەمێنێت و بۆ هەتا هەتایە بانگەوازی ئیسلامیی لە سەرزەویدا ببڕێتەوە , جا ئەگەر پێغەمبەر نەبووایە ئایا بەرامبەر بەم هەموو مەترسییە , متمانەیەكی ئاوا تەواوی بە پارێزگاریی خوا دەبوو ؟ ... یەكێك لەوانەی كە باوەڕیان هێناوە , ئەم ئایەتە بووەتە هۆی باوەڕهێنانی , دەڵێت : " چونكە كەسێك درۆبكات ئەوا دەكرێت هەموو كەسێك بخەڵەتێنێت بەڵام هەرگیز خۆی ناخەڵە تێنێت " بۆیە دەبێت لەوە دڵنیا بین كە موحەممەد پێغەمبەری خوایە چونكە گەر وانەبوایە , خۆی تووشی مەترسییەكی لەو جۆرە نەدەكرد , هەروەها لە باسی بوونی متمانەدا بەخوای گەورە دەتوانین نموونەی ڕووداوەكەی ئەشكەوتی ( حرا‌ء ) وەرگرین كە كاتێك هاوەڵدانەران دوای پێغەمبەر و هاوەڵەكەی كەوتن وبەدوایاندا هاتنە ئەشكەوتەكە , ئەوەبوو ئەبووبەكر رضي الله عنه پێی دەڵێت ئەگەر تەماشای ژێر پێی خۆیان بكەن , دەمان بینن , بەڵام وەڵامی پێغەمبەری خوا لەم ساتە ناسك و پڕ مەترسیەدا ئەوە دەبێت , زۆربە هێمنیی پێی دەفەرموێت : ( خەم مەخۆ , خوا لە گەڵماندایە ! " ئەی ئەبووبەكر گومانت چۆنە بە دووان سێیەمیان خوای گەورە بێت " ) بەڕاستیی ئەمەش تەنها وەڵامی پێغەمبەرێكی تەواو متمانەدارە بە خواكەی خۆی كە لە بریی ئەوەی بە هاوەڵەكەی بڵێت بێدەنگ بە با كەس گوێی لێمان نەبێت , ئەوەتا دەڵێت : "خەم مەخۆ خوامان لەگەڵە ".
بەڵگەی چوارەم : نەقۆستنەوەی هەلی خۆ گەورە گرتن .
یەكێك لەو سیفەتانەی كە پێغەمبەران له كەسانی دیكە ـ بەتایبەت ئەوانەی بانگەشەی پێشەوایەتی دەكەن ـ لەیەك جیادەكاتەوە , بریتییە لە هەوڵدان بۆ مەزنایەتی , واتە هەمیشە ئەو كەسانە هەوڵ دەدەن بەرز ڕابگیرێن و بەگەورە سەیر بكرێن , بەڵام پێغەمبەران بە پێچەوانەوە , بۆیە دەبینین پێغەمبەری خوا لە چەندین شوێن و بۆنەدا كە زانیبێتی شتێكی لەو بابەتە هەیە یەكسەر ڕەتیی كردۆتەوە و ڕێگەی نەداوە بیروباوەڕی موسوڵمانان بەو ئاراستەدا بڕوات , كە جگە لە خوای گەورە , گەورە و مەزنێكی دیكە هەیە , ئەوەتا بیست و سێ ساڵی تەمەنی پێغەمبەرێتی پڕە لە دەیان نموونەی لەم شێوە و تەنها یەك دوو نموونەی لێ باس دەكەین لەوانەی زۆر بڵاون , بۆ نموونە كاتێك ئیبراهیمی كوڕی وەفاتی كرد ئەوەبوو قەدەری خوا وابوو ئەو ڕۆژە خۆر گیرا , بۆیە هەندێك لە موسوڵمانان پێیان وابوو ڕوودانی ئەو كارە بەهۆی مردنی ئیبراهیمەوە بووە , بەڵام یەكسەر پێغەمبەری خوا هاوەڵان كۆدەكاتەوە وئەوەیان پێ ڕادەگەیەنێت كە (( خۆرو مانگ دوو بەڵگە و نیشانەن لە نیشانەكانی خوای گەورە , و بۆ مردنی كەس ( گیران ) یان بەسەرا نایەت )) , ئەمەش تەنها لەبەر ئەوە بووە بیروباوەڕی موسوڵمانان بە پاكیی و بێگەردیی بهێڵێتەوە و ئەگەر موحەممەد ( ) تەنها بانگەشەكارێك بووایە و پێغەمبەری ڕاستەقینە نەبووایە , ئەوا ئەو ڕووداوە باشترین فرسەت بوو بۆ ئەوەی بیكاتە بەڵگە لەسەر ئەوەی كەخوای گەورە گرنگیی پێدەدات , بەڵام وەك دیارە پێچەوانەی ئەوەی ئەنجام داوە و ئەوەش وەك وتمان سیفەتی جیاكەرەوەی پێغەمبەرانە لە كەسانی دیكە , هەروەها پێغەمبەری خوا پێی خۆش نەبووە لە بەر پێی هەستن , وڕێگریی لەو كارە كردووە و فەرموویەتی : ( مَنْ أَحَبَّ أَنْ يَمْثُلَ لَهُ الرِّجَالُ قِيَامًا فَلْيَتَبَوَّأْ مَقْعَدَهُ مِنَ النَّارِ ) ( أبو داود : ح / 5231 ، وصححه الألباني ) ، واتە " هەركەس حەز بكات خەڵكیی لەبەری هەستنە سەر پێ ئەوا باشوێنی خۆی لەئاگردا مسۆگەر بكات " , وە هەروەها فەرموویەتی : ( لَا تُطْرُونِي كَمَا أَطْرَتْ النَّصَارَى ابْنَ مَرْيَمَ فَإِنَّمَا أَنَا عَبْدُهُ فَقُولُوا عَبْدُ اللَّهِ وَرَسُولُهُ ) ( البخاري : ح / 3445 ) ، واتە " بەرزم مەكەنەوە وەك ئەوەی گاورەكان كوڕی مەریەم ـ عیسا عليه السلام ـ یان بەرزكردۆتەوە , لە ڕاستییدا من تەنها بەندەی خوام , بۆیە بڵێن : بەندەی خواو پێغەمبەرەكەی " , ئەمانە و دەیان , بەڵكو سەدان نموونەی دیكە لە ژیانی ئەو پێغەمبەرەدا وەك ئەستێرە دەدرەوشێنەوە و هەركەس ژیاننامەكەی بخوێنێتەوە دەبینێت پڕە لە سادەیی و خاكێتیی و دوورترین كەس بووە لە خۆبەزل زانین و لەكاتێكدا لە نێو هاوەڵانیدا دانیشتووە و خەڵكی دیكە هاتوون بۆ خزمەتی وتوویانە كامتان موحەممەدن ؟ ئەمەش لەبەر جیانەكردنەوەی بووە لە هاوەڵانی تەنانەت لە ڕووی جل وبەرگیشەوە .
بەڵگەی پێنجەم : لە نەخوێندەوارییەوە بۆ بەرهەمێكی زۆرو ڕاست ودروست .
وەك ئاشكراو ڕوونە پێغەمبەری خوا لە ماوەی (40) ساڵی ژیانی پێش پێغەمبەرێتیدا خوێندن ونووسینی ئەنجام نەداوە , واتە نەخوێندەوار بووە , و بەڵگەش بۆ ئەوە زۆرە لە قورئاندا , نموونەی ئایەتی : [ وَقَالُوا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ اكْتَتَبَهَا فَهِيَ تُمْلَى عَلَيْهِ بُكْرَةً وَأَصِيلًا ] ( الفرقان : ٥ ) , واتە " دەیانووت ـ ئەم قورئانە ـ ئەفسانەكانی پێشینە ئةو , موحەممەد داوای كردووە بۆی بنووسن و ئەوانیش بەیانیان وئێواران بەسەریدا دەیخوێننەوە ـ بۆ ئەوەی لەبەری بكات ـ " هەروەك لە تەفسیرەكاندا هاتووە وشەی ( اكتتبها ) واتە داوای كردووە بۆی بنووسن , ئەمەش خۆی بۆ خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خەڵكی مەككە شاهێدیی نەخوێندەوارییان بۆ داوە , چونكە وانەبوایە دەیانوت خۆی نوسیویەتییەوە و نەیان دەوت داوای كردوووە بۆی بنووسنەوە , كەواتە ئەوەی هەیە , لە تەمەنی (40) ساڵیی بەدواوە بەوەحی بۆی دابەزیوە و دابەزینی وەحییش تاوەفات كردنی لەتەمەنی (63) ساڵییدا بەردەوام بوو , بەم پێیەش هەرچی پێمان گەیشتووە لە پێغەمبەرەوە لە قورئان وفەرموودە , سەرەتا لەماوەی ئەو (23) ساڵەدا بە هاوەڵان گەیشتووە و دواتریش هەر ئەو