بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
۱- بەڵاو ناڕەحەتی کۆڕۆنا ، بەڵاو موصیبەتێکی تازەیە .
۲- قورئان و سوننەت هەر شتێک بەرژەوەندی خەڵکی تێدابێت باسی کردوە و دایناوە .
۳- حوکمی شەرعی کەوا پەیوەستە بەم بەڵاو موصیبەتە ، ئەوەیە کەوا موسڵمان پەیوەستی ڕێنمایی فەرمی یە تەندروستی یەکان بێت ، چونکە ئەم ڕێنماییانە پەیوەستن بە گشت خەڵکەوە ، بۆیە دەبێت لە ڕووی فەرمی و کاربەدەستی موسڵمانانەوە وەربگیردرێت ، هەرکەسێکیش ڕایەکی جیاوازی هەبێت ئەوا با لای خۆی بێت و بڵاوی نەکاتەوە.
٤- هیچ هەواڵێک وەرنەگیردرێت جگە لە شوێنی باوەڕ پێکراو نەبێت .
٥- یەکێک لە مەوقیف و هەڵوێستە شەرعییەکان ئەوەیە کەوا ، ئەم بەڵاو موصیبەتە تازەیە ، سزایەکە بۆ کافرو بێ باوەڕان ، وە ڕەحمەتە بۆ ئیمان داران ، هەر وەکو لە فەرمودەی صەحیحدا هاتوە کاتێک عائشە(ڕەزای خوای لێ بێت) دایکی ئیمانداران پرسیاری کرد لە پێغەمبەری خوا صل الله علیه وسلم دەربارەی طاعون .
٦- وەیەکێکی تر لە مەوقیف و حوکمە شەرعی یەکان ، گەڕانەوەو تەوبە کردنە بۆ لای خودادا ، کە ئەمەش ڕێڕەو و ڕێبازی پێغەمبەری خوایە ﷺ. لەکاتی هاتنی بەڵاو موصیبەت و ناڕەحەتی ، هەروەکو چۆن ئەگەر خۆر بگیرابا ئەوا دەچوو نوێژی دەکرد .
۷- وە لە مەوقیف و حوکمە شەرعیەکانی تر ، باوەڕبوون بەقەزاو قەدەری خوایە ، لەگەڵ گومانی باش بردن بەخوای گەورە ، چونکە خوای گەورە هیچ قەزاو قەدەرێک ناهێنێت هەر دەبێت حیکمەت و داناییەکی گەورەی تێدابێت.
۸- مەوقیفێک و حوکمێکی شەرعی تر پەیوەست بەم بابەتە ئەوەیە ، گومانی باش بردن بە خوایە کە ئەم ڤایرۆسەی نەهێناوە جگە بۆ حیکمەت و مەبەستێک نەبێت .
۹-پێویستە لە سەرمان کەوا گەشبین بین .
۱۰-یەکێکی تر لە مەوقیفە شەرعیەکان ئەوەیە کەوا ترس و دڵە ڕاوکێ بڵاو نەکەینەوە لەناو مسوڵماناندا ، چونکە ناڕەحەت و ئەزیەت و خەفەت بار دەبن پێی .
۱۱- یەکێکی تر لە حوکمە فقهیەکان ، پاک و خاوێنی و بەکار هێنانی تەعقیم و پاک کەرەوەکانە دژی ئەم نەخۆشی یە ، خۆ پاراستن لێی ، ئەمەش هیچ تناقض و دژ بەیەکیەکی تێدا نیە لەگەڵ پشت بەستن بەخوای گەورە، ئەمەش ڕای شێخ ابن بازە (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) ، بەڵکو ئەمە دەست گرتنە بەهۆکارە شەرعی یەکانەوە ، وە ڕاستیش لەمەدا خۆ پاراستنە بە بەکار هێنانی زیکرەکانی بەیانی و ئێواران بۆ پارێزراو بون لە ئافات و بەڵاو موصیبەت، بۆ نمونە:
ئەم فەرمودەیە ( من تصبح بسبع تمرات لم یضره في يوم سم و لا سحر ) واتا : هەر کەسێک بەیانی کردەوە حەوت دەنک خورمای خوارد ئەوا نەسیحرو نە ژەهر کاری لێ ناکات و پارێزراو دەبێت لێیان .
