15 سود و زانيارى سەبارەت بە مانگى سەفەر: ماڵپەڕی وەڵامەکان
15 سود و زانيارى سەبارەت بە مانگى سەفەر

الحمد لله ، والصلاة والسلام على رسول الله .

ئەمە چەند سودێکی کورت و پوختە دەربارەی مانگی سەفەر کۆکراوەتەوە ، داواکارین  لەخودا سودی هەبێت ، وپاداشتی هەموو ئەوانەش بداتەوە کەبڵاوی دەکەنەوە ودەبنە هاریکار لەگەیاندنی دا بەموسوڵمانان .

یەکەم: مانگی سەفەر دووەم مانگی کۆچی یە دوای مانگی موحەرەم .

دووەم: بۆیە ناو نراوە بەمانگی سەفەر لەبەر چۆڵ بوونی شاری مەکە لەخەڵکەکەی کاتێ کەلەو مانگەدا سەفەریان دەکرد  ، وەگوتراوە: لەبەر چۆڵبوونی ماڵیان کاتێ کەدەردەچوون بۆ جەنگ و سەفەرەکان ، دەگوترێت: (صفر المكان) كاتێ کەجێگاکە چۆڵ بوو (۱). 

سێیەم: عەرەب دوو تاوان وسەرپێچی گەورەیان لەمانگی سەفەردا ئەنجام دەدا :
یەکەم: یاریان پێ دەکرد بەشێوازێک پێش وپاشیان دەخست ، ولەجێگەی مانگی موحەرەم دایان دەنا ، هەروەک خوای پەروەردگار لێیان دەگێڕێتەوە ودەفەرموێت: ﴿إِنَّمَا النَّسِيءُ زِيَادَةٌ فِي الْكُفْرِ ۖ يُضَلُّ بِهِ الَّذِينَ كَفَرُوا يُحِلُّونَهُ عَامًا وَيُحَرِّمُونَهُ عَامًا لِّيُوَاطِئُوا عِدَّةَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ فَيُحِلُّوا مَا حَرَّمَ اللَّهُ ۚ ﴾. 
 واته‌: دواخستن، جاری وا هه‌بوو له‌ مانگێك له‌و چوار مانگه‌ كافران بیانوویستایه‌ كوشتار بكه‌ن ئه‌ڕۆیشتن له‌ یه‌كێك له‌و چوار مانگه‌ كوشتاریان ئه‌كردو له‌ مانگێكی تردا كوشتاریان نه‌ئه‌كردو دوایانئه‌خست، خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: ئه‌م دواخستنه‌ زیاده‌یه‌كه‌ له‌ كوفره‌ ، كه‌ هه‌ندێك له‌ كافرانی پێ گومڕا ئه‌بێت ، ساڵێك كوشتارى تێدا حه‌ڵاڵ ئه‌كه‌ن، وه‌ ساڵێك حه‌رامی ئه‌كه‌ن و ئه‌یگۆڕنه‌وه‌و مانگێكی تر دێنه‌ شوێنی و جێگۆڕكێى پێ ده‌كه‌ن ، تا موافیق و گونجاو بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و چوار مانگه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ ، ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ كوشتار كردن له‌و چوار مانگه‌ ئه‌وان حه‌ڵاڵی ئه‌كه‌ن.
دووەم: بەشوم دایان دەنا ، بەشێوەیەک ئەم مانگەیان بەمانگێکی شوم وخراپ دادەنا ، و ئیسلام ئەو بۆچوونەی بەتاڵ کردەوە .

چوارەم: دروست نی یە بەشوم دانانی ڕۆژان وشەوانی مانگی سەفەر ، ئەوە لەکاری سەردەمی نەفامیە وئیسلام بەتاڵی کردەوە ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە: (( لا عدوى ولا طيرة ولا هامَة ولا صَفَر وفر من المجذوم كما تفر من الأسد )) (۲).
واتە: نەخۆشی گواستنەوە وشتی شوم بوونی نی یە ومانگی سەفەریش بەدقودم وشوم نییە ، و ڕابکە لەکەسی گول هەروەک چۆن ڕادەکەیت لەشێر .
 جا (عدوي) نەفی کردنی گواستنەوەی نەخۆشیه بەخودی خۆی بەبێ ئەوەی قەدەری خودای لەسەر بێت .

و (لا طيرة) واته: شتی شوم بوونی نی یە .

