بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ١٥٣٥ کۆی سەردان: ٦٨٢٨٥٥
پرسیار لەوێنەدا
ئایا لێخۆشبونى خواى گەورە لە شەوى پانزەى شەعبان چ کەسێک ناگرێتەوە؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە فەزڵى شەوى نیوەى شەعبان فەرموویەتى:
((ينزل ربنا تبارك وتعالى إلى سماء الدنيا ليلة النصف من الشعبان فيغفر لأهل إلا مشرك أو مشاحن)) (صححه الألباني في ظلال الجنة في تخريج السنة: 510)
واتە: خواى پەروەردگارمان لە شەوى نیوەى شەعبان دائەبەزێ بۆ ئاسمانى دونیا ـ دابەزینێك كە شایستەى زاتى موبارەكى بێ، ناشبێ بووترێت قودرەتێتى دادەبەزێت نەك خۆى ـ و لە گوناهى هەموو كەسێك خۆش دەبێت جگە لە كەسانێك نەبێت كە هاوەڵ بۆ خوا بڕیار دەدەن، یان كە سانێك (مشاحن) بن، (مشاحن) یش، واتە: كەسانێك ڕقەبەریان لە نێواندا هەبێ، یان هەر وەكو (أوزاعي) فەرموویەتى: مەبەست لێرەدا كەسانێكە خاوەن بیدعە بن و لە كۆمەڵى موسڵمان دەرچوو بێت (واتە: شوێنكەوتەى (سلف) و سەلەفى نین لە بیروباوەڕ و بانگەواز و كردەوەدا، و لە كۆمەڵى ئەهلى سوننەت و جەماعەت یان (أهل الحديث) دەرچو بێت).
جا موسڵمانى بەڕێز : بۆ ئەوەى بەر ئەم لێخۆشبوونەى خواى گەورە بکەوی بیروباوەڕت پاک بکەرەوە لە شیرک و هاوەڵ بڕیاردان بۆ خواى گەورە و خۆت بە دوور بگرە لە بیدعەو داهێنراوەکان و پەیوەست بە بە سوننەتى پاکى پێغەمبەرى خواوە صلى الله عليه وسلم وە دڵیش لە ڕق وکینە پاک بکەرەوە بە رامبەر بە موسڵمانان و هەرکەسێکت لە خۆت عاجز کردوە ئاشتى بکەرەوە و داواى گەردن ئازایی لێ بکە لەبەر ڕەزامەندی خواى گەورە .
پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم سەبارەت بە ئیمانداران فەرمویەتى :
((مَثَلُ الْمُؤْمِنِينَ فِي تَوَادِّهِمْ وَتَرَاحُمِهِمْ وَتَعَاطُفِهِمْ مَثَلُ الْجَسَدِ إِذَا اشْتَكَى مِنْهُ عُضْوٌ تَدَاعَى لَهُ سَائِرُ الْجَسَدِ بِالسَّهَرِ وَالْحُمَّى))
واتە : نموونەی ئیمانداران لە دۆستایەتی و بە بەزەیی بوون و خۆشەویستیان بۆ یەكتر وەك نموونەی لاشەیەك وایە ، ئەگەر ئەندامێكی ئێش و ئازاری هەبێت ئەوا هەموو ئەو لاشەیە لە پێناویدا بێ‌ خەو دەبێت و تا دەیگرێت .
جا لە خۆت بپرسە ئایا تۆ بۆ برا ئیماندارەکەت بەم شێوەیەیى؟
وە لە فەرموودەیەكی قودسیدا خوای پەروەردگار فەرموویەتی :
من خۆشەویستی خۆمم جێگیر كردووە بۆ ئەمانە :
ـ الْمُتَحَابِّينَ فِيَّ : ئەوانەی كە لە بەر من یەكتریان خۆشدەوێت .
ـ الْمُتَوَاصِلِينَ فِيَّ : ئەوانەی كە لە بەر من پەیوەندی خزمایەتی بەجێ‌ دەگەیەنن .
ـ الْمُتَنَاصِحِينَ فِيَّ : ئەوانەی كە ئامــۆژگـاری یەكتر دەكەن لە بەر من.
ـ الْمُتَزَاوِرِينَ فِيَّ : ئەوانەی كە لە بـەر من سـەردانی یەكتر دەكەن .
ـ الْمُتَبَاذِلِينَ فِيَّ : ئەوانەی كە لە بەر من خۆیان و ماڵیان دەبەخشن .
دەى با ئێمە لەم کەسانە بین کە یەکترمان خۆش بوێ و سەردانى یەکتر بکەین و ئامۆژگارى یەکتر بکەین لەبەر ڕەزامەندی خواى گەورە و ڕق وکینە لە دڵ دەربکەین و پشت لەیەکتر نەکەین چونکە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى : (ولا تباغضوا) واتە : ڕق و قینتان لە یەكتر نەبێت
ابن عبد البر فەرمویەتى :
لەم فەرموودەیەدا ئەوە تێدەگەین كەوا ڕقەبەرایەتی حەڵاڵ نییە بەرامبەر بە یەكتر چونكە ڕق و قین لە یەكتر بوون تێكدەری دینە و ئایین دادەتاشێت ، لەبەر ئەمە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانی كردووە بە دۆستایەتی و خۆشەویستی یەكتر تا ئەو ڕادەیەی كە فەرموویەتی : دیاری بدەن بە یەكتر بۆ ئەوەی ببن بە خۆشەویستی یەكتر .
وە ئەبێت ئەوەش بزانین کە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) قەدەغەی كردووە موسڵمان قسە لە گەڵ موسڵماندا نەكات و پشتی لێ‌ هەڵبكات زیاتر لە سێ‌ ڕۆژ .
دواى ئەو سێ ڕۆژە دەبێت ئاشت ببیتەوە و سەلامى لێ بکەیت و دەست بخەیتە نێو دەستى و دڵت پاک بکەیتەوە ، و بەم کارانەت تاوانەکانیشت هەڵدەوەرێن هەروەکو پێغەمبەرى خواى صلى الله عليه وسلم فەرمویەتى :
((إِنَّ الْمُسلِمَ إِذَا صَافَحَ أَخَاهُ تَحَاتَتْ خَطَايَاهُمَا كَمَا يَتَحَاتُّ وَرَقُ الشَّجَرِ))
واتە : ئەگەر موسڵمان دەستی خستە ناو دەستی برای موسڵمـانی و تەوقەی لە گەڵدا كرد ئەوا تاوانەكانیان دەوەرێت وەكو چۆن گەڵای دار دەوەرێت .
داواکارین لە خواى گەورە دڵەکانمان لە ڕق و کینە و حەسودی و هەموو خراپەیەک پاک بکاتەوە و بمانکات بە براى دڵسۆزى یەکتر ، و لە هەڵە و تاوانەکانمان خۆش بێت .

ستافى وەڵامەکان

 



سەردان: ٣٣٨٣ بەش: هەمەجۆر

لە چ تەمەنێکەوە منداڵەکەم فێرى دین بکەم؟پرسیارێکى گرنگ بۆ ئەو کەسانەى کە ڕاودەکەن و ڕاوچین پێویستە ئاگادارى ئەم حاڵەتە بن لە کاتی ڕاودا