حوكمى زەكاتی دانەوێڵە ، وە لە چ بەروبومێکدا زەکات هەیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى زەكاتی دانەوێڵە ، وە لە چ بەروبومێکدا زەکات هەیە؟

خوای گەورە زەكاتی دانەوێلە و بەروبوومی واجب كردووە، ئەفەرمووێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَنفِقُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ وَمِمَّا أَخْرَجْنَا لَكُمْ مِنْ الأَرْضِ ](البقرة/267) واتە:‌ ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە زەكاتی ئەو شتە پوختانەی بەدەستان هێناوەو ئەوانەی ئێمە لە زەوی بۆمان دەركردوون بدەن.

هەروەها فەرمویەتی: [وَهُوَ الَّذِي أَنْشَأَ جَنَّاتٍ مَعْرُوشَاتٍ وَغَيْرَ مَعْرُوشَاتٍ وَالنَّخْلَ وَالزَّرْعَ مُخْتَلِفاً أُكُلُهُ وَالزَّيْتُونَ وَالرُّمَّانَ مُتَشَابِهاً وَغَيْرَ مُتَشَابِهٍ كُلُوا مِنْ ثَمَرِهِ إِذَا أَثْمَرَ وَآتُوا حَقَّهُ يَوْمَ حَصَادِهِ وَلا تُسْرِفُوا إِنَّهُ لا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ] (الأنعام/141). واتە: پەروەردگاری ئێوە ئەو خوایەیە باغ و باغاتی بۆ پێك هێناوون لە درەختی خشۆك و بەرز، وە دارخورما و زەرعی بۆ پێك هێناون كە هەریەكەیان تام و بۆن و شكڵی جیاوازە، وە هەروەها زەیتون و هەناری بۆ پێك هێناون كە لە لایەنێكەوە لەیەكتر ئەچن و لە لایەنێكی ترەوە لە یەك ناچن، جا لەو بەروبومانە بخۆن كاتێ‌ بەری دا، وە ڕۆژی چنینەوەی مافەكەی بدەن.
ئیبنوعەبباس دەفەرمووێت: مافەكەی ئەو زەكاتەیە كە فەڕز كراوە، وە دەفەرمووێت: دەیەك و نیو دەیەكە.
ئەو جۆرانەی لەسەردەمی پێغەمبەردا زەكاتیان لێ ئەدرا:
زەكات لەسەردەمی پێغەمبەرا لە گەنم و جۆ و خورما و مێوژ وەرئەگیرا؛ ئەبوبوڕدەوە ئەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر ئەبوموساو (معاذ) ی نارد بۆ یەمەن خوا لێیان ڕازی بێت، بۆ ئەوەی خەڵك فێری كاروباری ئایینەكەیان بكەن، وە فەرمانی پێ‌ دان زەكات لەم چوار شتە زیاتر وەرنەگرن: گەنم، جۆ، خورما، مێوژ. (دارقطني و حاكم و (طبراني) و بەیهەقی گێڕاویانەتەوە، وە بەیهەقی دەفەرمووێت: ڕاویەكانی ئەم حەدیسە (ثقة)ن و حەدیسەكەش (متصل)ە.
(ابن منذر و ابن عبدالبر) ووتویانە: زانایان لەسەر ئەوە كۆن كە زەكات لە گەنم و جۆو خورماو مێوژدا واجبە.
وە لە ریوایەتەكەی ئیبنوماجەدا هاتووە كە پێغەمبەر وای داناوە كە زەكات لە گەنم و جۆو خورماو مێوژ و گەنمەشامی دەربكرێت (وە لە ئیسنادی ئەم ریوایەتەدا موحەممدی كوڕی عبدالله ی عەڕزەمی هەیە كە ئەویش مەتروكە).

سەردان: ٢,٤٥٥ بەش: زەکاتى دانەوێڵە و بەروبوم