و(لا هامة) تەیرێکە بەشەو دەفڕێت ، وئەوان بەشومیان دادەنا .
وگوتراوە: ئەوان لەسەردەمی نەفامیدا کاتێ کەسێکیان لێ بمردایە پێیان وابوو ڕوح وئێسکەکانی دەفڕن .

پێنجەم : بڕگەی تری فەرموودەکەی پێغەمبەر : ( ولا صفر ) مەبەست لێی ـ  لەسەر بۆ چوونی ڕاست ـ مانگی سەفەرە ، ئەو مانگەی کەعەرەبی سەردەمی نەفامی بەشومیان دەزانی ، پێغەمبەر ئەو بۆچوونەی پوچەڵ کردەوە ، ومەبەست لێی نەفی کردنی ئەوەیه شوم بێت ، بەڵکو ئەو مانگەش وەک هەموو مانگەکانی تر وایە وخێر وشەڕی تێدایە (۳) .

شەشەم: بەغەڕ و بەد قودم و شوم دانانی ژن هێنان یاخود سەفەر کردن تیایدا ، یاخود کار کردن لەمانگی سەفەردا ، یاخود واز هێنان لەکار وئەنجام دانی کار وباری شەخسی یاخود حەفلە گێڕان ودابەش کردن خواردن وحەلوا دوای کۆتایی هاتنی بەگومانی ئەوەی شومە ، هەموو ئەمانە لەبابی (طیر)ـەن وڕێگریان لێ کراوە .

 حەوتەم: مانگی سەفەر وەک باقی مانگەکانی تری خودا مانگی خێر وشەڕ نین ، بەڵکو وەک هەموو مانگەکانی تر خێریان تێدایە وشەڕیشیان تێدایه ، وهیچ کاریگەریەکیان لەسەر قەدەر ودەسەڵاتی خودا نی یە ؛ کاروبارەکان هەموو بەدەستی خودان ، وکەس توانای بەسەریاندا نی یە جگە لەو ، هەروەک خودا فەرموویەتی: ﴿ قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ ﴾.
واته: ئه‌ی محمد - -  پێیان بڵێ: هیچ شتێك تووشی ئێمه‌ نابێت ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ (لوح المحفوظ)دا نووسیوێتی له‌سه‌رمان وه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا نایات ، هه‌ر خوای گه‌وره‌ سه‌رخه‌رو پشتیوان و دۆستمانه‌، وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕدارن با كاره‌كانیان ته‌نها به‌ خوای گه‌وره‌ بسپێرن وه‌ ته‌نها پشت به‌ خواى گه‌وره‌ ببه‌ستن.

هەشتەم: حافز ابن رجب الحنبلي ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ دەڵێت: ( بەنیسبەت تایبەت کردنی شوم بەکاتێکەوە جگە لەکاتەکانی تر هاوشێوەی مانگی سەفەر وجگە لەویش ، هیچ ڕاست ودروست نی یە ، لەڕاستی دا هەموو کات وزەمانێک بەدەستی خودایە ، وەهەر لەو کات وساتانەدا کردەوەی نەوەی ئادەم تیایدا ڕوو دەدات .
هەر کاتێک کەباوەڕدار بەکردەوەی چاکە بەڕێی کات ئەوا کاتێکی موبارەک وپیرۆزه بۆ ئەو ، وەهەر کاتێک کەباوەڕدار بەکردەوەی خراپە وتاوان بەڕێی کات ئەوا کاتێکی شومە بۆ ئەو ، لەحەقیقەتدا شوم لەبێفەرمانی خودادایە ...

بۆیه هیچ شتێک شوم نی یە جگە لەتاوان وخراپە نەبێت ؛ چونکە ئەوانە خودا توڕە دەکات ، وهەرکاتێکیش خودا لەبەندەکەی توڕە بوو ئەوا خەسارەومەندی دونیا ودوا ڕۆژ دەبێت ، هەر وەک چۆن گەر لێی ڕازی بێت سەرفرازی دونیا ودوا ڕۆژ دەبێت) (4).

نۆیەم: بابەتی ڕەش بینی وشوم وبەبەد قودم دانان جۆرێکە لەهاوبەش بڕیاردان وپێچەوانەی حەقیقەتی تەوحیدە ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە: (الطِّيَرَةُ شِرْك ، الطِّيَرَةُ شِرْك ).(5)
واتە: ڕەش بینی هاوبەش بڕیاردانە ، ڕەش بینی هاوبەش بڕیاردانە .
چونکە کەسی ڕەش بین پێی وایە ئەو شتەی کەئەم بەشومی دەزانێت شتی بەدەستە وتوشی خێری دەکات وشەڕی لەسەر لادەبات ، حەتمەن ئەمەش شیرکە .

هەرکەسێک شتێکی بەشوم زانی جا بینێبیتی یاخود گوێی لێ بووبێت ، ئەوا بەو کارەی بەموشریک ئەژمار ناکرێت و ئەو شیرکە لەئیسلام دەری کات ، بەڵام هاوبەشی بڕیار داوە لەو ڕووەوە کەئیعتمادی کردۆتە سەر سەبەبێک کەخودا بەسەبەبی دانەناوە ، ئەمەش لایەنی تەوەکول پشت بەستن بەخودا لاواز دەکات ، لەم ڕوووەوە بەشیرک دادەنرێت .

قاعیدەیەک هەیە دەڵێت: ( هەرکەسێک پشت بەسەبەبێک ببەستێت کەشەرع نەیکردۆتە سەبەب ئەوا شیرکی بچوکی ئەنجام داوە ).

ئەمەش جورێکی ترە لەهاوبەش بڕیاردان وشیرک ، جا یان لەڕووی تەشریع ودانانی سەبەبێک کەلەڕووی شەرعەوە سەبەب نی یە ، ویاخود لەڕووی ئەوەی ئەو سەبەبەوە سەبەبێکی کەونییە .

بەڵام گەر کەسەکە باوەڕی وا بێت ئەو شتە جگە لەخودا توانای کارگەری دروست کردنی هەیە ، ئەوا شیرکی گەورەیه وکەسەکە پێی کافر دەبێت ؛ چونکە هاوبەشی بۆ خودا داناوە لەڕووی هێنانە دی و دروست کردنی شتەکانەوە (6).

دەیەم: یەکێک لەبەڵگەکانی باتڵی بەشوم دانانی مانگی سەفەر ئەو فەتح و وڵات ڕزگار کردنانەیە کەلەسەر دەستی موسوڵمانان ولەو مانگەدا ڕووی داوە ، لەوانە:
دەرچوون وهیجرەت کردنی پێغەمبەرە لەمەکەوە بۆ مەدینە لەمانگی سەفەردا ، ولەمانگی (ربیع الٲول) دا چووە مەدینەوە ، وبۆچوونێکە هەیە دەڵێت : لە(ربیع الٲول) دا دەرچووە .

ـ وە غەزای ئەبوائیش کە لە ساڵی دووەمی کۆچی دا ڕووی دا لەمانگی سەفەردا بوو ،کەیەکەم غەزا بوو لەئیسلام دا .

ـ‌ وە فەتحی خەیبەر لەساڵی ۷ کۆچی دا  لەمانگی سەفەردا بوو ، ودەوترێت : لە ( جمادی الٲولی) دا بوو .

ـ وە پێغەمبەر ئوسامەی کوڕی زەیدی نارد بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕۆمەکاندا لەساڵی ۱۱ کۆچی ولەکۆتایی مانگی سەفەردا ، پێش وەفات کردنی بەچەند ڕۆژێک .

ـ‌ وە فەتحی مەدائین ـ‌ پایتەختی فارس ـ‌ ساڵی ۱٦ کۆچی  لەمانگی سەفەردا بوو ، وئەو جەنگە بوو بووه هۆی ڕوخانی فارس .

یانزەیەم: ڕۆژی چوارشەمەی کۆتایی مانگی سەفەر وەک باقی ڕۆژەکانی ترە ، ودروست نی یە تایبەت کردنی بەهیچ دوعا وزیکرێکەوە ، وەک ئەوەی هەندێک دەیکەن ، پێیان وایە گوایه لەو ڕۆژەدا بەڵای گەورە دادەبەزێت کە جگە لە خودا کەس نازانێ چۆنە ،هەرکەسێک خێر وسەدەقە بکات تیایدا یاخود نوێژ بکات ئەوا خودا دەیپارێزێت لەو بەڵایە!.

لەوانە ئەنجامدانی نوێژی سوننەت لەکاتی چێشتەنگادا کەهیچ کاتێکی تر نەیکات جگە لەو ڕۆژە نەبێت ، بەگومانی ئەوەی ئەوە ئەو بەڵایە دەگێڕێتەوە!
وە  یاخود نوسینی هەندێ ئایەت وکردنی بەنێو قاپەوە وخواردنەوەی ئاوەکەی ،وتەبەڕک کردن پێی بۆ لابردنی شەڕ!

هەموو ئەمانە بیدعەن وهیچ ئەسڵێکیان نی یە لەشەرع دا وبیر وبۆچوونی بەتاڵن (7).

دوانزەیەم: باوەڕ بوون بەوەی مانگی سەفەر مانگی خێر وبەرەکەت وسەرکەوتنە ، ئەمە ڕوو بەڕوو بوونەوەی بیدعەیە بەبیدعە ، ئەو مانگە نەمانگی خێرە ونەمانگی شەڕە .

سیانزەیەم: ئەوەی کەهەندێ کەس لەتاریخ دا دەینوسن بۆ نموونە (صفر الخیر) ودەنووسن ( کۆتایی هات لە مانگی سەفەری خێردا) ، ئەمەش هەر بیدعە وهیچ ئەساس وبنەمایەکی شەرعی نی یە ، وەک پێشتر گوتمان ئەمە ڕوو بەڕوو بوونەوەی بیدعەیە بەبیدعە ، ئەو مانگە نەمانگی خێرە ونەمانگی شەڕە .
هەر بۆیە سەلەف ئینکاریان لەو کەسانە دەکرد کاتێ کەگوێیان لەکونەپەپوو دەبوو دەیخوێند دەیان گوت (خێرە ٳن شاء الله) ، نەدەگوترێ (خێرە) ، ونەدەشگوترێت(شەڕە) ، بەڵکو وەک باقی باڵندەکانی تر دەخوێنێت وهیچی تر (8).

چواردەیەم: هەر فەرموودەیەک کەباسی ڕودانی تێدا بێت لەداهاتوودا ولەتاریخێکی دیاری کراودا ، جا لەسەفەردا بێت یاخود جگە لەویش ، ئەوا هەڵبەستراوە بەدەم پێغەمبەرەوە ، هەروەک ابن القیم ڕوونی کردۆتەوە (9).

پانزەیەم: زۆر ئاگادار بن لەبڵاو کردنەوەی فەرموودە لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان پێش دڵنیابوون لەسەحیحی .

لەفەرموودەدا هاتووە پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى : ( من كذب علي متعمدا ، فليتبوٲ مقعده من النار ) (10) .
واتە: هەرکەسێک بەئەنقەست درۆیەک بەدەم منەوە بکات با جێگایەک لەدۆزەخ دا بۆ خۆی ئامادە بکات .

و لەفەرموودەیەکی تردا هاتووە: ( كفی بالمرء كذا ٲن يحدث بكل ما سمع ) (11).
واتە: ئەوەندە بەسە مرۆڤ بەدرۆزن دابرێت کاتێ کەگوێی لەهەرچیەک بوو بیگێڕێتەوە.

سەرچاوە : https://almunajjid.com/


(۱) بڕوانە: لسان العرب ، ج/٤  ل/ ٤٦۲ ، وتفسیر ابن کثیر : ج ٤ ل /  ۱٤٦   . 
(۲) رواه البخاري ژ م : ٥۳۸۷  ومسلم ژ م  ۲۲۲۰ .
(۳) بڕوانە: لطائف المعارف" ـی ابن رجب : (ل ۷٤) ، وە " القول المفید" ـی ابن عثیمین ( ۱/ ٥٦٤) .
(4) لطائف المعارف: (ل ۷٥) .
(5) رواه ٲبو داود (۳۹۱۰) ، وابن ماجە ( ۳٥۳۸) وصححه الٲلباني .
(6) القول المفید ( ۱ / ٥۷٥ ) .
(7) فتاوی اللجنة الدئمة (۲ /  ٤۹٦) ، والسنن والمبتدعات (ل ۱۳۷).
(8) فتاوی ابن عثیمین ( ۲ / ۱۱٤) ، والقول المفید ( ۱ / ٥٦۷ ) ، ومعجم المناهي اللفظية"ـی شيخ بكر ٲبو زید (  ل ۳۲ ).
(9) المنار المنیف ( ل ٦۳ ).
(10) رواه البخاري (۱۱۰ ) ومسلم (۳) .
(11)رواه مسلم (٦) .

سەردان: ٩٥٨