نامەیەک بۆ ئەو کەسانەى کە ئازیزێکیان لە دەست داوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نامەیەک بۆ ئەو کەسانەى کە ئازیزێکیان لە دەست داوە

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على رسوله وعلى آله وصحبه أجمعين وبعد:
بێگومان خوای پەروەردگار مردنی بۆ هەموان بە جن و مرۆڤ و حەیواناتەوە بێ جیاوازی کردۆتە شتێکی حەتمی و کەس لێی دەرباز و قوتار نابێت ، و هەموان دەبێ بێ چێژن بەگەورە وبچوک وهەژار ودەوڵەمەند وشێت وعاقڵەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: {وَمَا يُعَمَّرُ مِن مُّعَمَّرٍ وَلَا يُنقَصُ مِنْ عُمُرِهِ إِلَّا فِي كِتَابٍ إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ} [فاطر:11].
واتە:وه‌ كه‌سێك كه‌ ته‌مه‌نی درێژ بێت یان ته‌مه‌نی كورت بێت ئیلا هه‌مووی له‌ (لوح المحفوظ) دا نووسراوه‌ته‌وه‌و زیادو كه‌م ناكات ، به‌دڵنیایى ئه‌مه‌ بۆ خوای گه‌وره‌ ئاسانه‌و قورس و گران نیه‌. 

مانەوەی هەتا هەتایی هەر بۆ خودایە ، وکەس لەمردن قوتاری نابێت ،نەپێغەمبەران ونەفریشتەکان وهەموان بێ جیاوازی دەبێ بمرن ، خوای پەروەردگار بەپێغەمبەر ئەفەرمووێ: {إِنَّكَ مَيِّتٌ وَإِنَّهُمْ مَيِّتُونَ}
واتە: ئه‌ی محمد - - تۆش ده‌مریت و ئه‌وانیش ده‌مرن، ئه‌مه‌ هه‌واڵی وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ری خوا بوو - - ، (ئه‌بو به‌كرى صدیق له‌ كاتى كۆچى دوایی پێغه‌مبه‌ری خوا - - ئه‌م ئایه‌ته‌ى خوێنده‌وه‌و كردیه‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر وه‌فاتى پێغه‌مبه‌ری خوا - - ).

بەڵام هۆکارەکانی مردن جیاوازن ، و مردن گەورە و بچوک و دەسەڵات و بێ دەسەڵات نازانێت وەهەروەها کات وشوێنی بۆ نی یە ،و هەروەک چۆن کەسی ڕۆژهەڵاتی دەگرێتەوە بەهەمان شێوە ڕۆژ ئاواییش دەگرێتەوە هەموو ئەمانە بەقەزا وتەقدیری خودا ڕوو دەدەن ، ولا حول ولا قوة إلا بالله..
خوای پەروەردگار فەرموویەتی: {قل إن الموت الذي تفرون منه فإنه ملاقيكم}, 
واتە: ئه‌ی محمد - -  پێیان بڵێ: ئه‌و مردنه‌ی كه‌ ئێوه‌ لێی ڕائه‌كه‌ن هه‌ر ئه‌تانگرێته‌وه‌و پێتان ئه‌گات و رزگارتان نابێت له‌ ده‌ستى .

بێگومان مردنی کەسی نزیک و خۆشەویست ئازار بەخشە ودەرون لاواز دەکات ، وخۆشی ژیانی دونیا بەهەبوونی کەسانی خۆشەویستەوە خۆشە بۆیە کاتێ لەدەستیان دەدەین توشی دڵ تەنگی دەبین ، بەڵام ئایا لەو حاڵەتدا دەبێ چ بکەین و هەڵوێستمان چۆن بێت؟
ئایا توڕە بین و ناشوکری دەربڕین یاخود سوپاس گوزار وئارام گر بین ؟
گەر ناشوکر بووین ئایا دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی ئەو ئازیزەمان ؟
بێگومان نەخێر   .
دەی کەواتە چارەسەر چی یە ؟
بێگومان چارەسەر:
ڕازی بوونە بەقەدەرى خوا ،و با هەڵوێستەیەک بکەین لەگەڵ ئەوەی لەدووەم سوڕەتی قورئاندا لەم بارەیەوە هاتووە ، 
خوای پەروەردگار فەرموویەتی: {وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِّنَ الْخَوفْ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِّنَ الأَمَوَالِ وَالأنفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ . الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُم مُّصِيبَةٌ قَالُواْ إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ . أُولَـئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِّن رَّبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَـئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ} [البقرة:155-157]. 
 واتە:به‌ دڵنیایی تاقیتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ كه‌مێك له‌ ترس كه‌ دوژمن زاڵ بكه‌ین به‌سه‌رتانداو ترسی دوژمنتان هه‌بێ وه‌ به‌ برسێتی و نه‌بوونی ، وه‌ به‌ كه‌می له‌ ماڵ و سه‌روه‌ت و سامان و نه‌فس و به‌رووبووم ، به‌ڵام مژده‌ بده‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ كاتی ئه‌و به‌ڵاو موسیبه‌تانه‌ ئارامگرن. 
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تووشی به‌ڵاو موسیبه‌تێك ئه‌بن ئه‌ڵێن: ئێمه‌ هه‌ر موڵكی خوای گه‌وره‌ین وه‌ هه‌موومان بۆ لای خوای گه‌وره‌ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌. 
هه‌ر كه‌سێك بڵێ: (إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ) صه‌برو ئارام بگرێ ئه‌وانه‌ صه‌ڵاواتی خوای گه‌وره‌یان له‌سه‌ره‌ واته‌: خوای گه‌وره‌ لێیان خۆش ئه‌بێ وه‌ مه‌دحیان ئه‌كات له‌لای فریشته‌كان وه‌ خوای گه‌وره‌ ڕه‌حمیان پێ ئه‌كات ،وه‌ ئه‌وانه‌ خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تیان ئه‌دات. 

گوتنی {إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ} چارەسەرە بۆ هەموو بەڵایەک جا گەورە بێت یاخود بچوک ، بەڵکو باشترین چارەسەرە بۆ بەندە لە ئێستا و داهاتوویدا ، چونکە گەر مرۆڤ دڵنیا بوو لەوەی خۆی وماڵ ومنداڵی هەموو موڵکی خودایە وبەئەمانەت لای ئەوە بێگومان هەر کات خودا لێی سەندەوە توڕە نابێت هەرەک چۆن کاتێ کەسێک ئەمانەتێکت لا دادەنێت گەر هەر کات ویستی لێ بێت بیباتەوە ئایا پێت ناخۆشە وتوڕە دەبیت ؟
بێگومان ئەو کات لێی توڕە نابیت وئاساییە بەلاتەوە (تسلية أهل المصائب [ص:19]).

جا ئەوەی واجبە پێی هەستی ئەمانەى لای خوارەوەیە:
یەکەم
: پێویستە بزانێت ئەو کەسە خۆشەویستەى کە لەدەست داوە ناگەڕێتە بۆ ئەم دونیایە ، وئەوە فەرمانی خودایە وکۆتایی پێ هاتووە ، بۆیە پێویستە تەسلیم بیت.

دووەم: دەتوانێ دوای مردنی خۆشەویستەکەى جا باوکى بێت یاخود هەرکەسێکی تر زۆر شتی بۆ بکات وەک: پاڕانەوە بۆی وخێر و صەدەقە کردن بۆی هەرچەند بەشتێکی کەمیش بێت.

سێیەم: بەهیوای ئەوەی بەو شێوەیە بێت کە دایک وباوکی بەئاواتییەوە بوون ، واتە ببێ بەکەسێکى چاک و خواناس وبەسوود .

حاڵی خەڵکى لە کاتی بەڵا و موصیبەتدا

شێخ ابن العثیمین بەڕەحمەت بێ دەفەرموێ :
مرۆڤ لەکاتی بەڵا وموسیبەتدا چوار حاڵەتی هەیە: 
حاڵەتی یەکەم : توڕە دەبێت وناڕەزایی بە دڵ  دەردەبڕێت جا بەدڵ یاخود زمان یاخود لاشە .
لەدڵیدا ناڕەزای دەر دەبڕێت بەوەی توڕە بێت بەرانبەر قەدەری خودا و وا هەست کات (پەنا بەخودا) خودا ستەمی لێ کردووە.

