وەڵامى شوبهەی دووەمی شەخس پەرستان : ئێمە خوا دەپەرستین و، موشریكەكان خوایان نەدەپەرست و كافربوون !!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
وەڵامى شوبهەی دووەمی شەخس پەرستان : ئێمە خوا دەپەرستین و، موشریكەكان خوایان نەدەپەرست و كافربوون !!
پرسیار:

لەم بەشەدا هەرجارە و شوبهەیەک لە شوبهەی شەخس پەرستان دەخەینە ژێر تیشكی ڕووناكی قوڕئان و سوننەت بە گوێرەی تێگەیشتنی هاوەڵان و پێشەوایانی پێشینەی ئوممەت 
شوبهەی دووەمی شەخس پەرستان
دەڵێن: بەڵێ‌ هەرچەندە موشریكەكانیش وەكو ئێمە باوەڕیان بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا هەبوو، بەڵام ئێمە لەوەدا جیاوازین كە ئێمە خوا دەپەرستین و، موشریكەكان خوایان نەدەپەرست و كافربوون !!

هەڵوەشاندنەوەی شوبهەی دووەم
لە وەڵامدا دەڵێین:
ڕاستە ئێوە نوێژ دەكەن و ڕۆژو دەگرن و حەج دەكەن و زەكات دەدەن و زیـكر دەكـەن، كـە ئەمانە هەموو عیبادەتن بۆ خوا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەرستن دەكەن بۆ پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و پیاوچاكان و قەبرەكانیان و شێخەكانتان و عیبادەتەكەتان خالص و پاك و تەنها نیە بۆ خوا، بۆیە ئێوە بە خوا پەرست (عابد) دانانرێن {وَلَا أَنتُمْ عَابِدُونَ مَا أَعْبُدُ ﴿٥﴾} [الكافرون] چونكە شەریك بۆ خوا دادەنێن لە پەرستنداو پەروەردگار شەراكەتی كەس ناكات و ئەو عیبادەتەش قەبوڵ ناكات كە بۆ ئەوی دەكەن(١)؛ چونكە عبادەتێكی دەوێت بە خالیسی و تەنهایی بۆ ئەو بێت:
{وَمَا أُمِرُوا إِلَّا لِيَعْبُدُوا اللَّـهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ حُنَفَاءَ} [البينة ٥].
وە موشریكەكانیش عیبادەتی خوایان دەكرد، وە حەجیان دەكردو نوێژی تایبەتیان هەبوو وە لە خوا دەپاڕانەوە، وە ئینكاری ئەوەیان نەدەكرد كە خوا شایستەی پەرستنەو دەبێت بپەرسترێت بەڵكو ئینكاری ئەوەیان دەكرد كە بەتەنها ئەو بپەرسترێت بۆیە دەیان گوت:
{أَجِئْتَنَا لِنَعْبُدَ اللَّـهَ وَحْدَهُ وَنَذَرَ مَا كَانَ يَعْبُدُ آبَاؤُنَا} [الأعراف ٧٠].
واتە: ئایا بۆ ئەوە بۆمان هاتوویت كە خوا بەتەنها بپەرستین و واز بهێنین لە پەرستنی ئەو پەرستراوانەی كە باب و باپیرانمان دەیان پەرستن ؟!
وە هەروەها دەیان وت: {أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَـٰهًا وَاحِدًا ۖ إِنَّ هَـٰذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ ﴿٥﴾} [ص].
واتە ئەوە محمد دەڵێت: واز بهێنن لە هەموو پەرستراوەكانتان و تەنها یەك پەرستراو بپەرستن، بەڕاستی ئەم دەعوایە شتێكی سەیرە.
كەواتە: ڕازی بوون كەخوا بپەرسترێت، بەڵام ناڕازی بوون لەوەی كە بەتەنها بپەرسترێت!. هەروەكو شەخس پەرستانی ئەمڕۆ ناڕازین پێیان بڵێین تەنها هاوار بكەنە خواو داوا بەس لەو بكەن و سوێند تەنها بەو بخۆن و...
كەواتە لەم ڕوانگەیەشەوە كە هەردوولا خوایان دەپەرست جیاوازی نیە لە نێوان شەخس پەرستانی ئەم سەردەمەو موشریكەكانی كۆن، هەرچەندە جیاوازیش هەبێت لە جۆری خوا پەرستیەكەشیان و زۆرو كەمیەكەی.
مەبەست ئەوەیە كە موشریكەكانیش باوەڕیان بە خوا پەرستی هەبوو وە بە واقعی دەیان پەرست، بەڵام شتی تریشیان لەگەڵ دەپەرست.
وە بۆیەش پێیان دەوترێت (موشریك) چونكە شتی تریان كردۆتە شەریكی خوا لە پەرستن بۆ كردندا كەواتە خواو بتەكانیان شەریك بوون لەو پەرستنەی موشریكەكان بۆیان دەكردن.
وە ئەگەر خواشیان نەپەرستبا لەگەڵ بتەكانیان بە موشریك دانەدەنران چونكە ئەوكاتە شەریكایەتی دروست نەدەبوو !!
