ئایا دروستە ئافرەت ڕێگری بكات لەوەی كە مێردەكەی ژنی دووەم بهێنێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە ئافرەت ڕێگری بكات لەوەی كە مێردەكەی ژنی دووەم بهێنێت؟

وه ئایا دروستە ئافرەت ڕێگری بكات لەوەی كە مێردەكەی زیاتر لە ژنێك بێنێت واتە : (نەهێڵێت ژنی دووەم بهێنێت)؟

زانای پایەبەرز شێخ ئەلبانی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) فەرموویەتی: بڕوام وایە دروست نیە بۆی ئەوەش لەبەر دوو هۆكار: 
یەكەم: ڕێگری شتێك ئەكەن كە خوا حەڵاڵی كردووە.
دووەم: ئەوەیە كە سەرپێچی فەرمانی مێردەكەی دەكات, وە لای بەڕێزیشتان ئاشكرایە كە گوێڕایەڵی ئافرەت بۆ مێردەكەی واجبە و پێویستە فەرمانبەرداری بێت, وەكو كاربەدەست وایە كە چۆن خەڵك دەبێت فەرمانەكانیان جێ بەجێ بكەن لەشتی چاكە و شەرعیدا, بۆیە كاتێك حاكمێك یان كاربەدەستێك فەرمانێكی ڕەوا و شەرعی دەردەكات ئەوا ئەو فەرمانە دەبێت بە واجب و پێویستە لەسەر ژێردەستەكان كە هەڵسن پێی و جێ بەجێی بكەن، بەهەمان شێوە بۆ ئافرەتیش وایە بەرانبەر بە مێردەكەی, كاتێك مێرد فەرمان بە شتێك دەكات بەمەرجێك سەرپێچی خوای پەروەردگار و پێغەمبەری تێدا نەبێت و ئافرەتەكە لە توانایدا هەبوو جێ بەجێی بكات ئەوا پێوسیتە لەسەری گوێڕایەڵی بێت و نابێت لەمپەر و ئاستەنگ دروست بكات بۆیە بەڕێگری كردنی دووجار تووشی تاوان دەبێت, وەكو لە پێشەوە ئاماژەی بۆ كرا .

ئامۆژگاریتان چیە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە قەبوڵی فرەژنی ناكەن و ڕەدی دەكەنەوە؟

زانای پایەبەرز شێخ ئەلبانی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) فەرموویەتی:
لەڕاستیدا بۆچوونی ڕێگری كردنی ئافرەتانی موسڵمان لە مەسەلەی فرەژنی, بیر و بۆچوونێكی زۆر ترسناك و مەترسیدارە و پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە, وە پێویستە لەسەر ئافرەتان كە حەز و ئارەزووی شەخسیان وەلا بنێن و ملكەچ بن بۆ فەرمانە شەرعیەكان و حوكمە ئیسلامیەكان, ئەگەرنا نابنە ئافرەتی پابەند بەدینەوە و نابنە چاكەكار هەرچەندە بانگەشەی ئەوەش بكەن كە پەیوەستن بە دینەوە, بەڵام كاتێك حوكمێكی ئاوەهای ڕووبەڕو دەكرێتەوە كەچی ملەجەڕی دەكات و قبوڵی ناكات, لە كاتێكدا خوای پەروەردگار دەفەرموێت: ( فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا فِي أَنْفُسِهِمْ حَرَجًا مِمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا ) ٦٥  (النساء)
واتە: نەخێر, سوێند بەپەروەردگارت ئەوانەی (لافی بڕوا لێ دەدەن) باوەڕ ناهێنن هەتا لەهەموو كێشەیەكدا كە ڕوودەدا لەنێوانیاندا تۆنەكەن بەدادوەرو گوێڕایەڵی تۆ نەكەن, دوای ئەوەش نابێت لەدڵ و دەروونیاندا هیچ ناڕەزاییەك دروست ببێت بەرانبەر ئەوەی كە داوەریت كردووە و دەبێت بەتەواوی تەسلیم بن و ڕازی بن.
هەربۆیە ئێمە ئامۆژگاری گەنج و لاوە كوڕو كچەكانمان دەكەین بەوەی كە واز بێنن لەو بیروبۆچوونەی كە فرەژنی تەنها لە كاتی پێویستدا دروستەو ڕێگەپێدراوە, نەخێر بەڵكو لەكاتی ئاساییشدا دروست و ڕێگەپێدراوە, چونكە ئەوە چاكترە بۆ گەنجی موسڵمان كە ئارەزوو شەهوەتەكەی لە خێزانی دووەمیدا بەكاربهێنێت لەوەی هاوڕێ و برادەری كچی هەبێت و تووشی حەرام و سەرپێچی خوا بێت.

وه ئایا لای بەڕێزتان فرەژنی بابەتێكی سەرەكیە یاخود لق و لاوەكیە؟

پێغەمبەری خوا دەفەرموێت ((تَزَوَّجُوا الْوَدُودَ الْوَلُودَ فَإِنِّي مُكَاثِرٌ بِكُمُ الأُمَمَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ)) واتە: خوازبێنی ئافرەتانێك بكەن كە مێرد دۆست بێت و زۆر منداڵی ببێت, چونكە من شانازی دەكەم بە زۆربوونی ئێوەوە لە ئاسات ئوممەتەكانی تردا لە ڕۆژی دواییدا", ئەمەش بەجێ‌ نایەت بە فرەژنی نەبێت, بۆیە لەفرەحزبییەوە بڕۆن بۆ فرەژنی.

سەردان: ٢,٨٤٢ بەش: فرەژنى