(10) ڕێگاى ئاسان بۆ فێر بوونی زمانی عەرەبی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
(10) ڕێگاى ئاسان بۆ فێر بوونی زمانی عەرەبی
پرسیار:

باشترین و ئاسانترین ڕێگا چیە بۆ فێربوونى زمانى عەرەبی؟ چۆن بتوانم فێربم بە زمانى عەرەبی قسە و گفتوگۆ بکەم؟

بێگومان زمانی عەرەبی یەکێکە لەو زمانە دەوڵەمەندانەی کە لەجیهاندا گرنگیەکی زۆری پێ دەدرێت سەرەڕای ئەوەش بۆ کەسی موسوڵمان زۆر گرنگە بۆ جوان تێگەیشتن لە قورئان و فەرموودە و باقی سەرچاوەکانی تری شەریعەتی ئیسلام ، جا لێرەدا چەند ڕێگایەک دەخەینە ڕوو بۆ فێر بوونی زمانی عەرەبی بەشێوەیەکی ئاسان و گونجاو:

ڕێگاى یەکەم : خوێندنەوە
حەتمەن خوێندنەوە بەسەرچاوەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ فێر بوونی زمانی عەرەبی ؛ چونکە مرۆڤ کاتێ شتێک دەخوێنێتەوە حەز دەکات لێی تێ بگات و دواتر هەوڵی لێ تێگەیشتنی دەدات.

ڕێگاى دووەم : گوێگرتن 
گوێگرتن لەو کەسانەی کە بەزمانی عەرەبی قسە دەکەن: بێگومان گوێگرتن یەکێکی ترە بۆ فێر بوونی زمانی عەرەبی بەتایبەت گوێگرتن لەو کەسانەی کە بەعەرەبی قەواعیدی قسە دەکەن ، ودەتوانرێت هەر لە ڕێگای گوێگرتنەوە گوێ لەوانە دەنگیەکان بگیردرێت کە بەوردی قەواعیدی زمانی عەرەبی شی دەکەنەوە. 

ڕێگاى سێیەم : خوێندن و دیراسه کردن: 
ئەم خاڵەیان هیچ مەجالێکی تێدا نی یه و پێویستە کەسی فێرخواز بیگرێتە بەر ئەمەش بەوە دەبێت بچێتە لای کەسێکی شارەزا و قەواعیدی لە لا بخوێنێت و بەوردی وردەکاری زمانی عەرەبی فێر ببێت .

ڕێگاى چوارەم : کتێبە قەواعیدیەکان
 گرنگی دان بە کتێبە قەواعیدیەکان (نحو و صرف) کە تەرکیزیان لەسەر قەواعیدە و بەوردی شەرحی دەکەن زۆر پێویستە ؛ چونکە هەر کات فێری قەواعید بووی ئەو کات تێگەیشتن لەوردەکاری مانای وشەکان زۆر ئاسان دەبێت.

ڕێگاى پێنجەم : مومارەسەیەکی زۆر لەڕێگای نوسینەوە: 
لەم ڕێگایەوە کەسی فێر خواز دەتوانێت ڕستەی کورت دروست بکات و بینووسێتەوە و دواتر پیشانی کەسانی شارەزای بدات بۆ ڕاست کردنەوەی هەڵەکان وپێداچوونەوەی. 

ڕێگاى شەشەم : بەکارهێنانى قاموس
گرنگە بۆ ئەو کەسەى کە دەیەوێ فێرى عەرەبی بێ بەشێک لە کاتەکانى تەرخان بکات بۆ خوێندنەوە و گەڕان لە قاموسدا ، و ماناى وشە عەرەبییەکان بە کوردی فێر ببێ ، وە یەکێک لە قاموسەکان کە بۆ کەسى سەرەتا بە سوودە بەناوى (ئەحمەدی) کە نزیکەى (1000) وشەى تێدایە دەتوانێ لەبەرى بکات ، وەهەروەها کتێبی (العربیة بین یدیک) .

ڕێگاى حەوتەم : تەماشا کردنى فلیم و چیرۆکی بەسوود و شەرعی
بێگومان ڕێگایەکی تر تەماشا کردنی ئەو فلیم وچیرۆکە بەسوود و شەرعیانەیە کە بەعەرەبی قەواعیدی قسە دەکەن ، ئەمەش دەتوانین بڵێین وەک ڕێگایەکی سەرەتای ( بەتایبەت بۆ منداڵ) دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت.
تێبینى : بە بیانوی فێربونى عەرەبی دروست نیە سەیرى فلیم و چیرۆکێک بکرێ کە ناشەرعى تێدا بێ وەکو ئافرەت و مۆسیقا و ئەو جۆرە شتانە .

ڕێگاى هەشتەم : گفتو گۆ کردن لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە بەزمانی عەرەبی قسە دەکەن
ئەمەش بەڕێگایەکی تر دادەنرێت بۆ زوو فێر بوونی زمانی عەرەبی ؛ چونکە هەرکات قسەت بەو کەلیمانە کرد کە فێری بووی ئەو کات هەست بەکەم وکورتیەکان دەکەیت وهەوڵی چارەسەر کردنیان دەدەیت ، و گەر کرا ژیان لەگەڵ کەسانی عەرەبدا یاخود هاوڕێیەتی کردنیان جا ڕاستەوخۆ بێت یاخود لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە زۆر سوود مەندە.

ڕێگاى نۆیەم : سوور بوون و بەردەوام بوون و ئارام گرتن و پەلە نەکردن
ئەم خاڵەیان زۆر گرنگە ، چونکە هیچ کارێک بەبێ بەردەوامی وئارام گرتن وسوور بوون بەدەست نایات ، هەموان دەزانین فێر بوونی زمان خۆی لەخۆیدا پرۆسەیە و بەزووی بەدەستەوە نایەت ، بۆیە گرنگە مرۆڤ پەلە نەکات ، لەگەڵ ئەوەدا پێویستە ئەوە بزانرێت فێر بوونی زمان تەنها لەسەرەتادا هەندێ قورسە گەرنا بەتێپەڕ بوونی کات و بەردەوامی فێر بوونی ئاسانە .

ڕێگاى دەیەم: تەتبیق کردن
تەتبیق کردنی ئەو وشە و قاعیدانەی کە ڕۆژانە فێری دەبیت زۆر گرنکە ؛ چونکە مەبەست لە خوێندنی قەواعید تەتبیق کردنە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت بەماوەیەکی کورت فێری زمان عەرەبی ببێت.

تێبینى : ئەم ڕێگایانەى سەرەوە زیاتر بۆ کەسێکە کە دەیەوێ فێرى قسە کردن بێ بەڵام بۆ فێرخوازی زانستى شەرعى (طالب العلم) دەبێ زۆر گرنگى بدات بە (مفرداتی لوغە) وەکو (مثلثات ، مترادفات ، معلقات ، مقصور ، ممدود ، لامیەکان)
وە هەروەها گرنگى بدات بە کتێبەکانى (نحو ) لەوانە : 
 ١- العوامل الجرجانية ٢- التحفة السنية ٣- الأنموذج ٤- إظهار الأسرار ٥- شرح قطر الندى ٦- بهجة المرضية أو شرح ابن عقيل .
وە هەروەها کتێبەکانى (صرف )یش لەوانە : 
 ١- متن البناء ٢- فن الصرف ٣- كتاب التصريف ٤- تصريف ملا علي ٥- لامية الأفعال ٦- شذا العرف ٧- الشافية

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ١,٠٥٣ بەش: زانست و بانگەواز