كەواتە لەم ئایەتانەی ڕابردوو بۆمان دەردەكەوێت كە موشریكەكانی سەردەمی پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، وەكو شەخس پەرست ونەفامەكانی ئەمڕۆ باوەڕیان بەوە هەبوو كە:
أ ـ خوا هەیە.
ب ـ زیاتریش لە شەخس پەرستانی ئەمڕۆ باوەڕیان وابوو كە تەنها ئەویش پەروەردگاری جیهانیانە (رب العالمين)ـە، وە باوەڕیان وابوو كە [لا خالق ولا رازق ولا مالك ولا مُحيي ولا مُميت ولا مُدَبِّر ولا رب إلا الله] واتە هیچ دروستكارو ڕزق دەرو خاوەن موڵك و زیندووكارو مرێنەرو بەڕێوەبەرو پەروەردگار نیە تەنها (الله) نەبێت.
ج ـ زیاتریش لەوە باوەڕیان وابوو كە ئەو خوایە گەورە پەرستراوەو شایستەی پەرستنیشە.
د ـ زیاتر لەوەش بە كردەوەش عیبادەتیان بۆ دەكردوو زیكرو ماڵ بەخشین و نوێژو حەجیان دەكرد ـ بەپێی عەقڵی خۆیان ـ وە نەشیان دەوت خوا ناپەرسترێت بەڵام دەیان وت: چۆن دەبێت ئەو بەتەنها بپەرسترێت !
بەداخەوە زۆر لە خەڵكی وا دەزانێ‌ ئەگەر باوەڕی بە بوونی خوا هەبوو ئەوە موسڵمانە و مرۆڤ بەوە دەبێت بە موسڵمان وە لە دوای ئەوە پەرستن بۆ هەر شتێك بكات بەلایەوە زەرەر لە ئیسلامەتیەكەی نادات، چونكە باوەڕی بە بوونی خوا هەیە، نازانن كە موشریكەكانیش باوەڕیان بە بوونی خوا هەبووو هەروەها شەیتانیش باوەڕی بە بوونی خوا هەیەو (فیرعەون)یش باوەڕی بەوە هەبوو كەواتە ئەوانە هەموویان موسڵمان بوون بە گوێرەی گومانی ئەم نەفامانە!!
وازبهێنن لەو پەرستراوانەی تر كە لەخوا نزیكـمــان دەكــەنـەوە: بـۆیــە دەیان ووت:
{قَالُوا أَجِئْتَنَا لِنَعْبُدَ اللَّـهَ وَحْدَهُ وَنَذَرَ مَا كَانَ يَعْبُدُ آبَاؤُنَا ۖ فَأْتِنَا بِمَا تَعِدُنَا إِن كُنتَ مِنَ الصَّادِقِينَ ﴿٧٠﴾} [الأعراف].
ئایا بۆ ئەوە هاتوویت بۆلامان تاوەكو خوا بپەرستین بە تەنهاو وازبهێنین لەوانەی كە باب و باپیرانمان دەیانپەرستن ؟!
كەواتە: ڕوون بۆوە جیاوازی نیە لە نێوان شەخس پەرستانی ئەمڕۆ لەگەڵ موشریكەكانی كۆن، لەم ڕووەوە كە هەر دوولا باوەڕیان بووە بە تەنها پەروەردگاریەتی خوا و خالقیەتی خوا بەڵام هەردوو لایان ناڕازین كە تەنها ئەو خوایە پەروەردگارەش پەرستراو (إله) بێت و هیچ یەكێكی تر نەپەرسترێت لەگەڵی و داواكردن و سەربڕین و نەزر كردن و بەگەورە دانانی بۆ نەكرێت !
================
(١) وەك لە حەدیسی قودسیدا هاتووە بە صەحیحی كە پەروەردگار فەرموویەتی:
((أَنَا أَغْنَى الشُّرَكَاءِ عَنِ الشِّرْكِ، مَنْ عَمِلَ عَمَلاً أَشْرَكَ فِيهِ مَعِي غَيْرِي تَرَكْتُهُ وَشِرْكَهُ))، وە لەبەر ئەو شیركە خوا عیبادەتی موشریكەكانی قەبووڵ نەدەكرد وەك دەفەرموێت: {وَجَعَلُوا لِلَّـهِ مِمَّا ذَرَأَ مِنَ الْحَرْثِ وَالْأَنْعَامِ نَصِيبًا فَقَالُوا هَـٰذَا لِلَّـهِ بِزَعْمِهِمْ وَهَـٰذَا لِشُرَكَائِنَا ۖ فَمَا كَانَ لِشُرَكَائِهِمْ فَلَا يَصِلُ إِلَى اللَّـهِ ۖ وَمَا كَانَ لِلَّـهِ فَهُوَ يَصِلُ إِلَىٰ شُرَكَائِهِمْ ۗ سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ ﴿١٣٦﴾} [الأنعام].
قال الإمام المفسِّر عبدالرحمن بن ناصر السعدي معنى الآية : (أن ما جَعَلُوهُ وتَقَرّبوا به لِأوثانهم، فهو تقرُّبٌ خالص لِغير الله، ليس لله منه شيء، وما جعلوه لله ـ على زعمهم ـ فإنّه لايصل إليه لِكونه شركاً، بل يكون حظ الشركاء والأنداد، لأن الله غنيٌّ عنه، لايقبل العمل الذي أشرك معه أحد من الخلق. ا.هـ ((تيسير الكريم الرحمن في تفسير كلام المنان)).
وەرگیراوە لە کتێبی : خواپەرستى نەک شەخص پەرستى لە نوسینى : دکتۆر عبداللطیف أحمد

 

سەردان: ٢,٣٤١ بەش: شوبهەکانى شەخس پەرستان