کاریگەری و شوێنەواری حەج چی یە لەسەر دەروون وژیانی موسوڵمان ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاریگەری و شوێنەواری حەج چی یە لەسەر دەروون وژیانی موسوڵمان ؟

بەجێ هێنانی فەڕیزەی حەج چەند کاریگەریەک و پاداشتێکى هەیە ، هەر کەسێک خودا تەوفیقی بدات بۆ تێگەیشتن لێی وکار پێ کردنی ئەوا موەفەق دەبێت بۆ خێرێکی گەورە ، وە هەوڵ دەدەین ئەوەندە باس بکەین کەبۆمان دەگونجێت :

یەکەم : سەفەر کردنی ئینسان بۆ ئەنجام دانی حەج :
وا لەمرۆڤ دەکات سەفەر کردن بۆ لای خودا وڕۆژی دوایی بیر کەوێتەوە ، هەروەک چۆن لەسەفەردا دابڕان هەیە لەخۆشەویستان وماڵ ومنداڵ وخاک ونیشتیمان ، بەهەمان شێوە سەفەر کردن بۆقیامەتیش بەو شێوەیەیە .

دووەم : هەروەک چۆن کەسی موسافیر لەم سەفەرەدا پارە وخۆراک وشت ومەک لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ئەوەی بیگەیەنێت بەو شوێنە پیرۆزە بەهەمان شێوە بابیر بکاتەوە کەسەفەر کردنی بۆ لای خودا پێویستی بە زەخیرە وتێشو هەیە تاوەکو بیگەیەنێت بەشوێنی ئارام ومەبەست ، هەر لەبەر ئەمەیە خوای تەعالا فەرموویەتی : ( وتزودوا فإن خير الزاد التقوى ) البقرة/197 .
واته : کاتێ دەچن بۆ حەج خۆراک وزادیش له‌گه‌ڵ خۆتاندا به‌رن به‌ڵام باشترین زادیش ته‌قوای خوای گه‌وره‌یه‌ بۆ قیامه‌ت، وه‌ زادی دونیاش خواردنه‌كه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌رته‌ له‌سه‌ر ته‌قوا .

سێیەم : وەهەروەک چۆن سەفەر بەشێکە لەعەزاب وناڕەحەتی بەهەمان شێوە سەفەری دوا ڕۆژیش بەو شێوەیەیە ، بەڵکو زۆر گەورەتر وناخۆش ترە ، مردن وزیندو بوونەووە ومیزان وسیڕات وپاشان بەهەشەت یاخود دۆزەخ لەپێش مرۆڤەوەیە ، بێگومان خۆشبەخت ئەو کەسەیە کەخودا ڕزگاری بکات .

چوارەم : کاتێ کە جلی ئیحڕام لەبەر دەکات بیری کفنی دەکەوێتەوە ، حەمەن ئەمەش وای لێ دەکات واز لەتاوان وسەرێچی بێنێت ، وەهەروەک چۆن جلەکانی هەموو داکەندوون پێویستە ئاوهاش خۆی لەتاوان داماڵێت ، وەهەرکە چۆن دوو جلی سپی پاکی لەبەر کردووە پێویستە دڵ ولاشەی پاک بکاتەوە لەڕەشایی تاوان وسەر پێچی .

پێنجەم : وەکاتێ کە دەڵێت " لبيك اللهم لبيك " ئەمە مانای ئەوەیە وەڵامی خودای داوەتەوە ، چۆن دەبێت واز لەتاوان وگوناح نەهێنێت چونکە ئەو کاتێ دەڵێت " لبيك اللهم لبيك " واتە : هاتم بەدەم داواکەتەوە و واز لەو شتانە دێنم کەڕێگریت لێ کردووەن وئێستا کاتی واز هێنانە لێیان .

شەشەم : واز هێنانی لەڕێگری کراوەکانی ئیحڕام ، وسەرقاڵ بوونی بە زیکر و لبيك اللهم لبيك "ـەوە : ئەوە بۆ موسوڵمان ڕوون دەکاتەوە کەپێویسته هەموو کات لەسەری بێت ، وڕاهێنان وتەربیەتی دەروونی تێدایە ، خۆی ڕادێنێت لەسەر واز هێنان لەشتی موباح لەئەسڵدا کەخودا لەو حاڵەتەدا خودا حەڕامی کردووە ، کەواتە چۆن لەمەودوا سنورەکانی خودا دەبەزێنێت وکاری حەڕام ئەنجام دەدات لەهەموو زەمان وجێگەیەکدا ؟!

حەوتەم : چوونە ژوورەوەی بۆ کەعبەی پیرۆز کەخودا ئەمینی کردووە بۆ خەڵک لەو جێگەیەدا ئەمینی ڕۆژی دوایی بیر دەکەوێتەوە کەخودا بۆی دابین دەکات ، بێگومان گەورەترین شت کەمرۆڤ ئەمین دەکان لەڕۆژی دواییدا یەکتاپەرستی و واز هێنانە لەشیرک ، لەم بارەیەوە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( الذين آمنوا ولم يلبسوا إيمانهم بظلم أولئك لهم الأمن وهم مهتدون ) الأنعام/82 .
واته : ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیمانیان هێناوه‌ وه‌ ئه‌هلی ته‌وحیدن به‌تاك و ته‌نها خوا ئه‌په‌رستن وه‌ ئیمانه‌كه‌یان واته‌: ته‌وحیده‌كه‌یان تێكه‌ڵ به‌ زوڵم واته‌: به‌ شیرك نه‌كردووه‌، ئا ئه‌م كه‌سانه‌ن كه‌ ئه‌مینن له‌ سزای خوای گه‌وره‌ له‌ قیامه‌تدا ، وه‌ له‌ دونیاو قیامه‌تیشدا خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تیان ئه‌دا بۆ ڕێگای ڕاست ئه‌مانه‌ن كه‌ شایه‌نن به‌ ئه‌من و ئاسایش نه‌ك كافران و موشریكان .

وەماچ کردنی بەردە ڕەشەکە یەکەم هەنگاوی کەسی زیارەت کارە کەوای لێ دەکات سوننەت بەگەورە بزانێت ، وبەعەقڵی کورت بینی سنور نەبەزێنێت بەرانبەر شەرعی خودا ، وە دەزانێت ئەوەی خودا داینابێت حیکمەت وخێری تێدایە ، ودەروونی ڕادەهێنێت لەسەر بەندایەتی کردن بۆ خودا ، هەر بۆیە پێشەوای باوەڕداران عومەری کوڕی خەتاب خوای لێ ڕازی بێت لەکاتی ماچ کردنی بەردە ڕەشکەدا گوتی : ( إني أعلم أنك حجر لا تضر ولا تنفع ، ولولا أني رأيت النبي يقبِّلُك ما قبلتك ) رواه البخاري ( 1520 ) ومسلم ( 1720 ) .
واتە : من دەزانم تۆ بەردێکی نەسوود ونەزیانت نی یە ، گەر من پێغەمبەرم نەبینیایە ماچتی دەکرد من ماچتم نەدەکرد .

هەشتەم : وەلەکاتی تەواف دا بیری باوە ئیبڕاهیمی عليه السلام دەکەوێتەوە ، کەکەعبەی بونیاد نا بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ خەڵک ، وبانگی خەڵکی بۆ هاتن بۆلای وحەج کردن تیایدا کرد ، وهەروەها پێغەمبەری خۆمان بانگی خەڵکی کرد بولای ئەم بەیتە ،وەبەهەمان شێوە موسا وعیسا عليهما السلام بانگی خەڵکیان کرد بۆ لای ، ئائەم ماڵە شیعارێک بوو بۆ ئەو پێغەمبەرانە ، چۆن وا نابێت لەکاتێکدا خودا فەرمانی کردووە بەئیبڕاهیم بەدروست کردن وبەگەورە دانانی ؟! .

نۆیەم : وەخواردنەوەی ئاوی زمزم بیری نیعمەتەکانی خودای دەخاتەوە لەسەر خەڵک کەبەهەزارەها خەڵک لێی دەخۆنەوە وکەم ناکات ، ووای لێ دەکات لەکاتی خواردنەوەی ئەم ئاوەدا بپاڕێتەوە لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر ( أن ماء زمزم لما شرب له ) رواه ابن ماجه ( 3062 ) وأحمد ( 14435 ) وهو حديث حسن حسَّنه ابن القيم رحمه الله في " زاد المعاد " ( 4 / 320 ) .
واتە : ئاوی زمزم بۆ ئەو شتەیە کەبۆی دەخورێتەوە ، واتە : بەهەر نیەتێک بخورێتەوە ئەو شتە بە دەست دێت .
دەیەم : وەهاتن وچوونی لەنێوان سەفا ومەڕوەدا گەورەیی ئەو بەڵایەیی دایکە هاجەرەی بۆ دەردەکەوێت ، کەچۆن دەهات ودەچوو لەنێوان سەفا ومەڕوەدا بۆ ڕزگار کردنی کەسێک ، بەتایبەت ئاوبەخشینی بەمنداڵە بچووکەکەی ئیسماعیل ، ئەم ئافرەتە ئارامی گرت وپەنای بردە لای خودا ، ئەمە جوانترین نمونەیە بۆ ئێمە ، پیاو لەم حاڵەتەدا بیری تێکۆشانی ئافرەتی دەکەوێتەوە ، بۆیە ئارام دەگرێت وئەو حاڵەتی لەسەر سوک دەبێت کەتیایدایە ، وبەهەمان شێوە ئافرەت بیری ئافرەتێتێکی دەکەوێتەوە کەلە ڕەگەزی ئەوە وئەو هەموو خۆ ڕاگریەیی نواندووە بۆیە ئەمیش فێری ئارام گرتن دەبێت .

