لە ڕۆژگاری ئە مڕۆماندا زۆر بەڕونی لە میدیاكانی دونیادا دەبینن و دەخۆێنینەوە كە كێشەیەكی زۆر گەورە هەیە لەسەر چۆنیەتی دابەش كردنی داهاتی گشتی ، تەنانەت لە هەندێك ووڵاتدا شەڕ و ئاژاوەی لێكەوتۆتەوە . بە شێوەیەك كە هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی لە دابین نەكردنی داواكاریەكانیان وە نەبوونی دادپەروەریەكی ڕاستەقینە كە ببێتە مایەی دڵ خۆشی .
وە ئەگەر بڕوانینە مێژووی پر ِشكۆی ئیسلام بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیمامی عومەر ڕەزاى خواى لێ بێ كە چەندین لاپەڕەی پڕشنگداری نەخشاندووە لە لاپەڕەكانی مێژوودا كە هەتا هەتایە تیشك دەدەنەوە كە لەم چەند نموونانەی خوارەوە دەردەكەون :
یەکەم : لەساڵی گرانیەكەدا ئیمامی عومەر ئەوەندە نان و زەیتی خواردبوو پێستی ڕەش بوو ، دەیفەرموو : خراپترین سەركردەم ئەگەر من تێربم وخەڵك برسی بێ .
دووەم : جارێكیان ئیمامی عوسمان ڕەزاى خواى لێ بێ لەماڵی خۆیەوە سەیری دەرەوەی دەكرد لە ڕۆژیكی گەرمدا لەپڕ دەبینێ پیاوێك دوو بەچكە ووشتری پێیە لیان دەخوڕێ ، ئیمامی عوسمانیش دەفەرموێت : ئەوە چی دەبوو ئەگەر ئەو كابرایە چاوەڕێی بكردایە تاوەكو دونیا فێنك دەبوو پاشان بڕۆشتایە . دوای بەرەبەرە كابرا نزیك دەبوویەوە تاوەكو ئیمامی عوسمان بە پیاوێكی ووت : بزانە ئەوە كێیە ؟ كاتێك پیاوەكەش سەیری كرد بینی پیاوەكە خۆی داپۆشیوە تاوەكو تەواو نزیك بوویەوە بینیان ئیمامی عومەرە . ئیمامی عوسمان لێی پرسی : گەورەم چی وای لێ كردی كە لەم گەرمایە بێیتە دەرەوە ؟ ئیمامی عومەریش فەرمووی : ئەمانە ووشتری زەكاتن و دواكەوتوون ووشترەكانی تری زەكاتیان بردووە بۆ لەوەڕاندن ویستم بیان گەیەنمێ نەوەكو بەزایە بچن و دوای لای خوای گەورە بەرپرسیاربم . ئیمامی عوسمانیش فەرمووی : گەورەی موسڵمانان وەرە ئەم سێبەرە و ئاو بخۆرەوە ئێمە ئەو كارە دەكەین . ئیمامی عومەریش فەرمووی : ئەی عوسمان بچۆرە سێبەری خۆت ( أسد الغابة:160/4، والكامل:451/3) .
سێیەم : لە عبدالله ی كوڕی ئیمامی عوممەرەوە ڕەزاى خوایان لێ بێ دەفەرموێ : ووشترێكم كڕی بۆ ماوەیەكی زۆردەمبرد بۆ لەوەڕاندن تاوەكو قەڵەو بێت و بەقازانج بیفرۆشمەوە ڕۆژیكیان هێنامەوە بۆ بازاڕ بۆ فرۆشتن ، ئیمامی عومەریش ئەو ڕۆژە هات بۆ بازاڕ و چاوی بەم ووشترە قەڵەوە دەكەوێت دەڵێت : ئەمە هی كێیە ؟ لەوەڵامدا پێی دەڵێن : ئەوە هی عبدالله ی كوڕتە . ئیمامی عومەریش دەڵێت : بەه بەه بەڕاستی جوانە كوڕی گەورەی موسڵمانان ووشترە قەڵەوەكەی دەگێڕێ ، عبدالله ش پێی دەڵێت : ئەوە چیە گەورەی موسڵمانان ؟ ئیمامیش دەڵێت : ئەم ووشترە چیە ؟ عبدالله ش لەوەڵامدا دەڵێت : ئەوە حوشترێك بوو كاتێك كڕیم لاواز بوو ، پاشان بۆ ماوەیەكی زۆر بردم بۆ لەوەڕاندن تاوەكو قەڵەو بوو منیش دەمەوێت قازانجی لێ بكەم وەكو چۆن موسڵمانان قازانجی لێ دەكەن . ئیمامی عومەریش فەرمووی : ئەی عبدالله ی كوڕی عومەر سەرمایەكەت وەربگرە و قازانجەكەی بخەرە ( بیت المال ) ( داهاتی گشتی ) موسڵمانانەوە . ( أخبار عمر : ص 393 ) .
چوارەم : لە قتادەوە ڕەزاى خواى لێ بێ : موعەیقیب پاسەوان بوو لەسەر ( بیت المال ) ڕۆژێكیان گسكی دەدا درهەمێك دەدۆزێتەوە و دەیدا بە عبدالله ی كوڕی ئیمامی عومەر ، موعەیقیب دەفەرموێ دوایە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە ، یەكسەر ئیمامی عوممەر نێردراوێكی نارد بە دوامدا منیش چوومە خزمەتی و بینیم درهەمەكە بەدەستیەوە بوو فەرمووی : ( ئەی هاوار لە تۆ موعەیقیب ! ئایە هۆیەكت هەیە خۆتی پێ ڕزگار بكەی ؟ یان ئەوە ماڵی من وتۆیە ؟ منیش ووتم : ئەوە چیە قوربان ؟ ئەویش فەرمووی : مەگەر دەتەوێ بمكەی بەدوژمنی تەواوی ئوممەتی موحممەد ﷺ لە ڕۆژی دوایدا . ( مناقب عمر ) .
خوێنەری بەڕێز : چەندەها نموونەی تر هەن لەم شێوەیە كە هەموویان شاهیدن لەسەر مێژووی پڕشنگداری ئیسلام وە دەبنە مایەی شانازی بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگە لەهەر پلەیەكی وەزیفی كە دەست پاك و بەئەمەك بێت بۆ خاك و وڵات و داهاتی هاوڵاتیان ، سوێند بەخوا خواردنی یەك درهەم لە داهاتی خەڵك لەڕۆژی دوایی دا پرسیاری لە دوایە . دەبا ئەو كەسانەی كە پارەی خەڵك دەخۆن بەناحەق هەر لە ئێستاوە وەڵام حازر بكەن بۆ دادگایی ئەو ڕۆژە كە هیچ پارێزەرێكی لێ نیە هەرچی نهێنیشە ئاشكرا دەبێت .
م پشتیوان محمد