زۆرجار کە لە خەو هەڵدەستم دەستەكانم سڕ بووە ئایا هۆكار و چارەسەری چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زۆرجار کە لە خەو هەڵدەستم دەستەكانم سڕ بووە ئایا هۆكار و چارەسەری چیە؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان

براى بەڕێزم
سڕبوونەوە و ئازارى دەست لەكاتى نووستن زۆر جار بە هۆى پەستانى مەچەك لەسەر دەمارى نێوان مەچەك و پەنجەكانەوە روودەدات. نیشانەكانى ئەم حاڵەتە:
1- سڕبوونەوە لە دەست و پەنجەكانەوە جگە لە پەنجەى بچووك.
2- ئازارێك لە دەستەوە بەرەو باسك.
3- زیادبوونى سڕبوونەوە و ئازار لە كاتى شەوان كە دەبێتە هۆى بێ خەوى (خەوزڕان).
4- ئازارەكە كەم دەبێت لە دواى بەرزكردنەوەى دەست تا ئاستێكى بەرزتر لە لەشەوە.
ئەم حاڵەتە ئەگەر چارەسەرنەكرا دەبێتە هۆى لاوازى ماسولكەكان لە دواى ماوەیەكى درێژخایەن. هەروەها ئەو كەسانە كە زیاتر تووشى ئەم كێشەیە دەبن:
1- ئافرەتى تەمەنى 40 بۆ 50 ساڵ.
2- ئافرەتى سكپڕ.
3- ئەو كەسانەن كە ئیش وكاریان لەسەر چاپكردن و كۆمپیوتەرە.
4- كەسانێكى تووشبوو بە هەوكردنى جومگەكان (ڕۆماتیزم).
*چارەسەركردن:
1- كەم كردنى كێشى لەش بۆ كەسێكى قەڵەو.
2- بەرزكردنى دەستى تووشبوو بەم حاڵەتە و دانانى لەسەر سەرینێك كە ئاستى بەرزتر دەبێت لە ئاستى لەشەوە لەكاتى نووستن.
3- بەستنى دەست و مەچەك بە پارچە پەڕۆیەكى تایبەت لە كاتى نووستن (ئەم جۆرە پەڕۆیە لە دەرمانخانەكان دەست دەكەوێت).
4- ئەم كێشەیە نامێنێت لە دواى منداڵبوون لە حاڵەتى ئافرەتى سكپڕ.
5- ئەگەر كێشەكە بەردەوام بوو دەبێت پزیشك سەرپەرشتى حاڵەتەكە بكات بە پێدانى دەرمان یان دەرزى یان بە نەشتەرگەرى لە هەندێ حاڵەت لە دواى نیشانەكردنى جۆرى كێشەكە لەگەڵ بەدواداچوونەوە.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.‌‌

بەشی پزیشكی ماڵپەڕی وەڵامەکان

سەردان: ٢,٢٩٢ بەش: پزیشکى