بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ٢١٧٨ کۆی سەردان: ١٣٣٥٠٤٩
پرسیار لەوێنەدا
چۆنێتى قەزا كردنەوەی ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان؟

چۆنێتى قەزا کردنەوەى ڕۆژووى ڕەمەزان
ئەو کەسانە کێن کە تەنها قەزا کردنەوەیان لەسەرە؟
هه‌ر كه‌سێك ڕۆژێك له‌مانگی ڕه‌مه‌زان به‌بێ عوزر به‌ڕۆژوو نه‌بووبێت حوکمى چیە؟
دروستە قەزا کردنەوەى ڕۆژوو دوابخرێت؟
بۆچی سوننەتە پەلە بکرێت لە قەزا کردنەوەى ڕۆژوو؟
قەزاکردنەوەى ڕۆژوو لە برى مردوو دروستە؟
 قه‌زاكردنه‌وه‌ى ڕۆژووى ڕه‌مه‌زان له‌ پێشتره‌ لە  ڕۆژوى سوننه‌ت؟

قەزا كردنەوەی ڕۆژوو
قەزاكردنەوەی مانگی ڕەمەزان:
بریتییه‌ له‌ گرتنه‌وه‌ی ڕۆژووی ئه‌و ڕۆژانه‌ی ڕه‌مه‌زان كه‌ نه‌گیـراون به‌ هۆی ئه‌و بیانووه‌ شه‌رعیانه‌وه‌ كه‌ شه‌رع قه‌زاكردنه‌وه‌ی بۆ داناون .
جا ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ هۆی ئه‌و بیانووه‌ شه‌رعیانه‌وه‌ ڕۆژووی نه‌گرتبێ، ئه‌وه‌ واجبه‌ له‌سه‌ری له‌ دوای مانگی ڕه‌مه‌زان قه‌زایان بكاته‌وه‌(1).
به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ خودا فه‌رمانی پێكردووه‌ :[ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ] البقرة: ١٨٥.
واته‌: «ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆش بوو، یان له‌سه‌رفه‌دا بوو، ئه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژی نه‌گرتووه‌ له‌ ڕۆژه‌كانی دوای ڕه‌مه‌زان با بیگرێته‌وه‌».
ئەوانەی كە قەزاكردنەوەیان لەسەرە چوار كۆمەڵن
یه‌كه‌م: نه‌خۆشێك كه‌ ئومێدی چاكبوونه‌وه‌ی هه‌بێ.
دووه‌م: گه‌شتیار« موسافیر».
سێیه‌م: ئافره‌تێك له‌ بێنوێژیدا بێ.
چواره‌م: ئافره‌تێك له‌ زه‌یستانیدا بێ.
قه‌زا كردنه‌وه‌ی ڕۆژوو به‌م شێوه‌یه‌یی لای خواره‌وه‌یه‌ :
جۆری یه‌كه‌م :
هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ڕۆژوو نه‌بوون له‌ڕه‌مه‌زاندا ، پێویسته‌ له‌سه‌ریان ئه‌وه‌نده‌ ڕۆژه‌ بگرنه‌وه‌ كه‌نه‌یان گرتووه‌ ؛به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ : [فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ]
واته‌ :با له‌ڕۆژانی تردا بیگرێته‌وه‌ وقه‌زای بكاته‌وه‌ .
جا ئه‌گه‌ر هه‌موو مانگی ڕه‌مه‌زانی نه‌گرتبوو ئه‌وا پێویسته‌ هه‌موو مانگه‌كه‌ بگرێته‌وه‌ ، وه‌هه‌روه‌ها گه‌رمانگه‌كه‌ سی ڕۆژ بوو ئه‌وا پێویسته‌ سی ڕۆژ بگرێته‌وه‌ وبه‌هه‌مان شێوه‌ گه‌رمانگه‌كه‌ بیست ونۆ ڕۆژ بوو ئه‌وا ته‌نها پێویسته‌ بیست ونۆ ڕۆژ بگرێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌مانگی ڕه‌مه‌زانی نه‌گرتبوو ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌تیایدا به‌ڕۆژوو نه‌بووه‌ (2).
جۆری دووه‌م :
هه‌ر كه‌سێك ڕۆژێك یاخود زیاتر له‌مانگی ڕه‌مه‌زان به‌بێ عوزر به‌ڕۆژوو نه‌بووبێت ، ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ری ته‌وبه‌ بكات ، وداوای لێ خۆش بوون بكات ؛ چونكه‌ به‌ئه‌نقه‌ست به‌ڕۆژوو نه‌بوون تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ وه‌هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ ڕۆژیش به‌ڕۆژوو بێت كه‌نه‌یگرتووه‌ ، جا له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێ یه‌كسه‌ر قه‌زای بكاته‌وه‌ ونابێ دوای بخات له‌سه‌ر بۆچوونی دروستی زانایان ؛ چونكه‌ ئه‌و به‌بێ عوزر به‌ڕۆژوو نه‌بووه‌ ، وئه‌سڵیش وایه‌ له‌كاتی خۆیدا به‌ڕۆژوو بێت (3)؛ به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌یی كه‌ ئه‌بو هوڕه‌یره‌ له‌به‌سه‌ر هاتی ئه‌و كه‌سه‌دا گێڕاویه‌تیه‌وه‌ كه‌له‌گه‌ڵ خێزانیدا جیماعی كرد و تیایدا هاتووه‌ : ((... وصم يوماً [أي مكانه] واستغفر الله(4) ..)
واته‌ :ڕۆژێك له‌بری ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ڕۆژوو به‌ وداوای لێخۆش بوون له‌خودا بكه‌ .
جا ئه‌گه‌ر ڕۆژوو شكاندنه‌كه‌ به‌هۆی جیماع كردنه‌وه‌وه‌ بێت له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا ، ئه‌وا پێویسته ته‌وبه‌ بكات وداوای لێخۆش بوون بكات وئه‌و ڕۆژه‌ بگرێته‌وه‌ وكه‌فاره‌تیش بدات ، هه‌روه‌ك له‌كه‌فاره‌تی جیماع كردن له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا ئاماژه‌مان پێ دا(5) .
جۆری سێیه‌م :
دروسته‌ له‌قه‌زاكردنه‌وه‌ی ڕه‌مه‌زاندا نێوان بخرێته‌ نێوان ڕۆژه‌كانه‌وه‌ واته‌ : هه‌ر جاره‌ی ڕۆژێك یاخود زیاتر بگرێت تا ته‌واوده‌بێت ؛چونكه‌ ئایه‌ته‌كه‌ ده‌فه‌رمووێت : ( فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ )سورة البقرة، الآية: 185.
واته‌ :با له‌ڕۆژانی تردا بیگرێته‌وه‌ وقه‌زای بكاته‌وه‌ .
جا لێره‌دا گرتنه‌وه‌ی ڕۆژوو به‌موتڵه‌قی هاتووه‌ بۆیه‌ ده‌توانرێت ڕۆژه‌ ڕۆژه‌ ڕۆژووه‌كه‌ بگیردرێته‌وه‌ (6)، به‌ڵام سوننه‌ته‌ به‌دوای یه‌كدا بیگردرێته‌وه‌ .

 سوننەتە قەزاکردنەوەى ڕۆژوو بەدواى یەکدا بگیردرێتەوە و دوانەخرێت لەبەر ئەم خاڵانەى خوارەوە
یه‌كه‌م : به‌دوای یه‌كدا به‌ڕۆژوو بوون ده‌شوبێ به‌ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان .
دووه‌م : زووتر ئه‌و قه‌رزه‌ت له‌سه‌ر نامێنێت وئه‌و باره‌ت له‌سه‌ر شان لا ده‌چێت .
سێیه‌م : وباشتر وئیحتیات تره‌ ؛ چونكه‌ مرۆڤ نازانێ چی به‌سه‌ر دێ ، ڕه‌نگه‌ ئه‌مڕۆ له‌ش ساغ بێت به‌ڵام سبه‌ی نه‌خۆش بكه‌وێت ، ڕه‌نگه‌ ئه‌مڕۆ له‌ژیاندا بێت به‌ڵام سبه‌ی بمرێت ؛ هه‌ر بۆیه‌ باشتره‌ ڕۆژووه‌كه‌ به‌دوای یه‌كدا بگیرێت (7)
جۆری چواره‌م:
قه‌زا كردنه‌وه‌ی ڕۆژوو یه‌كسه‌ر ده‌بێ قه‌زا بكرێته‌وه‌ به‌ڵام واجب نی یه‌ ، به‌ڵكو باشتر وایه‌ زوو بیگیردرێته‌وه‌ ، چونكه‌ هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا ڕه‌نگه‌ ڕێگرێك بێته‌ ڕێی ونه‌توانێ ڕۆژووه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌ (8)؛ جا بۆیه‌ باش وایه‌ ڕۆژوو زوو قه‌زا بكرێته‌وه‌ وبه‌دوای یه‌كدا قه‌زا بكرێته‌وه‌ به‌ڵام واجب نی یه‌.

جۆری پێنجه‌م :
دروسته‌ قه‌زاكردنه‌وه‌ی ڕه‌مه‌زان دوا بخرێت تاوه‌كو مانگی شه‌عبان كه‌مانگێك پێش ڕه‌مه‌زان ده‌كات ، به‌ڵام ده‌بێ نییه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێ ده‌یگرێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوای بخات و نییه‌تی جدی نه‌بێ له‌گرتنه‌وه‌ی ، ئه‌وا تۆمه‌ت بار ده‌بێت له‌سه‌ر بۆجوونی ڕاستی زانایان و ئوسوڵیه‌كان (9).
عائشة رضي الله عنها ، ده‌ڵێت : ((كان يكون عليَّ الصوم من رمضان فما أستطيع أن أقضيه إلا في شعبان)).
واته‌ :من ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان قه‌رزدار ده‌بووم ونه‌م ده‌توانی قه‌زای بكه‌مه‌وه‌ تاوه‌كو مانگی شه‌عبان .
یحیی ده‌ڵێت : له‌به‌ر خه‌ریك بوونی به‌پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صلى الله عليه وسلم نه‌یتونیوه‌ ، وه‌له‌گێڕانه‌وه‌ی ئیمام مسلم دا هاتووه‌ : ((إن كانت إحدانا لتفطر في زمان رسول الله ـ صلى الله عليه وسلم ـ فما تقدر علي أن تقضيه مع رسول الله ـ صلى الله عليه وسلم ـ حتى يأتي شعبان (10).
واته‌ :یه‌كێك له‌ئێمه‌ له‌زه‌مانی پێغه‌مبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ ڕه‌مه‌زاندا به‌ڕۆژو نه‌ده‌بوو ، ونه‌یده‌توانی بیگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم دا تاوه‌كو مانگی شه‌عبان ده‌هات .
جۆری شه‌شه‌م :
دروست نی یه‌ به‌بێ عوزر قه‌زاكردنه‌وه‌ی ڕه‌مه‌زان دوا بخرێت بۆ ڕه‌مه‌زانی داهاتوو ، وه‌ئه‌وه‌ش بۆچوونی چوار پێشه‌واكه‌یه‌ وه‌هه‌روه‌ها بۆچوونی جمهوری زانایانی سه‌له‌ف وخه‌له‌فه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌پێیان وایه‌ :
واجب نی یه‌ یه‌كسه‌ر دوای ڕه‌مه‌زان ڕۆژوو قه‌زا بكرێته‌وه‌ ، وه‌مه‌رج نی یه‌ یه‌كسه‌ر قه‌زا بكرێته‌وه‌ له‌دوای ڕه‌مه‌زان (11)؛ به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌یی عائشه‌ رضي الله عنها، كه‌ ده‌ڵێت : (كان يكون عليَّ الصوم من رمضان فما أستطيع أن أقضيه إلا في شعبان) (12).
واته‌ :من ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان قه‌رزدار ده‌بووم ونه‌م ده‌توانی قه‌زای بكه‌مه‌وه‌ تاوه‌كو مانگی شه‌عبان .
جا هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێ دا دروست نی یه‌ به‌بێ عۆزر قه‌زاكردنه‌وه‌ی ڕه‌مه‌زان دوا بخرێت بۆ ڕه‌مه‌زانی داهاتوو ؛ چونكه‌ عائشه‌ رضي الله عنها، دوای نه‌خستووه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ ، خۆ ئه‌گر بكرایه‌ دوای ده‌خست ؛ وه‌هه‌روها چونكه‌ ڕۆژوو عیباده‌تێكه‌ دوو باره‌ ده‌بێته‌وه‌ بۆیه‌ نابێ یه‌كێكیان دوا بخرێت بۆ كاتی دووه‌م هه‌روه‌ك نوێژه‌ فه‌رزه‌كان دروست نی یه‌ دوا بخرێن بۆكاتی نوێژی دوای خۆی (13)، جا ئه‌گه‌ر دوای خست بۆ ڕه‌مه‌زانی دواتر ئه‌وا پێویسته‌ ڕۆژووه‌كه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌ ، وبۆ هه‌رڕۆژێك خواردنی هه‌ژارێك بدات ، هه‌روه‌ك له‌ ابن عباس (14) هاتووه‌
جا ئه‌گه‌ر قه‌زا كردنه‌وه‌كه‌ی دوا خست بۆ ڕه‌مه‌زانێكی تر به‌بێ عوزر تاوه‌كو دوو ڕه‌مه‌زانی یاخود زیاتری به‌سه‌ردا هات ئه‌وا زیاد له‌قه‌زا كردنه‌وه‌ وگرتنی ڕۆژووه‌كه‌ی له‌سه‌ر واجب نابێت ؛ چونكه‌ تاخیر كردن واناكات واجب زیاد بكات ، هه‌روه‌ك چۆن حه‌ج چه‌ند ساڵێك دوا بخات زیاد له‌كرداره‌كانی حه‌جی له‌سه‌ر پێویست نی یه‌ (15).