وە ڕاستی و بنەما لەتەداوی کردندا دروستێتی یە ، بەڵکو هەندێک جار واجبە تەداوی و چارەسەر بەکارهێنان ، ئەگەر تەداوی و چارەسەر بەکار نەهێنان ببێتە هۆکاری لەناو چون و مردن یا ببێتە هۆکاری لەناو چونی ئەندامێک لە ئەندامەکانی لاشە ، ئەم بەڵایەش هەمان حوکمی هەیە .
۱۲- یەکێکی تر لەو حوکمانەی پەیوەست بەم بابەتەوە ، دەرچون و جێ هێشتن ئەو شوێنەی کەوا ئەم نەخۆشیەی تێدا بڵاو بۆتەوە بۆ شوێنێکی تر ، ڕۆیشتن و چوون بۆ ئەو شوێنەی کەوا نەخۆشی یەکەی تێدا بڵاوبۆتەوە ، هەردوو حاڵەتەکە دروست نین و قەدەغە لێ کراون هەروەکو لەفەرمودەدا هاتوە.
۱۳-بابەتێکی تر پەیوەست بەم باسە پەیوەندی هەیە بەلایەنی خۆپاراستن و پاک و خاوێنی لە بەکار هێنانی دەست کێش و هەر شتێک کەوا ڕێگرە لە بەرکەوتنی ئاو ، لەم حاڵەتەدا ئەگەر توانی لای دات لەکاتی دەست نوێژ گرتندا ئەوا واجبە لەسەری لای بدات ، ئەگەر نا مەسح دەکات بە ئاو لەسەری ، ئەگەریش نەی توانی ئەوا ئەو شوێنە بشوات و مەسحیش بکات لەکاتی دەست نوێژ شۆردندا ئەوا ئەو شوێنانە دەشوات کەوا دەتوانێت ، وە تەیەموم دەکات لە سەر ئەو شوێنانەی کەوا نە دەتوانێت بیانشوات نە مەسحیش بکات لەسەریان .
۱٤- بابەتێکی فقهی تر پەیوەست بەم بابەتە ئەوەیە ، ئەگەر کەسی نەخۆش کرەنتینەکرا یاخود ڕێگری لێ کرا ، بۆ ئەوەی کەسانی تر توش نەبن بەهۆی ئەمەوە ، نەشی توانی ئاو بەکار بهێنێت ، ئەوا تەیەموم دەکات .
۱٥-بابەت و حوکمێکی تری فقهی پەیوەست بەم باسەوە پەیوەندی بەبانگدانەوە هەیە دوای وەستاندنی جمعەو جەماعەت لەمزگەوتەکان، ئایا لەماڵ دروستە بانگ بدرێت؟ ئەمە جێگەی خیلاف و ڕا جیاوازی زانایانە ، بەڵام نزیکترین ڕای زانایان لەم بارەیەوە ئەوەیە دروستە لەماڵیش بانگ بدرێت ئەگەر لەمزگەوتیش بانگ درابێت ، ئەمەش لە صەحابەوە وارد بوەو بە سەنەدێکی صەحیح و ڕاست هاتوەو کردویانە ، خۆ ئەگەر بانگیش نەدرێت لەماڵ دروستە ، مادام لەمزگەوت بانگ دراوە بەڵام باشتر وایە بانگ بدرێت .
۱٦- یەکێکی تر لە حوکمە شەرعی یەکان پەیوەستە بەبانگدانەوە ، کاتێک بانگدەر بانگ دەدات و دەڵێت [صلوا في بيوتكم ] یاخود [صلوا في الرحا ل ] واتا : نوێژەکانتان لەماڵەوە بکەن ، چ کاتێک ئەم دەستەواژەیە دەوترێت ؟ کاتێک بانگدەر ئەمەی وت خەڵکی چی لەدوا دەڵێنەوە ؟
وتنی ئەم وشەیە[صلوا في بيوتكم ] یا [صلوا في الرحال ] سوننەتە ، چونکە لە بڕگەکانی بانگدان دا زیادەیەو سوننەتە بۆ کاتی دیاری کراو دەوترێت ، بەڵام کاتێک بانگدەر بانگ دەدات چ کاتێک بانگدەر ئەم دەستەواژانە دەڵێت ؟
ئەم بابەتە بەسێ شێواز هاتوەو وتنیان لەهەر سێ شێوازەکەدا سوننەتە .
شێوازی یەکەم: لەکۆتایی بانگدان دا دەوترێت، هەروەکو لە فەرمودەی(عبدالله کوڕی عومەر)دا هاتووە .
شێوازی دووم : لە کاتی بانگدان داو لە ناوەڕاستی بانگ دا دەوترێت واتا لە جیاتی وشەی [حي علی الصلاة] وە [حي علی الفلاح ] لەجیاتی ئەم دوو وشەیە ، وشەی [صلوا في بیوتكم] دەوترێت ، ئەمەش لە فەرمودەی عبدالله کوڕی عباس دا هاتووە .
شێوازی سێیەم: لەدوای وتنی [حي علی الصلاة] و [حي علی الفلاح] وە دەوترێت ، ئەمەش فەرمودەی لەسەرە ئیمامی نەسائی ڕیوایەتی کردووە.
ئەم سێ شێوازە سوننەتن هەرکامێکیان بکرێت ئاسایی یە ، بابەتەکەش فراوانە ، هەرکامێکیان بێت دروستە .
۱۷- حوکمێکی تر پەیوەست بەم بابەتە ئەوەیە ، کاتێک بانگدەر وتی [صلوا في بیوتكم ] . ئایا ئەو کەسەی جوابی بانگ ئەداتەوە چ ئەڵێت لەوکاتەدا ؟ ڕاو بۆچونی دیار لەم بارەیەوە ئەوەیە ئەو کەسەی گوێ بیستی بانگەکەیە دەڵێت [لا حول ولا قوة ٳلا بالله] ، چونکە لەو فەرمودەی کەوا ابن عباس ڕیوایەتی کردووە دەستەواژەی[ صلوا في بیوتكم ] لە جیاتی وشەی [حي علی الصلاة ] وە [حي علی علی الفلاح ] دانراوەو جێگیر کراوە ، جێگرەوەش حوکمی جێگرەوە دەگرێت.
۱۸- حوکمێکی تری فقهی ئەوەیە چەند جار ئەم وشەیە دەڵێت؟ ئەم وشەیە دوو جار دوبارە دەکاتەوە ، هەر وەکوو لە فەرمودەی ابن عمردا هاتوە کە ئیمامی بەیهەقی ڕیوایەتی کردووە ، وە لە فەرمودەکەی ابن عباس دا لە جیاتی [حي علی الصلاة ] دا دانراوەو دەوترێ .
۱۹-بابەتێکی تر ئەوەیە ئایا بانگدەر دەڵێت [صلوا في بیوتكم ] یاخود دەڵێت [صلوا في رحالكم] ؟ هەندێک لە زانایان فەرمویانە ئەگەر لەناو شاردا بانگدەر بانگی دا ، بانگدەر لەکاتی بانگدەر دەڵێت [صلوا في بیوتكم ] وە ئەگەر لەناو ئاوەدانی نەبوو دەرەوەی شاربوو دەڵێت[صلوا في رحالكم ]
تێبینی:- [ئەم بابەتە ئیجتهادیە هەر کامێکیان بوترێت دروستە و ئاساییە ] وەرگێڕ
۲۰- بابەتێکی تری فقهی ئەوەیە ، ئایا نوێژی بەکۆمەڵ دەکرێت لەمزگەوتەکان کاتێک بەڵاو موصیبەت و ناڕەحەتیەک بێتە پێش ؟ ئایا نوێژی جەماعەت تەرک بکرێت ؟
بێ گومان نوێژی بە کۆمەڵ واجبە لەسەر پیاوان ، بەڵام زانایان باسیان کردووە کەوا بەهۆی عوزرێکی شەرعیەوە نوێژی جەماعەت دەتواندرێت بەکۆمەڵ نەکرێت ، وەکو عوزری نەخۆشی ، بێ گومان بەڵاو موصیبەت و نەخۆشیش عوزرن بۆ ئەنجام نەدانی نوێژی بەکۆمەڵ ، ئەوەش کەوا هەندێک لە زانایان باسی دەکەن کە نوێژی بەکۆمەڵ وازی لێ نەهێندراوە لەگەڵ بونی بەڵاو موصیبەت ، ئەم ڕایە جێگەی تێ ڕامان و گومانە ، چونکە لەو کاتەدا تەندروستی لە ئاستێکی وا پێشکەوتودا نەبووە ، یا خود زانیاری تەواو نەبووە لەسەر بڵاو بونەوەی ، هەروەکو لەم بەڵاو نەخۆشیەی ئێستادا دەبیندرێت ، بۆیە دروستە کەوا نوێژی بەکۆمەڵ نەکرێت لەمزگەوتەکان .
۲۱- ئەگەر کەسێک ئەهلی جەماعەت و نوێژی بەکۆمەڵ بوبێت پێشتر ، بەڵام لە ئێستادا لەماڵەوە نوێژەکانی دەکات بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە ، ئەوا هەمان ئەجرو پاداشتی بۆ دەنوسرێت .
۲۲- ئەم شتە سونەتێکمان بیر دەخاتەوە ، ئەویش ئەوەیە کەوا موسڵمان پێویستە لەسەری لەماڵەوە ، جێگایەکی نوێژ دیاری بکات ، بیکات بە [مصلی ] ، جێگای نوێژ کردن ، هەر وەکو لەفەرمودەکەی عوتباندا هاتوە کاتێک داوای لە پێغەمبەری خوا کرد (ﷺ) کە جێگایەک لەماڵەکەی دیاری بکات بۆی ،وەکو (مصلی).
۲۳-بابەتێکی تری فقهی ئەوەیە نەکردن و نەڕۆیشتن بۆ نوێژی (جمعة) هەینی ٫ لەم کاتەدا نوێژ خوێن لەماڵەوە نوێژ دەکات، بەڵام نوێژی نیوەڕۆ چوار ڕکات دەکات .
۲٤- ئایا قنوت و دوعای قنوت دەکرێت بۆ ئەم بەڵایە یاخود نا؟ ئەمە خیلاف و ڕاجیاوازیەکی لەسەرە ، ڕای دیارو مەشهور لای ئیمامی ٲحمد ئەوەیە قنوت ناکرێت بۆی ، چونکە قنوت بۆ لادانی بەڵایە ، طاعونیش شەهیدی و پلەی شەهیدی پێوەیە ، ناکرێت قنوت بکرێت بۆ شتێک کەوا پلەی شەهیدی لا دەدات .
ڕای دووەم ئەوەیە قنوت دەکرێت ، چونکە پێغەمبەری خوا ﷺ قنوتی کردووە بۆ ئەوەی ئەو تایەی کەوا بڵاو بوەوە لەمەدینە بڕوات و بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر .
بەڵام ئەوەی دیار و ڕاستە قنوت ناکرێت چونکە پێغەمبەر صل الله علیه وسلم دوعای کرد بۆ گواستنەوەی [تایەکە] نەک قنوت بکات، چونکە قنوت بۆ شتێکە کەوا لەلایەن دروستکراوەکانی خواوە ئەنجام دەدرێت هەر وەکو چۆن پێغەمبەر ﷺ قنوتی کرد بۆ ئەو حافظ قورئانانەی کەوا شەهید کران لەلایەن بێباوەڕانەوە ، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە گۆڕانکاری یە کان کەوا ڕوو دەدەن و دەستی دروست کراوەکانی تێدا نیە ، پێویست بە قنوت خوێندن ناکات.
۲٥-بابەتێکی تر پەیوەسته بەکردنی نوێژی (نازلة) کردنی نوێژێک کەوا بەڵاو موصیبەت دێت ، ئایا نوێژ دەکرێت بۆی وەکوو چۆن نوێژی خۆر گیران دەکرێت ؟ ڕای دیار لای ئیمامی ٲحمد ئەوەیە نوێژ بۆ خۆر گیران و بومەلەرزە دەکرێت ، بۆ چونی دووم ئەوەیە نوێژ بۆ هەموو بەڵاو ناڕەحەتیەک دەکرێت کەوا ڕوو دەدەن لە کەوندا ، بۆ چوونی سێیەمیش بریتی یە لەوەی کەوا نوێژ ناکرێت لە هیچ حاڵەتێکیاندا جگە لەوەی کە بۆ خۆرگیران دەکرێت ، ئەوەی کەوا لای من پەسندە ئەوەیە کەوا لە هاتنی بەڵایەکی وەهادا نوێژ ناکرێت بۆی بەڵکو دوعاو پاڕانەوە دەکرێت ، وە نەقڵ نەکراوە لە صەحابەکانیشەوە کەوا نوێژیان کردبێت لەکاتی بونی طاعوندا .
۲٦-ئامادە بونی کەسی نەخۆش بەم نەخۆشی یە لە هەر کۆڕو کۆبونەوەیەک حەڕامە ، چونکە زەرەرو زیان دەگەیەنێت بەکەسانی تر .
۲۷-بەستنی دەمامک لەکاتی نوێژدا ، ئەصڵ و بنەماو بنچینە وایە کە دروست نیە ،چونکە شاردنەوەی دەم و لوتی تێدایە ، ئەمەش قەدەغەی لێ کراوە ، وە جوانیش ناداتە نوێژ خوێن کە دەبێت لە کاتی نوێژدا جوان و ڕێک و پێک بێت ، بەڵام لەکاتی پێویستی و زەرورەتدا دروستەو کێشە نیە .
۲۸- شۆردنی کەسی مردوو ئەگەر بەر کەوتەی ئەم نەخۆشی یە بێت واجبە بشۆردرێت .
۲۹-ئەگەر لەحاڵەتێکدا ، مردوو زۆربوون ، وە وا پێویستی کرد کەوا زیاتر لە مردویەک بخرێتە ناو گۆڕێکەوە ئەوا دروستە ، چونکە کردەوەی پێغەمبەری خوای لەسەرە ﷺ ، کەوا لە جەنگ و غەزای ئوحودا وای کرد .
۳۰-سوننەت وایە کەوا ڕیزی نوێژەکان لەیەکترەوە نزیک بن ، بەڵام لەحاڵەتی ئاوادا دروستە کەوا ڕیزی نوێژەکان دوربن لەیەکتری .(واتە : هەمووى لە تەنیشت یەک دەوەستن بەڵام نێوان ڕیزى یەکەم و دووەم دەکرێ دوورتر بن)
۳۱- بابەتێکی فقهی تر ئەوەیە ، گەر کەسێک پێش قەدەغە کردن ئیحڕامی بەستوەو نیەتی عومرەکردنی هێناوە ، ئەگەر بەمەرجی گرت کەوا عومرەکەی بکات تا ئەو شوێنەی کەوا لەتوانای دایە ، بەڵام نەیتوانی تەواوی بکات ، ئەوا هیچی لە سەر نیە، بەڵام ئەگەر بەمەرجی نەگرتبوو لەسەری خۆی ،نەیتوانی عومرەکەی تەواو بکات ، ئەوا پێویستە لەسەری حەیوانێک سەر ببڕێت و بیکاتە خێر و صەدەقە ، وە قژی بتاشێت یان کورتی بکاتەوە .
۳۲- بەستنی دەمامک بۆ ئەو کەسەی کەوا لە عومرەکردن دایە دروستە ئەگەر ترسا لە خۆی ، هەروەکو لە هەندێک لە صەحابه هاتوەو کردویانە.
۳۳- یەکێک لە ئەحکامەکانی تر ئەوەیە کە پەیوەندی بە گرێبەستی هاوسەر گیری یەوە هەیە ، ئەم نەخۆشی یه یەکێکە لەو عەیب و خەلەلانەی کەوا گرێبەستی هاوسەر گیری پێ دانامەزرێت و هەڵ دەوشێتەوە بەبونی ئەم حاڵەتە لەهەر لایەکدا .
۳٤- بابەتێکی تر پەیوەستە بە گرێبەست و عەقدەکان کەوا دەکرێت لەنێوان خاوەن کرێ و کرێچی و بەکرێ دەرەکان ، لەکاتی بڵاو بونەوەی ئەم نەخۆشی یە ، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمانی کردووە بە هەڵگرتنی کرێ لەکاتی بڵاو بونەوەی ئافات و بەڵایەک ، بۆ نمونە کەسێک شوێنێکی بەکرێ گرتوەو بەکرێ یەکی زۆر ،بەڵام لەم زرووف و حاڵەتەدا ناتوانێت کرێ کە دابین بکات ، ئەوا واجبە لەسەر بەکرێ دەر کرێی لێ وەر نەگرێت ، وە ئیمامی ابن تیمیە ڕای وایە کە ئەم بابەتە شتی بەروبوم داروو بێ بەروبومیش دەگرێتەوە ، واتا لە هەردوو حاڵەتەکەدا بەکرێ دەر کرێ کە وەر ناگرێت.
۳٥- بابەتێکی تر پەیوەست بەم باسە ئەوەیە کە پەیوەندی بە بەخشینەکانی وەک وەصیەت کردن و هەدیەو وەقف کردنەوە هەیە لەلایەن کەسی نەخۆشەوە ، لەم حاڵەتەدا ئەگەر کەسی بەرکەوتوو بەم نەخۆشی یە نەخۆشیەکەی زۆر قورس بێت و گومانی لەناو چونی لێ بکرێت لەلایەن کەسانی شارەزاو دکتۆر ، ئەوە بۆی نیە زیاتر لە یەک لەسەر سێی ماڵەکەی ببەخشێت واتا وەصیەت بکات بەبەخشینی ، ئەمەش بۆ میرات گرەکان نابێت ، ئەوان ناگرێتەوە چونکە دروست نیە بۆیان ، وە ئەگەر حاڵەتەکەی ترسناک نەبوو ئەوا ئازادە لە مامەڵە کردن بەماڵەکەیەوە لە وەصیەت کردن و شتی تر .
۳٦-بابەتێکی تر پەیوەستە بە تاوان و دەست درێژی کردن ، ئەویش ئەوەیە ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت ، بە عەمدی بیەوێت کەسانی تر توش ببن یا خود بەعەمدی کەسە نەخۆشەکە بیگوازێتەوە بۆ کەسانی تر تاکوو توش ببن و زەرەریان لێ بدات ، ئەوا لە کەسانی موفسید و خراپەکار حساب دەکرێت ، ئەوانەی کەوا دژایەتی خواو پێغەمبەر ﷺ دەکەن ، بەبڵاو کردنەوەی خراپەو تاوان و سەر پێچی کردن ئەوانە سزاکەیان گەورەیە هەروەکو لەم ئایەتەدا هاتووە : (إِنَّمَا جَزَاءُ الَّذِينَ يُحَارِبُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَسْعَوْنَ فِي الْأَرْضِ فَسَادًا أَن يُقَتَّلُوا أَوْ يُصَلَّبُوا أَوْ تُقَطَّعَ أَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُم مِّنْ خِلَافٍ أَوْ يُنفَوْا مِنَ الْأَرْضِ ۚ ذَٰلِكَ لَهُمْ خِزْيٌ فِي الدُّنْيَا ۖ وَلَهُمْ فِي الْآخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ) المائدة :33
والحمدلله رب العالمین ...
چەند سودو زانیاریەک پەیوەست بە بڵاو بونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا لەلایەن شێخ خالد المشیقح خوا بیپارێزێت
وەرگێڕانی : ناصح حسن بیتوێنی