حیكمەتی نەهى کردن لە رۆژوگرتنى رۆژى هەینى بەتەنها: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حیكمەتی نەهى کردن لە رۆژوگرتنى رۆژى هەینى بەتەنها
پرسیار:

ئایا حیكمەت چییە لەوەى نەهى كراوە لە رۆژوگرتنى رۆژى هەینى بەتەنها؟ وە ئایا رۆژوى قەزایش دەگرێتەوە لەو رۆژەدا؟

سابت بووە لە پێغەمبەرى خواوە  ـ ـ  كە فەرموویەتى: (( لا تخصوا يوم الجمعة بصيام ولا ليلتها بقيام ))(1) واتە: رۆژى هەینى تایبەت مەكەن بە رۆژو گرتن و شەوەكەشی بە شەونوێژ.

وە حیكمەتیش لەو نەهى كردنە ئەوەیە كە رۆژى هەینى جەژنى هەفتەیە و یەكێكە لە سێ جەژنە شەعیەكە، چونكە ئیسلام سێ جەژنى تێدایە ئەوانیش بریتین لە جەژنى رەمەزان و جەژنى قوربان و جەژنى هەفتە كە هەینیە، لەبەر ئەمەیە كە نەهى لێ كراوە ئەو رۆژە تایبەت بكرێت بەرۆژو گرتن، چونكە رۆژى هەینى ئەو رۆژەیە كە دەبێت پیاوان زوو بڕۆن بۆ نوێژى هەینى و سەرقاڵ بن بە دوعا و زیكرەوەو هاوشێوەى رۆژى عەرەفەیە كە دروست نییە بۆ حاجیان ئەو رۆژە بەرۆژو بن، چونكە سەرقاڵن بە زیكرو دوعاوە، وە ئاشكرایە كە لەكاتى كۆبونەوەو یەكگرتنى چەند عیبادەتێك ئەوەیان كە دەكرێت دوابخرێت بۆ كاتێكى تر ئەوەیان پێش دەخرێت و ئەنجام دەدرێت كە ناتوانرێت دوابخرێت.
جا ئەگەر كەسێك پرسی: ئەم هۆكارەى كە دەڵێت هەینى جەژنى هەفتەیە ئەوە دەخوازێت كە هەرلە بنچینەدا رۆژوگرتنى حەرام بێت وەكو جەژنى رەمەزان وقوربان نەوەك بەتەنها رۆژوگرتنى حەرام بێت.
ئەوا لە وەڵامدا دەڵێین: هەینى جیاوازە لەو دوو جەژنە، چونكە هەموو مانگێك چوار جار دووبارە دەبێتەوە، بۆیە نەهیەكە بۆ حەرام بوون نییە، پاشان چەند مانایەكى تر هەن لەو دوو جەژنەدا كە لە رۆژى هەینیدا نییە.

بەڵام ئەگەر هاتوو رۆژێك لە پێشیەوە یان لە پاشیەوە گیرا ئەوا ئەوە دەردەكەوێت كە مەبەست لەتایبەت كردنیدا نەبووە چونكە رۆژێك لە پێشیەوە یان پاشیەوە بەرۆژو بووە كە رۆژى شەممەیە.
وە پرسیارەكە دەڵێت: ئایا ئەمە تایبەتە بە سوننەتەوە یان رۆژوى قەزایش دەگرێتەوە؟

ڕووكەشی بەڵگەكان هەموو دەگرێتەوە و گشتیە، واتە مەكروهە ئەو رۆژە تایبەت بكرێت بۆ رۆژوگرتن ئیتر رۆژوى فەرز بێت یان سوننەت، مەگەر لە حاڵەتێكدا كە كەسێك خاوەن ئیش وكارێك بێت و دەستى بەتاڵ نەبێت لەكار وبۆى نەكرێت قەزاى بكاتەوە تەنها لە رۆژى هەینیدا نەبێت ئەوا لەو كاتەدا مەكروه نییە بۆى بەتەنها رۆژى هەینى رۆژو بگرێت چونكە ناچارە ئەو كارە بكــات.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -  


(1) أخرجه مسلم : كتاب الصيام/ باب كراهية صيام يوم الجمعة صيام يوم الجمعة منفرداً (1144).

سەردان: ١,٢١٦ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو