کەسى نەخۆش چۆن نوێژەکانى بکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسى نەخۆش چۆن نوێژەکانى بکات؟

لەسەر کەسی نەخۆش پێویستە نوێژە فەرزەکانی بەوەستانەوە ئەنجام بدات تەنانەت ئەگەریش بەچەمانەوە بێت یاخود بەهۆی پشت بەستن بەدیوارەوە یاخود بەگۆچانەوە بێت ئەگەر پێویستی کرد پشتی پێ ببەستێت.
1- ئەگەر نەیتوانی نوێژەکانی بەپێوە ئەنجام بدات بەدانیشتنەوە نوێژەکانی ئەنجام دەدات ، باشتریش وایە لەجێگای وەستان و ڕکوع بردن لەسەر شێوازی چوارمشقی دابنیشێت.
2- ئەگەر نەیتوانی نوێژەکانی بەدانیشتنەوە ئەنجام بدات، ئەوا لەسەر لاو بەرەو ئاڕاستەی قیبلە نوێژەکانی ئەنجام دەدات ، نوێژکردنەکەیشی بەلای ڕاستدا بێت لەکاتی لاکەوتنیدا باشترە لەوەی بەلای چەپدابێت، ئەگەر نەیتوانی ڕوو لەقیبلە بکات ڕووی لەهەرکوێ بێت نوێژەکەی صەحیحەو دووبارەکردنەوەی لەسەر نی یە .
3- ئەگەر نەیتوانی نوێژەکانی لەسەر لا ئەنجام بدات ئەوا بەئاماژەی سەرجوڵاندنەوە نوێژەکانی ئەنجام دەدات و پێیەکانی ڕوو دەکات لەقیبلە ، باشتریش وایە هەندێک سەری بەرزبکاتەوە لەبەرئەوەی ڕووی لەقیبلە بێت.
4- ئەگەر نەیتوانی پێیەکانی ڕووبکات لەقیبلە ئەوا نوێژەکەی دەکات بەهەر شێوازێک بێت ، دووبارە کردنەوەیشی لەسەر نی یە.
5- لەسەر نەخۆش پێویستە ڕکوع و سوژدە ببات لەنوێژەکەیدا ، ئەگەر نەیتوانی ڕکوع و سوژدە ببات ئەوا تەنها بەسەر ئاماژە دەکات ، سوژدە بردنەکەی نزمتر دەبێت لەڕکوع بردنەکەی، ئەگەریش تەنها توانی ڕکوع ببات بەبێ سوژدەبردن ئەوا تەنها ڕکوع دەبات لەکاتی ڕکوعدا و تەنها بەسەری ئاماژە دەکات بۆسوژدەبردنەکەی ، ئەگەریش تەنها توانی سوژدە ببات بەبێ ڕکوع بردن ئەوا تەنها سوژدە دەبات لەکاتی سوژدە بردندا و تەنها بەسەری ئاماژە دەکات بۆڕکوع بردنەکەی.
6- ئەگەر نەیتوانی لەڕکوع و سوژدەدا بەسەری ئاماژە بکات ئەوا بەچاوی ئاماژە دەکات ، لەڕکوعد کەمتر چاو دەنوقێنێت و لەسوژدەدا زیاتر چاودەنوقێنێت ، بەڵام ئاماژەکردن بەپەنجە هەروەکو هەندێک نەخۆش ئەنجامی دەدەن صحیح نی یە ، وایش نازانم لەقورئان و سوننەت و وتەی زانایاندا هیچ بنەمایەکی هەبێت.
7- ئەگەر نەیتوانی بەسەر و چاوی ئاماژە بکات، ئەوا لەدڵەوە نوژەکەی دەکات ، وەستانەکەشی لەدڵەوە دەبێت ، هەموو کار و کردەوەیەکیش بەپێی نییەتەکەیەتی .
8 - لەسەر نەخۆش پێویستە سەرجەم نوێژەکانی لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدات ، هەموو ئەو شتانەش ئەنجام دەدات کەتوانای ئەنجامدانی هەیە لەوشتانەی واجب کراوە لەسەری ،
ئەگەر لەسەری قورس بوو سەرجەم نوێژەکانی لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدات ئەوا بۆی هەیە لەنێوان نیوەڕۆ و عەسر دا و لەنێوان مەغریب و عیشا نوێژەکانی کۆبکاتەوە ، سەبارەت بەکۆکردنەوە و پێش خستن بەشوازێک عەسر پێش بخات بەسەر نیوەڕۆدا ، بەوواتایەی عەسر بێنێت بۆلای نیوەڕۆ و عیشایش بێنێت بۆلای مەغریب یاخود کۆکردنەوە و دواخستن بەشێوازێک نیوەڕۆ دوادەخات بۆلای عەسر و مەغریبیش دوادەخات بۆلای عیشا بەهەر شێوازێک بۆی ئاسان بێت ئەنجامی دەدات ، بەڵام نوێژی بەیانی لەگەڵ پێش و پاش خۆیدا کۆناکرێتەوە.

مجموع فتاوى ورسائل الشيخ محمد صالح العثيمين - المجلد الخامس عشر - باب صلاة أهل الأعذار.

سەردان: ٣,٥٢٧ بەش: چۆنێتى نوێژ