زیان و مەترسی و حوکمى زینا کردن چیە؟ وە ئەو کەسانەى کە زینا دەکەن چ سزایەکیان بۆ دانراوە لە قیامەت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زیان و مەترسی و حوکمى زینا کردن چیە؟ وە ئەو کەسانەى کە زینا دەکەن چ سزایەکیان بۆ دانراوە لە قیامەت؟

بسم الله الرحمن الرحيم
بەڕاستى خواى گەورە و پێغەمبەرەكەى داوێن پیسى یان حەرام كردووەوخراپى و پیسى یان ڕوون كردۆتەوە،وەبەندەكانیشیان ئاگادار كردۆتەوە لەكەوتنە ناوداوێن پیسیەوە،وەلەبەر بۆ گەنیەكەى بەڕاستى خواى گەورە كەوتنە ناو داوێن پیسى و ئەنجامدانى بەتەنها حەرام نەكردووە بەڵكو ڕێگریشى كردووە لەنزیك كەوتنەوە لێى.
هەروەك ئەفەرمێ: [ وَلاَ تَقْرَبُواْ الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاء سَبِيلاً] الاسراء: 32واتە: لە داوێن پیسى (زینا نزیك مەبنەوە) بەڕاستى كارێكى خراپ و ئاكامێكى ناپەسەندى هەیە.
وەداوێن پیسى دائەنرێ بەیەكێك لەتاوانە گەورەكان لەدواى هاوەڵ بڕیاردان و كوشتنى ناحەق.
وەپیسەو خراپەیەكى لەناوبەر و ستەمێكى ناڕەواوو لەناوبەرە.
ئەو كەسانەى خاوەنى دەروونى ساغن لێ ڕائەكەن.
یەكێك لەخواناسان ئەفەرمێ:
داوێن پیسى ئەو عەیبەیە كەهەڕەشە لەماڵە بەرزەكان ئەكات و سەربەرزەكان سەرشۆڕ ئەكات وڕوومەت سپیىەكان ڕوو ڕەش ئەكات و زمانە پاراوەكان لاڵ ئەكات، وەئەو كەسەى كەملى لە هەموو كەسێك بەرزترو گەورەترە ڕەوانەى چاڵێك لە سەرشۆڕى و زەلیلى و بێ نرخى و ڕق لێ بوونەوە ئەكات كەئارامى بۆ نیە.
جا گەورەترین جۆرى عەیب و عار داكەندنى جلى ڕەوشت بەرزى و سەربەرزیە هەرچەند فراوان بێ، خاڵێكى ڕەشە هەركاتێ لكا بەهەر خێزانێكەوە هەموو لاپەڕە سپى یەكانیان پیس ئەكات، وەچاوەكان والێ ئەكات جگە لەڕەش وتارماییى هیچ نەبینن،وەئەو عەیب و عارەیە كەتەمەنى درێژە ئەكێشێ.
جاخوا لەناوى دا چ تاوانێكە وەخوا ئەو كەسەش لەناو دا كەهەڵدەستێ بەم كارە و تەوبەى لێ ناکا.

خراپێتى زینا:
بەڕاستى زینا خراپە بۆ پیاوو ژنى داوێن پیس و زیناكار،جا سەبارەت بەئافرەتەكە ئەوا بەم كارە ژیانى تێك ئەدات و شەرەفى خۆى وكەس و كارى ئەدۆڕێنێ و خراپیشە بۆ ناوبانگ و سومعەتى خۆى وخێزانى، وەسەرجێ ى پیاوەكەى خراپ ئەكات ئەگەر پیاوى هەبێت،وەڕەنگە مناڵیشى بۆ بێنى لەپیاوێكى زیناكارى ترو خیانەتى لێ بكات و ئەویش بەدرێژایى تەمەنى نەفەقەى ئەكێشێ ومیراتیشى بۆجێ ئەهێڵێ دواى مردن.
وەبەناو ئەو پیاوەوە بانگ ئەكرێت و مناڵى ئەویش نین.
وەجگە لەخراپەى تر كەتووشى ئەوە ئافرەتە ئەبێ بەهۆى تووش بوون بەم تاوانەوە،وەئەگەر ئافرەتەكەش پیاوى نەبێ و زیناى كردبێ ئەوە زیاد لەمانە خەڵكانێك لەمانە لەخۆى دوور ئەخاتەوە كەڕەنگە بەتەما بن بەشێوازى شەرعى بێنە داواى.
وەكەس ناچێتە داواى كەحاڵى بناسن هەتا ئەگەر ئەو پیاوە خۆشى خراپەكار بێ و هەرخۆشى ئەو خراپەى لەگەڵ كردبێ ناچێتە داواى،چونكە ڕقى لێ یەتى وەڕازى نابێ كەخێزانى بێ لەوەى كەئەزانێ كەخیانەتى لێ ئەكات.
جائافرەتە كە دواى زیناكە ژیانێكى زۆر سەرشۆڕانە و زەلیلانە ئەباتە سەر،هیچ پیاوێكى پاك داوێن نابێ بیپارێزێ وەهیچ خێزانێكیش نابێ بیپارێزێ جا واى لێ دێ كە لە ناو كەس و كارى ڕق لێ بووەو سەرەڕاى ئەمەش زیان بەشەرەفى خوشكەكانیشى ئەگەیەنێ لەوەى كەس ناچێتە داواى ئەوانیش چونكە خوشكى ئەون داواكاریان نابێ بەهۆى تاوانەى ئەوەوە.
وەسەبارەت بەپیاوە زیناكارەكەش ئەوە وەكو گورگى سەر لێشێواوى لێ دێ لەپەیوەستى بەئافرەتەوە وە ڕەنگە ببێتە هۆیەك بۆ تاقیكردنەوەو تووش بوونى یەكێك لەمەحرەمەكانى بەهەمان تاوانەوە وە سزایەك لەلایەن خواى گەورەوە.
جانامووسى هەتك ئەكرێ هەروەك چون ئەو نامووسى خەڵكى هەتك كرد وكارەكەش ئاشكرا ئەبێ و لەچاوى خەڵك سووك ئەبێ.

زیانەكانى زینا
زینا زیانى زۆرە، لەوانە:_
1_لەناوچوونى وەچەكان و ستەم كردن لەنەوەكان،چونكە ئەو پیاوو ژنە زیناكارە ئەگەر بیان زانیایە كەبەهۆى ئەو زیناوە چى بەدوایدا دێت و چى لێ دەكەوێتەوە لەتاوان و خراپە و تووڕە یى خوا.زۆر ئاسان بوو بەلایانەوە كەهەر بوونیان نەبێ و ئەو تاوانەیان نەكردایە.
2_زینا ئەبێتە هۆى تێكەڵ بوونى وەچەكان و تێك چوونى ڕەوشت.وەسەرئەكێشێ بۆ لەناوچوونى ئوممەت و بانگەشە ئەكات بۆ خراپەكارى و لەت بوون،ئەبێتە هۆى بڵاوبوونەوەى چەندەها نەخۆشى كەچارەى نەبێت كەلەوەو پێش نەبووە. هەروەك پێغەمبە ئەفەرمێ:
[لم تظهر الفاحشة فى قوم قط حتى يعلنوا بها الا فشا فيهم الطاعون والأوجاع التى لم تكن من أسلافهم الذين مضوا] رواه ابن ماجه(4019).
واتە:لەهیچ گەلێكدا زینا دەرنەكەوتووە و ئاشكرایان كردبێ ئیللا تاعوون و دەردى كوشندەیان تیا بڵاو بووەتەوە كەلەوەو پێشى ئەوان نەخۆشى واهەر نەبووە.
جابەڕاستى پێغەمبەرى خوا ڕاستى فەرمووە. بەڕاستى لەم سەردەمەدا بەهۆى زۆرى زینا نەخۆشى گەلێكى زۆرى كوشندە بڵاو بووەتەوە،وەك سزایەك لەلایەن خواى گەورە بۆ ئەنجام دەرانى ئەم كردەوەیە.
3_زینا دڵكوێر ئەكاتەوەو ڕووناكیەكەى ئەكوژێنێتەوە،وەچاڵ بۆ نەفسى هەڵ ئەكەنێ و لەناوى ئەدات ، وەسەربەرزى بۆ مرۆڤ نایەڵێ لەلاى خواو لەلاى خەڵكیش، وەبەرەكەتى تەمەن كەم ئەكاتەوە ،وەگەورە ڕاگرتنى خواو ترسان لێى لەناو دڵدا لاواز ئەكات.

بەڵگەكانى حەرامێتى زینا
خواى گەورە ئەفەرمێ: [ وَلاَ تَقْرَبُواْ الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاء سَبِيلاً] الأسراء32
واتە:وەلەزیناكردن نزیك مەبنەوە،بەڕاستى زۆر خراپەو ئاكامێكى ناپەسەندى هەیە.
خواى گەورە ئەفەرمێ: [ وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ وَمَن يَفْعَلْ ذَلِكَ يَلْقَ أَثَامًا(68)يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَانًا(69)] الفرقان.واتە:وەئەوانەى كەلەگەڵ خوا كەسێكى تر بانگ ناكەن وەئەو نەفسەى خوا كوشتنى ئەوى حەرام كردووە بەهەق نەبێ نایكوژن وەزیناناكەن،وەهەركەس وابكا تووشى سزاكەى دەبێ،سزاى كەسێكى وا لەڕۆژى قیامەتدا دووقات ئەبێ و تاهەتایە بەسەر شۆڕى و پەستى لەوێدا ئەمێنێتەوە.
پێغەمبەر ئەفەرمێ: [لايزنى الزاني حين يزني وهو مؤمن] متفق علیه.واتە:زیناكار لەكاتى زیناكردندا باوەڕدار نی یە.
پێغەمبەر ئەفەرمێ: [لايحل دم أمرىء مسلم يشهد أن لااله الا الله وأنى رسول الله، الا بأحدى ثلاث وذكر منها الثيب الزان] متفق علیه.واتە:دروست نیە خوێنى هیچ موسوڵمانێك بڕێژرێ كەشایەتى بدات جگە لەخوا كەس شایەنى پەرستن نیە ومن پێغەمبەرو نێرراوى خوام مەگەر یەكێ لەم سێ شتەى كردبێ:لەوانە كەباسى كرد:پیاوێك كەژنى خواستبێ یان ژنێك كەمێردى كردبێ و زینا بكات.

سزاكانى داوێن پیسى
1_سزاى بەكۆمەڵ:
سزاى داوێن پیسى تەنها بۆ كەسى داوێن پیس نی یە. بەڵكو هەر كۆمەڵگەیەك داوێن پیسى تێدا دەركەوت ئەوە تووڕەیی و سزاى خوا بۆ سەر ئەو كۆمەڵگەیە دائەبەزێت ومردنیان تێدا زۆر دەبێت.
وەكو ابن عباس بۆمان ئەگێڕێتەوە لەپێغەمبەرەوە [اذا ظهر الزنا والربا فى قوم فقدأحلوا بأنفسهم عذاب الله] رواه الحاكم وقال صحيح الأسناد.واتە: هەركاتێ داوێن پیسى و سووخۆرى لەناو هەرگەلێكدا بڵاو بویەوە و ئاشكرابوو ئەەو خۆیان شایەنى سزاى خوا كردووە (واتە:سزایان بۆ دائەبەزێ).
بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمانان بكەونە بەربەرەكانێ و دژایەتى كردنى داوێن پیسى و هۆكارەكانى وەكو"ڕووتى و تێكەڵاوبوونى كوڕان و كچان و گۆرانى و گۆڤارە بەدڕەوشتەكان و زنجیرە دراماكان كەبانگەشە بۆ بەدڕەوشتى و داوێن پیسى دەكەن".
2_سزاى تاكەكەسى:
ئەمەیان جێ بەجێ كردنى ئەو جۆرە سزایەیە كەخواى گەورە لەئایینە پیرۆزەكەیدا دیارى كردووە كەئەویش بەم شێوەی لاى خوارەوەیە:
أ_ئەگەر كەسى داوێن پیس لەنێرو مێ ((پیاووژن بوون)).ئەوە پێویستە بكوژرێن بەڕێگەى "ڕەجم" "واتە: بەرد باران كردن تاوەكو مردن" تاوەكو ئەو ئازارە هەموو لەشیان بگرێتەوە وەكو چۆن هەموو لەشیان ئەو خۆشیەی چەشتووە.
ب_ئەگەر كەسى داوێن پیس لەنێرو مێ "كوڕو كچ"بوون.ئەوە پێویستە سەد شەلاقیان لێ بدرێ بەتوند ترین شێوە وەكو سزایەك بۆ كردەوەكەیان.لەگەڵ ئاشكراكردنیان لەنێو خەڵكدا،وەئەگەر هاتوو كەسى داوێن پیس لەم سزایانەش ڕزگارى بوولەدونیا خۆ ئەوە پاشەڕۆژ چاوەڕێیەتى كەسزاكەى سەخت ترە.
پێغەمبەر ئەفەرمێ: [ أتاني الليلة آتيان وأنهماابتعثاني وانهما قالا لي:انطلق..فانطلقنا الى ثقب مثل التنور أعلاه ضيق وأسفله واسع يتوقد نار،فاذا اقترب ارتفعوا حتى كاد أن يخرجو فاذا خمدت رجعوا فيها، وفيها رجال ونساء عراة فقلت من هؤلاء؟قالا لي:هؤلاء هم الزناة والزواني] رواه البخاري.ئەو شەوەى كەشەو ڕەوییم پێكرا "ئیسراو میعراج"بردمیانە نزیك كونێك هاوشێوەى تەنوور بوو بەڵام پڕ لەئاگر لەسەرەوە تەسك و لەخوارەوەش بەرفراوان خەڵكى تێدا دەسووتا بەڕووتى لەكوڕان و كچان منیش ووتم:ئەمانە كێن؟ووتیان ئەو كوڕو كچانەن كەلەدونیا خەریكى داوێ پیسى بوون.
خواى گەورەئەفەرمێ: [ وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ وَمَن يَفْعَلْ ذَلِكَ يَلْقَ أَثَامًا(68)يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَانًا(69)] الفرقان.
جازیناكار و داوێن پیس بەشدارى هاوەڵ پەیداكەرو پیاو كوژئەكات لەو سزایەدا."پەنا بەخوا"جائایا ئەمە شایەنى عاقڵە دواى ئەمە كەخۆى تووشى ئەم سزایە بكات لەپێناو ئارەزوویەكى كاتى تێ پەڕبوو كەخۆشیەكەى بەخێرا ئەڕوات بەڵام سزاكەى بەدرێژایى تەمەن ئەمێنێتەوە!

چەند چركەیەك
ئەى ئەو كەسەى كەخیانەتت لەئافرەت و شەرەف و شەرمى خەڵك كردووە وە هۆكارى بۆ بڵاوبوونەوەى بەد ڕەوشتى لەسەر زەوى.كوانێ ڕەوشت و سەربەرزیت؟چەندەها هاوسەرێتى نێوان پیاوو ژنت تێكداوە وەچەندەها كچى بەشەرمت سەر بڕیوە بەچەقۆى بەدڕەوشتى و ئارەزوو بازى وەئێستا ئەوان دیلى ماڵن لەبەندینخانەى سەر شۆڕیدا كۆت و زنجیر كراون دواى ئەوەى بەپەیمانە درۆینەكانت لەخشتەت بردوون خۆى وخێزانیت سەرشۆڕ كردووە ئەمەیە مەردایەتى؟
ئەى ئەو کەسەى کە خەریکى زینا و داوێن پیسیت سوێندت دەدەم بەخوا ڕازى دەبیت خەڵك لەگەڵ دایك و خوشک وخێزانت داوێن پیسى بكەن؟ ئەگەر بەمە ڕازی بیت ئەوە پەنا بەخوا تۆ (دیوث) یت وەڕۆژى قیامەت خوا نەسەیرت ئەكات و نەتەزكیەت ئەكا وەسزایەكى توندى بۆ ئامادەكردوویت.
وەبڕوا ناكەم ڕازی بیت،وەئەگەر وابێ كەواتە خەڵكیش ڕازی نین وا لەدایكیان بكرێ،وەئەگەر تۆ بۆخوشك و كچ و پورت ڕازى نەبیت خەڵكیش هەروا بۆ خوشك و كچ و پوریان ڕازى نین،جائایا نامووسى خەڵك بۆ تۆ حەڵاڵە و نامووسى تۆش بۆ خەڵكى حەرامە؟؟!!
ئایا ڕەحم ناكەى بۆ دایك و خوشكەكانت كەئەمەیان تووش بێت وەئایا ناترسى وڕەحم ناكەى بەكچەكەت كەئەوەى بەكچى خەڵك ئەیكەى بەویش بكرێ؟

