حوكمی ڕێگری كردنی باوك لە شوكردنی كچەكەی بەو كەسەی دەیەوێت چیە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی ڕێگری كردنی باوك لە شوكردنی كچەكەی بەو كەسەی دەیەوێت چیە ؟
پرسیار:

1- گەنجێكی خاوەن ڕەوەشت و دین خوازبێنی كردووم بەڵام باوكم قبوڵی نەكردووە لەبەر ئەوەی خەڵكی شارێكی ترە، لەهەمانكاتدا چەند كەسێكی ترخوازبێنیان كردووم كە باوكم پێیان رازی بوو بەڵام هاوشانی من نەبوون لەڕووی دینەوە، پرسیارەكەم ئەوەیە ئایا گوناهبار دەبم ئەگەر لەسەر بۆچوونی خۆم بەردەوام بم لە شوكردن بەو كەسەی كە لەڕوی دینیەوە هاوشانی خۆمە؟ لە كاتێكدا باوكم دەڵێت ئەگەر قبوڵیش بكەم هەتا ماوم لێت ڕازی نابم.

2- حوكمی ڕێگری كردنی باوك لە شوكردنی كچەكەی بەو كەسەی دەیەوێت چیە ؟

الحمد لله وصلاة والسلام على رسول الله وعلى اله وصحبه ومن واله، أما بعد:

دەبێ‌ سەرپەرشتیاری ئافرەت هەوڵ بدات بەشووی بدات بەكەسێكی هاوشانی چاك كەئافرەتەكە و منداڵەكانیشی بپارێزێت وەكو وەڵام دانەوەیەك بۆ ئەو فەرموودەیەی پێغەرمبەری خوا() كە فەرموویەتی:
[إذا أتاكم من ترضون خلقه ودينه فزوجوه، إلا تفعلوا تكن فتنة في الأرض وفساد عريض] (حسنه العلامة الألباني في صحيح الجامع، برقم: 270). واتە: ئەگەر كەسێك بۆ خوازبێنی هاتە لاتان و لە دین و ڕەوشتی ڕازی بوون ژنی بدەنێ‌، ئەگەر وانەكەن فیتنە و خراپەكاری فراوان لە زەویدا بڵاودەبێتەوە.
وەدروست نیە بۆ سەرپەرشتیار (ولی)ڕێگر بێت لە ئافرەت لەشوكردن بەوكەسە شیاوەی كە پێی ڕازیە…
پێویستە ئەم بابەتە بە گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن و ئامۆژگاری و داوای یارمەتیكردن لە خاوەن بۆچوون لە خێزان و خزمە نزیكەكان چارەسەر بكرێت، چونكە لەوانەیە باوكەكە لەسەر هەق بێت لە ڕازی نەبوونەكەیدا، لەوانەشە هەڵەبێت، وە چاكەكردن لەگەڵ باوك و گوێڕایەڵیكردنی و ڕازی كردنی تابكرێت پێویستە، مەگەر سوربێت لەسەر بەشودانت لە كەسێكی ناشیاو.
شوكردن بەكەسێك كە لە دین و ڕەوشتی ڕازی نەبیت، بەو هیوایەی پاش شوپێكردنی ڕێك و چاك ببێت و هیدایەت وەربگرێت، ئەمە شتێكە كۆمەڵە مەترسیەك دەورەی داوە، چونكە لەوانیە بگۆڕێت لەوانەشە نەگۆڕێت، بۆیە ناكرێت خۆت توشی ئەم مەترسیە بكەیت، بەڵكو هەوڵ بدە باوكت ڕازی بكەیت بەشوكردن بەكەسانی خاوەن دین و ڕەوشت، وە ئارام بگرە لەوانەیە كەسێك بێتە خوازبێنیت كە خۆت پێی ڕازی بیت وە باوكیشت پێی ڕازی بێت، وە بپاڕێرەوە و (ئیستیخارە)بكەو كردەوەی چاك زۆر بكە چونكە مێردی چاك ڕزقێكە بەگوێڕایەڵیكردنی خوای گەورە بەدەست دێن، هەروەكو گشت ڕزقە بەسوودەكانی تر...
حوكمی ڕێگری كردنی باوك لە شوكردنی كچەكەی بەو كەسەی دەیەوێت چیە ؟