جۆری حه‌وته‌م :دواخستنی قه‌زا كردنه‌وه‌ی ڕۆژوو بۆ ڕه‌مه‌زانی داوتر به‌هۆی عوزره‌وه‌ :
له‌م حاڵه‌ته‌دا هیچ شتێكی له‌سه‌ر نی یه‌ جگه‌ له‌قه‌زا كردنه‌وه‌ ، العلامة ابن مفلح رحمه الله ده‌ڵێت :((ومن دام عذره بين الرمضانين فلم يقضِ ثم زال صام الشهر الذي أدركه ثم قضي ما فاته و لا يُطعم،نصَّ عليه) (16)
واته‌ : هه‌ركه‌سێك عوزره‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو له‌نێوان دوو ڕه‌مه‌زاندا وڕۆژووه‌كه‌ی قه‌زا نه‌كرده‌وه‌ پاشان عۆزه‌كه‌ی لاچوو ونه‌ما وئه‌و مانگه‌ی گرته‌وه‌ كه‌به‌سه‌ریدا هاتووه‌ پاشان ئه‌و ڕۆژووه‌ی كه‌له‌ده‌ستی چوبوو قه‌زای كرده‌وه‌ ئه‌وا هیچی له‌سه‌ر نی یه‌ ، واته‌ : له‌گه‌ڵ گرتنه‌وه‌ی ڕۆژووه‌كه‌دا پێویست نی یه‌ له‌سه‌ری خواردنی هه‌ژارێك بدات بۆ هه‌رڕۆژێك كه‌له‌ده‌ستی چووه‌ .
وه‌هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك له‌ڕه‌مه‌زاندا به‌ڕۆژوو نه‌بێت پاشان هه‌ر نه‌توانێت بیگرێته‌وه‌ تاوه‌كو ده‌مرت ئه‌وا له‌و حاڵه‌ته‌دا ڕۆژووی له‌سه‌ر نی یه‌ وبۆی قه‌زا ناكرێته‌وه‌ وه‌هه‌روه‌ها خواردنیشی له‌بری نادرێت (17).
وه‌ ابن قدامه‌ رحمه‌ الله ده‌ڵێت : ((من مات وعليه صيام من رمضان قبل إمكان الصيام: إما لضيق الوقت، أو لعذرٍ من: مرضٍ، أو سفرٍ، أو عجزٍ عن الصوم فلا شيء عليه في قول أكثر أهل العلم ...[لأنه] حق لله وجب بالشرع فمات من يجب عليه قبل إمكان فعله فسقط إلي غير بدلٍ كالحج.(18)
واته‌ :هه‌ر كه‌سێك بمرێت وه‌ڕۆژووی ڕه‌مه‌زانی له‌سه‌ر بێت پێش ئه‌وه‌ی قه‌زای بكاته‌وه‌ جا یان له‌به‌ر كه‌می كات یاخود له‌به‌ر نه‌خۆشی ، یاخود سه‌فه‌ر ، یاخود نه‌توانین ، ئه‌وا هیچی له‌سه‌ر نی یه‌ له‌سه‌ر بۆچوونی زۆربه‌ی زانایان ؛ چونكه‌ مافی خودا به‌شه‌رع واجب بووه‌ ، وه‌ئه‌و كه‌سه‌ش مردووه‌ كه‌ڕۆژووه‌كه‌ی له‌سه‌ر واجب بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی بۆی بگونجێ بیگرێته‌وه‌ له‌و كاته‌ ڕۆژووه‌كه‌ی له‌سه‌ری نامێنێت و فیدیه‌شی له‌سه‌ر واجب نابێت وه‌ك حه‌ج .

جۆرى هه‌شته‌م : قه‌زاكردنه‌وه‌ى ڕۆژوو بۆ مردوو
زانایان كۆڕان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك مرد و نوێژی له‌ ده‌ست چوویی له‌ سه‌ر بوو وه‌لییه‌كه‌ی ( كه‌سوكاری ) له‌ جیاتی قه‌زای ناكاته‌وه‌ ، نه‌خۆی و نه‌ جگه‌ له‌ ویش ، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌س توانای ڕۆژووی نه‌بێ كه‌س ڕۆژوو ناگرێت له‌ جیاتیدا تا له‌ ژیاندا ما بێ به‌ڵكو به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر ڕۆژێك نانی هه‌ژارێك ده‌دات .
به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی بمرێت و ڕۆژووی نه‌زری له‌ سه‌ر بێ وه‌لییه‌كه‌ی له‌ جیاتی ڕۆژوو ده‌گرێت ، له‌ به‌ر ئه‌و فه‌رموه‌ده‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ر ـ صلى الله عليه وسلم ـ كه‌ تێیدا فه‌رموویه‌تی : " مَنْ مَاتَ وَعَلَيْهِ صَوْمٌ صَامَ عَنْهُ وَلِيُّهُ "(19).
واته‌ : هه‌ر كه‌سی مرد و ڕۆژووی له‌ سه‌ر بوو وه‌لییه‌كه‌ی له‌جیاتی ڕۆژوو ده‌گرێت .
