ئاداب و ڕەوشتە جوانەكان بـۆ منداڵە چاوگەشـەكان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئاداب و ڕەوشتە جوانەكان بـۆ منداڵە چاوگەشـەكان
پرسیار:

من وەکو ئافرەتێک چەند منداڵێکم هەیە دەمەوێ لاڕێ نەبن و هەر لە منداڵیەوە بە جوانى پەروەردەیان بکەم جا پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا چۆن بتوانم ئاداب و ڕەوشتى جوان فێرى منداڵەکانم بکەم؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

خودی ئەم پرسیارە ماناى گرنگی دانى بەڕێزتە بە منداڵەکانت ، ئەوەش هەست کردنە بە بەرپرسیارێتی چونکە منداڵ ئەمانەتە و گەر بەجوانى پەروەردەى نەکەین سبەی لە قیامەت پرسیارمان لێ دەکرێ و موحاسەبە دەکرێین لەسەریان ، بۆیە واجبە لەسەر هەمو دایک و باوکێک گرنگی بە منداڵەکانیان بدەن و بەجوانى پەروەردەیان بکەن بۆ ئەوەى سبەى دواى مردنیان لە خێر و چاکەى ئەو منداڵەیان بۆ بێت .
ئەمەى خوارەوە کورتەیەکە لە ئاداب و ڕەوشتەجوانەکان کە گرنگە هەموو دایک و باوکێ هەر جارە و ئادابێک وەکو وانەیەک فێری منداڵەکەى بکات و بۆى باس بکات ، داڕشتنەکەش بە شێوەیەکی سادە و ئاسان نوسراوە بۆ ئەوەى ئەو منداڵە بەجوانى فێری ببێ  .

یەكەم : ئادابەكان لەگەڵ دایك و باوك و خێزان 
1- دایك و باوكم خۆش دەوێ و ڕێزیان لێ دەگرم .
2- گوێڕایەڵیان دەكەم و لە قسەیان دەرناچم .
3- بەجوانی و هێمنی قسەیان لەگەڵ دەكەم .
4- لەگەڵ خوشك و براكانمدا بە جوانی یاری و ڕەفتار دەكەم .
5- ئازاری خوشك و براكانم نادەم و شەڕیان لەگەڵ ناكەم .
6- ئەگەر داوای شتێكم كرد بە جوانی داوا دەكەم ، وە ئەگەر بۆمیش نەكەن توڕە نابم و بیانو ناگرم .
7- كە دایك و باوكم بانگیان كردم خێرا وەڵامیان دەدەمەوە .
8- كە پارەم ویست پرس بەدایك وباوكم دەكەم و لە خۆمەوە دەست ناكەم بە گیرفانیاندا و بە دزیەوە پارە نابەم .

دووەم : ئادابی سەلام كردن 
1- شێوازی سەلام كردن بریتی یە لە : ( السلام علیكم ورحمة الله وبركاتە)
2- كە گەشتم بە هاوڕێكانم سەلامیان لێدەكەم .
3- سەلام كردن خۆشەویستی دروست دەكات .
4- سەلام كردن واتە ( سەلام وئاشتی و ڕەحمەتی خوای گەورەت لێ بێ)

سێیەم : ئادابی نان خواردن 
1- پێش نان خواردن هەردوو دەستم بە جوانی دەشۆم .
2- كە دەستم كرد بە نان خواردن دەڵێم (بسم الله)
3- لە پێش خۆمەوە نان دەخۆم و پەلە پەل ناكەم .
4- كە تەواوم كرد دەڵێم (الحمد لله) 
5- پاش نان خواردن دەستەكانم بە جوانی دەشۆم .
6- كە میوەم خوارد سەرەتا بە جوانی دەیشۆم پاشان دەیخۆم.
7- یارمەتی دایكم دەدەم لە هەڵگرتنەوەی سفرە و قاپەكان .

چوارەم : ئادابی سەردان 
1- كاتێك دەچم بۆ سەردانی بە جوانی لە دەرگا دەدەم .
2- هەرگیز لە خۆمەوە ناڕۆمە ژوورەوە .
3- كە ڕۆشتمە ژوورەوە بەهێمنی دادەنیشم و دەستكاری هیچ ناكەم .
4- شەڕ لەگەڵ منداڵەكانیان ناكەم .
5- دوای یاری كردن لەگەڵ منداڵەكانیان شتەكانیان بۆ خۆم ناهێنم .

پێنجەم : ئادابی هاوڕێ 
1- كە گەشتم بە هاوڕێكانم لە كۆڵان یان قوتابخانە یان مزگەوت سەلامیان لێ دەكەم و دەڵێم : (السلام علیكم) یان (السلام علیكم ورحمة الله وبركاتە)
2- شەڕیان لەگەڵ ناكەم و بە جوانی یاریان لەگەڵ دەكەم .
3- كاتێك كە شتێك دەكڕم بەشی هاوڕێكانم دەدەم .
4- من هاوڕێكانم خۆش دەوێ چونكە ئەوانیش منیان خۆش دەوێ 
5- هەر منداڵێك قسەی ناشرین و شەڕكەر بێ من هاوڕێیەتی ناكەم .
6- هاوڕێیەتی كەسی خراپ و چەپەڵ ناكەم .
7- كاتێك كە لە گەڵ هاوڕێكانم یاری دەكەم خۆم پیس ناكەم .
8- كە لەیاری كردن هاتمە ماڵەوە بە جوانی دەستەكانم دەشۆم .

شەشەم : ئادابی دراوسێ 
1- من ڕێز لە دراوسێكانم دەگرم .
2- بە دەنگە دەنگ هەرگیز ئازاری دراوسێكانم نادەم .
3-  خوای گەورە ئەو كەسەی خۆش دەوێ كە لەگەڵ دراوسێكەیدا چاك بێ.
4- من دراوسێكانم خۆش دەوێ و بە چاكی ڕەفتاریان لەگەڵ دەكەم .
5- هیچ كات زیان بە شتی دراوسێكانمان ناگەیەنم وەكو سەیارە و دەرگا و دیوار .

حەوتەم : ئادابەكانی مزگەوت 
1- كە ڕۆشتم بۆ مزگەوت دەست نوێژ دەشۆم وخۆم ئامادە دەكەم .
2- لە ڕێگادا بە هێمنی و لەسەر خۆ دەچم و ڕا ناكەم .
3- كە گەشتمە مزگەوت پێڵاوەكانم لەسەر ڕەفەكان دادەنێم بە جوانی .
4- بە قاچی ڕاست دەچمە ژوورە و دەڵێم :  «بِسْمِ الله والصلاة وَالسَّلامُ عَلَى رَسُولِ الله اللَّهُمَّ افْتَحْ لِي أَبْوَابَ رَحْمَتِكَ»
واتە : بەناوی خودا دەچمە ناو مزگەوت، دروود‌و سڵاو لەسەر نێردراوی خودا ، خودایە دەرگاكانی ڕەحمەتی خۆتم لێ بكەرەوە
5- لە ناو مزگەوت ڕا ناكەم و دەنگە دەنگ ناكەم و بە جوانی دادەنیشم .
6- لەكاتی نوێژی جەماعەتدا بە جوانی لە ڕیزەكەدا دەوەستم و سەیری ئەملا و ئەولا ناكەم .
7- كاتێك لە دەرگای مزگەت هاتمە دەرەوە ئەوا بە قاچی چەپ دێمە دەرەوە و ئەم زیكرەیە دەخوێنم : «بِسْمِ اللهِ ، وَالصَّلاةُ وَالسَّلامُ عَلَى رَسُولِ اللهِ, اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ مِنْ فَضْلِكَ, اللَّهُمَّ اعْصِمْنِي مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ» 
واتە: بەناوی خودا دێمە دەرەوە لە مزگەوت ، دورود‌و سڵاو لەسەر نێردراوی خودا، خودایە داوای فەزڵ ‌و بەخشینی خۆتـت لێدەكەم، خودایە بم پارێزە لە شەیتانی نەفرین لێكراوی دەركراو لە ڕەحمەتی خۆت) ..

هەشتەم : ئادابەكانی چونە سەرئاو 
1- بە قاچی چەپ دەچمە سەرئاو .
2- لەكاتی چوونە سەرئاو ئەم زیكرە دەخوێنم و دەڵێم : (بِسْمِ اللهِ اللَّهُمَ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الخُبُثِ والخَبائِثِ)
واتە: (بەناوی خودا دەچمە ژورەوە، خودایە من پەنات پێ دەگرم لە شەیتانە نێر‌و مێینەكان) .
3- بەدەستی چەپ خۆم بەجوانی پاك دەكەمەوە و ناهێڵم جلەكانم پیس ببێ .
4- كە خۆمم پاك كردەوە بەلوعەی ئاوەكە بە جوانی دەگرمەوە .
5- كە لە سەرئاو هاتمە دەرەوە ئەم زیكرە دەخوێنم و دەڵێم : (غُفْرانَكَ) 
واتە: (خودایە داوای لێ خۆشبوونت لێدەكەم، چونكە ئەم ماوەیە دوور بووم لە یاد‌و زیكری تۆ) .
6- پاشان دەستەكانم جوان دەشۆم .

نۆیەم : پاك و خاوێنی
1- گرنگی بە پاك و خاوێنی لاشە و جلوبەرگەكەم دەدەم .
2- كە نینۆكەكانم درێژ بوون بە نینۆك گر دەیانقرتێنم .
3- شەوان پێش نوستن ددانم بە فڵچە و مەعجون دەشۆم .
4- لە شوێنی پیس یاری ناكەم .

دەیەم : ئادابی قوتابخانە 
1- من قوتابخانەم خۆش دەوێ چونكە فێری زانست دەبین لەوێ .
2- ڕێز لە مامۆستاكانم دەگرم چونكە فێری خوێندن ونوسینمان دەكەن .
3- كە ڕۆشتم بۆ قوتابخانە بە هێمنی و لەسەرخۆیی دەچم و ڕا ناكەم .
4- جانتا و كتێبەكانم بە جوانی دەپارێزم و بەرگیان دەگرم.
5- لە پۆلدا بە جوانی گوێ لە مامۆستا دەگرم و دەنگە دەنگ ناكەم .
6- لەگەڵ هاوڕێكانمدا یاری دەكەم و ئازاریان نادەم .
7- پارێزگاری دەكەم لە پاك وخاوێنی قوتابخانەكەم و پیسی ناكەم .
8- كە لە قوتابخانە گەڕامەوە وانەكانم بە جوانی دەنوسم و دەخوێنم.

یانزەیەم : ڕەوشتی منداڵی موسڵمان 
1- لە كاتی قسە كردندا هەرگیز درۆ ناكەم .
2- هەرگیز شتی هاوڕێكانم بۆ خۆم نابەم و دزییان لێ ناكەم .
3- كە شتێكم دۆزیەوە دەیگەڕێنمەوە بۆ خاوەنەكەی و بۆ خۆم نایبەم 
4- هەرگیز جنێو و قسەی ناشرین بە كەس ناڵێم .
5- ئێواران زووو دێمە ماڵەوە و لە كۆڵان نامێنمەوە .
6- ڕێز لە كەسانی لە خۆم گەورەتر دەگرم .

ئامادەکردنى : ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٦,٣٥٤ بەش: پەروەردەى منداڵ