حەقیقەتی جەژنی ڤالنتاین (ڕۆژی خۆشەویستی)!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حەقیقەتی جەژنی ڤالنتاین (ڕۆژی خۆشەویستی)!

بسم الله الرحمن الرحیم
(ڤالنتاین) یان وەك ناویان لێناوە ( ڕۆژی خۆشەویستی جیهانی ! ) یەكێكە لە جەژنەكانی ڕۆمانیە بت پەرەستەكان كە نزیكەی پێش (17) سەدە باو بووە لایان دواتر گەشتۆەتە خاچ پەرەستان ، سەبارەت بەم ڕۆژە چەندین ئەفسانە گێڕدراوەتەوە لەوانەش :
یەكەم : ڕۆمانەكان پێیان وابو (ڕۆمیلیۆس) دامەزرێنەری ( ڕۆما) بە مناڵی گورگێك شیری پێداوە لەگەڵ ئەم شیر پێدانە هێز و بیركردنەوە و ڕا جوانی پێ بەخشیوە بۆیە ڕۆمانەكان لە ناوەڕاستی مانگی ( فبرایر ) ی  هەموو ساڵێك جەژنیان دەگێڕاو داب و نەریتەكانی ئەو ڕۆژەش بریتی بوو لە ( سەربڕینی سەگێك و بزنێك)
دووەم : ڕۆمانە كۆنەكان لەسەردەمی بت پەرەستیدا جەژنێكیان هەبوو بەناوی ( لوبركیلیا) وە لەم جەژنەدا قوربانیان سەر ئەبڕی بۆ خواكانیان كە بریتی بون لە چەند بتێك ، وە پێیان وابوو ئەم ( بتانە )  لە شەڕ ئەیانپارێزێ‌ ، بەڵام لە سەردەمی فەرمان ڕەوایی ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی ( كلودیوسی دووەم ) لە سەدەی سێ‌ یەمی زاینی خاچ پەرەستی گەیشە ڕۆمانەكان ، ئیمپراتۆر ژن هێنانی لە لاوەكان قەدەغە كرد بە بیانوی ئەوەی ژن هێنان سەر قاڵیان ئەكات لەو شەڕانەی كە دەیكات . بەڵام ( قەشە ڤالنتاین ) بەرهەڵستی ئەم بڕیارەی كرد و گرێبەندی ژن ومێردایەتی ( عقد الزواج ) ی سەربازەكانی بەدزیەوە ئەكرد ، كە ئیمپراتۆر بەم كارەی زانی داوای كرد ( ڤالنتاین ) واز لە خاچ پەرەستی بهێنێ‌ و خواكانی ڕۆمان بپەرەستێ‌ بەهۆی ڕەت كردنەوەی ( ڤالنتاین ) بۆ داواكەی ئیمپڕاتۆر لە ڕۆژی (14 فبرایر) ی ساڵی 270م شەوی جەژنی ( لوبركیلیا) لە سێدارە درا لەو ڕۆژەوە نازناوی ( قدیس: قەشە ) یان پێ‌ بەخشیوە .
سێ‌یەم : ڤالنتاین  لە زینداندا چارەسەری چاوی كچی پاسەوانی بەندیخانەكەی كردووە و عاشقی كچەكە بووە و لە ڕۆژی لە سێدارە دانی نامەیەی بۆ خۆشەویستەكەی ناردووە لە كۆتای نامەكەدا نوسیویەتی (المخلص فالنتاین) بۆیە ڕۆژی لەسێدارەدانی كرایە ڕۆژی خۆشەویستی چونكە لە پێناو خۆشەویستی كوژراوە .
چوارەم : ( ڤالنتاین ) سەبارەت بە خوای ڕۆمانییەكان ( عطارد) ی خوای بازرگانی و ڕەوانبێژی و فێڵ و دزی و (جوبیتر) كە گەورەی خواكانی ڕۆمانیەكانە ووتوویەتی : ئەم خوایانە درووست كراوی مرۆڤن بەڵكو خوای حەق ( عیسای مەسیح )ە وە بە هۆی بانگەشە كردنی  بۆ خاچ پەرەستی  لە سێ‌ دارە دراوە .