وه‌ له‌ ( ابن عباس ) ه‌وه‌ ـ ڕه‌زای خوا له‌ خۆی و باوكیشی بێت ـ فه‌رموویه‌تی : " جَاءَ رَجُلٌ إِلى النَّبيِّ ـ صلى الله عليه وسلم ـ فَقَالَ : يَا رَسُولَ اللهِ إِنَّ أُمْي مَاتَتْ وَعَلَيْهَا صَوْمُ شَهْرٍ فَأَقْضِيِهِ عَنْهَا ؟ قَالَ : نَعَمْ ، فَدَيْنُ اللهِ أَحَقُّ أَنْ يُقْضَى "(20).
واته‌ : پیاوێك هاته‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ و فه‌رمووی : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ، دایكم مردووه‌ و ڕۆژووی مانگێكی له‌ سه‌ره‌ ، ئایا له‌ جیاتی قه‌زای بكه‌مه‌وه‌ ؟ فه‌رمووی : به‌ڵێ قه‌رزی خوا له‌ پێشتره‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌زا بكرێته‌وه‌ .
ئه‌م فه‌رمووده‌ گشتیانه‌ ئاشكران له‌وه‌ی كه‌ ڕۆژوو گرتنی وه‌لی ( كه‌سوكار ) له‌ جیاتی مردوو ڕێى پێ دراوه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ووته‌ی هه‌ندێكه‌ له‌ شافعى مه‌زهه‌به‌كان ، و بۆچوونی ( ابن حزم ) ه‌ : ( 7 / 2 ، 8 ) .
به‌ڵام ئه‌م فه‌رموودانه‌ له‌و فه‌رمووده‌ گشتىیانه‌ن كه‌ تایبه‌ت كراون ، كه‌واته‌ : هێچ وه‌لى یه‌ك ڕۆژوو ناگرێت له‌ جیاتی مردوو جگه‌ له‌ ڕۆژووی (نەزر) نه‌بێ ئه‌مه‌ش ووته‌ی پێشه‌وا ( أحمد ) ه‌ هه‌ر وه‌كو چۆن له‌ ( مسائل الإمام أحمد ) دا هاتووه‌ له‌ ڕیوایه‌تی ( أبو داود ) : ( ص 96 ) : فه‌رموویه‌تی : (بیستم ( أحمد بن حنبل ) فه‌رمووی : ڕۆژوو ناگیرێت له‌ جیاتی مردوو جگه‌ له‌ ڕۆژووی نه‌زر ( صوم النذر ) نه‌بێ ، ئیمامی ( أبو داود ) ده‌ڵێ ووتم به‌ ( أحمد ) : ئه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زان ؟ فه‌رمووی : خواردن ده‌درێ له‌ جیاتیدا ) .
ئه‌م بۆچوونه‌شه‌ كه‌ نه‌فس پێى ئارام ده‌بێ ، دڵیش پێى ده‌كرێته‌وه‌ ، سنگیش فێنك ده‌كاته‌وه‌ ، و فیقهی به‌ڵگه‌ش ( فقه الدليل ) هه‌ڵی ده‌بژێرێت ، چونكه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ كار كردنی تیایه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و فه‌رموودانه‌ی كه‌ له‌م باره‌وه‌ هاتوون ، به‌ بێ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هێچ یه‌كێكیان له‌ گه‌ڵ تێگه‌یشتنی ڕاست بۆیان ، به‌تایبه‌تی یه‌كه‌میان ، چونكه‌ ( عائشة ) ـ ڕه‌زای خوای لێبێت ـ به‌و ڕه‌هایى ( مُطلق ) یه‌ لێی تێ نه‌گه‌یشت كه‌ ڕۆژووی ڕه‌مه‌زان و جگه‌ له‌ویش بگرێته‌وه‌ ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ ده‌چوو كه‌ خواردن بدرێت و ئه‌مه‌شی لێ ده‌گێڕنه‌وه‌ به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه‌ ( عمرة ) ده‌یگێرێته‌وه‌ : (( كه‌ دایكی مردوو هه‌ندێ ڕۆژووی ڕه‌مه‌زانی له‌ سه‌ر مابوو ، به‌ ( عائشة ) ی فه‌رموو : قه‌زای بكه‌مه‌وه‌ له‌ جیاتیدا ؟ فه‌رمووی : نه‌خێر ، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر ڕۆژێك نیو ( صاع ) بده‌ به‌ هه‌ژارێك )) (21).
واش بڕیار دراوه‌ كه‌ ڕاوی فه‌رمووده‌ ( واته‌ : ئه‌و كه‌سه‌ی فه‌رمووده‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ ) له‌ هه‌موو كه‌س شاره‌زاتره‌ به‌ واتای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ .
( حبر الأُمَّة ) ه‌ واته‌ : ( ابن عباس ) یش ـ ڕه‌زای خوا له‌ خۆی و باوكیشی بێت ـ هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌ و فه‌رموویه‌تی : ( ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌خۆش كه‌وت له‌ ڕه‌مه‌زاندا ، پاشان مرد و ڕۆژووی نه‌گرت ، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ خواردن ده‌درێت و قه‌زای له‌ سه‌ر نیه‌ ، وه‌ ئه‌گه‌ر قه‌زای نه‌زر ( صومُ النذر ) ی له‌ سه‌ر بوو وه‌لىیه‌كه‌ی له‌جیاتی ئه‌ودا قه‌زای ده‌كاته‌وه‌ ) (22).
ئه‌وه‌یش ئاشكرایه‌ كه‌ ( ابن عباس ) ـ ڕه‌زای خوا له‌ خۆی و باوكیشی بێت ـ خۆی ڕاوی فه‌رمووده‌ی دووه‌مه‌ ، به‌تایبه‌ت كه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی گێڕاوه‌ته‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌لی له‌ جیاتی مردوو ڕۆژووی نه‌زر ( صومُ النذر ) ده‌گرێت ، فه‌رمووده‌كه‌ش : " أنَّ سَعْدَ بنَ عُبَادَة ـ رضي الله عنه ـ اسْتَفْتَى رَسُولَ اللهِ ـ صلى الله عليه وسلم ـ فَقَالَ : إِنَّ أُمي مَاتَتْ وَعَلَيْها نَذْرٌ ؟ فَقَالَ : اقْضِهِ عَنْهَا "(23).
واته‌ : ( سعد بن عبادة ) ـ رضي الله عنه ـ پرسیاری كرد له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ و فه‌رمووی : دایكم مردووه‌ و ڕۆژووی نه‌زری له‌ سه‌ره‌ ؟ فه‌رمووی : له‌ جیاتی قه‌زای بكه‌ره‌وه‌ .
ئه‌م لێك دانه‌وه‌ش ده‌گونجێ له‌ گه‌ڵ بنه‌واكانی شه‌ریعه‌تدا هه‌ر وه‌كو چۆن ( العلامة ابن القيم ) له‌ كتێبی ( إعلام الموقعين ) یدا ڕوونی كردۆته‌وه‌ ، وه‌ زیاتر ڕونكردنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی ( التوضيح و التحقيق ) له‌و باره‌یه‌وه‌ كردووه‌ له‌ ( تهذيب سنن أبي داود ) دا : ( 3 / 279 - 282 ) ، جا بۆی بگه‌ڕێره‌وه‌ چونكه‌ گرنگه‌ .
4 ـ ئه‌گه‌ر كه‌سێك بمرێت و ڕۆژووی نه‌زری له‌ سه‌ر بێ ، ئه‌وا ڕه‌وایه‌ كۆمه‌ڵێك پیاو ڕۆژوو بگرن به‌ ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ریه‌تی ، حه‌سه‌نی به‌صری فه‌رموویه‌تی : ( ڕه‌وایه‌ ئه‌گه‌ر سی پیاو له‌ جیاتی كه‌سێك هه‌ر یه‌كێك ڕۆژێك ڕۆژووی بۆ بگرێت )(24).
سه‌باره‌ت به‌ خواردن ، ڕه‌وایه‌ ئه‌گه‌ر وه‌لیه‌كه‌ی به‌ ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ریه‌تی هه‌ژار كۆ بكاته‌وه‌ و تێر خواردنیان بكات ، هه‌ر وه‌كو چۆن ( أنس بن مالك ) ـ رضي الله عنه ـ ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجام داوه‌ .

جۆرى نۆیه‌م : قه‌زاكردنه‌وه‌ى ڕۆژووى ڕه‌مه‌زان له‌ پێشتره‌ تاوه‌كو گرتنى ڕۆژوى سوننه‌ت
* پرسیار كراوه‌ له‌ زاناى پایه‌به‌رز شێخ بن باز رحمه‌ الله
ئایا دروسته‌ رۆژووی شه‌وال بگرم له‌كاتێكدا قه‌رزاری ره‌مه‌زانم؟
له‌ وه‌ڵامدا فه‌رمووی : واجب ئه‌وه‌یه‌ قه‌رزه‌كه‌ بده‌یته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی شه‌وال بگریت، رۆژو نه‌گریت مه‌گه‌ر دوای قه‌رزدانه‌وه‌كه‌ی ره‌مه‌زان چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ فه‌رمویه‌تى:{من صام رمضان ثم أتبعه بست من شوال} جا ئه‌وه‌ی رۆژوی قه‌رزی ره‌مه‌زانی له‌سه‌ر بێت ئه‌وا ره‌مه‌زانی نه‌گرتووه‌ به‌ڵكو ماویه‌تی، بۆیه‌ شه‌وال دوابه‌دوای ره‌مه‌زانه‌ ده‌بێت ته‌واوی بكات پاشان شه‌وال بگرێت (25).
