حوكمى خۆپیشاندان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى خۆپیشاندان
پرسیار:

دەڵێن خۆپیشاندان دروست نیه و کارێکى خراپ و حەرامە، بەڵام بەدیلى ئەوە چيیە، موسڵمانان چى بكەن كە حاكمى ئەو وڵاتە زاڵم بوو؟

 

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بەدیلى خۆپیشاندان ئەوەیە كە خواى پەروەردگار لە قورئانە پیرۆزەكەیدا ئاماژەى بۆ كردووە لە چەندان ئایەتتدا، یەكێك لەو ئایەتانە: [وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَى آَمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَرَكَاتٍ مِنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ] ئەگەر ئەهلى شارەكان، ئەهلى وڵات، ئیمانیان هەبێت و تەقوایان هەبێت خواى پەروەردگار بەرەكەتیان بەسەردا دەڕێژێت، كەواتە بۆ بەرەكەت ناڕژێت، وەكو دەیانەوێت؟! چونكە تەقواى خوا وەكو پێویست نییە، كەواتە چارەسەر ئەوەیە بگەڕێینەوە لاى خوا، ئیمانمان ڕاست بكەینەوە وە تەقواى خواى گەورە زیاتر بكەین، ئەوە چارەسەرە لاى خواى پەروەردگار كە دایناوە. یاخود: [وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجًا (2) وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ] ئەو ناڕەحەتییەى كە ئەمڕۆ خەڵكى تێدایەو زوڵم و ستەم هەیە، دەربازبون لێى تەقواى خواى گەورەیە، ئەگەر بێت ئێمە خۆمان چاك بكەین (والله)ى خواى پەروەردگار سەركردەكانیشمان چاك دەكات، وە ئەگەر ئێمەش زاڵم بین خواى گەورەش سەركردەى زاڵممان بۆ دادەنێت، هەروەكو خۆى دەفەرموێت: [وَكَذَلِكَ نُوَلِّي بَعْضَ الظَّالِمِينَ بَعْضًا بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ] ئێمە هەر لە زاڵمان هەندێك زاڵمیان بەسەردا دەسەپێنین.

 بۆیە (حسن البصري)یش (ڕەحمەت و ڕەزاى خواى لێبێت) فەرموى: (حەججاج غەزەبى خوایە لەسەرتان، ناتوانن غەزەبى خوا بە هێزى شمشێر لەسەر خۆتان لاببەن، بگەڕێنەوە بۆ لاى خوا، خوا لاى دەبات لەسەرتان).

یان لە فەرموودەیەكى پێغەمبەرى خوادا () هاتووە كە فەرمویەتى: ((پێنج خەسڵەت هەن ئەگەر ئێوە توشیان بن، پەنا بە خوا لەوەى كە پێیان بگەن و توشیان بن... ئەگەر بێت و زەكاتى ماڵ نەدەن ئەوا خواى گەورە باران بە سەرتاندا نابارێنێت، وە ئەگەر لە كڕین و فرۆشتن و پێوانەدا عەدل و ئینصافتان نەبوو، خواى گەورە سزاتان دەدات بە كاربەدەستى زاڵم )) .

 كەواتە ئێمە دەبێت ئێمە سەرەتا خۆمان چاك بكەین ئەوجا چاوەڕێى چاكسازى سەركردەش بین، بەڵام خەڵكى بۆ خۆى هەموو جۆرێكى تاوان و ستەم و بێ ئیمانى تێدایە دەشمانەوێت خەلیفەیەكمان هەبێت (عومەرى كوڕى خەطاب) بێت، ئەوە هەرگیز نابێت و شتێكى خەیاڵییە، ئەمەش ماناى ئەوە نییە كە ئێمە بڵێین سەركردەكان تاوانیان نییە یان كەم و كورتییان نییە، بەڵكو زۆریشیان هەیە، بەڵام ئێمەش زۆرمان هەیە، با ئێمە لە خۆمانەوە دەست پێبكەین وە داوا لەوانیش بكەین داوایەكى شەرعى وە داوایەك كە فیتنەى لێ دروست نەبێت، خوێنڕێژى تێدانەبێت، ماڵ كاولكارى و وڵات لە دەستچوونى تێدا نەبێت. ئەگەر چاكیش نەبوون ئەوا: [لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا] . لەسەردەمى پێغەمبەرى خوادا () سەركردەكانى قورەیش حوكمیان بە طاغوت دەكردو ئیمانیشیان بە خوا نەبوو، پێغەمبەر () ئەوەندەى لە دەسەڵاتتدا بوو ئامۆژگارى كردن و بانگەوازى كردن، كە لە توانایدا نەما بەجێیهێشت، بەڵام ئێمە بڵێین پێغەمبەر () چۆن صەبرى گرت ئێمە ناتوانین صەبربگرین، دەبێت ئێمە هەر وەزعەكە بگۆڕین، چۆن دەیگۆڕیت؟! وە با پەندوەربگرین لەو وڵاتانەى تر، دواى ئەو هەموو خوێنڕێژییەو فیتنەو ئاژاوەو كێشەیە، بزانن سەرئەنجام چییە، ئەوە لە لایەك، لە لایەكى تریشەوە بە خەڵكى كوردستان دەڵێم ئایا ئەم حكومەتە ئێوە خۆتان هەڵتان نەبژاردووە؟ كەواتە بەرهەمى دەستى خۆتانە ئێستا دەیخۆن، خۆتان شتێكتان كردووەو ئەمڕۆ لەبەردەستى دەناڵێنن، نەك والله لە فڵانە وڵاتەوە سەركردەیەكیان بۆ ئێوە هێنابێت، خۆتان چاك بكەن بەڵكو خواى پەروەردگار ئێمەو ئەوانیش ئیصڵاح بكات، بەڵام خۆپیشاندان خراپەكارى زۆرى لێدەكەوێتەوە، جگە لەوەش موخالەفەى شەرعى خوایە.
هەركەسێكیش دەیەوێت لە حوكمى خۆپیشاندان بە تەواوى تێبگات ئەوە دوو نامیلكەم نوسیوە لەسەرى یەكێكیان بە كوردى بە ناوى (گۆڕانكارى) وە ئەوى تریشیان بە عەرەبى بەناوى (تنزیه الشریعة‌ من المظاهرات الشنیعة‌).
لە لایەن بەڕێز مامۆستا [عبداللطيف] ه وه وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٤,٣٣١ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان