حوکمى ئەو پیاوانە چیە کە خراپن لەگەڵ خێزانەکانیان و گوێ بە حەق ومافەکانیان نادەن ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى ئەو پیاوانە چیە کە خراپن لەگەڵ خێزانەکانیان و گوێ بە حەق ومافەکانیان نادەن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى
بەداخەوە زۆرێک لە پیاوان گوێ بە مافى خێزانیان نادەن وا دەزانن کە ژن تەنها بۆ ڕابواردن و خزمەتکارى یه و بێ ئاگان لەوەى کە ئاینى پیرۆزى ئیسلام چۆن ڕێنمایی پیاوان دەکات کە باش بن لە گەڵ خێزانەکانیان و مافیان بدەن .
خوای گەورە دەفەرموێ:
[وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ] البقرة:228.
ژنان مافیان هه‌یه‌ به‌سه‌ر پیاوانه‌وه‌ به‌وێنه‌ی ئه‌و مافانه‌ی که‌ بۆ پیاوانه‌ له‌سه‌ر ژنان به‌گوێره‌ی باو و نه‌ریتێک که‌ په‌سه‌نده‌ له‌ ئیسلامدا .
هەروەهـا دەفـەرمـوێ: [ وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ فَإِنْ كَرِهْتُمُوهُنَّ فَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئاً وَيَجْعَلَ اللَّهُ فِيهِ خَيْراً كَثِيراً] النساء:19
واتە: لەگەڵ ژنەكانتان بەچاكی گوزەران بكەن و هەڵس و كەوتیان لەگەڵ دا بكەن. كاتێكیش شتێكتان لێ بینی كە بە دڵتان نەبو چاوپۆشی لێ بكەن بەو ئومێدەی ئەوەی كە زۆر شت هەیە مرۆڤ پێی ناخۆشە بەڵام خوای گەورە بە هۆیەوە خێرێكی زۆر دەنێتەوە.
پیاوێك لە هاوەڵەكانی پێغەمبەر گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا مافی خێزانی هەر یەكێكمان بەسەر ئێمەوە چىیە؟
پێغەمبەر فەرموی: مافەكە ئەوەیە كە خواردنی بدەیتێ و جل و بەرگی بۆ بكەی و نابێ لە دەم و چاوی بدەی و نابێ قسەی ناشیرینی پێ بڵێی و تەنانەت لەسەر جێگاى خەوتن پشتى تێ مەكە و جێگەت مەگۆڕە و نەچیە ژورێكى تر بخەوى. رواه أحمد في المسند و أبو داود (حديث حسن).
پێغەمبەر دفەرموێ: ((المقسطون يوم القيامة على منابر من نور على يمين الرحمن (وكلتا يديه يمين) الذين يعدلون في حكمهم وأهليهم وماولوا)). رواه مسلم و غيره.
واتە: دادگەران لە ڕۆژى قیامەتدا لەسەر چەند چرایەكن لە لاى دەستەڕاستى خوا (هەردو دەستى خوا ڕاستەیە) جا ئەو كەسانە ئەوانەن كە لە فەرمانڕەوایی و خێزانیان و ئەوەى دەكەوێتە بەر دەستیان دادگەرى دەكەن.
ئیبن عەباس گوتویەتى: ((إني أحب أن أتزين للمرأة كما أحب أن تتزين لي)).. واتە: پێم خۆشە خۆم بۆ ژنەكەم جوان بكەم و بڕازێنمەوە و هەروەها پێم خۆشە خۆی بۆم جوان بكا و بڕازێنێتەوە.
(زانایان دەڵێن: چۆن پێویستە پیاو پارە بۆ خێزانەكەی خەرج بكا و جل و بەرگی بۆ بكات، بە هەمان شێوە لە سەری پێویستە بە باشی لەگەڵ ژنەكەی جوت ببێ و بە باشی هەڵس و كەوتی لەگەڵ دا بكات: بە چاكى جوتبون و ماف دان بەم جوتبونە بە كۆڵەگەی گوزەران باشی و هەڵس و كەوت چاكی لەگەڵ خێزان دادەنرێ!
خوای گەورەش فەرمانی كردوە كە دەبێ پیاو لەگەڵ ژنەكەی بە باشی ژیان بباتە سەر و گوزەرانی لەگەڵ دا بكات و رەفتاری چاكی لەگەڵ دا بكات، جوتبونیش لەم خۆش گوزەرانی و هەڵس و كەوت چاكىیەیە!)
(هەروەها زانایان دەڵێن: پێویستە لەسەر پیاو چۆن پێویستە لەسەری ژنەكەی تێر نان بكات بە هەمان شێوە لەسەریەتی لە كاتی جوتبونى تێر بكات). روضة المحبين باختصار ص124-126.

وە سەبارەت بە باشى ڕەفتار كردن لەگەڵ خێزان
پێغەمبەر دەفەرموێ: ((خيركم خيركم لأهله، وأنا خيركم لأهلي)) رواه الطبراني(صحيح).
واتە: باشترین كەستان ئەو كەسەیە كە لەگەڵ خێزانەكەی بەباشی هەڵس و كەوت و ڕەفتار دەكات، منیش لە هەموانتان زیاتر رەفتارم لەگەڵ خێزانەكەم جوان و باشە.
هەروەها دەفەرموێ: ((أكمل المؤمنين ايماناً احسنهم خلقاً وخيارهم خيارهم لنسائهم)). رواه الترمذي وحسنه وهو كما قال.
واتە: تەواو ترین باوەڕی باوەڕدار ئەو كەسەیە كە ڕەوشتی لە هەموان باشتر بێ و باشترینیشیان ئەو كەسانەن كە لەگەڵ ژنەكانیان بەباشی هەڵس و كەوت دەكەن و جوان ڕەفتارن.

وە هەروەها سەبارەت بە ڕاسپاردە سەبارت بە ئافرەت
لە حەجی ماڵ ئاوایی پێغەمبەر لە وتارەكەی ئەوەی فەرمو:
((... پێتان رادەسپێرم كە لەگەڵ ئافرەتان بە چاكە رەفتاریان لەگەڵ دا بكەن!
دەرهەق ئافرەتان لە خوا بترسن (زوڵمیان لێ نەكەن)! چونكە ئافرەتان ئەمانەتی خوان لەلای ئێوە و بە هۆی دین و وشەی خوای گەورە فەرجیان بۆتان حەڵاڵ كراوە. ئێوەش مافتان لەسەریان ئەوەیە كەكەس نەیەتە ماڵتانەوە و لە شوێنی خۆتان دابنیشێ كە خۆتان پێتان ناخۆشە بێن بۆ ماڵتان. گەر بەفەرمانیان نەكردن ئەو كاتە بە لێدانێكی سوك لێیان بدەن ئەوەش پاش ئامۆژگاری كردنیان بە گوتەی شیرین یان سەرجێیی نەكردن، ژنەكانیشتان مافیان لەسەرتان هەیە كە رۆزیان بۆ پەیدا بكەن و بە باشی پۆشتەیان بكەن. كیتابی خوا كە قورئانە بۆم بەجێ هێشتون گەر دەستی پێوە بگرن هیچ كاتێك گومڕاو سەرلێشێواو نابن، ئێوەش دەربارەم دەپرسن، ئێوە چی دەڵێن؟!
ئەوانەی لەوێ ئامادەی وتارەكە بون گوتیان: گەواهی و شایەتی دەدەین ئەوەی كە لەسەرت بو گەیاندت و بەجێت هێنا و ئامۆژگاریشت كرد لەو بارەیەوە.
جا پەنجەی شایەتمانی بەرز كردەوە بەرەو ئاسمان و بەلای خەڵكەكەی لادەدا و دەیفەرمو: خوایە شایەت بە، خوایە شایەت بە سێ جار ئەمەی فەرمو. رواه مسلم.

وە ئیسلام هانى پیاوان دەدات کە بەجوانى نەفەقەو خەرجى خێزانیان بدەن
پێغەمبەر() فەرمویەتی: ((دينار أنفقته في سبيل الله، ودينار أنفقته في رقبة، ودينار تصدقت به على مسكين، ودينار أنفقته على أهلك، أعظمها أجراً الذي أنفقته على أهلك!!)). رواه مسلم
واتە: دینارێك لە پێناو خوا ببەخشی، دینارێك ببەخشی بۆ رزگار كردنی بەندەیەك، دینارێك ببەخشی بە هەژارێك، دینارێك ببەخشی و سەرفی بكەی بۆ خێزانەكەت، ئەوەی لە هەمویان پاداشتەكەی گەورەترە ئەوەیە، كە بۆ خێزانەكەت دەبەخشی.
هەروەها دەفەرموێ: ((إذا أنفق الرجل على أهله نفقة، وهو يحتسبها كانت له صدقة)). رواه البخاري ومسلم والترمذي والنسائي.
واتە: گەر پیاو شتێك ببەخشێ و بۆ خێزانەكەی خەرج بكات و بزانێ لەسەری پاداشت وەردەگرێ، ئەوا بۆی بە خێر و چاكە و سەدەقە دەنوسرێ.
هەروا دەفەرموێ: ((ما أطعمت نفسك فهو لك صدقة، وما أطعمت ولدك فهو لك صدقة، وما أطعمت زوجتك فهو لك صدقة)). رواه أحمد في المسند حديث صحيح
واتە: هەر خواردنێك دەرخواردی خۆت بدەی، بۆت بە خێر و چاكە دەنوسرێ، هەرخواردنێك دەرخواردی منداڵەكەت بدەی، بۆت بە خێر و چاكە دەنوسرێ، هەر خواردنێك دەرخواردی خێزانەكەت دەدەی، بۆت بە خێر و چاكە دەنوسرێ. [لەم فەرمودانەدا بۆمان بەدەردەكەوێ كە پێغەمبەر() چەند بایەخ و گرنگی داوە بە چاك بە خێو كردنی ماڵ و منداڵ و خێزان كە بە هۆیانەوە پاداشتی خوای پێ وەردەگیرێ، نەك رژدی و رەزیلی بكرێ بۆ ماڵ و منداڵ و منەتیان لەسەر بكرێ. (وەرگێرِ)]

وە هەورەها ئیسلام هەڕەشەى کردووە لەو كەسانەی دەرهەق بە خێزانیان رەزیلن
پێغەمبەر() فەرمویەتی: ((كفى بالمرء إثماً أن يضيع من يقوت!)). رواه مسلم
واتە: مرۆڤ ئەوەندە گوناهەى بەسە، كە قوتى ئەوانە نەدات، كە لەسەریەتى بیانژێنێ.
هەروەها دەفەرموێ: ((إن الله سائل كل راع عما استرعاه، أحفظ ذلك أم ضيع، حتى يسأل الرجل عن أهل بيته)). رواه ابن حبان في صحيحه
واتە: خوای گەورە لە هەمو لێپرسراوێك دەپرسێتەوە دەربارەی ئەو كەسانەی كە لە ژێر دەستی كار دەكەن، كە ئایا مافی ئەوانی پاراستوە، یان مافەكانی خواردوە و بە فیڕۆی داوە، تەنانەت پیاو دەربارەی خێزانەكەی لێی دەپرسرێتەوە، ئایا چۆنی پەروەردە كردوە و بەخێوی كردوە؟.

لە کۆتایدا :

ئەبێت پیاوان لە خواى گەورە بترسن و ئاگایان لە حەق و مافەکانى خێزانیان بێت و وا نەزانن ژیانى ژن و مێردایەتى تەنها جوت بوون و ڕابواردن و کە کارى خۆى تەواو کرد ئیتر خێزانى ئیهمال بکات و قسەى ناخۆشی پێ بکات و زوڵم و ستەمى لێ بکات و تەنها ئەوکاتانە قسەى خۆشی بۆ بکات کە بیەوێت کارى جوتبونى لەگەڵدا بکات ، بۆیە ئەم جۆرە پیاوانە لە ڕاستىدا لە ماناى ژیانى ژن و مێردایەتى تێ نەگەشتووە چونکە خواى گەورە دەفەرموێ :
[وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجاً لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً] الروم:21
واته : له‌نیشانه‌كانی بوون و ده‌سه‌ڵاتی خوا ئه‌وه‌یه‌كه‌ : له‌ جنسی خۆتان، واته‌: له‌ ڕه‌گه‌زی ئاده‌مزاد هاوسه‌ری بۆ دروستكردن تا له‌پاڵیاندا بحه‌سێنه‌وه‌ و خۆشویستیی و میهره‌بانیشی خستۆته‌ نێوانتان بۆئه‌وه‌ی بتوانن پێكه‌وه‌ باری گرانی ژیان هه‌ڵگرن و درێژه‌ به‌ژیان بده‌ن .
بۆیە هەندێك كەس تەنها بە چاوێكی جنسی دەڕوانێتە هاوسەرەكەی بەمەش ژیانی خۆی و ژیانی هاوسەرەكەی تەنگ و ناخۆش دەكات.
بەڕاستی مێردی بەختەوەر ئەو كەسەیە كە خێزانەكەی بە هەمو مانایەكەوە دەكاتە هاوڕێ، ئەم ئایەتەش دوپاتی هاوڕێیەتی ژن و مێردی كردۆتەوە كە بە (مودة‌) ناوی بردوە!

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٤,٤٨٢ بەش: مافەکانى ژن و مێرد