من كاتێك سەردانى ماڵى پورم دەكەم كۆمەڵێ کچیان هەیە ئەوانە قسەم لەگەڵ دەکەن ...؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من كاتێك سەردانى ماڵى پورم دەكەم كۆمەڵێ کچیان هەیە ئەوانە قسەم لەگەڵ دەکەن ...؟
پرسیار:

من كاتێك سەردانى ماڵى پورم دەكەم كۆمەڵیچك كچیان هەیە ئەوان قسەم لەگەڵ دەكەن منیش دەبێ تەماشایان بكەم ئەوانیش هەموویان باڵاپۆشن تەنها دەم و چاویان دیارە ئایا ئەوە بە نەزەر بۆم دەنوسرێ؟ ئایا ئەگەر سەردانیان نەكەم گوناهم دەگات وەكو سیلەى ڕەحم

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان

براى بەڕێزمان سەردانت بۆ ماڵى پورت واجبێكى شەرعیە و بریتیە لە گەیاندنى سیلەى ڕەحمە، و پێویستە لە سەرت بە گوێرەى توانا ئەو كارە ئەنجام بدەى،داواكارین لە خواى میهرەبان پاداشتى بەخێرت بداتەوە،ئەمە لە لایەكەوە، بەڵام لەو لاشەوە پێویستە لە سەردانەكەتدا خۆت بپارێزیت لە هەموو تاوانێك بچوك بێت یان گەورە، وەك خەلوەت كردن لە گەڵ ئافرەتانى نامەحرەم و دەست دان لە گەڵیاندا، یان تەماشا كردنیان،كە جێگەى پرسیاى بەڕێزتانە، و... هتد، بەڵام من سەیرم لەوە دێت كە تۆ دەڵێیت: (منیش دەبى تەماشایان بكەم !!!)، بەڵام من دەڵێم: بەپێى شەریعەتى ئیسلامى پیرۆز نابێت تۆ وا بیت، واتە تەماشایان بكەى، چونكە براى بەڕێزمان تۆ دەتوانیت چاكى و چۆنى و ئەحواڵ پرسیان بكەى بێ ئەوەى تەماشاى ڕوومەت و دەم و چاویان بكەى، لە گەڵ ئەوەشدا تۆ پێویستە چاوەكانت بپارێزیت لە سەیركردنى نامەحرەم، ئەوانیش بەهەمان شێوە چاویان لە بینینى نامەحرەم بپارێزن، چونكە خواى پەروەردگار فەرمانى بە نێر و مێى موسڵمانان كردووە بەو كارە كە فەرموویەتى: [ قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ وَقُل لِّلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا لِبُعُولَتِهِنَّ أَوْ آبَائِهِنَّ أَوْ آبَاء بُعُولَتِهِنَّ أَوْ أَبْنَائِهِنَّ أَوْ أَبْنَاء بُعُولَتِهِنَّ أَوْ إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي أَخَوَاتِهِنَّ أَوْ نِسَائِهِنَّ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُنَّ أَوِ التَّابِعِينَ غَيْرِ أُوْلِي الْإِرْبَةِ مِنَ الرِّجَالِ أَوِ الطِّفْلِ الَّذِينَ لَمْ يَظْهَرُوا عَلَى عَوْرَاتِ النِّسَاء وَلَا يَضْرِبْنَ بِأَرْجُلِهِنَّ لِيُعْلَمَ مَا يُخْفِينَ مِن زِينَتِهِنَّ وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ] (سورة النــور: 30 ـ 31).
واتە:: بەئافرەتانى ئیماندار بڵێ چاویان بپارێزن لەتەماشاى نامەحرەم وە داوێنى خۆیان بپارێزن لە گوناهـ و جوانى خۆیان دەرنەخەن جگە لەوەى كە دیارە با سەرپۆشەكانیان بدەن بەسەر سینەو ملیاندا و جوانى و زینەتى خۆیان دەرنەخەن بەتەواوەتى بۆ هاوسەرەكانیان نەبێت یان باوكى خۆیان یان باوكى مێردەكانیان یان كوڕى خۆیان یان كوڕى مێردەكانیان یان بۆ براكانى خۆیان یان برازاكانیان یان خوشكەزاكانیان یان ئافرەتێك كە پەیوەندییان هەیە پێكەوە یان ئەوانەش كە كەنیزەكیانن یان ئەوانەى لەماڵەكانتاندا دەژین و پێویستیان بە ئافرەت نییە (لەبەر پیرى و نەخۆشى...) یاخود ئەو منداڵانەى كە هێشتا شارەزاییان لە ئافرەت نیە نابێت ئافرەتانى ئیماندار قاچیان دەربخەن و پێیان بدەن بە زەوى دا تادەنگى خشڵ و پاوانەكانیان بێت و بزانرێت كە زینەتدار و خشڵدارن كەواتە هەمووتان ئەى ئیمانداران بەرەو لاى خواو بەدەستهێنانى ڕەزامەندى ئەو بگەڕێنەوە بۆ ئەوەى ڕزگارو سەرفرازبن.
بەڵام ئەوەشت پێ ڕادەگەیەنم كە بینینى یەكەم كە بینینى لە ناكاوە واتە كە بەرچاوت دەكەون هیچ تاوانێكى لە سەر نیە، هەروەكو پێغەمبەرى خوا () فەرموویەتى: يا علي لا تتبع النظرة النظرة فإن لك الأولى وليست لك الآخرة (حسنه العلامة الألباني في: صحيح سنن أبي داود: 2149).
واتە: ئەى عەلى ئەگەر سەیركردنى یەك لە دواى یەك مەكە، چونكە یەكمت بۆ هەیە (واتە: ئەگەر بەرچاوت كەوت)، بەڵام دووەمیانت لە سەرە (ئەوەیان كە بە نیازى خۆت تەماشاى دەكەى).
بۆیە براى بەڕێزمان مادام دەتوانى چاوەكانت بگریتەوە لە تەماشا كردنى كچانى پورت، ئەوا نەكەى لە بەر ئەوە تەركى سەردانى ماڵیان بكەى، چونكە تاوانەكە گەورەترە، خواى پەروەردگار بتپارێزێت، خواش زاناترە.

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٣٠٣ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان