نامەیەکی کورت و تایبەت بە ئافرەتان لەماوەی سووڕی مانگانەدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نامەیەکی کورت و تایبەت بە ئافرەتان لەماوەی سووڕی مانگانەدا

لەدونیادا بەهەشتێک هەیە ئەویش نزیک بوونە لەخودا وئارام بوونە بەنزیکی لێی ، و نزیکترین کات کەبەندە لەپەروەردگاریەوە زۆر نزیکە کاتی سوژدە بردنیەتی ، دەی کەواتە ئافرەت چ بکات لەکاتێکدا عوزرێکی خودایی بووەتە ڕێگر لەسوژدە بردنی ؟  
ئەم بابەتە زۆر توشی دڵەڕاوکێی کردم ، لەکتێب وئینتەرنێت بۆی گەڕام، بەدوای شتێکدا گەڕام کەلێنی نوێژ لەماوەی سووڕی مانگانەدا بۆ ئافرەتان پڕ بکاتەوە ،بەڵام ئەو بابەتانەی دەستم کەوت کورت بوون وتەنها باسی ئەحکامەکانی حەیز بوون .
ئامانجی من ئەوەیە ئایا چۆن ئافرەتێک کەلەسووڕی مانگانەدایە دەتوانێت پارێزگاری بکات لە نزیک بوونی لەخودا ولێی دوور نەکەوێتەوە لەو ماوەیەدا کەنزیکەی سێ بەشی تەمەنیەتی. 
وەلێرەوە پێم باش بوو نامەیەکی کورت لەم بارەیەوە ئاڕاسته بکەم ، بەئومێدی ئەوەی سوود بەخش بێت وببێتە خێرێکی نەبڕاوە بۆم ، وزیاتر لەخودام نزیکم بکاتەوە. 
خوای گەورە فەرموویەتی: (يا أيّها الذين آمنوا استعينوا بالصّبر والصّلاة إنّ اللهَ معَ الصّابرين) البقرة 153.
واته: ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ پشت به‌ ئارام گرتن و نوێژ ببه‌ستن به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵاو ناخۆشیانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووتان ئه‌بێته‌وه‌ ،به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ ئارامگرانه‌یاندایه‌ به‌وه‌ی سه‌ریان ئه‌خات و پشتیوانیان ئه‌بێ و یارمه‌تیان ئه‌دات. 
ئەم ئایەتە سەرەنجی ڕاکێشام لەو ڕۆژانەدا کەتوشی حەیز دەبووم ودوور دەکەوتمەوە لەنوێژ وڕۆژوو ، وئەم ئایەتە مانایەکی تازەی پێ بەخشیم ، خوای گەورە لەم ئایەتەدا لەگەڵ بوونی خۆی بەیان کردووە بۆ کەسانی ئارام گر ونەیفەرمووە تایبەتە بەنوێژ خوێنان ، ئەمە وەک ئەوە وایە پێت بڵێت ئەوە نوێژ نییە بەتەنها مرۆڤ لەخودات نزیک دەکاتەوە بەڵکو  ئارامگرتنیشە ، و لەئایەتی تردا فەرموویەتی: (والله يحبُّ الصّابرين) آل عمران 146
واته: وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆش ئه‌وێ كه‌ ئارامگرن.
دوور نی یە بەئارام گرتن ئەی ئافرەت بگەیت بەپلەیەک کەبەنوێژ وعیبادەت بەدەستی نەهێنیت ، وڕەنگە دوای ئارام گرتنت بگەڕێیتەوە بۆ نوێژ بەخۆشەویستیەوە کەزیاتر دەرگای نزیک بوونەوەت لێ بکرێتەوە .

دڵتەنگ مەبە ..
گەر سووڕی مانگانە بووه ڕێگر لەنێوان تۆ و ڕاوەستانت لەبەردەم پەروەردگارتدا ، و ئەو ڕۆژەی کەخاتو عائیشە توشی حەیز بوو لەحەجدا ودەگێڕێتەوە ودەڵێت:  (دخل عليَّ رسول الله بِسَرِفَ وأنا أبكي، فقال: (ما لك أنَفِسْتِ). قلت: نعم، قال: (هذا أمر كتبه الله على بنات آدم) رواه البخاري وغيره. 
واتە: پێغەمبەر لەسەریف هات بۆ لام من دەگریام فەرمووی: (چیتە؟ كەوتیتە سوڕی مانگانەوە؟) وتم: بەڵێ‌، فەرمووی: (ئەوە كاری خوایە لەسەر كچانی ئادەمی بڕیارداوە .
ئەمە بڕیارێکی گشتگیرە وهەموو ئافرەتان یەکسانن تیایدا وكاری خودای کارزان وکاربەجێیه ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە عائیشە گێڕاویەتیەوە لەسوننەنی نەسائی دا هاتووە  " ما منِ امرئٍ تَكونُ لَهُ صلاةٌ بليلٍ يغلبُهُ عليْها نومٌ إلاَّ كتبَ لَهُ أجرُ صلاتِهِ وَكانَ نومُهُ عليْهِ صدقةً "
واتە : هیچ کەسێک نیە ڕاهاتبێت لەسەر شەو نوێژ و لەنیەتى دابوبێت بیکات بەڵام خەو بەسەریدا زاڵ بوبێت ئەوا خواى گەورە پاداشتى نوێژەکەى بۆ دەنوسێ و خەوەکەشى بۆ دەگێڕێ بە خێرو چاکە.
وەلەسەحیحی بوخاری دا هاتووە ئەبو موسا گێڕاویەتیەوە ودەڵێت پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رمویه‌تى : ( إذا مرض العبد أو سافر كتب الله تعالى له من الأجر مثل ما كان يعمل صحيحا مقيما).
 واته‌ : ئه‌گه‌ر به‌نده‌ى خوا نه‌خۆش كه‌وت یان سه‌فه‌رى كرد ئه‌وا خواى په‌روه‌ردگار پاداشتى بۆ ئه‌نوسێ به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌و كرده‌وانه‌ى كه‌ له‌كاتى له‌ش ساغى و پێش سه‌فه‌ركردنى ئه‌نجامى ئه‌دان. 
وەسوڕی مانگانە نەخۆشیەکە ڕێگری دەکات لە خاوەنەکەی لەکردنی ئەو شتانەی کەلەکاتی لەش ساغیدا دەیکات ، جا ئەگەر پێش حەیزەکە هەر نوێژ وعیبادەتێکی کردبێت ئەوا دوای کەوتنە حەیزیشەوە ئەو پاداشتەی بۆ دەنوسرێت.
وەئافرەتان جۆراو جۆرن لەمەدا بەگوێرەی ئیمانەکەیان ، هەندێکیان نوێژیان لەسەر قورسە وکاتێ دەکەونە حەیزەوە دڵخۆش دەبن لەبەر لاچوونی ئەو بارە لەسەر شانیان ، وهەندێکی تریان ودەڵێن ڕۆژانی پشوومان هات ، وەهەندێکی تریان لەم ڕۆژانەدا هەست بەدڵتەنگی وناڕەحەتی دەکەن هاوشێوەی ماسی کەلەئاو دەرهێنراوە. 

چ ڕێگایەک هەیە بۆ نزیک بوونەوە لەخودا لەم ڕۆژانەدا ؟
ئەم ڕۆژانە ڕۆژانی تاقی کردنەوە و دووریە و پێویستی بەجیهادێکی گەورەی دەروون هەیە ، و با هەوڵ بدەین بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ داڕێژین ، و بەعەزیمەت ونیەت پاکیەوە دەست پێ بکەین ، لەگەڵ ڕازی بوون وتەسلیم بوون ، و دواتر ئارام گرتن وسوپاس وستایشى خوا وسەرقاڵ کردنی دەروون بەجۆرەها تاعەت وعیبادەتەوە.
1- زۆر ئەنجامدانی کاری خێر کەهێنده زۆرن لەئەژمار کردن نایەن...
لەوانە: چاک بوون لەگەڵ دایک وباوک ، وسیلەی ڕەحم هەرچەند بەتەلەفۆنیش بێت ، وخێر وسەدەقە ، وبەجێ هێنانی پێویستی یەکتر ، ولابردنی خەم وخەفەت ، وقسەیەکی خێر وجوان ، وخورادن دان بەهەژار وبێ نەوا ، وبڵاو کردنەوەی عیلم وزانست...
