خەڵکی سەبارەت بە نوێژەکانیان پێنج جۆرن ئایا تۆ لە کام جۆرەیانی؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
خەڵکی سەبارەت بە نوێژەکانیان پێنج جۆرن ئایا تۆ لە کام جۆرەیانی؟
پرسیار:

ئایا چ نوێژێک لاى خواى گەورە قەبوڵە و دەبێتە هۆکارى سڕینەوەى تاوان و پلەبەرزبونەوە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە وتەیەکی زانای پایەبەرزی ئیسلام (ئیمامی إبن القیم) ڕەحمەتى خواى لێ بێ باس دەکەین کە فەرمویەتی :
خەڵکی سەبارەت بە کردنی نوێژەکانیان پێنج جۆرن :
1-کەسێکە کەوا سزا دەدرێت لەسەر  نوێژەکانی !!
2-کەسێکە کەوا لێپرسینەوە دەکرێت لەسەر نوێژەکانی .
3-کەسێکە کەوا نوێژەکانی پاککەرەوەی تاوانەکانیەتی .
4-کەسێکە کەوا پاداشت دەدرێتەوە لەسەر نوێژەکانی .
5-کەسێکە کەوا بەهۆی نوێژەکانیەوە نزیک دەبێتەوە لەخوا.

یەکەم : کەسی سزادەر لەسەر نوێژەکانی ئەو کەسەیە : کەوا گرنگی نادات بە دەست نوێژ و دەست نوێژی تەواو ناگرێت ، وەگرنگی نادات بە ڕوکن و واجبەکان و مەرجەکانی نوێژ ، ئەم کەسە سزا دەدرێت لەسەر نوێژەکەی !!

دووەم :ئەو کەسەش کە لێ پرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت لەسەر نوێژەکانی : ئەوەیە کەوا ڕوکنەکان و واجبەکان و مەرجەکانی نوێژ ئەنجام دەدات ، بەڵام ئەم کەسە کاتێک دەست دەکات بە نوێژەکەی نازانێت چی وتوە لەناو نوێژەکانیدا ، خەیاڵی دەڕوات بۆ دونیا ، تا ئەو کاتەی سەلام دەداتەوەو دەڵێت [ السلام علیکم ] بەڵکو مەژغوڵ و بێ ئاگایە تا لەناو نوێژەکەیدا بەخەیاڵ کارەکانی تەواو دەکات ، ئەم جۆرەکەسانەش زۆرن ، ئەم کەسانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر نوێژەکانیان !.

سێیەم : ئەو کەسەی کە نوێژەکانی پاککەرەوەی تاوانەکانیەتی ، ئەوەیە کە ڕوکن و واجب و مەرجەکانی نوێژ جێ بەجێ دەکات ، بەڵام لەو کاتەی کەوا دەست دەکات بەنوێژ کردنی تا ئەو کاتەی نوێژەکەی کۆتایی پێ دێنێت ، بەردەوام لەمل ملانێدایە لەگەڵ نەفسی خۆی ، وەشەیطانەکەشی دەیەوێت کەدڵی لەسەر نوێژەکەی نەبێت بەردەوام مەژغوڵی بکات بە نەفسی خۆیەوە تا نوێژەکەی چاک و ڕێک بکات مەژغوڵی دەکات بەخۆیەوە ئەم کەسە نوێژەکەی دەبێتە کەفاڕەت و پاککەرەوەی تاوانەکانی .

چوارەم: ئەو کەسەی کەپاداشت دەدرێتەوە لەسەر نوێژەکانی ئەو کەسەیە کە ڕوکن و واجب و مەرجەکانی نوێژ و سوننەتەکانی نوێژ ئەنجام دەدات ، وە لەناو نوێژەکەیدا خشوع و ترسی خوای لەدڵدایە ، ئەم کەسە خوا پاداشتی دەداتەوە لەسەر نوێژەکەی .

پێنجەم : ئەو کەسەش کەوا نوێژەکەی نزیکی دەکاتەوە لەخوا کە [ پێی دەڵێن پلە بەرزەکە ] ئەو کەسەیە کەوا ڕوکنەکان و واجبەکان و مەرجەکان و سوننەتەکان جێ بەجێ دەکات ، وە بەخشوع و ترسەوە نوێژەکان دەکات ، وە ئاگادارو خۆئامادە کارە کە لەگەڵ خوای گەورە دەدوێت ، جیاوازی ئەم جۆرەو جۆری چوارەم لەوەدایە کەوا ئەویش ترسی خوای لەدڵدایە بەڵام ئاگادارو ئامادەکار نیە کە گفتوگۆ لەگەڵ خوا دەکات وە خواى گەورە بەرامبەریەتی ! 

کەواتە : هەر کەسێک هەموو مەرج و ئەرکانەکانی نوێژ ئەنجام بدات وە بەخشوع و لەخواترسانەوە نوێژکەی بکات ، و دڵی لاى نوێژەکەى بێ و بزانێ کە گفتوگۆ لەگەڵ خوا دەکات و خواى گەورە چاودێرە بەسەریەوە ئەوە نوێژەکەى لە خواى گەورە نزیکی دەکاتەوە و پلە بەرزەکە بە دەست دێنێت .

جا برا و خوشکی موس ڵمان تۆش سەیرى حاڵی خۆت بکە لە نوێژەکەتدا و بزانە لە کام جۆری؟

داواکارین لە خواى گەورە مۆفەقمان بکات بۆ گرنگی دانى زیاتر بە نوێژەکانمان و بیکاتە هۆکارى سڕینەوەى تاوانەکان و پلەبەرزبونەوەمان  .

سەردان: ٣,٠٤٤ بەش: حوکم و گرنگى نوێژ