سەرەنجامی کچێك - کورتە چیرۆکێک بۆ پەند وەرگرتن -: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەرەنجامی کچێك - کورتە چیرۆکێک بۆ پەند وەرگرتن -

الحمد لله وحده، والصَّلاةُ والسَّلامُ على مَن لا نَبِـيَّ بعدَهُ :

کچی خەونەکان 
فرمێسکی پەشیمانی بەچاوەکانی دا هاتە خوارێ و گوتی: سەرەتا تەنها پەیوەندیەکی تەلەفۆنی بێ مەبەست بوو ، دواتر سەری کێشا بۆ خۆشەویستیەکی وەهمی ، ئەو وای تێگەیاندم گوایە خۆشی دەوێم ودێتە داوام ، وداوای کرد بمبینێ ، من ڕەتم کردەوە ، هەڕەشەی بچڕاندنی پەیوەندی لێکردم!
منیش لاواز بووم ، خەونى ئەوەم بوو کە بمخوازێت بۆیە پێم خۆش نەبوو پەیوەندیەکە ببچڕێ و وێنەیەکی خۆم لەگەڵ گوڵێک بۆ نارد ، نامە گۆڕینەوە بەردەوام بوو ، دواتر داوای لێکردم لەگەڵی بچمە دەرەوە ، منیش زۆر بەتوندی ڕەتم کردەوە ، بەوێنەکان ونامەکان هەڕەشەی لێکردم ، منیش لەگەڵی دەرچووم بەنیەتی ئەوەی لەزووترین کاتدا بگەڕێمەوە، گەڕامەوە بەڵام چۆن گەڕانەوەیەک ، گەڕامەوە بەڵام بەکۆڵێک غەم وخەفەت وعەیبەوە ، پێم گوت: زەواج ، بەگاڵتە پێکردنێکەوە پێی گوتم: من ئافرەتی فاجر و خراپەکارم ناوێ!..

خوشکی بەڕێز
بۆت دەرکەوت سەرەنجامی پەیوەندی حەرام چۆنە؟
بۆیە زۆر ئاگاداربە و وشیار بە و نەکەویتە داوی ئەم جۆرە پەیوەندیانەوە ، و ئاگادار بە نەکەویتە داوی هەندێ هاوڕێی خراپەوە ، وڕاتبکیشێت بۆ ئەم جۆرە پەیوەندیانە ،و بۆت جوان بکات ولەبەر چاوت بیڕازێنێتەوە، وە وا نیشان بدات تۆ توشی ئەو ئابڕو چوونە نابیت کە کەسانی پێش تۆ گیرۆدەی بوون.
ئامان ئامان نەکەی ئەو جۆرە قسانە بەڕاست بزانیت ، هەموو ئەوانە فێڵ وتەڵەکەی شەیتانن ، سەرەنجامی هەموو پەیوەندیەکی حەرام هاوشێوەی ئەم جۆرە لەسەرەنجامەی هەیە بەڵکو ڕەنگە خراپتریش بێت.
وەهەروەها ئاگادار بە نەکەی قسەی ئەو خراپەکار و موجریمانە بەڕاست بزانیت کەیاری بەناموسی خەڵک دەکەن ، ئەوانە کەسانی بەد فەڕ و ناپاکن هەرچەند خۆیان بەئامۆژگاری کار ودڵسۆز پیشان بدەن ، بەڵام بەداخەوە زۆرجار  کچان پەند وەرناگرن و هەمان هەڵە دووبارە دەکەنەوە و دەکەونە هەمان داوەوە کە کچانی پێش ئەوان تێی کەوتوون وبەهۆیەوە توشی ئابڕو چوون وپەشیمانی ودەردە سەری دەبنەوە ، بەڵام پەشیمانی چ کاتێک؟
کاتێ کەپەشیمانی دادیان نادات ،دەی بۆ پەند وەرناگرن ؟!  
ئەم کچە گەر لەیەکەم هەنگاوەوە عاقڵ و ژیر بوایە نەدەکەوتە داوی ئەو گورگەوە ، بۆیە کچان ئاگادار بن وزۆر هۆشیار بن ، و پەند لەکچانی پێش خۆتان وەرگرن و مەبنە نێچیری کەسانی هەرزە وهیچ وپووچەوە.

خوشکی بەڕێز
باوەڕت وا نەبێ کە دەکرێ زەواج لە ڕێگاى پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بێ ، گەر ڕوش بدات زۆر جار سەرکەوتوو نابێت و فەشەل دێنێ و کۆتایەکەى تەڵاق و جیابوونەوەیە، چونکە هەمیشە ئەو ژن و مێردە لەیەکتر بە گومانن و ترسی ئەوەیان هەیە هەر یەکەیان لەگەڵ کەسی تریش پەیوەندی ناشەرعى ببەستێ و خیانەت لەیەکتر بکەن ، وە هەروەها هەموان دەزانین دونیای سۆشیاڵ میدیا زیاتر وەهمیە تا حەقیقی.

خوشکی بەڕێز
گەر خۆشگوزەرانی دونیا و دوا ڕۆژت دەوێت ، و دەتەوێ لەتوڕەیی خودا ڕزگارت بێت ، و بەهەشتەکەی بەدەست بخەیت ، و بەسەر بەرزی بژیت ، گوێ لەم ئامۆژگاریانە بگرە و جێ بەجێی بکە:
یەکەم : ئاگاداری پەیوەندی تەلەفۆنی بە ، ئەو پەیوەندیانە تۆمار دەکرێن لە لای خودا ، وە هەروەها مرۆڤە شەیتان ئاکارەکانیش تەسجیلی دەکەن و لەدژت بەکارى دێنن بۆ گوشار خستنە سەرت " ئەوانەی گەبانگەشەی خۆشەویستی دەکەن".
دووەم : ئاگاداری تەسویر بە بەهەموو جۆرەکانیەوە ، چونکە بەڕاستی تەسویر ترسناکترین چەکە کە مرۆڤە ئاکار گورگەکان بۆ ڕاوکردنی نێچیرەکانیان بەکاری دێنن.
سێیەم : ئاگاداری نامەی عەشق وغەرامیات بە ، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ ڕاو کردن وگوشار خستنە سەر ئافرەتان .
چوارەم : ئاگاداری فیلم ودراما فاسدەکان بە ، ئەوانەی کەزۆر جار دەبنە هۆکار بۆ لەخشتە بردنی کچان .
پێنجەم : ئاگاداری سفوری وجلی نەشیاو بە، چونکە بەڕاستی سفوری ئافرەت بەڵگەیە لەسەر نەزانی ولاوازی ئیمانی ، ولاوازی کەسایەتی ،وبانگشەشە بۆ فەساد وخراپەکاری ، و دوورە لەڕەوشت و ئاکاری ئیسلامی .
شەشەم : پارێزگاری لەحیجابەکەت بکە  ، بەڕاستی حیجاب پاکی وسەلامەتیە ، و ڕێزێکە بۆت ، نەک گوشار و ناڕەحەتی بێت بۆت ، هەروەک دوژمنانی ئیسلام ومونافیقان وێنای دەکەن  ، وەگەورەترین بەڵگەیە لەسەر باوەڕ و بەرزی ڕەوشتت ، و جیاکەرەوەتە لەگەڵ کەسانی خراپ .
حەوتەم : ئاگاداری هەموو جۆرە گوناه و تاوانێک بە ، و هەمیشە هەست بە چاودێری خواى گەورە بکە و شەرم لە خواى گەورە بکە و خۆت لە تاوان بپارێزە چونکە سوێند بەخوا تاوان هۆکارە بۆ ئەوەى توشی ناخۆشی و بەدبەختى ببی لە دونیا و دواڕۆژدا . 

لەکۆتایدا 
بیرکەرەوە ـ خوشکی بەڕێز ـ بەم نزیکانە دونیا بەجێ دێڵیت ، و دەبیتە میوانى گۆڕێکی تەنگ و تاریک خۆ ئەگەر توشی تاوانێک بووی ئێستا کات ماوە و پەله بکە لەتەوبە کردن پێش ئەوەی ببیتە لاشەیەکی بێ گیان و نەتوانى زمانت بجوڵێنی و یەکجار أستغفر الله بکەى ، سوێند بەخوا من ئامۆژگاری کارتم ، و بەزەیم پێتدا دێتەوە.
 وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمین.

سەردان: ٨٢٧