2- چاوەڕێ کردنی ئەجر وپاداشت لەهەموو کردەوەیەکدا تەنانەت لەکردەوەکانی ماڵ ونوستنیشدا ، موعازی کوڕی جەبەل خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت : " إني لأحتسب في نومتي كما أحتسب في قومتي.
واتە: من لەنوستنەکەم دا چاوەڕێی پاداشتم هەروەک چۆن لەشەونوێژەکانم دا چاوەڕێی پاداشتم .

3- لەبەر کردنی ژمارەیەکی دیاری کراو لەفەرموودە یاخود گوێ گرتن لەدەرس یاخود خوێندنەوەی چەند کتێبێکی دیاری کراو ، دڵ پێویستی بەخۆراک هەیە تاوەکو نەخۆش نەکەوێت وئەو خۆراکەی کەبۆی باشە عیلم  وزانستە.
4- سەرقاڵ بوون بەزیکر ویادی خوداوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: (أَلاَ بِذِكْرِ اللّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ) (الرعد:28) . 
واته: وه‌ بزانن كه‌ ته‌نها به‌ زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ دڵه‌كان هێمن و ئارام و ئاسووده‌ ئه‌بێت.
وە پێغەمبەر فەرموویەتی: " أحب الأعمال إلى الله أن تموت ولسانك رطب من ذكر الله " , حسنه الألباني رقم: 165 في صحيح الجامع 
واتە: خۆشەویسترین کردەوە بەلای خوداوە ئەوەیە بمریت وزمانت تەڕ بێت بەزیکری خودا .
وەلەفەرموودەکەی عائیشەدا خوای لێ ڕازی بێت هاتووە ودەڵێت: " كَانَ النَّبِيُّ يَذْكُرُ اللَّهَ عَلَى كُلِّ أَحْيَانِهِ". رواه مسلم .
واتە: پێغەمبەر زیکر ویادی خودای دەکرد لەهەموو حاڵ وبارێکدا .

5- دوعا وپاڕانەوە ئەمەیان پێویستی بەدەست نوێژ وپاک بوون نی یە ، پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: " الدعاء هو العبادة " , صححه الألباني رقم: 3407 في صحيح الجامع .
واتە: دوعا خودی عیبادەت وپەرستشە .
وە دوعا لەسوننەتدا زۆر زۆرە ، لەوانە: دوعا کردن وپاڕانەوە بەناوەجوانەکانی خودا وسیفەتە بەرزەکانی وهێنانە بیری ماناکەی.
6- شەونوێژ کردن ، هەرکەسێک کاتێکی دیاری کراو هەبێت وپارێزگاری لێ بکات ، کەسانی هەوڵدەر عەزیەت دەکێشن و شەونوێژ دەکەن ولەشەونوێژدا ئیسراحەت دەکەن ،بۆیە هەوڵدە شەونوێژ بکە گەر ماوەیەکی کەمیش بێت بەڵکو خودا لەوانەت ئەژمار بکات کەلەبەرەبەیاندا داوای لێ خۆش بوون دەکەن لەخودا.
لەفەرموودەکەی ئەبو ئومامەدا خوای لێ ڕاز بێت هاتووە ودەڵێت: عەمری کوڕی عەبسە خوای لێ ڕازی بێت بۆی گێڕامەوە کەگوێی لەپێغەمبەر بوو دەیفەرموو : (أَقْرَبُ مَا يَكُونُ الرّبّ مِنَ العَبْدِ في جَوْفِ اللّيْلِ الآخِرِ ، فإِنْ اسْتَطَعْتَ أَنْ تَكُونَ مِمّنْ يَذْكُرُ الله في تِلْكَ السّاعَةِ فَكُنْ ).رواه الترمذي والنسائي.. 
واتە: نزیکترین کات کە پەروەردگار لە بەندەکەیەوە نزیکە ناوەڕاستی کۆتایی شەوە، ئەگەر توانیت لەو کەسانە بیت کە لەو کاتانەدا زیکری خودا دەکەن ئەوا ببە.
بۆیە هەرکەسێک توانای هەیە لەو سەعاتەدا زیکری خودا بکات بابیکات وکەمتەرخەم نەبێت ، جا دەست نوێژی هەبێت یاخود نا وپاک بێت یاخود لەحەیزدا بێت ؛ چونکە زیکر مەرج نییە بەدەست نوێژ وپاکیەوە بکرێت ، هەرچەند باشتر وایه دەست نوێژی هەبێت وبەتەواوی پاک بێت . 
7- قورئان خوێندن و زۆر گوێگرتن لەقورئان ودەکرێ لەو ماوەیەدا خەتمی قورئان بکات بە خوێندن یان بەگوێگرتن لێی ، جا گەر لەحەیزدایت خۆت بێ بەش مەکە لەقورئان ، و دەتوانیت بیخوێنیت بەڵام بە بێ ئەوەى دەست بدەى لە موصحەفەکە.
8- لەخشتەیەکی بچووک ئەو کارانەت بنووسە کەلەماوەی حەیزدا ئەنجامت داون لەهەموو مانگێکدا ، بۆ نموونە فڵانە کتێبم خوێندەوە و ئەوەى ترم لەبەر کرد ..لەم ڕێگەیەوە دەتوانی پارێزگاری لەکاتەکانت بکەیت ومەعنەویاتت بەرز بکەیتەوە وچاودێری کردەوەکانت بکەیت   .
ئایا دروستە ئافرەت لەکاتى سوڕی مانگانەدا قورئان بخوێنێت ؟
زانایان جیاوازن لەم بابەتەدا :
جمهوری زانایان پێیان وایە حەڕامە ئافرەت لەو ماوەیەی کەلەسوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت تاوەکو پاک دەبێتەوە ، تەنها مەگەر بەنیەتی زیکر ودوعا بیخوێنێت ، وەک ئەوەی بڵێت : بسم الله الرحمن الرحيم ، إنا لله وإنا إليه راجعون ، ربنا آتنا في الدنيا حسنة … هتد . کەلەقورئاندا هاتووە وبۆ زیکر ودوعایە .
بەڵگەشیان چەند شتێەکە ، لەوانە :
1- وەک ئەو کەسە وایە کەلەشی گرانە چونکە هەردوو لا پێویستە لەسەریان خۆیان بشۆن ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە کە عەلی کوڕی ئەبو تالیب گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا ﷺ فێری قورئان خوێندنی دەکردن ، وهیچ شتێک ڕێگری لێ نەدەکرد لەقورئان خوێندن جگە لەلەش گرانی " رواه أبو داود (1/281) والترمذي (146) والنسائي (1/144) وابن ماجه (1/207) وأحمد (1/84) ابن خزيمة (1/104) قال الترمذي : حديث حسن صحيح ،
وە الحافظ ابن حجر دەڵێت : والحق أنه من قبيل الحسن يصلح للحجة .
واتە : بۆچوونی دروست ئەوەیە ئەم فەرموودەیە حەسەن و دەگونجێ بکرێتە بەڵگە .
2- وەلەپێغەمبەرەوە ﷺ گێڕدراوەتەوە کە ابن عمر رضي الله عنهما دەڵێت پێغەمبەر ﷺ فەرمووی : " لا تقرأ الحائض ولا الجنب شيئاً من القرآن "واتە : کەسی لەش گران وئەو ئافرەتەی لەسوڕی مانگانەدایە قورئان ناخوێنن .
رواه الترمذي (131) وابن ماجه (595) والدارقطني (1/117) والبيهقي (1/89) وهو حديث ضعيف لأنه من رواية إسماعيل بن عياش عن الحجازيين وروايته عنهم ضعيفة ، قال شيخ الإسلام ابن تيمية (21/460) : وهو حديث ضعيف باتفاق أهل المعرفة بالحديث أ.هـ . وينظر : نصب الراية 1/195 والتلخيص الحبير 1/183 .
بەڵام ئەم فەرمودەیە لاوازە و کارى پێ ناکرێ .

بەڵام هەندێ لەزانایان پێیان وایە دروستە بۆ ئەو ئافرەتەی کەلە سوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت ، ئەوەش مەزهەبی ئیمامی مالیك ، وڕیوایەتێکە لە ئیمام ئەحمەدەوە و شيخ الإسلام ابن تيمية ئەمەی هەڵبژاردووە و ئیمامی الشوكاني ئەمەی بە دروست تر داناوە ، جا چەند شتێکیان کردووە بەبەڵگە ، لەوانە :
یەکەم : ئەسڵ وایە دروستە مەگەر بەڵگەیەک ببێتە ڕێگر ، حەتمەن هیچ بەڵگەیەکیش نی یە لەوەی کەڕێگری بکات ئەو ئافرەتەی لەسوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت ، وە شيخ الإسلام ابن تيمية دەڵێت : هیچ بەڵگەیەکی سەحیح نی یە ڕێگری بکات ئەو ئافرەتەی لەسوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت ، وەهەروەها دەڵێت : مەعلومە کەلەسەردەمی پێغەمبەری خوادا ﷺ ئافرەتان دەکەوتەنە سوڕی مانگانەوە ، وڕێگریان لێ نەدەکرا لەقورئان خوێندن ، هەروەک چۆن ڕێگریان لێ نەدەکرا لەزیکر ودوعا .
دووەم : خوای پەروەردگار فەرمانی کردووە بەقورئان خوێندن ، وەوەسفی ئەو کەسانەی کردووە کەقورئان دەخوێنن وپاداشتی گەورەی بۆ داناون ، بۆیە ڕێگری لەو خێرە گەورەیە ناکرێت تەنها کاتێ نەبێت بەڵگەیەک هەبێت ڕێگری لێ بکات ، وهیچ بەڵگەیەکیش نی یە ڕێگری بکات لەو ئافرەتانەی کەلەسوڕی مانگانەدان قورئان بخوێنن هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا .
سێیەم :  قیاس کردنی کەسێک لەسوڕی مانگانەدا بێت لەگەڵ ئەو کەسەدا کەلەشی گرانە لەڕێگری کردن لەقورئان خوێندن قیاسێکی دروست نی یە وجودایە ؛ چونکە کەسی لەش گران دەتوانێت ئەو لەش گرانیە لەسەر خۆی لا ببات بەپێچەوانەی ئافرەت کەلەسوڕی مانگانەدا بێت ناتوانێت سوڕی مانگانە لەسەر خۆی لاببات ، وهەروەها زۆر جار سوڕی مانگانە درێژە دەخایەنێت ، بەپێچەوانەی لەش گرانی کەفەرمانی لەکاتی هاتنی نوێژدا خۆی بشوات .
چوارەم : ڕێگری کرن لەو ئافرەتە کەلەسوڕی مانگانەدایە دەبێتە ڕێگری کردن لێی لە خێرێکی گەورە ، وڕەنگە ببێتە هۆی لەبیر چوونەوەی بەشێک لەقورئان یاخود پێویستی بەفێر بوون وفێر کردنی قورئان بێت .
جا لێرەوە بۆمان دەرکەوت کەبەڵگەی ئەو کەسانە بەهێزە کەپێیان وایە دروستە ئەو ئافرەتەی کەلەسوڕی مانگانەدا قورئان بخۆێنێت ، بەڵام گەر وەک ئیحتیات تەنها کاتێ قورئان بخوێنێت کەترسی لەبیر چوونەوەی هەبێت ئەوا باشترە ، والله ٲعلم .
وەئەوەی پێویسته ئاماژەی پێ بدەین لەم بارەیەوە ئەوەیە ئەوەی باسمان لێوە کرد تایبەت بوو بەخوێندنی قورئان لەبەر ، بەڵام بەنیسبەت قورئان خوێندن لەسەر قورئان ئەوا هەر ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدا بوو و ویستی قورئان لەسەر قورئان بخوێنێت ئەوا دەست دەدات لەقورئانەکە بەشتێک وەک پارچە پەڕۆیەکی پاک یاخود دەس کێش لەدەست دەکات ، وە بەقەڵەمێک ویاخود دارێک لاپەڕەکانی هەڵ دەداتەوە ، وەبەرگەکەشی کەنوساوە بەقورئانەکەوە هەمان حوکمی هەیە لەدەست دان لەقورئان ، واتە : دروست نی یە دەستی لێ بدرێت ، والله تعالى أعلم 

سەردان: ١,٥٢٧