من موسڵمانم، بەڵام جارێکیان جوێنم به خوای گەورە داوە، پاشان پەشیمان بومەوە بەڵام هەست دەکەم کە تەوبەکەم لێ وەرنەگیراوە ...؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من موسڵمانم، بەڵام جارێکیان جوێنم به خوای گەورە داوە، پاشان پەشیمان بومەوە بەڵام هەست دەکەم کە تەوبەکەم لێ وەرنەگیراوە ...؟
پرسیار:

من موسڵمانم، بەڵام جارێکیان جوێنم به خوای گەورە داوە، پاشان پەشیمان بومەوە ودووباە شایەتومانم هێنا و تەوبەم کرد، بەڵام هەست دەکەم کە تەوبەکەم لێ وەرنەگیراوە و دەمەوێ خۆم بکوژم چونکە کوفرم کردووە، داواكارم رزگارم بکەن لەو بارەی کە تێيدام.

بە ڕاستی ئەو تاوانەی کە ئەنجامت داوە یەکێکە لە هەرە گەورەترین تاوانەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، کێ دەڵێت تەوبەکەت وەرناگیرێت؟
ئایا نازانی کە گاورەکان وتیان خوا کوڕی هەیە و خۆی دروستی کردووە کە عیسایە؟
ئایا نازانی ئەم وتە و بیروباوەڕە گەورەترین و قێزەونترین درۆیە کە بۆ خوای گەورە دروستی دەکەن، کە بە راستی شایەنی ئەوەیە شاخ و کێوەکان بروخێنێت بە سەریاندا، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا خوای گەورە هەمیشە بانگیان دەکات بۆ تەوبە و پەشیمان بوونەوە و داواکردنی لێخۆشبوون لەو تاوانانە، خوای گەورە دەفەرموێت: ( لَقَدْ كَفَرَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّهَ ثَالِثُ ثَلَاثَةٍ وَمَا مِنْ إِلَهٍ إِلَّا إِلَهٌ وَاحِدٌ وَإِنْ لَمْ يَنْتَهُوا عَمَّا يَقُولُونَ لَيَمَسَّنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ * أَفَلَا يَتُوبُونَ إِلَى اللَّهِ وَيَسْتَغْفِرُونَهُ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ ) سورة المائدة / 73-74 . واتە : سوێند بێت به‌خوا بێگومان ئه‌وانه‌ش بێ باوه‌ڕ بوون که وتیان: خوا یه‌کێکه له سێ دانه خوا (له حاڵه‌تێکدا): هیچ خوایه‌ک، هیچ په‌رستراوێک نیە بە حق جگه له خوایه‌کی تاکو ته‌نها، خۆ ئه‌گه‌ر له‌و گوفتاره نابه‌جێ و ناقۆڵایه‌یان کۆڵ نەدەن، سوێند به‌خوا ئه‌وانه‌یان که بێ باوه‌ڕ بوون سزایه‌کی به‌ئێشیان تووش ده‌بێت.
ئایا (خاوه‌نانی ئه‌و بیرو بڕوا پووچانه‌) حه‌ق نیه ته‌وبه بکه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای خواو داوای لێخۆشبوونی لێ بکه‌ن؟ له‌کاتێکدا: خوا لێخۆشبووه و میهره‌بانیشه.
کەوابێ، چی رێگر و بەربەستە لە نێوان تۆی بەندەی خوا و پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ لای پەروەدگار؟
هیچ تاوانێک لە کوفرکردن به خوا و هاوەڵ دانان بۆی گەورەتر نیە،کەچی خوای گەورە دەفەرموێت: ( قُلْ لِلَّذِينَ كَفَرُوا إِنْ يَنْتَهُوا يُغْفَرْ لَهُمْ مَا قَدْ سَلَفَ ) سورة الأنفال / 38 . واتە : ئه‌ی محمد() به‌کافران بڵێ: ئه‌گه‌ر کۆڵ بده‌ن و واز بهێنن و(باوه‌ڕبهێنن)، ئه‌وه بێگومان چاوپۆشی له گوناهی ڕابردوویان ده‌کرێت.
تەنانەت ئەگەر ئێمە هەموو ئایەت و باس و سەرگوزەشتەی تاوانباران و خراپەکارانت بۆ نەژمێرین و باسی نەکەین، خۆ ئەوەتا خوای باڵا دەست بانگەوازێکی گشتی دەکات بۆ بەندەکانی بۆ تەوبەکردن و گەڕانەوە و پەشیمان بوونەوە، هەرچەندە خراپەکاری و تاوانی گەورە و زۆریان ئەنجام دابێت، چونکە هیچ تاوانێک لە رەحم و بەزەیی و لێبوردەیی خوای گەورە مەزنتر نیە، بە مەرجێک بەندە تەوبەی لێ بکات و پەشیمانی راستەقینە دەرببڕێ.
خوای گەورە دەفەرموێت: (قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ) سورة الزمر / 53 . واتە : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر () پێیان بڵێ: خوا ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی به‌نده‌کانم.. ئه‌وانه‌ی که خۆتان گوناهبار کردووه و هه‌ڵه‌تان زۆره‌، نائومێد مه‌بن له ڕه‌حمه‌تی خوا، چونکه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئێوه ته‌وبه‌ی ڕاست و دروست بکه‌ن، خوا له‌هه‌موو گوناه و هه‌ڵه‌کانتان خۆش ده‌بێت، چونکه بێگومان ئه‌و خوایه زۆر لێخۆشبوو لێبورده‌یه و زۆر به سۆزو میهره‌بانیشه‌.
جا دەکرێ لە دوای ئەمەش هەر گومانت هەبێ لەوەی کە خوای گەورە لێت خۆش نابێت؟!
ئایا نازانی کە خوای گەورە بەڵێنی لێخۆشبوون و قبوڵكردنی پەشیمان بوونەوەی داوە بەو کەسەی کە تەوبە لە کوفر و خوێن رشتن و زینا دەکات؟!
کە ئەمانە دایک و سەرچاوەی هەموو تاوانەكانن.
خوای گەورە دەفەرموێت:
( وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ يَلْقَ أَثَامًا * يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَانًا * إِلَّا مَنْ تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلًا صَالِحًا فَأُولَئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا * وَمَنْ تَابَ وَعَمِلَ صَالِحًا فَإِنَّهُ يَتُوبُ إِلَى اللَّهِ مَتَابًا ) سورة الفرقان / 68-71 .
واته : ئه‌وانه‌ی هیچ جۆره خوایه‌کی تر له‌گه‌ڵ خوادا ناپه‌رستن، که‌سیش ناکوژن که خوا کوشتنی حه‌رام کردبێت مه‌گه‌ر به حه‌ق و ڕه‌وا، هه‌روه‌ها زینا ناکه‌ن و نزیکی ناکه‌ون، ، جا ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره کاره خراپانه ئه‌نجام بدات، ئه‌وه توشی سزا و ئازارو ڕیسوایی ده‌بێت.
له قیامه‌تیشدا ئازارو سزای بۆ چه‌ند به‌رابه‌ر ده‌کرێت وبه زه‌لیلی وخه‌جاڵه‌تی و شه‌رمه‌زارییه‌وه ده‌بێت ژیانی تێدا به‌رێته سه‌ر.
مه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی ته‌وبه بکات و باوه‌ڕ بهێنێت وکار وکرده‌وه‌ی چاکه ئه‌نجام بدات، ئا ئه‌و جۆره که‌سانه خوا کار و کرده‌وه خراپه‌کانیشیان بۆ ده‌گۆڕێت به چاکه‌، چونکه هه‌میشه و به‌رده‌وام خوا لێخۆشبوو میهره‌بانه (به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی به گشتی و ئه‌و جۆره که‌سانه به تایبه‌تی).
جا ئه‌وه‌ی که ته‌وبه ده‌کات و کارو کرده‌وه‌ی چاکه ئه‌نجام ده‌دات و به‌ته‌مایه په‌روه‌ردگار ته‌وبه‌که‌ی لێوه‌ربگرێت؛ ئه‌وه بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای خوا به ته‌وبه‌یه‌کی ڕاست ودروسته‌وه.
هەر بۆیە بگەڕێرەوە بۆ لای خوا و بە ئاوی پەشیمانی تاوانەکانت بشۆ و کار و کردەوەی چاکە زۆر ئەنجام بدە و بە شەو و رۆژ لە دەرگای رەحمەت و لێخۆشبونی خوای گەورە بدە و گومانی باش بە پەروەردگارت ببە چونکە بە راستی ئەو خوایە بەسۆز و بەخشندە و لێبوردەیە.

سەردان: ٣,٦٦٩ بەش: تەوبە کردن