یانزەیەم : وە وەستانی لەعەڕەفە وقەرەباڵغیەکەی بیری وەستانی ڕۆژی دوایی وقەرەباڵغیەکەی دەخاتەوە ، وگەر کەسی حاجی ئەزیەت بخوات لەوەستانێکی کەم دا ئەی چ دەڵێی دەربارەی وەستانی هەزارەها ساڵ بەڕووتی وپێی پەتی و خەتەنە نەکراوی ؟!

دوانزەیەم : وەئەوەی گوتمان لەبارەی ماچ کردنی بەردە ڕەشەکەوە هەمان شت دەڵێین لەبارەی ڕەجم کردنی شەیتانەوە ، چونکەمرۆڤ ڕادەهێنێت لەسەر گوێڕایەڵی خودا ، وچاو کردن لەپێغەمبەر ، بێگومان لەمەشەدا ئەو پەڕی عەبدایەتی هەیە .

سیانزەیەم : وە سەربڕینی حەیوان ئەو بەسەرهاتەی باوکە ئیبڕاهیم بیر دەخاتەوە کەفەرمانی خودای بەجێ هێنا لەسەر بڕینی منداڵە بچووکەکەی ئیسماعیل دا ، وئەوە ڕوون دەبێتەوە کەهیچ جێگەیەک بۆ سۆز وعاتیفە نامێنێتەوە لەشتێکدا کەپێچەوانەی فەرمان وڕێگریەکانی خودا بێت ، وەهەروەها فێری ڕەوشتی جێ بەجێ کردنی دەکات هەروەک هاتووە : ( يا أبت افعل ما تؤمر ستجدني إن شاء الله من الصابرين ) الصافات/102 .
واته : ئه‌ی باوكی خۆم ئه‌وه‌ی فه‌رمانت پێكراوه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ جێبه‌جێی بكه‌ ، ئه‌بینی من له‌ ئارامگرانم و ئارام ئه‌گرم له‌سه‌ر فه‌رمانی خوای گه‌وره‌و سه‌رم ببڕه‌ .

چواردەیەم : كاتێ لەئیحڕام خۆی دادەماڵێت وئەو شتانەی بۆ حەڵاڵ دەبێت کەلەسەری حەڕام بوو فێری ئارام گرتن دەبێت ، ودەزانێت کەلەگەڵ هەموو ناڕەحەتیەکدا خۆشی وئارامی هەیە ، وەسەرەنجامی ئەوانەی کەگوێڕایەڵی خودا دەکەن دڵخۆشییە ،هاوشێوەی کەسی ڕۆژووەوان لەکاتی ڕۆژوو شکاندنەکەیدا .

پانزەیەم : وەکاتێ کەحەجەکەی تەواو دەکات و بەو شێوەیە ئەنجامی دەدات کەخودا فەرمانی پێ کردووە ، لەو کاتەدا ئومێدی بە لێخۆش بوونی خودا زیاد دەکات ، هەروەک پێغەمبەر ئەو وەعدەی داوە ( رجع كيوم ولدته أمه ) رواه البخاري (1449) ومسلم (1350) ،
واتە : دەگەڕێتەوە وەک ئەو ڕۆژەی کەلەدایک بووە وتاوانی لەسەر نامێنێت.
حەتمەن ئەمەش وای لێ دەکات لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و واز بێنێت لەتاوان وسەرپێچی وکاری خراپ .

شانزەیەم : وەکاتێ دەگەڕێتەوە بۆ نێو کەس وکار وماڵ ومنداڵ وهاوەڵەکانی ئەمە بیری خۆشیە گەورەکەی دەخاتەوە کەدەچێته بەهەشتەوە وبەکەس وکاری شاد دەبێتەوە ، ودەزانێت کەخەسارەو مەندی بریتی یە لە لەدەس دانی کەس وکار لەڕۆژی دواییدا ، هەروەک خوا فەرموویەتی : ( قل إن الخاسرين الذين خسروا أنفسهم وأهليهم يوم القيامة ألا ذلك هو الخسران المبين ) الزمر/15 .
واته : پێیان بڵێ: زه‌ره‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ خۆیان و كه‌سوكاریان دۆڕاندووه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا كاتێك كه‌ ئه‌خرێنه‌ ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌و لێك جیا ده‌كرێنه‌وه‌و له‌ سزادا ده‌بن ، وه‌ بزانن زه‌ره‌رمه‌ندی ئاشكراو ڕوون ئه‌مه‌یه‌ كه‌ مرۆڤـ خۆی و كه‌سوكاری بدۆڕێنێ و بچێته‌ ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌.

سەردان: ٢,٣٧٤ بەش: حەج و عومرە