ئەم پرسیارە ئاڕاستەی شێخ (محمد بن صالح العثیمین)كرا ڕەحمەتی خوای لێبێت ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:
ئەم بابەتە بابەتێكی گەورەو كێشەیەكی گەورەیە هەندێك پیاو – پەنا بەخوا –ناپاكی بەرامبەر خوا و ناپاكی لە ئامانەتەكانیان دەكەن و تاوان بەرامبەر كچەكانیان دەكەن، پێویستە لەسەر سەرپەرشتیار (وەلی) شوێن ئەوە بكەوێت كە خوا و پێغەمبەرەكەی ڕازی دەكات...
هەندێك لەخەڵك –پەنا بەخوا- كچەكەی كردۆتە كاڵا دەیفرۆشێت بەكەسێك ئارەزووی لێ بێت، وە ڕێگری لێدەكات لە كەسیك كە خۆی ئارەزووی لێ‌ نەبێت، دەیدات بە كەسێك ڕازی نیت لە دین و ڕەوشتی وە نایدات بە كەسێك لە دین و ڕەوشتی ڕازیت چونكە ئەو بۆچونی وایە.
بەڵام خۆزگە دەگەشتینە پلەیەك كە تێیدا ئافرەت بیوێرایە كاتێك باوكی ڕێگری لێدەكات كە شوكردن بەكەسێكی شیاو لە ڕووی دین و ڕەوشتەوە بچێت بۆلای دادوەر (القاضي)و ئەویش بەباوكی بڵێت بەشووی بدەیت یان من بەشووی دەدەم یان سەرپەرشیارێكی تری غەیری تۆ دەیدات بەشوو، چونكە ئەمە مافی كچەكەیە ئەگەر باوكی ڕێگری لێكرد لای دادوەر شكاتی لێبكات ئەمەش هەقێكی شەرعیە، خۆزگە دەگەیشتین بەم پلەیە، بەڵام زۆرێك لەكچان شەرم ڕێگریان دەكات لەم كارە.
ئەوەی دەمێنیتەوە ئامۆژگاریكردنی باوكەكە لە خوا بترسێت و ڕێگری نەكات لە شوكردن بەوەش خۆی خراپ ببێت و كەسی تریش خراپ بكات، وە با بەخۆی پێوانەی بكات: ئەگەر خۆی ڕێگری لێبكرێت لە ژن هێنان دەرونی چۆن دەبێت ؟
وە ئەو كچەكەی كە ڕێگری لێدەكات لە شوكردن لە قیامەتدا دەبێتە دژ (خصم)ی [يَوْمَ يَفِرُّ الْمَرْءُ مِنْ أَخِيهِ (34) وَأُمِّهِ وَأَبِيهِ (35) وَصَاحِبَتِهِ وَبَنِيهِ (36) لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ يَوْمَئِذٍ شَأْنٌ يُغْنِيهِ] . (عبس)
واتە: ئەو ڕۆژە (هێندە سامناكە) برا لەدەست براكەی هەڵدێت، هەروەها لەدەست دایك و باوكی، لەدەست هاوسەر و كوڕەكانی، لەو ڕۆژەدا هەركەسێك لەوانە سەرگەرمی كێشەی خۆیەتی، ناتوانێت فریای كەسی تر بكەوێت.
بۆیە پێویستە لەسەر باوكان و برایان لە خوا-عزوجل- بترسن وە ڕێگری ئافرت نەكەن لەوەی كە مافی خۆیانە: لە بەشودانیان بە كەسێك كە لە دین و ڕەوشتی ڕازی بێت.
بەڵێ‌ ئەگەر ئافرەت كەسێكی هەڵبژارد لە دین و ڕەوشتی ڕازی نەبوو بۆی هەیە ڕێگری لێبكات.
بەڵام پیاوێكی چاك هەڵبژێریت لە ڕووی دینەوە و ڕەوشتی بەرز بێت پاشان ڕێگری لێبكات لەبەر هەواو ئارەزویەك لە نەفسی خۆیدا: ئەمە سوێند بەخوا حەرامە، وە تاوانە و ناپاكیە، وە ئەو خراپانەشی كە لەسەر ڕێگریكردنی دەكەوێتەوە تاوانەكەی لەسەر ئەوە.

سەردان: ٢,٤٧٨ بەش: ژنهێنان و شوکردن