حوکمى ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانە چیە کە ڕێگرن لە نوێژکردنى خوێنكاران لە قوتابخانە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانە چیە کە ڕێگرن لە نوێژکردنى خوێنكاران لە قوتابخانە؟

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين، وبعد:
بەڕاستى لێپرسراوێتى ئەركێكى گران و گەورەیە، وە پێویستە لەسەر كاربەدەستان وا بڕواننە پلەو پایەیان كە لێپرسراوێتى یە نەك زەعامەت و بەگەورە دانان و لە خۆبایى بوون.
پێویستە بزانن كەئەوان لێپرسینەوەیان لەسەرە لە لایەن خواى گەورە، هەروەها لەلایەن ژێردەستەكانیشیانەوە.
پێغەمبەر() دەفەرمووێت: (إنها أمانة، وإنها يوم القيامة خزيي وندامة، إلا من أخذها بحقها، وأدى الذي عليه فيها) (صحيح الجامع الصغير: 7823)
واتە: لێپرسراوێتى ئەمانەتە وە لەڕۆژى دوایى سەرشۆڕى و پەشیمانى یە، تەنها كەسانێك نەبێت كە بەحەق وەرى دەگرێت، كە ئەوەى لەسەریەتى جێبەجێى بكات.
هەر كاربەدەستێك بە ئەمیندارێتى و دڵسۆزى ودەست پاكى و دڵپاكى و داوێن پاكى و بە پەرۆشى و چالاكى­یەوە ئەركەكەى بەجێ بێنێت ئەوە سەربەرزە و پاشەڕۆژێكى بەختەوەرى هەیە لاى خەڵكى لە دونیادا، وە هەروەها لاى خواى پەروەردگاریش ئەجرو پاداشتى زۆر گەورەیە، وەیەكێك لە و حەوت كەسانەى كە توشى نارەحەتى­یەكانى ڕۆژى دوایى نایەت ئیمام و پێشەواو سەركردەى دادپەروەرە.
بەڵام بە پێچەوانەشەوە هەر لێپرسراوێك كەمتەرخەم یا خیانەت كار بێت ئەوە بەر لەعنەت و نەفرینى خواو دواجار گەلیش دەكەوێت، وە ڕۆژێك دێت فڕێ بدرێتە زبڵدانى مێژووەوە بە سوكى و ڕوو ڕەشى، وە خیانەت كردنیش چەندەها شێوازى هەیە:
*هەیە خیانەت لە ماڵ و سامانى ژێر دەستەكانى دەكات.
*وە هەیە خیانەت لە ڕەوشت و ناموسیان دەكات و پارێزگارى لە ڕەوشتى ڕەسەن و باشى گەل و قەومەكەى ناكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە هانیان دەدات بۆ داماڵینى پۆشاكى حەیا و ڕەوشت، بەناوى مۆدەو پێش كەوتن و ئازادى!!
*وە هەیە خیانەت لە بیروباوەڕى گەلەكەى دەكات و پارێزگارى ناكات لە بیروباوەڕیان، بەڵكو هاوكارى بڵاو بونەوەى بیروباوەڕى پوچ و بێ باوەڕى و دوور لەدینە.
كەواتە پێویستە كاربەدەستان لە خوا بترسن و هەست بەو ئەركە گرنگە ترسناكە بكەن كە لەسەر شانیانە، بابزانن كە ئەركى سەرشانیان تەنها پاراستنى خاك و نیشتیمان نى یە، بەڵكو ئەركى پاراستنى شەڕەف و ناموس و بیروباوەڕیشى لەئەستۆیە.
وە ئەو بوارانەى كە كەم و كورتى تێدا دەبینرێن لەلایەن زۆر كاربەدەستان زۆرن، بەڵام ئەوەى كەزۆر زۆر ترسناكە بریتى­یە لە ڕێگرتنى قوتابیان و خوێندكاران لە ئەنجامدانى نوێژە فەڕزەكانیان، نوێژى نیوەڕۆو عصر لە قوتابخانه و خوێندنگاو پەیمانگاو دانیشگا لەلایەن هەندێك لە مامۆستاو بەڕێوەبەران !!
