ئایا دروستە لە ماڵەوە سەگ ڕابگرین ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە لە ماڵەوە سەگ ڕابگرین ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
لەڕاستیدا كۆمەڵێك خوو نەریت و هەڵسوكەوت و ئادابێكی خراپ هەن كە پێویستە گۆڕانكاری بە سەردا بێت و ماڵەكانی لێ پاك بكرێتەوە و نەهێڵرێت جا یەكێك لەوانە ڕاگرتنی ئاژەڵێك لە ناو ماڵدا بە ناوی ( سەگ ) بەبێ هیچ بیانوویەك کە ئەمەش دەبێتە هۆی :
یەكەم : دوور كەوتنەوەی مەلائیكە لەو ماڵە چونكە مەلائیكەی خوا ڕوو ناكاتە ماڵێكەوە كە سەگی تێدابێت و ماڵەكەت دەبێتە جێگای حەوانەوەی شەیتان .
دووەم : بەڕاگرتنی سەگ هەموو ڕۆژێك لە چاكەكانت كەم دەبێتەوە .
بە بەڵگەی ئەم فەرموودانە :
یەكەم : پێغەمبەری خوا () كە فەرموویەتی :
(لاَ تَدْخُلُ الْمَلاَئِكَةُ بَيْتَاً فِيهِ كَلْبٌ وَلاَ صُورَة) صحيح البخاري رقم : (3226) وصحيح مسلم رقم : (5481)
واتە : فریشتەكان ناچنە نێو ماڵێكەوە سەگ یان وێنەی تێدا هەبێت .
دووەم : پێغەمبەری خوا () دەفەرموێت:
(مَنْ اقْتَنَى كَلْبًا لَيْسَ بِكَلْبِ صَيْدٍ وَلا مَاشِيَةٍ وَلا أَرْضٍ فَإِنَّهُ يَنْقُصُ مِنْ أَجْرِهِ قِيرَاطَانِ كُلَّ يَوْمٍ) مسلم (1575)
واتە: هەر كەسێك بۆ هەر مەبەستێك سەگ ڕابگرێت، جگە لە سەگێك كە بۆ پاسەوانیەو یان سەگێك كە بۆ ڕاوكردنە، ئەوە هەموو ڕۆژێك بە ئەندازەی دوو كێوی ئوحود لە كردەوەكانی كەم دەكرێتەوە.
وە جێگای خۆیەتی كە ئاماژە بەوە بكەین سەبارەت بەو ماڵانەی كەوا سەگ ڕادەگرن بۆ پاسەوان و ڕاوكردن ئەبێت بزانن كەوا لیكی سەگ پیس و گڵاوە پاك نابێتەوە ئیللا بەم شێوەیە نەبێت كەوا پێغەمبەری خوا فەرموویەتی :
(طُهُورُ إنَاءِ أَحَدِكُمْ إذَا وَلَغَ فِيهِ الْكَلْبُ أَنْ يَغْسِلَهُ سَبْعَ مَرَّاتٍ أُولَاهُنَّ بِالتُّرَابِ) صحيح مسلم - كتاب : الطهارة (649)
واتە : پاك بوونەوەی قاپی یەكێك لە ئێوە ئەگەر سەگ بە كەناری زمانی تێیدا خواردیەوە [ واتە : زمانی هێنا پێیدا و لێسایەوە و بە لیكەكەی پیسی كرد] بەوە دەبێت كەوا حەوت جار بیشۆرێت یەكەمین جاریان بە خۆڵاو بێت .

تێبینى :
یەکەم : مەبەست لەو فریشتانەى کە ناچنە ئەو ماڵانەوە فریشتەى ڕەحمەتە چونکە فریشتەکان چەند جۆرێکن ئەوانەى کە بەسەر ماڵى موسڵماناندا دەگەڕێن و داواى لێخۆشبونیان بۆ دەکەن ناچنە ئەو ماڵانەوە کەوا سەگ و وێنەى تێدا بێت . هەروەکو ئیمامى نەوەوی ڕەحمەتى خواى گەورەى لێ بێ ئاماژەى بەمە کردووە .
دووەم : سەگ و لێکدراوی سەگ و گورگ هەمان حوکمى سەگى هەیە هەروەکو زانایان ئاماژەیان پێ کردووە . 

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٨,٣٠٢ بەش: شتە پیسەکان و پاککردنەوەیان