چۆن بتوانین بە عاقیبەت خێرى بمرین و کۆتا وشەمان (لا إله إلا الله) بێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن بتوانین بە عاقیبەت خێرى بمرین و کۆتا وشەمان (لا إله إلا الله) بێت
پرسیار:

ئەگەر نوێژەکانم بەباشی بکەم ، وە نوێژی چێشتەنگا بکەم و چاوەڕێ بکەم لەدوای نوێژی بەیانی پاشان دوو ڕکات بکەم ، وە وترەکانم بکەم لەگەڵ کردنی شەونوێژ و نوێژە فەرزەکاندا ، لەو کاتەدا چانسی مردنم لە سوجدەکاندا زیاتر ئەبێت ؟ وە ئەگەر هەڵسم بەکردنی نوێژە فەڕزەکان لەکاتی خۆیاندا بەبێ دواخستنیان لەمەودوا ، بەڵام ئێستاش ئەکەومە ناو هەندێک تاوانەوە ، ئایا کاتی مردن و ڕوح کێشانم ئەتوانم شایەتمان بهێنم ؟ تاوانەکانم ڕێگر نابن لەوتنی شایەتمان ؟

هەر کەسێک پارێزگاری بکات لە پێنج فەرزەکە بە جەماعەت ، وە پارێزگاری بکات لە سونەتە جەخت لەسەر کراوەکان [واتا دوانزە ڕکاتە سوننەتەکەی پێش و پاشی نوێژەکان ] ، لەگەڵ نوێژی چێشتەنگاو ، وە کردنی شەو نوێژ ، ئومێدی عاقیبەت خێری لێ ئەکرێت ، ئەمەش فەزڵێکی خوایە ویستی لە کێ بێت ئەیدات بە ئەو .
بێ گومان ئیماندار هەر ئەکەوێتە ناو خراپە و تاوان و حەڕام کراوەکان ، بەڵام  پەلە ئەکات لە گەڕانەوەو تەوبەکردن بەردەوام نابێت لەسەر تاوان و خراپە ، بەپێچەوانەی کەسی فاسق و خراپەکار کە لای ئاسایی یە و گوێی لێ نیە و بەردەوامە لە تاوان کردن .
خوای گەورە ئەفەرموێت : [ إِنَّ الَّذِينَ اتَّقَوْا إِذَا مَسَّهُمْ طَائِفٌ مِنَ الشَّيْطَانِ] ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن كاتێك تووشی وه‌سوه‌سه‌یه‌ك ببن له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه‌ یاخود له‌ كاتی تووڕه‌ییدا فه‌رمانیان پێ بكات به‌ خراپه‌ وه‌ تاوانیان بۆ بڕازێنێته‌وه‌ [تَذَكَّرُوا فَإِذَا هُمْ مُبْصِرُونَ (201)] دواتر بیر ئه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ گه‌وره‌یی خوای گه‌وره‌و سزاكه‌ى ئه‌وان به‌ئاگا دێن و ڕاستیه‌كان ئه‌بینن كه‌ ئه‌مه‌ له‌ شه‌یتانه‌وه‌ بووه‌.
ئیمامى طەبەری ئەفەرموێت : خوای گەورە کە ئەفەرموێت (إِنَّ الَّذِينَ اتَّقَوْا ) ، واتا : بەندەکان لەخوا ئەترسن ، لەسزاکەی ئەترسن ، بەکردنی نوێژە فەرزەکان ، وەدورکەوتنەوە لەتاوانەکان ،(إِذَا مَسَّهُمْ طَائِفٌ مِنَ الشَّيْطَانِ تَذَكَّرُوا) . ئەفەرموێت : ئەگەر توشی شتێکیش بوون بەهۆی شەیطانەوە ، لە توڕەیی و لەسنوردەرچون یا جگە لەمەش ، کەوا لایان بدات لە حەقی خوای گەورە لە نەکردنی واجبەکان ، ئەوا بیر لە پاداشت و سزای خوا ئەکەنەوە، وە بیر لە بەڵێن و هەڕەشەکانی خوا ئەکەنەوە ، لەو کاتەدا ڕاستی و حەق ئەبینن و کاری پێ ئەکەن ، واز ئەهێنن لەتاوان و خراپە ، ڕوو ئەکەنە عیبادەت و خواپەرستی ، لەوەی خوا واجبی کردووە لەسەریان ، وە واز ئەهێنن لە عیبادەت و گوێ ڕایەڵی کردنی شەیطان .تفسیر الطبری (13/333).

هەموومان هەڵە دەكەین بەڵام

وە پەیامبەری خوا صلی الله علیه وسلم دەفەرموێت: [كُلُّ بَنِي آدَمَ خَطَّاءٌ، فَخَيْرُ الخَطَّائِينَ التَّوَّابُونَ ] واتە: ((هەموو ئادەمیزادێك زۆر هەڵە دەكا و هەڵەكارە، و باشترینی هەڵەكاران تۆبەكارانن)).رواه أحمد والترمذي وابن ماجه والحاكم وصححه وحسنه الألباني.
سەهو و كەموكورتی لە سروشتی مرۆڤن، لە گەورەترین نیشانەكانی ڕەحمەتی خواش بۆ مرۆڤ ئەوەیە: دەرگای تەوبەی بۆ كردۆتەوە، فەرمانی پێكردووە هەر كە تاوانێكی تووش بوو سەرپێچیەكی ئەنجامدا، پەشیمان بێتەوە و ڕوو لەو بكات و بگەڕێتەوە بۆ لای ئەو. ئەگەریش ئەم ڕەحمەتە فراوانەی خوای مەزن نەبوایە، مرۆڤ دەكەوتە ناڕەحەتی و تەنگیەوە، هیممەتی لاواز دەبوو لەوەی نزیك بێتەوە لە پەروەردگارەكەی، بێ هیوا دەبوو بە لێخۆشبوون و میهرەبانی دروستكارەكەی. بەڵام ئەمەش نابێت وا بكات بە كەم تەماشای تاوان بكرێت.

کەواتە هەوڵ بدە بۆ عیبادەت و خواپەرستی ، تەوبە بکە بۆ لای خوای گەورە ، گومانی باش بە خوا ببە و داوای لێ بکە کەوا عاقیبەت خێریت پێ بدات ، وە کۆتا وشەت وتنی [ لا ٳله ٳلا الله ]  بێت .
بەڵام نیشانەی عاقیبەت خێری تەنها ئەوە نی یە کەوا لەناو سوجدە بمریت ، ئەوەتا زۆرێک لە صەحابە و هاوەڵان و پیاو چاکان لەناو سوجدەدا نەمردن ، ئەگەرچیش خوا بە عاقیبەت خێری بردنیەوە بۆ لای خۆی .

بەڵام فەزڵی خوا گەورە و فراوانە ، بێ گومان مردن لەسەر حاڵەتێکی وا چاکە و پاداشتێکی گەورەیە ، هیچ شتێکیش ناگات بە فەزڵ و گەورەیی خوا ، بۆیە داوا لە خوا بکە کەوا بتمرێنێت لەسەر باشترین عاقیبەت خێری ، بۆیە لە ئێستاوە کار بۆ ئەمە بکە ئەی بەندەی خوا ، بە کردنی تەوبەیەکی ڕاست گۆیانە ، وە هەوڵدان بۆ عیبادەت و خوا پەرستی ، پەلە کردن بۆ تەوبە کردنێکی ڕاست گۆیانە ،  وە هەر کاتێک کەوتیتە ناو تاوان و خراپەوە خێرا تەوبە بکە ، چونکە هەر وەکو وتراوە [ هەموو سەرەتاکان ناونیشان و نیشانەن بۆ کۆتایی یەکان ]

سەردان: ٢,٧٨٤ بەش: مردن