مانگى شەعبان مانگى بەرزبونەوەى کردەوەکان بۆ لاى خواى گەورە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مانگى شەعبان مانگى بەرزبونەوەى کردەوەکان بۆ لاى خواى گەورە

‏بسم الله الرحمن الرحیم 
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
برا و خوشکى بەڕێز : وا مانگی ڕەجەب تەواو بوو ، و مانگێکی تر بەسەرماندا هات ، ئەو مانگەی کەخۆشەویستە بەلای پێغەمبەری خواوە وڕێزی دەدا بەسەر مانگەکانی تردا ، مانگێک کە کردەوەکانمان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆ لای خودا .
 برا و خوشکانى بەڕێز : ئەم مانگە پیاوچاکان تیایدا کردەوەی چاکیان ئەنجام دەدا وپێش بڕکێیان دەکرد لەعیبادەتدا ، وکەسانی تاوانبار تیایدا دەگەڕانەوە بۆ لای خودا ، بەڵکو خودا لێیان خۆش بێت  ، مانگێک کەپێغەمبەر لەبارەیەوە فەرموویەتی: ((ذاك شهرٌ يغفُل الناسُ عنه بين رجب ورمضان)) .
واتە: مانگێکە خەڵک لێی بێ ئاگان و لەنێوان مانگی ڕەجەب وڕەمەزاندایە .
ئەویش مانگی شەعبانە . 
دەی برای موسوڵمان با پێکەوە گوێ لەدایکمان عائیشە خوا لێی ڕازی بێت بگرین ، بزان چۆن باسی حاڵی پێغەمبەرمان بۆ دەکات لەمانگی شەعباندا .
پێشەوا بوخاری وموسلیم لەدایکە عائیشەوە گێڕاویانەتەوە ودەڵێت: "ما رأيتُ رسولَ الله - - استكملَ صيام شهر قطُّ إلا شهر رمضان، وما رأيتُه في شهرٍ أكثر صيامًا منه في شعبان".
واتە: پێغەمبەری خوام نەبینیوە هیچ مانگێک جگە لەڕەمەزان بەتەواوی بەڕۆژوو بێت، ونەمبینیوە هیچ مانگێک زۆرترینی بەڕۆژوو بێت جگە لەمانگی شەعبان .
وە لەڕیوایەتی ئەبو داودا هاتووە لە دایکە عائیشەوە ڕەزاى خواى لێ بێ کە خۆشەویسترین مانگ بە لای پێغەمبەری خواوە کەتیایدا بەڕۆژوو بێت مانگی شەعبان بوو : "كان أحبّ الشهور إلى رسول الله - - أنْ يصومَه شعبان، ثم يَصِله برمضان". صحيح الجامع ٤٦٢٨ 

وە ( الترمذي والنسائي ) لەئوسامەی کوڕی زەیدەوە گێڕاویانەتەوە ودەڵێت: گوتم: (يا رسول الله، لمْ أرَكَ تصوم شهْرًا من الشهور ما تصوم مِنْ شعْبان، قال: ((ذلك شهْرٌ يغْفُل الناس عنْه بيْن رجب ورمضان، وهو شهْرٌ تُرْفَع فيه الأعْمال إلى ربِّ العالمين، فأحبّ أنْ يرْفعَ عملي وأنا صائمٌ)).
واتە: ئەی پێغەمبەری خوا هیچ مانگێک نەم بینیوی بەقەد شەعبان بەڕۆژوو بیت ، فەرمووی: ئەوە مانگێکە خەڵک لێی بێ ئاگان لەنێوان ڕەجەب وڕەمەزاندایە ، وئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا ، بۆیە پێم خۆشە کاتێ کردەوەکانم بەرز دەبێتەوە بەڕۆژوو بم .

تەماشاکە چۆن هاوەڵان خوا لێیان ڕازی بێت چاودێری پێغەمبەریان ﷺ دەکرد بۆ ئەوەى بزانن چۆن عیبادەت دەکات وبگرە چاودێری هەموو ژیانیان دەکرد ، لەوانە چاودێری کردنیان بۆ ڕۆژووی پێغەمبەر ﷺ، بەفەرز وسوننەتەوە ؛ بەڵکو لێوەی فێر ببن .

وە پێغەمبەر کاتێ وەڵامی ئوسامەی دایەوە و فەرمووی: ((ذَلكَ شَهْرٌ يَغْفُل الناسُ عنْه بيْنَ رَجَب ورمضانَ، وهو شَهْرٌ تُرْفَعُ فيه الأعْمال إلى رَبِّ العالمين، فأحِبّ أنْ يُرْفَعَ عملي وأنا صائِمٌ)).
ئەوە مانگێکە خەڵک لێی بێ ئاگان لەنێوان ڕەجەب وڕەمەزاندایە ، وئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا ، بۆیە پێم خۆشە کاتێ کردەوەکانم بەرز دەبێتەوە بەڕۆژوو بم .
وەک ئەوە وایه بەهەموو موسوڵمانێکی فەرمووبێت: ئەی موسوڵمان نابێ تۆ لەخودا بێ ئاگا بیت کاتێ کەخەڵک لێی بێ ئاگان ،بەڵکو پێویستە وشیار وبەئاگا بیت و خودا لەبیر نەکەیت ، و تۆ ڕووبکە خودا لەکاتێکدا خەڵک لێی بێ ئاگان ، وتۆ عیبادەتی خودا بکە لەکاتێکدا خەڵک سەرقاڵی دونیان ،و یادی خودا بکە لەکاتێکدا خەڵک بێ ئاگان ، ونوێژ بکە لەکاتێکدا خەڵک نوستوون.

پێغەمبەرمان لێرەوە دەیەوێ خەڵک ئاگادار بکاتەوە کەتەمەن وساتەکانی ژیانیان گرنگە ، وپێویستە موسوڵمان پارێزگاری لێ بکات ولەعیبادەتی خودادا بەسەری ببات ، وپێشەوایان وسەلەفی ئێمە پێیان خۆش بوو شەو زیندوو بکەنەوە بەنوێژ وعیبادەت ، ودەیان گوت : ئەوە کاتێکە خەڵک بێ ئاگان تیایدا لەعیبادەتی خودا .

وەگەر تەماشای حاڵی هاوەڵان و تابیعین خوا لێیان ڕازی بێت بکەیت بۆت دەردەکەوێت کەچۆن خۆیان ئامادە دەکرد بۆ شەعبان هاوشێوەی خۆئامادە کردن بۆ ڕەمەزان .

لوئلوئە مەولای عەمار دەڵێت: 
: "كان عمارُ - رضي الله عنه - يتهيَّأ لصوم شعبان كما يتهيَّأ لصومِ رمضانَ".
واتە: عەمار خۆی ئامادەکرد بۆ شەعبان هەروەک چۆن خۆی ئامادە دەکرد بۆ ڕەمەزان .

ئەوان گرنگیەکی بەرچاویان دەدا بەم مانگە ، چونکە دەیان زانی چەند ڕێز وقەدری هەیە ، وهەر لەم مانگەدا قورئانیان زۆر دەخوێند وخێر وصەدەقەکەیان دەکرد ، وپێش بڕکێیان دەکرد لەکاری چاکەدا ، وەک ئەوەی ئەوان خۆیان ئامادە بکەن بۆ کارێکی گەورەتر کەمانگی ڕەمەزانە ، بۆ ئەوەی کاتێ ڕەمەزان دێت ئامادە بن ودڵیان پڕ بێت لەئیمان وزمانیان پاراو بێت بەیادی خودا ، وئەندامەکانی لاشەیان دوور بێت لەحەرام ، وچێژ لەعیبادەت وەر بگرن ، وبێزار نەبن لەکاری چاکه ؛ چونکە دڵیان ڕوناکی ئیمانی تێدا جێگیر بووە ولەئەندامەکانی لاشەیان دوور بێت لەحەرام ، وچێژ لەعیبادەت وەر بگرن ، وبێزار نەبن لەکاری چاکه ؛ چونکە دڵیان ڕوناکی ئیمانی تێدا جێگیر بووە ولەئەندامەکانی لاشەیاندا ڕەنگی داوەتەوە .

هەر بۆیە سەلەمەی کوڕی کەهیلى حەزڕەمی کوفي کە تابعیە کاتێ قەومەکەى بینی مانگی شەعبانیان بەسەردا هات پێی گوتن: خۆتان یەکلا بکەنەوە بۆ خوێندنی قورئان چونکە: "شهرُ شعبان شهرُ القُرَّاء".
واتە: مانگی شەعبان مانگی قورئان خوێنانە .

وە عەمری کوڕی قەیس کاتێ مانگی شەعبانی بەسەردا بهاتایە دوکانەکەی دادەخست ، وخۆی یەکلای دەکردەوە بۆ قورئان .
بەڵکو ئەوان دەیان گوت: مانگی ڕەجەب مانگی چاندن و تۆو کردنە ، و مانگی شەعبان مانگی ئاودانی زەرعاتە ، و مانگی ڕەمەزان دوورینەوەی بەروبوومە ، بەڵکو مانگی ڕەجەبیان چواندووە بە با ، ومانگی شەعبانیان جواندووە بەهەور ، ومانگی ڕەمەزان بە باران ، وەهەرکەسێک زەرعات نەکات و لەمانگی ڕەجەبدا نەیڕونێت ، ولەمانگی شەعباندا ئاوی نەدات ، چۆن لەمانگی ڕەمەزاندا دەیدوورێتەوە ؟!

دەی وا مانگی ڕەجەب چوو ، و تۆ چ دەکەیت لەمانگی شەعباندا گەر تۆ ڕەمەزانت دەوێت ؟
ئەوە حاڵی پێغەمبەرەکەت وحاڵی پێشەوایانی ئەم ئومەتەیە دەی بزان تۆ چ دەکەیت وهەڵوێستت چۆن دەبێت؟

برا و خوشکى بەڕێزم : وەرە لەگەڵم با پەیمان بدەین کاتەکانمان زیندوو بکەینەوە وخۆمان ڕزگار کەین لەبێ ئاگایی و بەپێی توانا ، هاوشێوەی سەلەفی ساڵح ، وەرە با چەند کردەوەیەکی سادە وئاسانت پیشان بدەم کەخەڵک لەم ڕۆژانەدا لێی بێ ئاگان ، بەڵکو ئامادە بین بۆ ڕەمەزان ، مانگی شەعبان مانێگی ڕاهێنان وخۆ ئامادە کردنە بۆ ڕەمەزان ، وەرن با پارێزگاری بکەین لەڕۆژوو ، هەروەک چۆن پێغەمبەر لەمانگی شەعباندا پێی هەڵدەستا ،وئێمە نامانەوێ پێتان بڵێین هەموو مانگەکە بەڕۆژوو بن ، بەڵکو ناڵێین نیوەشی بەڕۆژوو بن ، بەڵکو دەڵێین : لایەنی کەم دوو شەممان وپێنج شەممان بەڕۆژوو بن ، لەگەڵ سیازدە وچواردە وپازدەی مانگدا ، وبا پارێزگاری بکەین لەنوێژەکانمان  لەمزگەوتدا ، ئەو کردەوەیە زۆر کەس کەمتەرخەمی تێدا دەکەن ، وبا هەموو ئەوانەی کەم تەرخەمی دەکەن لەچوون بۆ نوێژی جەماعەت گوێ لەعبداللەی کوڕی مەسعود بگرن کەیەکێکە لەهاوەڵانی پێغەمبەری خودا ودەیگوت : "من سرَّه أنْ يَلْقَى اللهَ غَدًا مُسْلِمًا، فَلْيُحَافِظْ على هؤلاء الصّلوات حيث يُنَادَى بِهِنَّ؛ فإن اللهَ شَرَعَ لِنَبِيِّكم - - سُنَنَ الهُدى، وإنَّهنَّ مِنْ سُنَنِ الهُدَى، ولو أنَّكم صلَّيتُم في بيوتِكم كما يُصَلِّي هذا المُتخَلِّفُ في بيْتِه، لتركْتُم سُنَّةَ نَبِيِّكم، ولو تركْتُم سُنَّةَ نَبِيِّكم لَضَلَلْتُم".
واتە: هەرکەسێک پێی خۆشە سبەی بەموسوڵمانی بگاتەوە بەخودا با پارێزگاری لەو نوێژانە بکات لەو شوێنانەی کەبانگیان بۆ دەدرێت ، خودا بۆ پێغەمبەرەکەتان چەند سونەتێکی داناوە ، وئەوانە سونەتی پرشنگدار وڕێنوێنین بۆ ئێوە ، وگەر ئێوە لەماڵەکانتاندا نوێژتان کرد هەروەک چۆن ئەو کەسە دواکەوتووانە لەماڵدا دەیکەن ، ئەوا وازتان هێناوە لەسوننەتی پێغەمبەرەکەتان ، وگەر ئێوە واز بێنن لەسوننەتی پێغەمبەرەکەتان ئەوا گومڕا دەبن .

وە با پارێزگاری بکەین لەقورئان خوێندن ، تەنانەت گەر ڕۆژی نیو جوزئیش بێت ،و با خۆمان ڕابێنین لەسەر شەو نوێژ .

نسألُ اللهَ العَلي القدير أنْ يتوبَ علينا، وأن يجعلَنا من أهل الطاعات، وأن يرزقَنا الجنةَ، وما يقرِّبُ إليها من قَوْل وعمل، ويباعدَنا عن النار، وما يقرِّب إليها من قوْل أو عمل.

 وصلِّ اللهم على نبيِّنا محمد وعلى آله وصَحْبه وسلِّم.

سەردان: ١,٠٢٠