دوو بنەمایە بوونەتە سەرچاوەی ئەو هەموو زانستە زۆرەی كە هەموو پایەكانی شەریعەتیان لێ پێكهاتووە وەك : بیرو باوەڕ و فیقه و ئابووری ومیرات ودادگەریی وسیاسەت وحوكمڕانیی وباسی ئاداب وهەڵسووكەوت وباسی زەوی و ئاسمان دەریا ومرۆڤ وگیانەوەران و ... هتد , جا ئەگەر وامان دانا كە وەحیی بوونی نییە , ئەو كاتە دەپرسین ئایا بۆ هیچ كەسێك دەكرێت ئەو زانست وزانیارییانە لەماوەی تەنها (23) ساڵدا پێشكەش بكات , كە لە ڕۆژگاریی ئەمڕۆیشا و سەرباریی بونیی ئەو هەموو هۆكارو ئامێرو ئامرازە زانستیی وتەكنۆلۆجییانەی كە هەن نابینیت زانایەك یان فەیلەسووفێك یان لە ژێر هەر ناوو ناونیشانێك دا كەسێك هەبێت بەرهەمی لەو جۆرەی هەبێت , هەرچەندە هی وایان هەیە كە ڕۆژانە كاتێكی زۆر بۆ خوێندنەوە تەرخان دەكات وتەمەنیشی لە حەفتا ساڵ زیاترە و هەر لە منداڵیشەوە خراوەتە بەر خوێندن , و نەك هەر ئەوە بەڵكو نابینیت كەسێك لەوانە بتوانێت تەنانەت لە پسپۆریەكەی خۆشیدا هەموو شتێك بزانێت و پەی بەهەموو شتێك بەرێت كە دوورنییە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەو بوارەدا هەوڵی دابێت , ئەمە لەلایەك , و لە لایەكی دیكەشەوە دۆست و دوژمنیش ئەوە دەزانێت كە (10) ساڵی یەكەمی پێغەمبەرێتیی لە مەككەدا بەبارو دۆخێكی نا ئاسایی و لە ژێر هەڕەشە و دژایەتیی كردن و برسیی كردن و ئازاردانێكی بەردەوامدا تێپەڕاندووە و ئەو (13) ساڵەكەی دیكەشی لە مەدینە سەرەڕای پێغەمبەرێكەی وەك سەركردەیەك پێشەوایەتی موسوڵمانانی كردووەو ژینگەی مەككەو ژینگەی مەدینە دوو ژینگەی لەیەك جیاوازبوون ولە هەندێ ڕووەوە دژ یەكیش بوون , بەڵام دەبینیت قورئان ئەم جیاوازییەی پێوە دیارنییە هەربۆیە ناتوانیت لە ڕووی ڕەوانبێژیی و وشە سازییەوە جیاوازیی بكەیت لە نێوان یەكەم سورەت كە لە تەمەنی چل ساڵییدا دابەزیوە و ئەوەی لە پەنجا ساڵیدا دابەزیوە بۆی لە گەڵ كۆتا سورەتی قورئان كە لە تەمەنی شەست وسێ ساڵییدا دابەزیوە , ئەمەش یەكێكی ترە لەبەڵگەكانی نەنوسینەوەی قورئان لەلایەن پێغەمبەرەوە چونكە گەر تەماشای بەرهەمی ئەدەبیی هەر نووسەرێك بكەیت لەماوەی بیست وسێ ساڵدا ئەوا بەدڵنییایەوە چەند شێوازی جیاو و خاڵی لاوازو بە هێزی تیا دەبینیتەوە و كاریگەریی سەردەمی جیاوازی تەمەن بە بەرهەمەكانییەوە دەردەكەون , ئەمەش كەس ناتوانێت نكووڵی لێ بكات , بەڵام قورئان كەلامی خوایە و سەرەڕای ئەوەی شێواز و تەرزی جیای جیای بەكارهێناوە بۆ بانگەواز كردنی خەڵك و هەر چینە و گوتاری پێویستی خۆی بۆ بەكارهێناوە كە چی ناتوانیت لە ڕووی ڕەوانبێژیی و وشەسازیی و خستنە ڕووە وە جیاوازیی لە نێوان ئایەتەكانیدا بكەیت .

وەرگیراوە لە ماڵپەڕى ڕاماڵین 

http://ramaleen.com/

سەردان: ٤,٥٠٠ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان