چەند سودێکی پەروەردەیی لە یاری تۆپی پێدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند سودێکی پەروەردەیی لە یاری تۆپی پێدا

الحمد لله رب العالمين وصلى الله وسلم على رسول أما بعد :
من یەکێک نیم لەیاری زانانی تۆپی پێ ، و خولیا و عاشقیشی نیم لەبەر ئەوەی حەزم پێی نی یە.
ڕۆژێکیان لەپێش تەلەفیزیۆن دانیشتبووم ، و ورد بوومەوە لەم یارییە وچەند وانەیەکی پەروەردەیم تێدا بەدی کرد ، لەوانە :

(1) هەدەف و ئامانج :
هەموو ئەو یاریزانانەم بینی هەوڵی بەدەست هێنانی ئامانجێکی دیاری کراویان دەدا ، ئەوەش کردنی تۆپ بوو بەنێو گۆڵی تیپی بەرانبەردا .
وەک دیارە گەر ئەو ئامانجە بوونی نەبوایە یاریەکە دروست نەدەبوو . 
جا بۆیە پێویستە هەر مرۆڤێک ـ هەر چۆنێک بێت ـ ئامانجێکی هەبێت و هەنگاوی بۆ بنێت ، وکاری لەپێناودا بکات .
جا ئامانجەکان جیاوازن هەیانە ئامانجی بەرز و بەنرخن هاوشێوەی دەعوەو بانگەواز وبڵاوکردنەوەی زانست وچاک کردنی نێوان خەڵك .. هتد .
وەهەروەها هەندێ ئامانج هەن وەک پێویست نین وئامانجی پڕو پوچن.
جا ئایە ئێمە ئامانجمان هەیە و گەر هەیە ئایا دیار وڕوونە ، هاوشێوەی ئەو یاریزانانە ، وهەوڵی بەجێ هێنانی دەدەین یاخود نا ؟ 
بەڵێ لە ژیانی دنیادا ئامانجێکی گەورە هەیە و مرۆڤ دەبێ هەوڵی بەدی هێنانی بدات ، ئەوەش بەجێ هێنانی ئەو مەبەستەیە کە لەپێناویدا دروستکراوە ، خوای گەورە فەرموویەتی: ((وما خلقت الجن والأنس إلا ليعبدون))  .
واته: وه‌ من جن و مرۆڤم دروست نه‌كردووه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێ به‌ تاك و ته‌نها بمپه‌رستن وه‌ ملكه‌چی فه‌رمانی من بن. وەهەروەها ڕازی کردنی خوای پەرەردگار .
هەموو موسوڵمانێک ئامانجێکی هەیە ، و پێویستە بیری لێ بکاتەوە ولێکۆڵینەوە لەگەڵ خۆیدا بکات ، ئایا ئامانجەکەی دەست نیشان کردووە ، و کاتێ دیاری کرد ئایا هەوڵی بەدەست هێنانی داوە ؟
یەکێک لەهۆکارەکانی تێکشکانی هەندێ مرۆڤ لەم سەردەمەدا ئەوەیە هیچ ئامانجێکیان نی یە ، وگەر هەشیان بێ هەوڵی بەدەست هێنانی نادەن .

(2) یارمەتیدان و هاریکارى یەکتر :
جارێکی تر تەماشای حاڵی ئەو یاریزانانەم کرد ، بینیم هاریکاری یەکتر یەکێکە لەبنچینه سەرەکیەکانی ئەم یاریە .
هاریکاری یەکێکە لەگەورەترین هۆکارەکانی سەرکەوتن ، پێویسته هەر پرۆژەیەکی خێری ـ هەرچەند بچووکیش بێت ـ کۆمەڵێک هاریکاری کۆمەڵەکەی تر بن ، وهەر پرۆژەیەک گیانی هاریکاری تێدا نەبێت ئەوا سەرکەوتو نابێت کەمێکی نەبێت ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ((وتعاونوا على البر والتقوى ولا تعاونوا على الإثم والعدوان )) .
واتە: وه‌ ئێوه‌ هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن له‌سه‌ر چاكه‌و ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ، وه‌ هاوكاری یه‌كتری مه‌كه‌ن له‌سه‌ر خراپه‌و تاوان و دوژمنكاری و ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر یه‌كتری.
وە بانگهێشت کردنی تاک و ڕێکخراوەکان بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی هاریکاری و جێ بەجێ کردنی لەئەرزی واقیع دا هۆکارە بۆ سەرکەوتوویی هەر کار و پرۆژەیەک وبڵاو بوونەوەی خۆشەویستی وهەست کردن بە بەرپرسریاریەتی لەنێو هاریکاراندا.

(3) بەشداری کردن لەبەجێ هێنانی ئامانج دا :
بینیم ئەو کەسەی ئامانجەکە دەپێکێت تەنها خۆی نی یە ، بەڵکو بەهاریکاری کۆمەڵێک لەیاریزانان بەو کارە هەڵدەستێت .
ڕەنگە هەندێ کەس وا لێکدانەوەی بۆ بکەن ئەو کەسەی ئامانجەکەی پێکاوە یەک کەسە ، کەئەویش ئەو کەسەیە کە گۆڵ دەکات ، بەڵام لەڕاستی دا ئەوانەی ئامانجەکەیان پێکا کۆمەڵێکن نەک تەنها ئەو کەسەى گۆڵەکەى کردووە  .
جا هەندێ کاری خێر هاوشێوەی پرۆژەی بانگەوازی سەرکەوتو وجگە لەوەش بەهەوڵ وکۆششێکی کۆمەڵێک باوەڕدار بەدەست دێت و بەتاکە کەس ئەستەمە بەدەست خستنی . 
بۆ نموونە بەستنی کۆڕێکی ئاینی ، کۆمەڵێک تیایدا بەشدار دەبن دانەیەک جێگاکە ئامادە دەکات ودانەیەکی تر بانگەشەی بۆ دەکات ودانەیەکی تر سەرپەرشتی کۆڕەکە دەکات وکومەڵێکی تر خزمەت دەکەن وکەسێکیش موحازەڕەکە پێشکەش دەکات ، وەک دیاره هەر یەکەیان بەشێکی بەردەکەوێت لەڕێکخستنی دا.
جا گرنگ بەجێ گەیاندنی کارێکی خێرە و پێکانی ئامانجەکەیە نەک کێ زیاتر دیارە و بەدەر دەکەوێت .

لەپشتی هەموو کارێکی خێر ، یاخود پرۆژەیەکی بانگەوازی  کۆمەڵێک سەربازی ون هەن ، کەسانێک کەپێویستە دەست خۆشیان لێ بکرێت وڕێز لەهەوڵ وماندوبوونیان بگیردرێت  .

(4) گرنگی هاندان و تەشجیع کردن :
من وا گومان دەبەم گەر هاندەران بوونیان نەبێت لەیاریگادا ، یاریزانان وەک پێویست یاری ناکەن ، بەڵکو دەتوانین بڵێین زۆری هاندەران هۆکارێکە لەهۆکارەکانی سەرکەوتنی تیپێک.
ئای چەن داهێنان وکاری خێر وباشمان لەبراکانمان بینی ، دەی بۆ تەشجیعیان نەکەین وهەڵیان نەنەین بەردەوام بن و کاری زیاتر وباشتر ئەنجام بدەن هەر چەند بەپیاهەڵدان وسوپاسێکیش بێت .
بەڵێ ڕاستە موسوڵمان نابێ چاوی لەسوپاس وپیاهەڵدانی خەڵک بێت ، بەڵام کەسانی تر پێویسته هەرکات کارێکی خێر وباشیان بینی ـ هەرچەند بچووکیش بوو ـ دەست خۆشی لەبکەرەکەی بکەن ودەستی ماندووبوونیان بگوشن ، بێگومان ئەمەش جۆرێکە لەهاریکار بوون لەخێر وچاکەدا .

(5) تەعەسوب و دەمارگیریەکی لەڕادەبەدەر :
یەکێک لەو ڕەخنانەی لەهەندێ کەس دەگیردرێت لەم یاریەدا ، ئەوەیە کەسانێک هەن لەهاندەران تەعەسوب ودەمارگرریەکی لەڕادەبەدەریان هەیە بۆ فەریقی خۆیان یاخود یاریزانێک ، دەبینی لەپێناو ئەودا دۆستایەتی ودوژمنایەتی دروست دەکەن ، هەندێ جار لەو پێناوەدا شەڕ وگاڵتەپێکردن وجوێندانیش ڕوو دەدات ، بێگومان هەموو ئەمانە کارێکی ناپەسەندن .
وە هاوشێوەی ئەمە بۆ موسڵمانانیش نابێ تەعەسوب ودەمارگرریەکی لەڕادەبەدەری بۆ هیچ کەس وبۆچوونێک وشار و وڵاتێک ببێت ، بەڵکو کار بۆ حەق و لەپێناو حەق و ڕاستی دا کار بکات نەک فڵان کەس و وڵات و شار و گروپ .

یەکێک لەو شتانەی کەجێی داخە ئەوەیە هەندێ بۆچوون ولێکدانەوە هەیە ، ڕەنگه حەق بێت ، بەڵام خەڵک لێی دوور دەکەونەوە بەهۆی تەعەسوب ودەمارگرریەکی لەڕادەبەدەری هەڵگرانیەوە.
هذا وصلى الله وسلم على نبينا محمد. 
 
نوسینى : مرعيد بن عبدالله الشمري 
وەرگێڕانی : ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٨٤٨