كەسێك هەندێك قورئانی لەبەر بێت دواتر بیری بچێتەوە هیچ تاوانێكی لەسەرە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كەسێك هەندێك قورئانی لەبەر بێت دواتر بیری بچێتەوە هیچ تاوانێكی لەسەرە؟

ئەگەر كەسێك قورئانی پیرۆزی لەبەركرد ئەوا پێویستە پارێزگاری لێ‌ بكات بەخوێندنەوە ویادكردنەوە وپێداچوونەوەی چونكە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم هانمان دەدات لەسەر بەردەوام خوێندنەوە وپێداچوونەوەی قورئان، وئەفەرمووێت: لەبەركردنی قورئان ومانەوەی لە مێشكدا لە مانەوەی ووشتر لە لەغاوەكەی خێراترە لە دەرچوون.
بۆیە دروست نیە بۆ كەسێك كە قورئانی لەبەر بێت كەم تەرخەمی بكات هەتاوەكو لە بیری ئەچێتەوە، چونكە ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە حەزی لەخێر نیە ، ونیشانەی گرنگی نەدانیەتی بەقورئان چونكە هەر كەسێك قورئانی لەبەر بێت یان هەندێك لە قورئان لەبەر بێت ئەوە بەڕاستی نیعمەتێكی زۆر گەورەی پێ‌بەخشراوە وخێرێكی زۆر گەورەی پێ‌دراوە، بۆیە نابێت كەم تەرخەمی بكات لەم خێرە گەورەیە، بەڵكو دەبێت بەبەردەوامی پەیوەست بێت پێیەوە بەزۆر خوێندنەوەی لەبەركراوەكە بۆ ئەوەی ئەوەی لەبەری كردووە لە (ذاكرة)دا بمێنێتەوە وە وسوودی لێ‌ ببینێت، لەگەڵ ئەو هەموو پاداشتە گەورەی كە لە خوێندنەوەی قورئاندا هەیە، وە پێغەمبەریشصلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت: هەر كەسێك پیتێك لە قورئان بخوێنێتەوە یەك چاكەی دەست دەكەوێت، وهەر چاكەیەكیش بە(دە)یە، ناڵێم: (الم) یەك پیتە، بەڵكو (الف) پیتێك و(لام) پیتێك و(میم) پیتێك(صحيح الترمذي 115/8، المشكاة رقم 2137 ، الصحيحة رقم3327)، لە فەرموودەكەی عبدالله ی كوڕی مەسعود ـ خوای لیِ ڕازی بێت ـ هاتووە.
هەروەها خوێندنەوەی قورئان كاریگەری هەیە لەسەر كزۆڵی(خشوع) دڵ وترسان لەخوای پاك وباڵا دەست.
و قورئان فیقە وزانست وڕووناكی زیاتری تێدایە بۆ كەسێك كە تێبفكرێت لە ئایەتەكان، بۆیە خوێندنەوەی قورئان بەرژەوەندی وسوودی زۆر گەورەی تێدایە كە نابێت مووسڵمان ئەو خێرە گەورە ونیعمەتە مەزنە لە دەست خۆی بدات كە خوای باڵا دەست پێ‌ی بەخشیووە بەڵام ئەگەر لەبیری چویەوە لەبەر نەخۆشیەك كە تووشی (ذاكرة) ی بووبێت نەوەك لەبەر كەمتەرخەمیەك لەلایەن خۆیەوە ئەوا لە (شرع)دا هیچی لەسەر نییە وتاوان بارنابێت.
شێخ د. صالح الفوزان

سەردان: ٥٤١ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان