پەیامێک بۆ فێرخوازان و مۆستایان لە پیاوان و ئافرەتان سەبارەت بە گرنگیدان بە زانستى شەرعی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پەیامێک بۆ فێرخوازان و مۆستایان لە پیاوان و ئافرەتان سەبارەت بە گرنگیدان بە زانستى شەرعی

الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد، وعلى آله وصحبه أجمعين وبعد:

      بەڕاستی ئیسلام زۆر گرنگی داوە بە زانست ، بانگەوازی کردووە بۆ زانست ، وە ئاکار و کاریگەرییەکانی ڕوون کردۆتەوە ، وە هەڕەشەشی داوە لە پشتێکردن لە زانست ، جا هەر لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری ئیسلام گرنگیدان بە زانست کاری پێشینە بووە بۆ فراوان کردنی تێڕوانینی مرۆڤ ئەمەش له ڕێگەی وەرگرتنی شتەکان لە سەرچاوەی زانستەوە ، ﴿ اقرأَ بأسم رَبِك الذي خَلَق ﴾ [العلق : ١] واتە : بخوێنە بەناوی ئەو پەروەردگارەتەوە کە هەموو شتێکی دروست کردووە  .

     جا لەم ئومەتەدا دەستپێکی زانست پشتبەستراوە بە [بسم الله]وە کە ئەم پشت پێ بەستنەش بەسە بۆی ، ئەمە میراتی پەیامبەرایەتییە ، سولەیمانی کوڕی داوود بە میرات زانستی وەر گرت و داخوازیشی کردووە لە پێگە و مەقامی شکۆدارەکاندا ، وە لەسەر ڕێچکەی گەورە پیاوان چووە ، ﴿ يَرفعِ اللهُ الَّذيِنَ آمَنُوا منَكُم والذين أُوتُوا العلمَ دَرَجَاتٍ ﴾ [المجادلة : ١١] ، واتە :ئەوانەی كە باوەڕیان هێناوە لە ئێوە و زانستی شەرعیان وەرگرتووە خوای گەورە پلەو پایەیان بەرز ئەكاتەوە لە دونیاو قیامەتدا . 
ئاکار و ڕەوشتی زانستخواز تەوفیقی ئەدات تاکو بۆ هەمیشە ڕزگاری ببێت .

      پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( مَن سَلَكَ طريقاً يلتمس فيه علماً، سهّل الله له طريقاً إلى الجنة ))[رواه مسلم]

      واتە : (( هەرکەسێک ڕێگەیەک بگرێتە بەر بۆ دەستکەوتنی زانستێک ، ئەوا خوای گەورە ڕێگەیەکی چوونە بەهەشتی بۆ ئاسان ئەکات )) .

      خەڵکیش لێی ڕازین و داوای لێخۆشبوونی لێ ئەکەن لە خوا بەهۆی کارە باشەکانی ، وە فریشتەکانیش حەز بە مەجلیسی زانایان ئەکەن ، پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( وإن الملائكة لتضع أجنحتها لطالب العلم رضاً بما يصنع، وإن العالم يستغفر له من في السماوات ومن في الأرض حتى الحيتان في الماء )) .

     واتە : (( وە فریشتەکان لە بەر ڕازى بونیان بەو کارەی زانستخوازان باڵى خۆ بەکەم زانیانیان دادەنەوێنن لە ئاستیاندا ، وە گشت ئەو زیندەوەرانەى لە ئاسمانەکان و زەویدان بە نەهەنگەکانی ناو دەریاکانیشەوە داواى لێخۆش بوون دەکەن بۆ فێرخوازانی زاسنت )) .

     ئەو کەسەی کە لەناو زانستدا کوڵاوە مانگێکی گەردوون پێوەی ڕوناک ئەبێتەوە ، ((  وفضل العالم على العابد كفضل القمر على سائر الكواكب، وإن العلماء ورثة الأنبياء، وإن الأنبياء لم يورثوا ديناراً ولا درهماً إنما ورثوا العلم فمن أخذه أخذ بحظّ وافر )) .[رواه الترمذي]

     واتە : (( وە فەزڵی زانا بە سەر خوا پەرستێک کە زانا نەبێ وەک فەزڵی مانگە لەسەر ئەستێرەکانی تر ، وە زاناکان میراتگری پەیامبەرانن ، وە پەیامبەرانیش دینار و درهەم بە میرات جێ ناهێڵن ،  بەڵکو میراتی ئەوان زانستەکەیانە ، جا هەر کەسێ ئەو میراتەیان کە زانستە بە دەست بهێنێت ئەوە چاکترین و زۆرترین بەش و شانسی بەرکەوتووە )) .

     خواستنی زانست لە پێناوی خوا عییادەتە ، وە فێربوونیشی ترسانە لە خوا ، وە پیاچوونەوە و یادکردنەوەی تەسبیحاتی خوایە ، وە گەیاندنی زانست بە فێرخواز نزیک بوونەوەیە لە خوا ، بە زانستەوە خوا ئەناسریتەوە و بەندایەتی بۆ ئەکرێت ، وە هەر بە زانستەوە ستایشی خوا ئەکرێت و بەتاک و تەنیاش دائەنرێت ، زانست هاودەمە لە کاتی تەنیاییدا ، وە هاوڕێشە لە کاتی خەڵوەتدا ، وە بەهۆی زانستەوەیە کە سیلەی ڕەحم بە جێ دەگەیەنرێت ، وە بەهۆی زانستەوە حەڵاڵ و حەرام ئەناسرێتەوە ، بەشکۆترین دەستکەوت و ئینتیمایە ، وە بەبەهاترین گەنجینەیەکە کە بکڕدرێت ، وە شرینترین بەروبومێکە کە بەدەست هاتبێت .

      بەشیری حافی ئەڵێ : (( هیچ کردەوەیەک پێ نازانم لەسەر ئەم زەوییە لە خوازیار بوون بۆ فێر بوونی زانست باشتر و گەورە تر بێت )) .

     فێربوونی زانست زیندووکردنەوەی ئاین و سەرشۆڕکردنی شەیتانە ، بەڵگەیە لەسەر خێرێتی فێرخواز ، وە پاڵپشتییە بۆ پیاوماقوڵایەتی و دەمسپێتی .

      ئیبنو عویەینە ئەڵێ : (( هەرکەسێک خواستی زانست بکات ئەوا بەیعەت و پەیمانی  بە خوا داوە ))

     پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( من يرد الله به خيراً يفقهه في الدين )) .

      واتە : (( هەرکەسێک خوا خێری بۆی بۆی لە ئاینی ئیسلام شارەزای ئەکات )).

     ئەی موسڵمانان : چاکسازی دڵ و ناخ بەدی نایەت تەنیا بە بەندایەتی بۆ خوا نەبێت ، وە زانستیش بەندایەتییەکە لە بەندایەتییەکان ، وە نیازیش تێیدا بنەما و بنچینەیە ، بۆیە نیازت چاک و پاک بکەرەوە لە مەبەستی خواستن و فێربوونی زانست بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خوای پەروەردگار ، وە نیازت بەلاڕێدا مەبە بۆ شتی دونیایی چونکە بەوە تیا ئەچیت ، پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی : (( من تعلم علماً مما يبتغى به وجه الله لا يتعلمه إلا ليصيب به عرضاً من الدنيا لم يجد عرف الجنة يوم القيامة )) . [صحيح الجامع : ٦١٩٥]


واتە : (( هەرکەسێک زانستێک فێر ببێ لەو زانستەی کە دەبێ تەنیا لە پێناوی خوا فێری بی ئەو فێری نابێ تەنیا بۆ ئەوەی بەشێک لە دونیای پێ بەدەست بێنێ ئەوە بۆنی بەهەشت ناکا لە ڕۆژی قیامەتدا )) .