لەسەردەمى حزبى بەعسى كافر شیعارى بەعسى­یەكان ئەوە بوو كە قوتابى یان سەرباز یان كارمەند كاتێك كە دەهاتنە ناو دائیرەكەیان پێویست بوو پۆشاكى دین و ئیمان داڕنن و وەك جانتایەك ئیسلامەتیەكەیان لەدەرگاى دەرەوە دابنێن.
وە ئەوانەى كە خەست بوون لە حزبایەتى نەیان دەهێشت لە قوتابخانەو معسكر نوێژ بكرێت.
بەڵام ئەمڕۆش بەهەمان شێوە، بەداخەوە نوێژ قەدەغە دەكرێت لە قوتابیانى كوڕو كچ لەلایەن هەندێ لە بەڕێوەبەران، لەكاتێدا كە ڕێگەیان پێ دەدەن هۆڵى تایبەتیان هەبێت بۆ شانۆو ڕەقس و سەما، بەڵام ناهێڵن ژوورێك هەبێت بۆ نوێژ، كەنوێژ حەقى خوایە وهیچ زیانێكى نى یە و پەیوەندیشى بە حزبایەتى و تیرۆرەوە نى یە!!
وە نوێژ ڕوكنێكى گەورەى ئیسلامە و پێویست ترە لە هەموو ئەو دەرسانەى كە لە قوتابخانه و خوێندنگاو پەیمانگاو دانیشگا دەخوێندرێن، پێغەمبەرى خوا () فەرموویەتى: (بين الرجل وبين الشرك والكفر ترك الصلاة) (صحيح الجامع الصغير: 2848) (فمن تركها فقد كفر) (صحيح الجامع الصغير: 4143)
واتە: لە نێوان مرۆڤ و هاوبەش بڕیاردان وكوفردا وازهێنانە لەنوێژ، وەئەوەى واز لە نوێژ بهێنێ كافر دەبێت.
وە كوفریش بەرەو دۆزەخە كەواتە چ پێشكەوتن و خێرێك لە خوێندن و بڕوانامەیەكدا هەیە كە پاشە ڕۆژەكەى چوونە ناو ئاگرى دۆزەخ بێت.
وە بەردەوام قوتابى نوێژخوێن بەوەفایە بۆ مامۆستاكانى و بۆ گەل و نیشتیمانى، وە ئەو ڕێز لە گەورەى خۆى دەگرێت و پارێزگارى لە ڕەوشت و بیروباوەڕى گەلەكەى دەكات، وە هیچ كاتێك نوێژ نەبۆتە هۆى توندڕەوەى و تیرۆر، بەڵكو بە پێچەوانەوە ڕێگرتن لە نوێژو خواپەرستى تیرۆرى لێ دەكەوێتەوە و توندڕەوى لێ پەیدا دەبێت.
لە كۆتایدا پێویستە بەڕێوەبەران لە خوا بترسن و ڕێگا نەگرن لە قوتابیان لە ئەنجامدانى نوێژە فەڕزەكانیان كە كاتى دیارى كراوى خۆیان هەیە:
[إِنَّ الصَّلَاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَابًا مَوْقُوتًا] (النساء: 103).
پێغەمبەرى خوا () لەكاتى ڕووبەڕوو بوونەوەشیاندا لەگەڵ دوژمن لە غەزادا نوێژیان بە جەماعەت دەكرد، كەواتە لە خوا بترسن با حاڵتان وەكو حاڵى ئەبوجەهلى كافرى لێ نەیەت كە پێغەمبەرى () قەدەغە دەكرد لە نوێژ: [أَرَأَيْتَ الَّذِي يَنْهَى عَبْدًا إِذَا صَلَّى أَرَأَيْتَ إِنْ كَانَ عَلَى الْهُدَى أَوْ أَمَرَ بِالتَّقْوَى] (العلق: 9)
وەنابینى ئەو دیكتاتۆرەى كە قەدەغەى نوێژ كردنى لە پێغەمبەر () دەكرد هەرچەندە كە ئەو نوێژ خوێنە لەسەر ڕێگاى ڕاسته و هیدایەت دراوە و فەرمانیش بە خۆپارێزى دەكات لە توڕەیى خواو كارى خراپه و زیان بەخش، واتە كارێك ناكات كە زەرەرى بێت و فەرمانیش بەچاكە دەكات.
كەوا بوو چۆن دەبێت ڕێى نوێژ كردن بگریت لەو كەسە باشە لەكاتێكیشدا كە ڕێى ئیسلامەتی و فەرمانى خواو پێغەمبەر () بە درۆ دادەنێیت و پشتیش هەڵ دەكەیت لە نوێژو بەندایەتى بۆ خوا!!
دواى ئەوە خواى گەورە فەرمووى: [أَلَمْ يَعْلَمْ بِأَنَّ اللَّهَ يَرَى] (العلق: 14)
واتە: ئایا ئەو ڕێگرە نەیزانیوە كە خواى پەروەردگار دەیبینێت و ئاگاى لە حاڵیەتى و لێى توڕە دەبێت:
[كَلَّا لَئِنْ لَمْ يَنْتَهِ] (العلق: 15)
واتە: نەخێر سوێند بەخودا ئەگەر واز نەهێنیت لەم ڕێگرى و دژایەتى­یە ئەوا:
[لَنَسْفَعَنْ بِالنَّاصِيَةِ] (العلق: 15)
نێوچاوانى دەگرین و ڕایدەكێشین و فڕێی دەدەینە ناو ئاگرى دۆزەخ،
[نَاصِيَةٍ كَاذِبَةٍ خَاطِئَةٍ] (العلق: 16)
نێوچاوان و پێشە سەرە درۆینە بەهەڵەدا چووەكەى [فَلْيَدْعُ نَادِيَهُ] (العلق: 17)
وە كە عەزابى خوا هات ئەو كاتە با ڕێگرەكە بانگى هۆز و عەشیرەتەكەى خۆى بكات و داواى ڕزگار كردن و فریاكەوتنیان لێ بكات:
[سَنَدْعُ الزَّبَانِيَةَ] (العلق: 18)
ئێمەش بانگى فریشتەكانى عەزاب دەكەین ئەو كاتە بۆى دەردەكەوێت كە كێ سەركەوتوو دەبێت؟!
ئەمە لە دونیا هەروەكو لە فەرموودەیەكدا هاتووە كە ئیمامى بوخارى دەیگێڕێتەوە لە عبدالله ى كوڕى عباس كە فەرمووى: ئەبو جەهل ووتى ئەگەر جارێكى تر (محمد()) ببینم نوێژ بكات لاى كەعبە ئەوا پێ دەخەمە سەر ملى، پێغەمبەریش () فەرمووى: ناتوانى ئەوە بكەیت، ئەبوجەهل ووتى: چ كەسێك دەتپارێزێت لەمن لە كاتێكدا كە بانگ بكەم پڕى ئەو دۆڵە پیاوانى هۆزەكەم بەدەنگمەوە دێن و لەگەڵ منن!!
پێغەمبەریش () فەرمووى:
(لئن فَعَل لأخذته الملائكة)
واتە: ئەگەر واى بكردایە ئەوا فریشتەى سزا ناوچاوانیان دەگرت و یەك سەر دەیان برد.
وە هەروەها لە دواڕۆژیشدا ئەو كەسانەى كە ڕێگرى نوێژ كردن و خواپەرستى و دەرس خوێندنى شەرعین حاڵیان زۆر خراپەو دۆزەخ شوێنیانە، چونكە هەندێك كەس خراپەكەیان تەنها ئەوەیە كە خۆیان دوورن لە نوێژو خواپەرستى، بەڵام كەسانێك هەن لەوان خراپترن كە تەنها بەوە ناوەستن خۆیان نوێژ ناكەن بەڵكو دژایەتى نوێژ خوێنانیش دەكەن و ڕێگاش دەگرن لە بڵاو بوونەوەى دینى خوا وە ڕێگا نادەن خەڵك بە ئازادى خواپەرستى خۆى بكات!!
بەڕاستى سەیرە ناو وناوەڕۆك و قسەو كردەوە دژ بەیەك بن! لە كاتێكدا دەبیستین شیعارى ئازادى و سەربەستى و دیموكراسى بەرز دەكرێتەوە، بەڵام بە كردەوە ئازادى تەنها بۆ خراپەكارى و بەد ڕەوشتى هەیە و تەنها كەسانى دوور لە خوا وەك مرۆڤــ مافیان هەیە كە جنێو بەخوا بدەن؟! بێ ئابڕوویى بەرامبەر قورئان و پێغەمبەر() بكەن لە ڕێى شیعارى ئازادى و مافى مرۆڤــ!!
بەڵام ئازادى نى­یە بۆ كەسێك بڵێ من قوتابی یان خوێندكارم و نوێژیش دەكەم لەكاتى خۆیدا، ئازادى نى­یە بڵێى من جل و بەرگم بە شێوەیەكە خوا پێى ڕازییە! ئازادى نى­یە بۆ دینەكەى خوا لەسەر زەویەكەى خوا لەناو بەندەكانى خوا! چەندە سەیرە ڕێ­بگرێ لە فەرمانى خوا، لەدینى خوا، لە قورئانەكەى خوا!!
كاكى كاربەدەست بیر بكەوە تۆ دروستكراوێكى خوایت و لەسەر زەویەكەى ئەو دەژیت بە هەواو نان و ئاوى ئەو، وە بۆلاى ئەویش دەگەڕێیتەوە، كەواتە خۆت بناسە كە چەندە لاوازیت، خواش بناسە كە خاوەن هەموو زەوى و ئاسمانەكانە، كەوابوو چۆن ڕێ بە خۆت دەدەیت كە دژایەتى ئەو بكەیت و كۆسپ بیت لە ڕێگاى خواپەرستیدا.
كەوابوو هەوڵ بدەن و شوێنێكى تایبەت بكەنەوە بۆ نوێژ لە قوتابخانە و پەیمانگاكان و دانیشگاكان و دائیرەكان بۆ ئەوەى خوا لێتان ڕازى بێت و گوناهى ئەم هەموو قوتابى­یە نەیەتە سەرشانتان بۆ قیامەت.
ئامۆژگاریش بۆ قوتابیان و خوێندكاران ئەوەیە كە هەمووتان هاودەنگ بن و داوا بكەن بەڕێزەوە لە بەڕێوەبەر و مامۆستایانتان ڕێگاى نوێژتان پێ بدەن و بۆیان ڕوون بكەنەوە كەمەبەستتان تەنها نوێژە نەك خۆدزینەوە لە وانەكانتان، وە پێویستە هیچ كاتێك وە لە هیچ شوێنێك ڕازى نەبن بە نوێژ نەكردن یان دوا خستنى چونكە پێغەمبەرى خوا () فەرموویەتى: (من فاتته صلاة العصر فكأنما وتر أهله وماله) (صحيح سنن النسائي: 478)
واتە: هەر كەسێ نوێژى عەسرى بچێت ئەوە وەكو ئەوە وایە هەموو ئەهل و ماڵى لەدەست دابێت.
وە فەرموویەتى: (من ترك صلاة العصر فقد حبط عمله) (صحيح سنن النسائي: 474)
واتە: هەركەسێ واز بهێنێ لە نوێژى عەسر ئەوا كردەوەكەى هەڵوەشاوەتەوە، وەیەكەم شت كە مرۆڤــ لێپرسینەوەى لەسەر دەكرێت لەڕۆژى دوایى نوێژە. كەوابوو با هەموولایەك لە خوا بترسین و پارێزگارى لە نوێژەكانمان بكەین.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آلة وصحبة أجمعين.

دکتۆر عبداللطیف أحمد

سەردان: ٢,٦٤٣ بەش: هەمەجۆر