پۆشاكی ئافرەتان لە ناو نوێژدا دەبێت چۆن بێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پۆشاكی ئافرەتان لە ناو نوێژدا دەبێت چۆن بێت؟

الحمد لله وحده، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده.و بعد:
هەندێك لە ئافرەتان وا دەزانن نوێژكردن تەنها بریتیە لە ڕوو كردن ‏لە قیبلە و ئەنجامدانی چەند جوڵەیەك و خوێندنەوەی چەند ئایەت و ‏زیكرێك، دەبینین ئەم بیركردنەوەیە وایان لێدەكات گرنگی نادەن ‏بەوەی كە پێویستە چ جۆرە پۆشاكێك لەبەر بكەن بۆیە گوێ‌ نادەنێ‌ ‏تەسك بێت یان تەنك بێت یان بەشێك لە پرچیان یان قاچیان یان ‏قۆڵیان بەدەرەوە بێت، لەكاتێكدا ئافرەت هەموو جەستەی عەورەتە. ‏
جا بابزانین پۆشاكی ئافرەتان دەبێت چۆن بێت لە ناو نوێژدا‏
‏1 ـ پێویستە ئافرەت لە نوێژدا پۆشاكێك لەبەر بكات هەموو ‏جەستەی داپۆشێ‌ جگە لە ڕومەت و هەردوو دەستی لەسەر ڕای ‏دروست و پەسەندی زانایان.‏
ئەمەش بەبەڵگەی فەرمودەی پەیامبەری خوا ‏()‏ كە ‏فەرموویەتی: " يا أسماء إن المرأة إذا بلغت المحيض لم يصلح أن يرى منها شيء إلا هذا وهذا - وأشار إلى وجهه وكفيه " حسنه الألباني في صحيح الجامع، برقم: (7874).
‏ واتە: ئەی ئەسما‌ء ئەگەر ئافرەتی موسڵمان گەشتە تەمەنی ‏باڵغ بوون نابێت جگە لە دەستەكان و ڕوومەتی زیاتر دەركەوێت ‏
‏2 ـ پێویستە سەرپۆشێكی باش بدات بەسەریا كە تەنك نەبێت وە ‏هێندە گەورە بێت هەموو سەری داپۆشێ‌ بە شێوەیەك هیچ لە پرچی ‏بە دەرەوە نەبێت، بەڵگەی ئەمەش ئەو فەرمودەیەی دایكە ‏عائیشە گێڕاویەتەوە كە پەیامبەری خوا ‏‏()‏ فەرمویەتی: (لا يقبلُ الله صلاةَ حائض إلا بخمار) صحيح أبي داود - (3 / 206)
واتە: خوا نوێژی ئافرەتی باڵغ بوو وەرناگرێت ئیللا بە سەرپۆشەوە ‏نەبێت. ‏
‏ 3 ـ نابێت بە پۆشاكی تەنكەوە نوێژ بكەن ئەگەر چی فراوانیش بوو ‏چونكە وەكو ڕووت وایە بەڵگەشمان وتەی پەیامبەری خوایە ‏‏()‏ كە ‏فەرمویەتی:(سيكون في آخر أمتي نساء كاسيات عاريات …) رواه الطبراني في المعجم الصغير بسند صحيح.‏‎ ‎واتە: لە ئاخری ئوممەتەكەم هەندێك ‏ئافرەت هەن بەناو داپۆشراون بەڵام لە ڕاستیدا ڕووتن. ‏
‏ ابن عبد البر ئەفەرموێت: مەبەستی پەیامبەری خوا ‏‏()‏ ئەو ‏ئافرەتانەیە كە پۆشاكی تەنك و ناسك دەكەنە بەر ئەو جۆرە پۆشاكە ‏لە ڕاستیدا لەش دەردەخات، نەك ئەوەی كە دای بپۆشێت، ئەو ‏جۆرە ئافرەتانە بە ناو داپۆشراون، ‏
‏4 ـ نابێت بە پۆشاكی تەسكەوە نوێژ بكەن وەك (فانیلە و پانتۆڵ و ‏تراكسۆت و هاوشێوەكانیان) چونكە قەبارەی جەستەیان دەردەخات ‏، هەروەك لە هشام بن عروە ئەفەرموێت: كاتێك كە (منذر) ی كوڕی ‏‏(زبیر) لە عێراق گەڕایەوە پۆشاك و بەرگێكی لە جۆری (مرويَّة و ، و قوهية) ی نارد بۆ (أسما‌ء) ی كچی (أبو بكر) ئەوەش لە كاتێكدا ‏بوو كە (أسما‌ء) چاوەكانی لە دەست دابوو، واتە: نابینا بوو: ڕاوی ‏دەڵێت: كە (أسما‌ء) دەستی دا لە پۆشاكەكە، فەرمووی: ئۆف بۆ ‏ئەم پۆشاكە، پۆشاكەكەی بۆ بگەڕێننەوە، (منذر) یش ئەوەی زۆر ‏لەلا گەورە‌و گران بوو، بۆیە فەرمووی: ئەی دایكی بەڕێزم ئەوە تەنك ‏نییە بۆ ئەوەی لەش دەربخات، ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی: ئەگەر ‏لەشی تێدا دەرنەكەوێت، خۆ قەبارەی لەش دەردەخات. ‏
وە زۆرێك لە زانایان كۆڕان لەسەر ئەوەی ئەو پۆشاكەی كە واجبە ‏ئافرەتان لە نوێژدا لەبەری بكەن بریتیە لە (درع وخمار)‏
واتە: ئەو پۆشاكەی مەرجی حیجابی شەرعی تێدا بێت لەوانەش: ‏فراوان بێت و تەسك و تەنك نەبێ‌ و هاوشێوەی جلی بێ‌ باوەڕان و ‏پیاوان نەبێ‌.‏
‏ لەگەڵ سەرپۆشدا.دەبینیت یەكێكیان دەچێتە نوێژەوە و پرچی ‏یان بەشێك لە پرچی یان لە قۆڵی یان قاچی بەدەرەوەیە لەم كاتەدا ‏لەسەریەتی ـ لای زۆربەی زانایان ـ نوێژەكەی دوبارە بكاتەوە
‏5 ـ سەبارەت بە پێكانی ئافرەت بەهەمان شێوە بە عەورەت ‏دەژمێردرێن، و پێویستە دابپۆشرێن .
پرسیار كرا لە ئیمامی أحمد رحمه الله :
ئافرەت لە چەند پۆشاكدا نوێژ ‏بكات ؟ فەرموی: بەلای كەمەوە: كراسێك و سەرپۆشێك، وە ‏قاچەكانی داپۆشێت وە كراسەكە ئەوەندە درێژ بێ‌ پێكانی داپۆشی
هەروەها لەم بارەیەوە زانای پایە بەرز شێخ ابن باز  رحمه الله ئەفەرموێت: ‏
دەرخستنی قاچەكان لە نوێژدا بۆ ئافرەتان لای زۆربەی زانایان جائز ‏نیە و نوێژەكەی پوچەڵ دەكاتەوە. بۆیە ئەگەر ئافرەت نوێژی كرد و ‏قاچەكانی بە دەرەوە بوون واجبە لە سەری نوێژەكەی دوبارە ‏بكاتەوە لای زۆربەی زانایان ‏
كەواتە پێویستە لەسەر ئافرەتان لە نوێژدا پۆشاكێكی فراوانی ‏ئەستور لەبەر بكەن هێندە شۆڕ بێت قاچەكانیشیان داپۆشێت، وە ‏سەرپۆشێكی باش بدەن بە سەریاندا. ئەمە پۆشاكی شەرعی ‏ئافرەتانە لە ناو نوێژدا. ‏
ماوەتەوە بڵێم:
خوشكی ئیماندار ئەوەت بیر نەچێت لە نوێژكردنت ‏دا تۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەروەردگارت دەكەیت، پۆشاكێك لەبەر مەكە ‏ببێتە هۆی توڕەبونی پەروەردگار لێت،بەڵكو پۆشاكێك لەبەر بكە ‏شایستە بێت بەو كاتەی تۆ تیایدای كە نوێژكردنە، مەرجەكانی ‏پۆشاكی شەرعیشمان بە كورەتی لەم نوسراوەدا باس كرد تۆیش ‏تەنها ئەوەت لەسەرە جێبەجێی بكەی. ‏
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٤,٥٧٥ بەش: ئافرەتان