و بەزمانی ناڕەزایی دەردەبڕێت بەوەی شین و واوەیلا بکات یاخود جوێن بەزەمانە بدات ، بەمەش خودا لەخۆی توڕە دەکات ، وهاوشێوەی ئەمانە..

وەبەنیسبەت ناڕەزایی دەربڕین بەلاشە: 
بەوەی لەخۆی بدات ، یاخود پرچی هەڵکەنێت ، و جلەکان بدڕێت وهەر شتێکی تر کە هاوشێوەی ئەمانە بێت.

بەنیسبەت حاڵەتی دووەمەوە:
ئارام گرتن لەسەر بەڵا وموسیبەتەکە ، بەوەی نەفسی خۆی بگرێت ، ئەو موسیبەتەکەی خۆش ناوێت ، وپێی خۆش نی یە ڕووی داوە ، بەڵام زمانی دەگرێت لەو شتانەی کەخودا پێی ناخۆشە و بەلاشەش ناڕەزایی دەرنابڕێت ، و لەدڵیش دا هیچ شتێک بەرانبەر بەخودای تێدا نی یە بەڵام بەڵاکەی خۆش ناوێت وڕقی لێیەتی.

 حاڵەتی سێیەم: ڕازی بوون و دڵ ئارام بوون بەو بەڵایە بەشێوەیەک وەک ئەوەی توشی هیچ بەڵایەک نەبوبێت.

حاڵەتی چوارەم: سوپاس کردنی خودا لەسەر ئەو بەڵایە ، پێغەمبەر کاتێک شتێکی ناخۆشی بەسەر بهاتبایە دەیفەرموو :" الحمد لله على كل حال ".
سوپاسی خودا دەکات لەپێناو ئەوەی لەبەرانبەر ئەم بەڵایەدا پاداشت وەرگرێت.
كتاب التعزية و أحكامها في الضوء الكتاب والسنة

چی بکەین لە کاتى بەڵا و موصیبەت ؟

جا زانایان چەند شتێکیان داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەکاتی بەڵادا ـ‌جا هەر بەڵایەک بێت ـ  پەنای بباتە بەر وپەیڕەوی بکات ، ئەمەش بەم شێوەیەیی لای خوارەوە:

یەکەم : پێویستە لەسەر ئەو کەسەی کەتوشی بەڵا دەبێت لەو ساتەدا ئارام گر بێت بەئومێدی ئەوەی خودا لەوەی لەدەستی داوە باشتری پێ ببەخشێت لەگەڵ گوتنی (ٳنا لله وٳنا ٳلیە راجعون).

جا سەبر و ئارام گرتن ـ هەروەک زانایان پێناسەیان کردووە ـ‌گرتنی نەفس وزمانە لەناڕەزایی دەربڕین ونەدڕینی جل وبەرگ و لەخۆ نەدانە.

دووەم : سوپاسی خودا بکات لەسەر ئەو موسیبەتە وپێی وا بێت گەر خودا ویستی لێ بوایە زۆر گەورە تر دەبوو ، بۆیە پێویستە بەدڵخۆشیەوە وەری بگرێت و ڕازی بێت پێی و بیشارێتەوە.

سێیەم : دڵنیا بێت لەوەی هەموو بەڵایەک کە بەسەری دێت لەلایەن خوداوەیە ، وقەزا وقەدەری ئەوە وخودا بۆ ئەوە داینەناوە لەناوی ببات وسزای بدات بەڵکو بۆ تاقی کردنەوەیەتی کە تاچەند ئارامگر و خۆ ڕاگرە یاخود بەپێچەوانەوە.

چوارەم : نابێ کەسێک کاتێک توشی بەڵایەک دەبێت دوعا لەخۆی بکات .

پێنجەم : پێویسته بزانێت ژیانی دونیا جێگای خۆشی ڕاستەقینە نی یە بەڵکو خۆشیەکانی تێکەڵ وبارگاویە بەناخۆشی وموسیبەتە جۆرا وجۆرەکانی دونیا.