پێنجەم : لە ڕۆژی ( 14 / 2 ) هەموو ساڵێك ڕۆمانی یە كۆنەكان لەدێهاتەكەیان ناوی كچانیان دەنوسی و دەیانخستە نێو سەبەتە یەك پاشان وەك تیرو پشك هەر كوڕێك دەستی دەبرد و پارچە كاغەزێكی لە سەبەتەكە دەردەهێنا ناوی هەر كچێكی لە سەر بوایە دەبووە خۆشەویستی تا ساڵی داهاتوو لە گەڵیا ئەبوو ، بۆ ئەم مەبەستەش كارتێكی بچوكی بەدیاری بۆی ئەنارد كە لە سەری دەنوسرا : بەناوی خوای دایكەوە ئەم كارتەت بۆ دەنێرم ، بەڵام پاش ئەوەی خاچ پەرستی لە ئەوروپا بڵاو بوەوە هەندێ‌ لە قەشەكان بۆ گۆڕینی داب و نەریتی كۆنی جەژنی ڕۆمانە بت پەرستەكان لە ئەوروپا بڕیاریان دا ڕستەی ( بسم إله الأم) بگۆڕن بۆ ناوی ( قەشە ڤالنتاین ) ، چونكە هێمای خاچ پەرەستی یەو  بەهۆیەوە زیاتر لاوان پەیوەست دەكەن بە خاچ پەرەستیەوە .
ئێستاش لە ڕێگەی لێكدانەوەی ئەو بۆچونانەی باسمان كرد بەڵگەی قەدەغەكردن و حیكمەت لە قەدەغەكردنی چەژنی ( ڤالنتاین ) ئەخەینە ڕوو لەوانەش : 
یەکەم : ئەم جەژنە لە بنەڕەت دا پەیوەستە بە خواكانی ڕۆمانیە كۆنەكان كە بت بوونە. وە لە ڕێگەیەوە گوزارشت لە خۆشەویستی ئیلاهی بت پەرستی دەكەن وە تیایدا بتەكان بەرز ڕادەگیرێن ، لە جیاتی خوا دەپەرسترێن  خوای پەروەردگاریش ئەفەرمووێت :[ إِنَّهُ مَن يُشْرِكْ بِاللّهِ فَقَدْ حَرَّمَ اللّهُ عَلَيهِ الْجَنَّةَ وَمَأْوَاهُ النَّارُ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنصَارٍ ] ( المائدة : 72 )  ، واتە : بەڕاستی هەر كەس هاوبەش بۆ خوا دابنێت ئەوا بێگومان خوای پەروەردگار بەهەشتی لە سەر قەدەغە كردووە ، و جێ‌ و شوێنی ئاگر دەبێت ، وە بۆ ئەو جۆرە ستەمكارانە هیچ پشتیوان و یارمەتیدەرێك نیە . دواتر بووە بە جەژنی خاچ پەرستان و پەیوەست بووە بەخاچ پەرستانەوە
دووەم : لەم جەژنەدا ڕۆمانیەكان قوربانیان بۆ خواكانیان دەكرد كە ( بت ) بوون ، بۆ ئەوەی كە خۆیان لە خراپە و مەڕو ماڵاتەكانیان لە گورگ بپارێزێت ، كە ئەم كارەش هاوەڵ بڕیاردانە بۆ خوا  خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێت [ إِنَّ اللّهَ لاَ يَغْفِرُ أَن يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَن يَشَاء ]  ( النساء : 48 )  ، واتە: بەڕاستی خوای پەروەردگار لە كەسێك خۆش نابێت كە هاوەڵی بۆ بڕیار بدات ، و جگە لەوەش لێخۆش بوونی هەیە بۆ هەر كەسێك كە ویستی لە سەر بێت . بۆیە لە دروشمە بۆگەنەكانی ڕۆمان لەم ڕۆژەدا سەربڕینی سەگ و بزنێك بوە بۆ بتەكانیان ، كە ئەمەش كارێكی حەرامە .
سێیەم : پەیوەست بوونی ( ڤالنتاین ) بەم ڕۆژە ڕای جۆرا و جۆری لە سەرە ، بگرە هەندێك لە سەرچاوەكان ئەڵێن ( ڤالنتاین ) هەر وجوودی نیە و درووست كراوی خەیاڵە ئەگەر چی لەڕاستیشدا بونی هەبێ‌ ئەوا چەژنێكە پەیوەستە بەخاچ پەرستانەوە كە عیسای مەسیح ـ علیه السلام ـ بە خوا ئەزانن و ئەیپەرەستن .
چوارەم :  بەشداری كردن لە ( ڤالنتاین ) هۆكارە بۆ نزیك بونەوە و خۆشەویستی بێ‌ باوەڕان خوای پەروەردەگار یش ئەفەرموێ‌ : [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَتَّخِذُواْ الْيَهُودَ وَالنَّصَارَى أَوْلِيَاء بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاء بَعْضٍ وَمَن يَتَوَلَّهُم مِّنكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ إِنَّ اللّهَ لاَ يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ] ( المائدة : 51 ) .
واتە : ئەی ئەوانەی كە باوەڕتان هێناوە ، جولەكە و گاور مەكەن بە پشتیوان ، و خۆشەویستی خۆتان ، ئەوانە هەندێكیان دۆستی یەكترن ، ئەوەتان ئەوان بكات بە دۆست ، ئەوە بەڕاستی ئەو كەسە لەوانە ، بێگومان خوای پەروەردگار ڕێنموونی گەلی ستەمكاران ناكات . هەروەها زانای پایە بەرز ( ابن تیمیە ) فەرمویەتی : (( خۆ شوبهاندن دەبێتە هۆی خۆشەویستی و حەزلێكردن و پشتیوانی كردنیان و بە دۆست دانانیان لە ناخدا ، هەروەها خۆشەویستی ناخ دەبێتە هۆی خۆشوبهاندن لە ڕوكەشدا )) . 
پێنجەم : ئەو خۆشەویستی یەی لەم جەژنەدا بانگەشەی بۆ دەكەن دوورە لە پاكی ، چونكە بانگەشەیە بۆ بەستنی پەیوەندی خۆشەویستی كە حەرامە و ئەنجامدانی كارێكی ناشەرعی و نارەوایە ، و هۆكاریشە بۆ داوێن پیسی و كەوتنە زیناوە .
شەشەم : هەموو گەل و نەتەوەیەك خاوەن ئاینێكی تایبەتە بە خۆی هەموو ئاینێكیش خاوەن جەژنی تایبەتە بە خۆی وەك پێغەمبەری خوا بە ( أبو بكر ) ی فەرموو : " ئەی ئەبو بەكر هەموو گەلێك جەژنی تایبەتی خۆی هەیە ئەمیش جەژنی ئێمەیە ، ( واتە : ڕەمەزان و قوربان ) جەژنیش لە ئیسلامدا پەرەستنێكە لە پەروەردگار نزیكمان ئەكاتەوە ، لە ئیسلامیشدا تەنها دوو جەژن هەیە جەژنی (ڕەمەزان و قوربان )
حەوتەم : بەشداری كردن لە ( ڤالنتاین ) خۆ شوبهاندنە بە گاوڕ و خاج پەرەستان ، سەبارەت بە خۆ شوبهاندنیش خوای پەروەردگار ئەفەرموێ : [ وَلَئِنِ اتَّبَعْتَ أَهْوَاءهُم مِّن بَعْدِ مَا جَاءكَ مِنَ الْعِلْمِ إِنَّكَ إِذَاً لَّمِنَ الظَّالِمِينَ ] ( البقرة : 145 )  ، واتە : سوێند بێت بە خوای پەروەردگار ئەگەر تۆ دوای ئارەزووەكانی ئەوان بكەویت دوای ئەو زانینەی ( سروش ) كە بۆت هاتووە بە ڕاستی ئەو كاتە تۆ لە ستەم كاران دەبیت . 
زانای پایە بەرز ( ابن تیمیە ) سەبارەت بەڕاڤەی ئەم ئایەتە فەرمویەتی : (( ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەدات كە پێچەوانە كردنەوەیان ( واتە : گاور و خاچ پەرەستان ) گشتی یە و لە هەموشتێكدایە )) . هەروەها پێغەمبەری خوایش فەرمویەتی : ئەو كەسەی لاسایی هەر نەتەوە و ئایینێك بكات ، ئەویش لەوان دەبێت . زانای پایە بەرز ( ابن تیمیە ) سەبارەت بە واتاكردنی ئەم فەرموودەیە فەرمویەتی : (( بەشداربوون و خۆ شوبهاندن بەوان لە هەندێك لە جەژنەكانیان ئەبێتە هۆی دڵخۆش بوونیان بەو ناڕەواییەی كە لە سەرین ) ، وە هەروەها خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ : [ لِكُلٍّ جَعَلْنَا مِنكُمْ شِرْعَةً وَمِنْهَاجًا ] (سورة المائدة : 48 ) ، واتە : هەریەكێك لە ئێوە شەریعەت و پەیڕەوێكی تایبەتمان پێ‌ بە خشیون ، بۆیە گەر جەژنێك تایبەت بوو بە گاور و خاچ پەرەستان قەدەغەیە موسڵمان بە جەژنی خۆی بزانێت ، وەك چۆن جەژنەكانی ئێمەش قەدەغەیە لە لای ئەوان .
هەشتەم : جەژنەكان لەو تایبەت مەندیانەن كە ئاینەكانی پێ‌ لەیەك جیادەكرێتەوە ، كەوابوو جەژنەكان یەكێكن لەڕوەكانی جیاكردنەوەی موسڵمانان لەگاور و خاچ پەرەستان ، خوای پەروەردگاریش ئەفەرمووێ‌ :  [ إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللّهِ الإِسْلاَمُ ] ( آل عمران : 19 )  ، واتە : بەڕاستی دینی پەسەند كراو لە لای خوای پەروەردگار دینی ئیسلامە ، زانای پایە بەرزی ئیسلام ( ابن تیمیە ) فەرمویەتی : (( جەژنەكان لەو تایبەت مەندیانەن كە ئاینەكەیانی لەیەكتر پێ‌ جیادەكرێتەوە )) ئایینی ئیسلامیش ( ڤالنتاین ) ی قەدەغە كردووە و لەئیسلامدا هیچ بنەوایەكی نیە  واتە لە لایەن خوای پەروەردگارەوە قەدەغەكراوە
نۆیەم : ئەو كردار و گوفتارانەی لە جەژنەكانیان ئەنجام ئەدرێ‌ ناشەرعیە ، وەك : ( ڤالنتاین ) ت پیرۆز بێت !!! ، یان : بە ناوی خوای دایك !!!!.
دەیەم : تاوەكو ئێساش نەزانراوە ـ ئەم جەژنە ـ لە سەر بنەمایەكی ڕاستەقینە بنیات نراوە یان هەمووی ئەفسانەیە ، بۆ یە ئەگەر جەژنی ڕۆمانیە بت پەرەستەكان بێت یان جەژنی خاج پەرەستان بێ‌ یان ئافسانە بێت بۆمان نیە بەشداری بكەین . گەر بە جەژنیشی نەزاننین و بەشداری بكەین هەرتاوان بارین چونكە بەشداری لە بیدعەیەكدا  ئەكەین كە خودی بیدعەكە لاسایی كردنەوە و تاوانە .
یانزەیەم: بەشداری كردنت ڕەنگە توشی كوفرت بكات ، چونكە بەشداری كردن بەمانای ئەوە دێ‌ خوای گەورە ئاینەكەی بە كاملی دانەبەزاندووە ، و پێغەمبەی خوایش خیانەتی لە گەیاندنی ئاینەكە كردووە بۆیە تۆ لەبەردەم دوو وەڵامدای  یەكەم : دەزانی حەرامە و كەچی سەرپێچی پەروەردگارت ئەكەیت ، كە ئەمەش سزایەكی سەختی لەدوایە . دووەم : واهەست ئەكەیت كە ئاینی ئیسلام كامل نیە و قەدەغەی ئەم جەژنانەی نەكردووە لە كاتێكیشدا خوای گەورە ئەفەرموێ‌ : [ الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلاَمَ دِينًا   ] ( سورة المائدة : 3 ) ، واتە : ئەمڕۆ ئاینەكەتانم بۆ تەواو ( كامڵ ) كردوە و چاكە و بەهرەی خۆم بەتەواوی ڕشتووە بەسەرتاندا ، و ڕازی بووم كە ئیسلام ئاینتان بێت ، هەروەها ئەفەرموی: [ وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الإِسْلاَمِ دِينًا فَلَن يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ ] ( آل عمران : 85 )  ، واتە : هەر كەسێك دوای دینێك بكەوێت جگە لەدینی ئیسلام ، ئەوە لێی وەرناگیرێت ، و لە ڕۆژی دواییدا لە زەرەرمەندان دەبێت . هەروەها ( ڤالنتاین) یش لەئیسلامدا بوونی نیە . كەواتە لە قەدەغەكراوەكانە
دوانزەیەم: خوای پەروەردگار ئەفەرموێ : [ وَالَّذِينَ لَا يَشْهَدُونَ الزُّورَ ] ( سورة الفرقان : 72 ) ، رەبیعەی كوری ئەنەس فەرمویەتی : مەبەست لەم ئایەتە جەژنی گاور و خاچ پەرەستانە ، باشە لەم بەڵگە بەهێزتر چیت ئەوێ‌ ؟!!! .
هەروەها موسڵمانان ڕۆژانە لە سەر نوێژ (17) جار ئەڵێن : [ اهدِنَا الصِّرَاطَ المُستَقِيمَ صِرَاطَ الَّذِينَ أَنعَمتَ عَلَيهِمْ غَيرِ المَغضُوبِ عَلَيهِمْ وَلاَ الضَّالِّينَ ] ( الفاتحة : 6 ـ 7 ) . واتە : ئەی پەروەردگار ڕێگای ڕاستمان نیشان بدە و ڕێنموییمان بكە بۆ ڕێگەی ئەوانەی كە نیعمەتی خۆتت بە سەردا ڕشتوون ـ كە بریتین لە پێغەمبەران و پیاوچاكان و شهیدان ـ وەنەشمان كەی بەوانەی كە لێیان توڕەی كە ( گاوران ) ە و نەشمانكەی بەوانەی كە ڕێگای ڕاستیان وون كردوە كە ( خاچ پەرەستان ) ە .
باشە چۆن داوای ڕێگای ڕاست دەكەیت و داوادەكەی پەروەردگار لە گاور و خاچ پەرەستان نەتژمێرێت كەچی بەشداری لە جەژنەكانیان دەكەیت و بەقسەیان دەكەیت ئایە ئیتر چۆن داوای پاراستن لە پەروەردگار ئەكەیت لەكاتێكدا شوێن شەهوەتەكانی ئەوان ئەكەوی ؟!!
ماوەتەوە بڵێم خوای پەروەردگار بە چەندین ئایەت ئاگاداری كردووینەتەوە لە مەترسی گاور و خاچ پەرەستان منیش هەندێكیانم بۆ خستنە ڕوو ئۆباڵی خۆتان بەسەر خۆتان چونكە خوای گەورە ئەفەرموێت : [  وَلَئِنِ اتَّبَعْتَ أَهْوَاءهُم مِّن بَعْدِ مَا جَاءكَ مِنَ الْعِلْمِ إِنَّكَ إِذَاً لَّمِنَ الظَّالِمِينَ ] ( البقرة : 145 ) ، واتە : سوێند بێت بە خوای پەروەردگار ئەگەر تۆ دوای ئارەزووەكانی ئەوان بكەویت دوای ئەو زانینەی كە بە( سروش ) بۆت هاتووە بە ڕاستی ئەو كاتە تۆ لە ستەم كاران دەبیت . 
زانای پایە بەرز ( ابن تیمیە ) سەبارەت بەڕاڤەی ئەم ئایەتە فەرمویەتی : (( ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەدات كە پێچەوانە كردنەوەیان ( واتە : گاور و خاچ پەرەستان ) گشتی یە و لە هەموشتێكدایە )) ئەوەش بزانە ڤالنتاین جەژنی ئەوانەیە كە بەخیلیان دێت كە ئێمە موسڵمانین و بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵ دان لە ڕێگای ڕاست لا مان بدەن وەك پەروەردگار ئەفەرمووێ‌ : [ وَلَن تَرْضَى عَنكَ الْيَهُودُ وَلاَ النَّصَارَى حَتَّى تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمْ ] ( سورة البقرة :120) ، واتە : هەرگیز گاور و خاچ پەرستان لێتان ڕازی نابن تاكو شوێنی ئاین و ڕێبازیان نەكەون .
 بەم جۆرە جەژنانەش ئەیانەوێ‌ شوێنیان بكەوین ، باشە بۆچی ئەیانەوێ‌ شوێنیان بكەوین ؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش لای خوای پەروەردگارە كە ئەفەرمووێ‌ : [ وَدَّ كَثِيرٌ مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَوْ يَرُدُّونَكُم مِّن بَعْدِ إِيمَانِكُمْ كُفَّاراً حَسَدًا مِّنْ عِندِ أَنفُسِهِم ] ( سورة البقرة : 109 ) ، واتە : حەزو ئاواتی زۆرێك لە گاور و خاچ پەرستان ئەوەیە كە پاشگەزتان بكەنەوە لە ئاینەكەتان و بێ باوەڕتان بكەن دوای ئەوەی كە بڕواتان هێناوە ، ئەمە نهێنی ئەو داگیركردنەیە بۆیە ئاگاداربە بەناوی خۆشەویستی یەوە داگیرت نەكەن ، چونكە داگیر كەر نەخۆشەویستی ئەزانێ‌ و نەڕەحمیشی لە دڵایە .

باشترین رێگایش بۆ پاراستنی خۆمان و خەڵكیش لەسەرمانە لەڕۆژی ڤالنتاین ئەم هەنگاوانە بنێین :
1 / بەشداری نەكەین لە ئاهەنگەكانی ئەم ڕۆژە ، چونكە پێشەوا ( الحافظ الذهبي  ) فەرمویەتی : ئەگەر خاچ پەرەستان و گاوران جەژنی تایبەت بە خۆیان هەبوو ، نابێ موسڵمان  بەشداری تێدابكات هەروەك چۆن لەڕوگە ( قیبلە ) و شەریعەتەكانیان بەشداری ناكات .  
2 / بەشداری نەكەین لە بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە ( ڤالنتاین ) ەوە هەیە چونكە دەچێتە ڕیزی ، فەرمان بەخراپە و نەهی كردن لە چاكە
3 / ئەگەر لە ڕێگەی تەلیفۆن یان بە نامە یان بە قسەكردن پیرۆزباییان لێكردی ئەوا زۆر بەلێهاتووانە بڵێ‌ ئەم كارە تاوانە و جەژنی ئێمە نیە .
4 / بازرگانی نەكردن بە شت و مەكی پەیوەست بەم ڕۆژە وەك گوڵ و دڵی سور و میزەڵان و جل و بەرگ و كارتی نامە و ...هتد . چونكە حەرامە و ڕێگایە بۆ تاوان .
 5 / بڵاوكردنەوەی ئەو نامیلكە و كتێبانەی كە حەقیقەت و لایەنی بۆگەن و تاوانەكانی ئەم جەژنە بە خەڵك دەناسێنن . 
6 / ڕون كردنەوەی چەمكی یەكتاپەرەستی كە بە بەشداریكردن لە ( ڤالنتاین ) دەڕووشێت ، كە تەوحیدیش لە دەست چوو بەهەشتیشمان لە دەست ئەچێ‌ . 
ئەوەشت لەیاد نەچێت ئەمانەی كە ئەیانەوێت موسڵمانان فێری خۆشەویستی بكەن پێغەمبەری خوا لەبارەیانەوە فەرموویەتی : سوێند بەوەی كە گیانی منی بەدەستە هیچ كەسێك نابێت لەم ئوممەتە یان لە گاور و خاچ پەرستان  كە هەواڵی هاتنی منی پێبگات و باوەڕ نەهێنێ‌ بەوەی كە خوای پەروەردگار بۆی ناردوم بەدڵنیاییەوە تاهەتایە لەدۆزەخدایە . ئەمانە ئەو كەسانەن كە خۆشەویستی فێری ئێمە دەكەن 
ئەمەیە حەقیقەتی ڕۆژی ( خۆشەویستی !! ) 
زانای پایەبەرز  (محمد بن صالح العثيمين  ) سەبارەت بە ڕۆژی ڤالنتاین ئەڵێت :
جەژن گێڕان لە ڕۆژی ڤالنتاین دروست نیە لەبەر دوو هۆ :
یەكەم / جەژنەكە بیدعەیەو هیچ بنەوایەكی لە شەریعەتی ئیسلامدا نیە .
دووەم / بانگەشە ئەكات بۆ پەیوەست بوون و سەرقاڵ بوونی دڵەكان بەم شێوە كردەوە پوچانەی كە پێچەوانەی پەیڕەوی هاوەڵانە ، بۆیە دروست نیە هیچ لەدروشمەكانی ئەو ڕۆژە زیندوو بكرێتەوە چ لە خواردن و خواردنەوە و جل و بەرگ و دیاری بەخشین و .... هتد . 
هەروەها لە فەتوای ( اللجنة الدائمة ) دا هاتوە كە : حەرامە موسڵمان یارمەتیدەر بێت لەم ڕۆژە و هەموو جەژنە قەدەغە كراوەكاندا بەهەرشتێك بێت لە خواردن بێت یان خواردنەوە یان فرۆشتن یان كڕین یان دروست كردن و دیاری و نامە گۆڕینەوە و ڕاگەیاندن و جگە لەوانەش چونكە هەموو  ئەوانە هاوكاری كردنن لەسەر تاوان و سەرپێچی خوای پەروەردگار و  پێغەمبەرەكەی ، خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێت : [ وَتَعَاوَنُواْ عَلَى الْبرِّ وَالتَّقْوَى وَلاَ تَعَاوَنُواْ عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ وَاتَّقُواْ اللّهَ إِنَّ اللّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ]. سورة المائدة(2)
بۆیە لە كۆتاییدا ئەڵێم : ئەی ئەو كەسانەی خۆشحاڵن بە هاتنی ڤالنتاین ... ئەی ئەو كەسانەی نامەی عەشق و خۆشەویستی لەم ڕۆژە ئەگۆڕنەوە ... ئەی ئەو كەسانەی بە گوڵی سور پێشوازی لە هاوڕێكانتان ئەكەن ... ئەی ئەو كەسانەی لە ڕۆژی ڤالنتاین ئاهەنگ ئەگێڕن و جلی سور لەبەر ئەكەن و گوڵی سور بەدەستەوە ئەگرن و لەیەخەتانی ئەدەن و بۆ هاوڕێكانتانی ئەبەن ؟!!
ئاگەدار بن ئەم كارە دیوێكی تەواوی خاچ پەرەستی ئەنوێنێ‌ ، ئەمە ڕازی بونە بەو ناشەرعییەی كە لە سەرین ، ئەوانەش كە خستمانە ڕوو بەڵگە بوون لەسەر ئەوەی ئەم ڕۆژە   ( ڤالنتاین ) ڕۆژی گوزارشت كردنە لە خۆشەویستی ( بت پەرستی ) و كۆنە پەرەستی .
 ئەی موسوڵمانی یەك خوا پەرست ئێستا زانیت كە ڕۆژی ( ڤالنتاین ) جەژنی موسوڵمانان نیە و بۆمانیش نیە بە جەژنی بزانین بۆیە لەسەر ڕێچكە و ڕێبازی موسوڵمانی خۆت بمێنەوە و خۆت پەیوەست بكە بەو دوو جەژنەی كە هەمانە ( ڕەمەزان و قوربان ) .
ئەم كارەش لە بنەڕەتی پەرەستنەكانتە ، بۆیە تەنها ئەڵێم ئاخۆ كەسێك هەیە هەر بە جەژنی بزانێ‌ و بەشداری تێدا بكات ؟!!! 
هەروەها ئەم جەژنە ناسراوە بە( جەژنی خۆشەویستی ) و ( جەژنی ڤالنتاین ) و ... هتد ، چونكە پێیان وایە كە ( ڤالنتاین ) شەفاعەت دەری خۆشەویستیانە !!!
ئەمەیە حەقیقەتی ئەو ڕۆژەی ناویان لێناوە ( ڕۆژی خۆشەویستی !!! ) .
ماوەتەوە بڵێین (ڤالنتاین) جەژنێكی كۆنی ڕۆمانە بت پەرستەكانە لە پۆشاكێكی نوێی خاچ پەرستی دا
تێبینی : ( قەشە ڤالنتاین ) ناوێكە پەیوەست بووە بە كەسێك لە قوربانیەكانی كۆنی كەنیسەی خاچ پەرەستان ، ئەم كەسە ( ڤالنتاین ) لە ژێر كاری گەری ئەشكەنجەی سەركردەی  ( قوطي : كلودیوس ) لە ڕۆما مردووە ، ئەمەش نزیكەی ساڵی 296 زاینی وە لەو شوێنەی مردووە لە ساڵی  ( 350 ) لە ڕۆما كەنیسەیەك بنیات نراوە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ( ڤالنتاین ) .

ئامادە کردنى : ستافی ماڵپەڕى بەهەشت / باوکی فریشتە

سەردان: ٢,٢٢٠