       وە خواستی زانستیش بەبێ نیازی پاک بەفیڕۆدانی توانا و هێزە ، وە هەوڵێکی پەرش و بڵاوە ، هیچ پاداشتێک بەدەست ناهێنێت بەهۆیەوە ، بەڵکو کەسێک نیازی پاکی نەبێت لە خواستنی زانست ئەوا هەڕەشی دواڕۆژی لەسەرە ، وە هەر زانستێک ئەگەر خاوەنەکەی بەرەو ترسان لە خوا نەبات ئەوا ترس لەسەر دواڕۆژی فێرخوازەکەی دروست ئەبێت ، وە زانست و کردەوە دووانەی هاوتەریبن ، وە بەدەست هێنانی تەواوی فەزیڵەتەکان بە کۆکردنەوەی نێوان ئەم دووانەوە دەبێت ، وە بەپێی ئاستی سود وەرگرتنت لە زانست خەڵکیش سودت لێ وەر ئەگرن ، جا با دڵت ساغ و ڕاست بێت دوور بێت لە ئاکاری خراپ و صیفاتی نەبەجێ .

      جا دەست بە خواستنی زانست بکە بە لەبەر کردنی کیتابەکەی خوای گەورە ، بە جوانی فێری ببە و لێی تێبگە ، جا ئەم ئومەتە له گشت هونەرێک له هونەرەکانی زانست پشکێکی وەرگرتووە جا خوای گەورە دڵی کەسانێکی ڕووناک کردۆتەوە و هیدایەتی داون بۆ گەیاندنی ئەو زاسنتە ، جا بۆیە بە پوختی پارێزگاری بکە لە گشت هونەرێکی زانستەکەت ، پاشان بچۆ بۆ شەرحە ئاسانەکانی زانایان ، وە بە باشترین شێواز خۆت فێر بکە ، وە گرنگی بدە بە شتە گرنگەکانی زانستەکان و تێدا بکۆڵێ ، وە زانست لە زانایانەوە وەربگرە ، لە مامۆستایەکەوە کە دەستی پێوە بگیرێت له زانست و کردەوەدا ، چونکە بەڕاستی ئەم زاسنتە ئاینتە بۆیە سەیرکەن و بزانن لە کێوە ئاینەکەتان فێر ئەبن و وەری ئەگرن ، وە هاوڕێیەکیش بۆ خۆت هەڵبژێرە لەم ڕێگەی خواستنی زانستە تاکو هاوکارت بێت ئەگەر توشی چەمینەوە و دواکەوتن هاتی ، یان هێزت پێ ببەخشێت ئەگەر هەڵمەتت لاواز بوو ، وە دوور بکەوە لە هاوڕێیەتی کەسانی دەست بەتاڵ ، وە سود وەرگرە لە کاتی گەنجی و لاوێتی بۆ بەدەستهێنانی زانست ، چونکە ئەو قۆناغەی تەمەن دڵ ئامادەباشە و هزر و هۆشیش بە جوانی شتەکان کۆ ئەکەنەوە .

     بەڕاستی ئاینی ئیسلام هەر هەمووی زانستە بە حەق و کردەوەی چاک ، وە زانست و کردەوەش هیچ پەناگەیەکیان نییە تەنیا خۆڕاگری و ئارامگرتن نەبێت ، وە خۆڕاگر و ئارامیش بەڵێنی بەهەشتی پێدراوە : ﴿ سَلام عَلَيكُم بَمَا صَبَرتُم فَنِعمَ عُقبَى الدَّارِ ﴾ .
[الرعد:24]

      واتە : سەلامتان لێ بێت وە ئێوە لەمەودوا پارێزراو ئەبن لە ئازارو سزا بەهۆی ئارام گرتنتان لەسەر تەقوای خوای گەورە لە دونیا ، كە ئەمە باشترین سەرەنجام و شوێنی مانەوەیە كە ئێوە تیایدا ئەمێننەوە  .

      وە زانست بەدەست ناهێنرێت تەنیا بە ئارامگرتن نەبێت لەسەر سەختییەکان ، وە هەوڵ و تێکۆشان بۆ خواستنی زانست و دڵسۆزی و خۆ یەکلاکردنەوە بۆی ، وە بە تێڕوانین لە دەرئەنجامی بابەتەکان خۆڕاگری لاواز ئەبێت لەسەر گشت ئەو شتانەی کە ئارەزووی دەکات یان حەزی پێ ناکات .

ئەی فێرخواز : زانست بەدەست ناهێنرێت تەنیا بە تەواضوع و خۆبەکەم زانین و گوێگرتن نەبێت ، بۆیە ڕێزی مامۆستاکەت بگرە و پێگەی بەرز ڕابگرە بە ڕێزگرتنی لەکاتی گفتوگۆ و گوێگرتن شێوازی هەڵس و کەوتت ، بێڕێزی کردنت لە بەرامبەری دەرچوونە لە ئاکاری پیاوماقوڵی و عوڕفە جوانەکان ، وە لادانیشە لە ڕێگەی پێشینان ، ئیمامی ـ الربیع ـ فەرموویەتی : (( سوێند بەخوا نەمدەوێرا ئاو بخۆمەوە لەو کاتەی کە شافعی سەیری ئەکردم بەهۆی شکۆمەندییەکەیەوە )) .

    وە سوپاسی مامۆستاکەت بکە بەهۆی ڕێنمونییەکانی بۆت ، وە بەهۆی چاکسازییەکانی بۆت ، چونکە هەرکەسێک سوپاسی خەڵکی نەکات سوپاسگوزاری خواش نابێت ، وە لە سۆز و خۆشەویستی فێرخواز بۆ مامۆستاکەی داوای لێبوردن کردنە لێی ، وە خۆ خەتابارکردنه لەبەرامبەری ، وە بە جوانی گفتوگۆ کردنە لەگەڵی ، وە نەرم و نییانی لە کاتی پرسیار و وەڵامدانەوەدا ، وە وریای شانازی کردن و موناقەشە و شەڕە قسە بە ، ئیمامی ـ الزهري ـ فەرموویەتی : (( ئەبو سەلەمە موناقەشەی ئیبنو عەباسی ئەکرد بۆیە لە زانستێکی زۆر بێبەش بوو )) .

     وە گوێ ڕاگرە لە وتەکانی مامۆستاکەت ، وە واز مەهێنە لە پرسیارکردن دەربارەی هەر شتێک کە سەرت لێی دەرناچێت لە زانستە شەرعییەکان ،  چونکە پرسیارکردن سەبارەت بە ئاین شکۆ و ڕێزە ، وە خۆ بەدوورگرتن لە پرسیارکردن و مانەوە لە نەفامیدا سەرشۆڕییە ، عائیشە خوای گەورە لێی ڕازی بێت فەرموویەتی : (( خوای گەورە ڕەحم بە ژنانی ئەنسار بکات ، چونکە شەرم و حەیاکەیان وای لێ نەکردن خۆیان لە دین شارەزا نەکەن )) .

وە ئاگاداری ئاستەنگ و ئافاتەکان بن لە درێژەدان بە ڕێگەی خواستنی زانست ، چونکە حیفظ و لەبەرکردن و خوێندنەوە لەگەڵ ئەو شتانەی کە سەرقاڵت ئەکەن و بیر و هۆشت بۆ شوێنی تر ئەبەن جێی ستایش نییە ، جا خۆت بپارێزە لەو شتە قەدەغانەی سەردەم کە مایەی سەرقاڵیین ، وە خۆت بپارێزە لە  هەواڵی کەناڵە ئاسمانییەکان کە دامەزرانون بۆ سەرقاڵ کردنی هزر و هۆش و ژیان کردن بە خەیاڵ و کات بە فیڕۆ دان ، وە خۆبەدوور گرتن لەو شتانە دەبێتە هۆی پاراستنی دینداری و پاکبوونەوەی هزر و هۆشەکان و پاراستنی ، وە کێبڕکێ کردن لەگەڵ هاوڕێکانت لە خواستنی زانست ،

بۆیە بیستن و بینینت پاک بکەرەوە لە گشت ئەو شتانەی کە هزر و هۆشت پیس ئەکەن و ئاکار و ڕەوشتت تێک ئەدەن ، جونکە گەر وا نەکەی ئەوکات دەستبەرداری زانست ئەبێت و لە بنەچاڵ ژیان بەسەر ئەبەیت ، وە هاوڕێش هاوەڵی دووەمە ، جا ئەگەر چاک و باش بێت ئەوا هاوکاریش ئەبێت ، وە ئەگەر وا نەبێت ئەوا خراپە ئەکات و تێکی ئەدات ، بۆیە لایەنی دانیشتن له مەجلیسی خراپ بریتییە لە قەپ گرتن بە طەماعەکانی دونیا ، وە هۆکاری گەڕانەوەتە بۆ شوێنی دواکەوتووانی کۆمەڵگە ، جا ئامانجی بێکاران سەرقاڵبوون و دواکەوتووی و ئاواتی بەدی نەهاتووە !.

      بۆیە هەمیشە هاوڕێتی پیاوچاکان بکە ، ئەوان باشترین هاوکارن بۆ بابەتی دین و دونیاش ، وە هانی هاوڕێکانت بدە بۆ بەدەسخستنی زانست و ئامۆژگارییان بکە بە ئاینی ئیسلام ، وە ئیرەیی مەبە بە کەسێک کە خوا نیعمەتی لەبەر کردن و تێگەشتنی قورئانی پێ بەخشیوە ، وە داوا لە خوای نیعمەت بەخش بکە تاکو بەردەوام تەوفیقت بدات ، چونکە یارمەتی و هاوکاری لە خواوەیە نەک بە لادان بەلای هۆکارەکان .

ئەی مامۆستا : بەرپرسیارێتی فێرکردن زۆر گەورەیە ، وە ئەمانەتێکی گەوریە و لە گەردنی فێرکارانە ، بۆیە نە ڕێگەی مامۆستایان و نە کارەکانیشیان ئاسانە ، بێگومان ئەمانەتێکی زۆر قورسیان هەڵگرتووە  ، وە شایەنی وەرگرتنی میراتی پەیامبەرانن ، وە خەڵکیش شوێنیان ئەکەون ، وە ئومەت ئومێدی پێیانە کە نەوەیەک بەهەرم بهێنن کە زۆر خۆڕاگربن و خاوەن بۆچوون و ڕای ڕاست و دروست بن ، جا ئێوەی زانایان پارێزەرانی سوپای ئیسلامن ، وە پەروەردەکارانی نەوەکانن  ، وە خاوەنی پەیامی پڕشکۆی ئیسلامن ، جا ئەوەی خەڵکی فێری خێر و چاکە ئەکات خوای گەورە ڕەحم و بەزەیی خۆی ئەڕژێنێت بەسەریدا و فریشتەکانی خواش داوای لێخۆشبوونی بۆ ئەکەن لە خوای گەورە ، تەنانەت نەهەنگی ناو قوڵایی دەریاکان و باڵندەکانی ئاسمانیش داوای لێخۆش بوونی بۆ ئەکەن ، وە مامۆستای ڕێنیشاندەر چاولە پەیامبەران ئەکات لە فێرکردن و لەسەر ڕێبازی پەیامبەران ئەڕوات .
 جا بۆیە نیازت بۆ خوای گەورە پاک بکەرەوە ، وە فەزڵی زانست و فێرکردن ئامادە بکە بۆ زیندوو کردنەوەی شەریعەت و پاراستنی ڕێگە و ڕێچکەی ئومەتی ئیسلام ، وە ببە بە پێشەنگ لە خوڕەوشتی جوان و دینداری ، وە ئامۆژگاری فێرخواز بکە بۆ فێربوون ، وە لە هیدایەتی پەیامبەری خوا (ﷺ) بەسۆز و میهرەبان بوونە لەگەڵ فێرخواز جا چی بچوک بێت یان بەتەمەن بێت ، وە چیرۆکی ئەو کەسە دەشتەکییەی کە لەناو مزگەوتەکە میز ئەکات ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەو سۆز و میهرەبان بوونە ، وە هەوڵی یەکخستنی دڵی نەوەی موسڵمانان بدە لەسەر چاکەکاری و لەخواترسان ، وە هۆکارەکانی دووبەرەکییان لێ دوور بکەرەوە ، وە با کاریگەری چاکسازیت بۆ قوتابییەکانت دیار بێت چونکە کاریگەر بوونی قوتابی بە تۆوە لەوەیە لەلات پەروەردە ببن وەکو کاریگەری کوڕ بە باوکییەوه ، وە دانا و بە حیکمەت بە لە فێرکردندا چونکە دانایی ئاکاری پیاوچاکانە ، وە ئارامبگرە لەبەرامبەریان ، چونکە چاندن و پەروەردە کردن سەختی خۆی هەیە ، وە کاتی بەروبومەکەش پاداشت و ئەجر هەیە ، وە سەرزەشنتی هیچ کام لە قوتابییەکانت مەکە ئەگەر تێگەشتنی لاواز بێت و کەمیش فێر بێت ، چونکە بەسە خراپە بۆ کەسێک کە برا موسڵمانەکەی بەکەم بزانێت و سەرزەنشتی بکات ، وە بە دادگری هەڵسوکەوت بکە لەگەڵ قوتابییەکانت و بەیەک چاو سەیریان بکە دادگەر بە لە پاداشت و سزادانیان ، وە وریابە ستەم نەکەیت و نەفسی خۆت سەرنەخەیت .

     شێخی ئیسلام فەرموویەتی : (( هەرکەسێک حوکم بکات لە نێوان دوو کەسدا ئەوا دەوری قاضی و دادوەر ئەبینێت تەنانەت ئەگەر حوکم بکات لە نێوان دوو مناڵدا سەبارەت بە دەستنوسەکانیان ، چونکە هاوەڵانی پەیامبەر (ﷺ) قەزاوەت لەم کارەشدا بە حوکمدانیان ئەبینی )) .

     وە فەرموودەی : (( القضاة ثلاثة: قاضيان في النار وقاضٍٍ في الجنة )) .

      واتە : (( قاضی و دادوەرەکان سێ جۆرن : دوو چین لە قاضی لە ئاگرن و چینێکیش لە بەهەشتە )) .

ئەم فەرموودەیە مامۆستاش ئەگرێتەوە ، پاراستنی قوتابییان بە زانستی شەرعی خوازراوێکی شەرعییە ، ئەگەر چیش ئەو شوێنەی ڕوویان تێ کردووە بۆ فێر بوونی زانست بریتی نەبێت لە فێربوونی زانستە ئیسلامییەکان ، چونکە زانستی شەرعی دڵنیایی و بەختەوەری و ئارامی لە ماوەی کاتی فێربوون ئەبەخشێت بە فێرخواز .

     خوای گەورە فەرموویەتی : ﴿ ألا بذكر الله تطمئن القلوب ﴾ .[الرعد:28]  واتە : بەڕاستی هەر بە زیکر ویادی خوا دڵەکان ئارام و بەختەوەر ئەبن  .

      ناشرین و نابەجێیە کەسێک فێری زانستە سروشتییە دونیاییەکان ببێت و لێی تێبگات بەڵام نەزان بێت بە شتە سەرەتایی و ئاسانەکانی زانستە شەرعییەکان ، وە مرۆڤ زیاتر و زیاتر پێویستی بە زانستە شەرعییەکان ئەبێت لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی لە بەرابەر فیتنەکان و لێدانی شەپۆلەکانی ئاشوپ و بەڵاکان ، وە موسڵمانی شارەزاش بە زانستە شەرعییەکان و بیرفراوانی و تێگەشتنی بە ڕوناکی ئیمان پاڵپشت ئەکرێت ، وە دونیا و دواڕۆژ و ئەوەشی لەم گەردوونە هەیە پێکەوە ئەبەستێتەوە بە بەتاکدانانی خوای گەورە .

     ئەی مامۆستای پیاو و ئافرەت : مانەوە و ئۆقڕە گرتنی ئافرەت لە ماڵەکەیدا خوازراوێکی شەرعییە ، وە دەرچوونیشی لە ماڵەکەی بۆ فێربوونی زانستی شەرعی بەپێی مەرجی بەستەرە شەرعییەکانە ، جا بۆیە خوشکێ سەربەرزبە بە فەرمانەکەی پەروەردگارت ، چونکە حیجاب عیبارەتی خۆداپۆشینە و نیقابیش ڕووداپۆشینە .
(((((فالحجاب عبارة والنقاب منقبة)))))

وە جوانی ئافرەتیش لە حەیا و حیشمەتەکەیەتی ، وە بەها و شکۆشی لە پاکیزییەکەیەتی ، جا خوشکێ ببە بە بانگخواز و بانگەواز بۆ لای خوا بکە بە دەستگرتنت بە دینەکەتەوە ، وە وریابە نەکەویتە ناو عیڕزی موسڵمانان بە غەیبەت کردن و قسە هێنان و بردن و گاڵتە پێکردن ، وە وریای لوتبەرزی و فیز و شانازی کردن بە خودەوە بە ، وە کارێک بکە بڕینی قۆناغەکانی زانست ئیمانت بەرز بکەنەوە ، وە ببنە وانەیەکی زیندوو بۆ چاکسازی نەوەکانی داهاتوو.

     خوای گەورە فەرموویەتی : ﴿ قُل هل يستوي الذين يعلمُونَ والذينَ لا يَعلمُونَ إنما يَتَذَكرُ أُولوا الألبَابِ ﴾ .[الزمر:9].

     واتە : ئایا زانایان و نەزانەکان وەک یەک وان و یەکسانن ؟، بەڵکو تەنیا زانایان و ژیرمەندان بیر ئەکەنەوە و تێ ئەڕامێنن  .

ئەی موسڵمانان : ئافاتی زانست سەرسام بوون و توڕە بوونە ، وە جوانی و ڕازاوەیی زانستیش دانایی و خۆبەکەم زانینە ، جا خۆشەبەخت ئەو کەسەیەکە ڕێگەی گەشتن بە خوای ناسیوەتەوە و گرتوویەتییە بەر بە مەبەستی گەشتن بە خوای گەورە ، ئەمەش ڕێزلێگیراوە لەلای خوای پەروەردگار ، وە بێبەش لە خێریش ئەو کەسەیە کە ڕێگەی گەشتن بەخوای ناسیوە و پشتی تێ کردووە ، وە کۆگشتی خێرەکان ئەوەیە پشت بە خوای گەورە ببەستین بۆ بەدەست هێنانی ئەو زانستەی کە بە میرات لە پەیامبەر (ﷺ)وە ماوەتەوە ، وە زانستی حەق و ڕاستی ئەو زانستەیە کە موافەقەی زانستی خوای گەورە ئەکات ، وە ویست و خواستی و چاک ئەوەیە کە موافەقەی خۆشەویستی خوا و ڕەزامەندییەکەی بکات ، وە زانستی بەسوودیش بریتییە لە بنچینەی ئاینی ئیسلام ، وە کارکردن بەو حەقەش برتییە لە ڕێنمونی و هیدایەت ، وە گومڕاییش بریتییە لە ئەنجامدانی کردەوە بەبێ زانست ، وە سەرلێشێواویش بریتییە لە شوێنکەوتنی هەوا و ئارەزووەکان ، وە هیدایەتیش بەدەست نایەت تەنیا بە زانست نەبێت ، وە ڕێگەی ڕاستیش بەدەست ناهێنرێت تەنیا بە خۆڕاگری و ئارامگرتن نەبێت ، وە بنەوای خراپەکارییان نەزانی و نەبوونی زانستە ، وە تەمەڵییە لەبەدەست خستنی فەزیڵەتەکان کە تەمەڵیش خراپترین هاوڕێ و هاودەمە .

      جا ئامادەباشی بکە بۆ هۆکارەکانی بەدەستهێنانی زانست بە خاوێن کردنەوەی نەفس و ناخ لە تەمەڵی و شوێنکەوتنی هەوا و ئارەزووەکان ، وە بە خۆبەکەمزانین بەرامبەر بە زانایان کە ڕێزگرتنە له خود لە سەرزەنشت بوون ، وە داخ هەڵکێشە و پەشیمان بەرەوە لەوەی لە دەستت چووە له بێباکیت و گرنگی نەدانت بە فێربوون ، وە هەوڵ و کۆشش بکە بۆ گەشتن بە خاوەن فەزڵ و هیمەت بەرزەکان مادام کات ماوە و تەمەنیش بوار ئەدات ، بۆیە خوا تەوفیقت بدات بۆ گشت خێرێک و دەستیشت بگرێت بۆی و هەنگاوەکانیشت ڕاست بکاتەوە .

وصلى الله وسلم على نبينا محمد.

سەردان: ٥٠٤