شەشەم : پێویستە ئەوە بزانێت گەر ناخۆشیەکانی دونیا نەبێت مرۆڤ توشی لەخۆ بای بوون لەخۆ ڕازی بوون ودڵ ڕەقی دەبێت لەکاتێکدا هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ لەنێو چوون جا ئێستا ڕوو بدات یاخود لەداهاتوودا.

حەوتەم : ئاگری بەڵاکەی بەتەماشا کردنی کەسانی توش بوو بەڵای لەوە گەورە تر بکوژێنێتەوە.

هەشتەم : نابێ کەسی توش بوو بەڵا خۆی سەرقاڵ کات بەناڕەزای دەربڕین و شەکوا کردنەوە.

نۆیەم : لەبری نوزانەوە بۆ خۆی یاخود منداڵەکەی یاخود هەر شتێکی تر خۆی سەرقاڵ کات بە زیکری خودا داوای لێ خۆش بوون کردنەوە بەتایبەت لەموسیبەتی مردندا.

(ئیمامى ئه‌حمه‌د) له‌ نه‌خۆشى سه‌ره‌مه‌رگه‌كه‌یدا نركه‌ نرك و ناڵه‌ناڵى ده‌كرد، پێى وترا (تاوس) ده‌فه‌رمێت: فریشته‌ هه‌موو شتێك ده‌نوسێت ته‌نانه‌ت نركه‌ نرك و ناڵه‌ناڵیش، له‌ پاش ئه‌وه‌ (ئیمامى ئه‌حمه‌د) جارێکی تر دەنگی لێوە نەهات تاوەکو مرد.

دەیەم : کەسی توش بوو بەڵا پێویستە ئەوە بزانێت کە گەورەترین بەڵای دونیا و دوا ڕۆژ ئەوەیە:
مرۆڤ دینەکەی توشی بەڵا ببێت ، بۆیە بەڵا هەرچەند گەوره بێت مادام بەڵای دین نەبێ و دینى سەلامەت بێ ئاسانە ؛ چونکە بەڵای دینی دەبێتە هۆکاری خەسارەتمەندی دوا ڕۆژ.

وە یەکێک لەگەورەترین موسیبەتەکان مردنی پێغەمبەرە صلى الله عليه و سلم چونکە ئەوە گەورەترین موسیبەت بوو توشی موسوڵمانان بوو لەبەر ئەوەی بووە هۆی بڕانی وەحی تا ڕۆژی دوای .

ئا ئەم دە ئامۆژگاریە بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی بەڵا وموسیبەتەکان کورتەی ئەو باسەیە کە ئیمام ابن القيم لەکتابی  "عدة الصابرين وذخيرة الشاكرين"، وەهەروەها ئیمام ابن الجوزي لەکتابی" تسلية أهل المصائب"ئاماژەیان پێ داوە.

لەکۆتایدا . .هیچی تێدا نی یە موسوڵمان دڵتەنگی خۆی دەربڕێت لەبەرانبەر لەدەست دانی خۆشەویستاندا ودروستە بگریت بەڵام بەبێ هات وهاوار کردن ودڕاندنی جل وبەرگ ولەخۆدان ، پێغەمبەری ئازیز کاتێک یەکێک لەکوڕەکانی مرد فرمێسک بەچاوەکانیدا هاتە خوارەوە وفەرمووی (ولا نقول إلا ما يرضي ربنا)..
واتە:  هیچ شتێک ناڵێین تەنها ئەوە نەبێت کەپەروەردگارمان پێی ڕازیە.

جا بەردەوام ژیان بەدڵتەنگی مەبەنە سەر و ڕەش بین مەبن بەرانبەر ڕوداوەکان ، ئەوەی بەسەرتاندا دێت خێری پێوەیه إن شاء الله لەگەڵ ئەوەشدا ڕازی بن بەقەدەری خودا وئارام گر بن وچاوەڕێی پاداشت بن لەخودا و بزانن هەموو ئەوانە بەویستی خودا ڕووی داوە ولەڕۆژی دوایدا بەباشترین شێوە پاداشت وەردەگرن لەسەری.

سەردان: ٤,٠٥٨