ئەى ئەو ئافرەتەى کە داوێن پیسى دەکەى :
ئەى ئەو كەسەى مەدالیاى شەرەفت بەدەستى خۆت پچڕاندووەو بوویتە مایەى شەرمەزارى بۆ خۆت و خێزانەكەت هەموویانت لەبەرزی یەوە فڕێ داوەتە بۆگەنى و سەرشۆڕى و بەدبەختى.
پەڕە سپی یەكانى پەڕاوى سەربەرزى خێزانەكەت ڕەش كردۆتەوە لەپێناو ئارەزوو بازی و بەد ڕەوشتى خۆت.
ئەى باشە لەخوا ناترسى سزات بدات؟ كوانێ عەقڵت؟ كوانێ شەرمت؟
سزاى دونیاو پاشە ڕۆژ چاوەڕێتە باشە خۆكارەكانت ئاشكرابن خۆت و خێزانت سەرشۆڕدەبن.
تێبفكرە،پەوەردگار چاودێرە بەسەرتەوە مردنت زۆر باشترە بۆ خێزانەكەت لەو كردەوەى كەپێی هەڵساوى بەئاشكرا.
بیر بكەرەوە لەخوا بترسە بگەڕێوە بۆلاى خوا دەرگاى پەشیمانى واڵایە تاوەكو نەمردوویت.

لەكۆتاییدا
ئەى ئەو كەسانەى بەم دەردەوە گیرۆدەبوون باش بزانن خواى پەروەردگار چاودێرە بەسەرتانەوە وئاگاى لێتانە.بائەم ئارەزووە لەخشتەتان نەبات ئەم كردەوە ئاژەڵیە ئەنجام بدەن،ئێوە ناتوانن لەبەرچاوى هەر مرۆڤێكدا تەنانەت منداڵیش بێت ئەم كردەوەیە بەئاشكرا ئەنجام بدەن، ئەى چۆن بەرامبەر خواى گەورە كەچاودێرە ئەتوانن ئەنجامى بدەن؟.
كوا بەگەورە زانینى خوا؟
كوا شەرم لەخوا؟
كوا باوەڕتان بەخوا؟
كواترسان لەخوا؟
مردنتان لەیادچوو؟
ئەى ناڕەحەتیەكانى سەرەمەرگ و ناخۆشی و تەنهایی ناوگۆڕ؟
ئێوە ڕێگاى دوورتان لەڕێگەیە پڕە لەنارەحەتى و ئازار وئاگر،ناتوانن بەرگەى ئەو خەموو سزایانەى پاشە ڕۆژ بگرن.
دواجار ئەم ئارەزوو كردەوەیە ڕێگاى بەرەو مردن و پاشە ڕۆژتان لەیاد نەباتەوە بۆلاى خوا بگەڕێنەوە،دەرگاى پەشیمانى واڵایە‌ پێش ئەوەى مردن بێتە میوانتان و بەگۆڕ شاد بن.

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٢١,٩٩٢ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان