ئەوەى تۆ ئەنجامت دەدا لە عیبادەت و گوێڕایەڵى و ئێستا بەهۆى نەخۆشیەوە ناتوانى ئەنجامیان بدەیت ئەوا بۆت دەنووسرێت با نەشتكردبێت؟!
لە ئەبی موساى ئەشعەریەوە رضی الله عنه دەڵێت: پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمووى: (إِذَا مَرِضَ العَبْدُ، أَوْ سَافَرَ، كُتِبَ لَهُ مِثْلُ مَا كَانَ يَعْمَلُ مُقِيمًا صَحِيحًا) (1). واتە: ئەگەر بەندە نەخۆش كەوت یان سەفەرى كرد ، ئەوا هەرچى كردبێت لەشوێنى خۆیدا و لەكاتى لەشساغیدا بۆى دەنووسرێت و هەژمار دەكرێت بۆى.
وە هەروەها ئەنەس رضی الله عنه دەڵێت: پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمووى: (إِذَا ابْتَلَى اللهُ الْعَبْدَ الْمُسْلِمَ بِبَلَاءٍ فِي جَسَدِهِ، قَالَ لِلْمَلَكِ: اكْتُبْ لَهُ صَالِحَ عَمَلِهِ الَّذِي كَانَ يَعْمَلُ، فَإِنْ شَفَاهُ، غَسَلَهُ وَطَهَّرَهُ، وَإِنْ قَبَضَهُ، غَفَرَ لَهُ وَرَحِمَهُ) (2) واتە: ئەگەر خواى گەورە بەندە موسڵمانەكەى خۆى تووشی بەڵا كرد لە جەستەیدا، بە فریشتەكە دەڵێت: ئەو كردەوە چاكەى بۆ بنووسە كە پێشتر دەیكرد، جا ئەگەر شیفاى بۆ هات ئەوا دەیشۆرێت و پاكى دەكاتەوە و ئەگەریش تەمەنى لێ سەندەوە و مرد ئەوا لێى خۆش دەبێت و ڕەحمى پێ دەكات.
ئارام گرتن لەسەر بەڵاو نەخۆشی:
ئەوەى ئەركى تۆیە برا و خوشکى نەخۆشم لەكاتى نەخۆشیدا دان بەخۆداگرتن و ئارام گرتنە لەسەرى.
شێخى ئیسلام دەڵێـت: " ئارام گرتن لەسەر موصیبەت واجبە بە یەكدەنگى زانایانى دین " (3)
پێشەوا ابن القیم دەڵێت: " ئارام گرتن لەسەر موصیبەت واجبە بە یەكدەنگى زانایانى دین و ئەوەش بریتیە لە نیوەى باوەڕ ، چونكە باوەڕ دوو نیوەیە ، نیوەیەكى بریتیە لە ئارام گرتن و نیوەكەى ترى بریتیە لە شوكر وسوپاسگوزارى "
هەروەها دەڵێت: " وە ئارام گرتنیش بە سێ شت بەدى دێت:
1- ناخ و دەروون حەبس كردن لە توڕەیی و ناسزایی .
2- زمان حەبس كردن لە سکاڵا كردن لاى خەڵك .
3- حەبس كردنى ئەندامەكان لە ئەنجام دانى كردارێك كە پێچەوانە و دژى ئارام گرتن بێــت ".
پاشان باسی جۆرەکانی ئارام گرتن دەکات کە ٢٢ جۆرە لەوانە:
خواى گەورە باس و وەصفى ئارام گران دەكات و خۆشیانى دەوێت و لەگەڵیاندایە ، و چەندین ئایەتیش لەسەر ئەوە هەن.
لەوانە: خواى گەورە دەفەرموێت: {وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ وَحِينَ الْبَأْسِ أُوْلَئِكَ الَّذِينَ صَدَقُوا وَأُوْلَئِكَ هُمُ الْمُتَّقُونَ}[البقرة:177]، واتە: ئەوەى ئارامگر بێت لەكاتى هەژارى ونەخۆشیدا ، وە لەكاتى گەرمە و توندى جەنگدا . ئەوانەى كە ئەم سیفەتانەیان تێدایە ئائەوانەن كە لەباوەڕهێنانەكەیاندا ڕاستگۆبوون ، وە هەر ئەوانەشن كە خۆیان لەسزاى خواى پەروەردگار پاراستوە بۆیە لەسەرپێچیەكان بەدور بوون .
هەروەها دەفەرموێت: {وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ}[آل عمران:146]. واتە: خواش ئارامگرانى خۆش دەوێت .
هەروەها لە ئایەتێكى تردا دەفەرموێت: {وَاصْبِرُوا إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ} [الأنفال:46]. واتە: ئارامگر و خۆڕاگربن لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن . بێگومان خوای پەروەردگار لەگەڵ ئارامگر و خۆڕاگراندایە بەسەرخستن و یارمەتیدان وپشتگیری لێكردنیان , و هەرگیز سەرشۆڕیان ناكات .
هەندێ لە سەلەف وتویانە: " ئارامگران خێرى دونیا ودوارۆژیان بردەوە ، چونكە لەگەڵ بوونى خوایان بەدەست هێنا " (4)
خواى گەورە دەفەرموێت: {قُلْ يَا عِبَادِ الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا رَبَّكُمْ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا فِي هَذِهِ الدُّنْيَا حَسَنَةٌ وَأَرْضُ اللَّهِ وَاسِعَةٌ إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ} [الزمر:10]
واتە: ئەی پەیامبەرى خوا ﷺ : بەبەندە باوەڕدارەكان بەخوا و پەیامبەرەكەى بڵێ : لە پەروەردگارتان بترسن بەگوێڕایەڵیكردنى و دووركەوتنەوە لە سەرپێچیكردنى . بۆ ئەوانەى كە چاكەكارن لەم دونیایەدا بە خواپەرستیان چاكەیان بۆ هەیە لەدوارۆژدا كە ئەویش بەهەشتە , و چاكەشیان بۆ هەیە لەدونیادا لەلەشساغى و ڕزق وڕۆزى و سەركەوتن و جگە لەوانەش . وە زەوى خوا فراوانە , بۆیە كۆچى تێدا بكەن بۆ ئەو شوێنەى كە دەتوانن پەروەردگارتان بپەرستن ، و دینەكەتان پەیڕەوبكەن . بێگومان ئارامگران پاداشتەكەیان لەدوارۆژدا وەردەگرن بەبێ شومار وئەنداز و سنوور , و ئەمەش گەورەیی پاداشتى خۆڕاگرانە .
وە پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: (مَا أُعْطِيَ أَحَدٌ عَطَاءً خَيْرًا وَأَوْسَعَ مِنَ الصَّبْرِ)(5). واتە: هیچ شتێك نەدراوە بە بەندە خێرتر و فراوانتر بێت لە ئارام گرتن.
هەروەها باس و قسەى سەلەف لەم بارەیەوە زۆرە وەكو:
عومەرى كوڕى خەتتاب رضی الله عنه دەڵێت: (وَجَدْنَا خَيْرَ عَيْشِنَا بِالصَّبْرِ)
واتە :" باشترین گوزەرانمان بە صەبر وئارامگرى بینیەوە " (6)
وە عەلى كوڕى ئەبوتالیب رضی الله عنه دەڵێت: (الصبر من الإيمان بمنزلة الرأس من الجسد)
واتە " ئارام گرتن لە باوەڕدا وەكو سەر وایە لە جەستەدا " (7)
حەسەنى بەصرى رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: (الصبر كنز من كنوز الخير، لا يعطيه الله إلا لعبد كريم عنده)
واتە " ئارام گرتن گەنجینەیەكە لە گەنجینەكانى خێــر، خواى گەورە نایبەخشێت بە كەس مەگەر بە بەندەیەكى بەڕێــز نەبێت بەلایەوە " (8)
(1) صحيح البخاري برقم (2996).
(2) مسند أحمد برقم (13712)، وحسنه الألباني في صحيح الجامع (58).
(3) تسلية أهل المصائب (ص 173).
(4) عُدَّةُ الصابرين (ص 134).
(5) متفق عليه: رواه البخاري برقم (1469) ومسلم برقم (1053).
(6) صحيح البخاري (8/ 99).
(7) تسلية أهل المصائب لابن تيمية (ص 182).
(8) تسلية أهل المصائب لابن تيمية (ص 182).
و : ستافی وەڵامەکان