* وه‌ پرسیار كراوه‌ له‌ زاناى پایه‌به‌رز شێخ ئه‌لبانی رحمه‌ الله
پرسیار: ئایا مه‌رجه‌ هه‌تا قه‌رزی رۆژوی ره‌مه‌زان نه‌ده‌یته‌وه‌ نابێت سوننه‌تی شه‌وال بگریت؟
له‌ وه‌ڵامدا فه‌رمووی : به‌ڵێ مه‌رجه‌ چونكه‌ فه‌رز له‌ پێش سوننه‌ته‌وه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ رۆحی خۆی به‌ده‌ست نیه‌ دوور نیه‌ ئه‌جه‌لی بێت ئه‌و له‌حاڵێكی خراپدا بێت كه‌ رۆژوی فه‌رزی ره‌مه‌زانی ماوه‌و كه‌چی خه‌ریكی سوننه‌ته‌ وبه‌و هۆیه‌وه‌ له‌سه‌رپێچیدایه‌، چونكه‌ ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ له‌سه‌ریه‌تی نه‌یداوه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژوی فه‌رزی ره‌مه‌زانه‌. (26)
* وه‌ پرسیار كراوه‌ له‌ زاناى پایه‌به‌رز شێخ عوسه‌یمین رحمه‌ الله (27)
ئایا ئه‌گه‌ر كه‌سێك سوننه‌تی شه‌وال بگرێت پێش دانه‌وه‌ی قه‌رزی ره‌مه‌زان ئایا سوودی هه‌یه‌ و شوێنی شه‌ش رۆژی شه‌وال ده‌گرێته‌وه‌؟
له‌ وه‌ڵامدا فه‌رمووی : نه‌خێر، سوودی پێ ناگه‌یه‌نێت چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا ـ صلى الله عليه وسلم ـ فه‌رمویه‌تى :{من صام رمضان ثم أتبعه بست من شوال}. {من صام رمضان }وه‌ ئاشكرایشه‌ ئه‌وه‌ی رۆژی ره‌مه‌زانی له‌سه‌ر مابێت پێی ناوترێت ره‌مه‌زانی ته‌واوكردووه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ رۆژی ره‌مه‌زانی نه‌گرتبێت ئه‌وا پێی ده‌وترێت ره‌مه‌زانی گرتووه‌؟ هه‌ربۆیه‌ سه‌ره‌تا قه‌رزه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌ پاشان شه‌ش رۆژی سوننه‌تی شه‌وال ده‌گرێت، جا ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا شه‌شی شه‌وال بگرێت پێش فه‌رزی ره‌مه‌زان ئه‌و پاداشته‌ی ده‌ست ناكه‌وێت كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا روونی كردۆته‌وه‌ له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا: {من صام رمضان ثم أتبعه بست من شوال فكأنما صام الدهر} رواه مسلم.
* وه‌ زانای پایه‌به‌رز شێخ مقبل بن هادی الوادعی رحمه‌ الله سه‌باره‌ت به‌م باسه‌ بۆچونى جیاوازه‌ و ده‌فه‌رموێ(28) :
ئه‌گه‌ر له‌توانای هه‌بێ ئه‌و رۆژانه‌ی كه‌ قه‌رزاره‌ بیگرێته‌وه‌ و پاشان شه‌شه‌ڵان بگرێ به‌دوایدا ئه‌وا كارێكی باشتر و چاكتره‌۰
به‌ڵام گه‌ر نه‌یتوانی قه‌رزه‌كان بگرێته‌وه‌ و ده‌توانێ شه‌شه‌ڵان بگرێ كه‌ په‌یامبه‌ری خوا له‌باره‌یه‌وه‌ فه‌رمویه‌تی : "هه‌ر كه‌س ڕه‌مه‌زان بگرێ و پاشان به‌دوایدا شه‌شه‌ڵان بگرێ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌مو ساڵه‌كه‌ به‌ رۆژوو بوبێت۰"
بۆیه‌ واش ده‌ڵێین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتی قه‌زاكردنه‌وه‌ كاتێكی فراوانه‌ و وه‌ك شه‌شه‌ڵان نیه‌ كه‌ كاته‌كه‌ی ته‌نها له‌ مانگی شه‌والدایه‌ و هیچ كاتێكی تری نیه‌۰
وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كاتی قه‌زاكردنه‌وه‌ له‌ عایشه‌وه‌ ده‌گێرنه‌وه‌ كه‌ فه‌رمویه‌تی :
"من ڕۆژوی قه‌رزم نه‌ده‌گێڕایه‌وه‌ مه‌گه‌ر له‌ مانگی شه‌عبانی ساڵی داهاتودا نه‌بێ له‌به‌ر سه‌رقاڵیم به‌ په‌یامبه‌ری خواوه‌ ـ صلى الله عليه وسلم ـ "
كه‌واته‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت و فریا ده‌كه‌وێت سه‌ره‌تا قه‌رزه‌كان بگرێته‌وه‌ ، و پاشان شه‌شه‌ڵانه‌كه‌ش بگرێت باشتره‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی و فریا نه‌كه‌وت به‌ تایبه‌تی ئافره‌تان كه‌ توشی سوڕی مانگانه‌ ده‌بن ئه‌وا به‌ پێی ئه‌م فه‌توایه‌ی شێخ ده‌توانن سه‌ره‌تا شه‌شه‌ڵانه‌كه‌ بگرن ، پاشان له‌ كاتێكی تردا قه‌زای ڕۆژووه‌كان بكه‌نه‌وه‌ .

=================

(1)الروضة الندية شرح الدرر البهية - (ج 1 / ص 228)
(2) مجالس شهر رمضان لابن عثيمين، ص97.
(3) انظر: الإعلام بفوائد عمدة الأحكام، لابن الملقن، 5/289، و مجالس شهر رمضان، ص96، ومجموع فتاوى ابن باز، 15/331 - 336.
(4) أبو داود، برقم 2393،وصححه الألباني في صحيح سنن أبي داود، 2/67، وأصل الحديث متفق عليه، وتقدم تخريجه في المفطرات.
(5) متفق عليه:البخاري،برقم 1936،ومسلم،برقم 1111
(6) (انظر: الكافي لابن قدامة، 2/251، والإعلام بفوائد عمدة الأحكام، لابن الملقن، 5/289.)
(7) الشرح الممتع؛ لابن عثيمين، 6/446.
(8) (انظر: الشرح الممتع لابن عثيمين ، 6/446.)
(9) انظر: الإعلام بفوائد عمدة الأحكام، لابن الملقن، 5/289، والشرح الكبير مع المقنع والإنصاف، 7/497، [وهو في الإنصاف، 7/497]، والفروع لابن مفلح، 5/62 - 63. .
(10) متفق عليه: البخاري، كتاب الصوم، بابٌ:متى يُقضى قضاء رمضان،برقم 1950، ومسلم، كتاب الصيام، باب جواز تأخير قضاء رمضان ما لم يجئ رمضان آخر، لمن أفطر بعذر مرض، وسفر، وحيض، ونحو ذلك، برقم 1146.
(11) الإعلام بفوائد عمدة الأحكام لابن الملقن، 5/287.
(12) متفق عليه:البخاري،برقم 1950،ومسلم،برقم 1146
(13) (الشرح الكبير مع المقنع والإنصاف، 7/499،وكتاب الفروع لابن مفلح،5/64،)
(14) .( أخرجه الدارقطني في سننه ، 2/197 وأخرجه البيهقي، في الصيام، باب المفطر يمكنه أن يصوم ففرط حتى جاء رمضان آخر، 4/253)
(15) المغني لابن قدامة ، 4/401، والشرح الكبير مع المقنع والإنصاف، 7/499.
(16) كتاب الفروع لابن مفلح ،5/65،وانظر:مجموع فتاوى بن باز،15/343 -345.
(17) الإعلام بفوائد عمدة الأحكام ، لابن الملقن، 5/290.
(18) الشرح الكبير مع المقنع والإنصاف،7/500،وانظر:مجموع فتاوى ابن باز، 15/366- 372.
(19) أخرجهُ البخاري : ( 4 / 168 ) رقم : ( 1952 ) ، ومسلم رقم : ( 1147 ) .
(20) أخرجهُ البخاري : ( 4 / 169 ) رقم : ( 1953 ) ، ومسلم رقم : ( 1148 ) .
(21) أخرجهُ الطحاوي في ( مشكل الآثار ) : ( 3 / 142 ) ، و ابن حزم في ( المحلى ) : ( 7 / 4 ) ـ واللفظ له ـ بسندٍ صحيح .
(22) أخرجهُ أبو داود بسندٍ صحيح ، وابن حزم في ( المحلى ) : ( 7 / 7 ) وصحح إسنادهُ .
(23) رواه البخاري ومسلم وغيرهما .
(24) أخرجهُ البخاري : ( 4 / 112 ) مُعَلَّقاً ، ووصلهُ الدارقطني في ( كتاب الـمُدَبَّج ) وصحَّحَ سندَهُ شيخُنا الألباني في ( مختصر صحيح البخاري ) : ( 1 / 58 ) . وانظر : ( تغليق التعليق ) : ( 3 / 189 ) .
(25) فتاوى نور على الدرب/ شريط رقم: (918)
(26) سلسلة الهدي والنور/ شريط رقم: (753)
(27) فتاوي الحرم المكي/1410/شريط7
(28) شريط : ( أسئلة من المهرة )




مەرجەكانی ئەو شتانەی كەڕۆژوو دەشكێنن چین؟ئایا کەسی بەڕۆژوو دەتوانێت نینۆکى بقرتێنێ یان سەری بتاشێ یان عەتر لە خۆى بدات؟