زەرەر و زیانەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فەیسبوک بە نمونە : ماڵپەڕی وەڵامەکان
زەرەر و زیانەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فەیسبوک بە نمونە 

ئەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنێ بەتایبەت فەیسبوک ئەوا بۆى دەردەکەوێ کە چەندین زەرەر و زیانی هەیە کە هەندێکیان لە خوارەوە باس دەکەین :
یەکەم : کات بە فیڕۆدان :
سەرقاڵ بوونی خەڵکی بە سەیرکردنی پۆستەکان و کۆمێنت و لایکەکان ، بەهۆیەوە چەندان سەعات بەسەر دەبات .
دووەم : خۆ بەزانا دانان : بەهۆی ئاسان دەست کەوتنی زانیارییەکان و هاوڕێکانیشی نەزانن بەو شتانە بۆیە وا ئەزانێ عیلم و زانستی پێیە ! .
سێیەم : لادانەوە بەرەو جەهل و نەزانین : کابرا کاتێک ئەبینێت لە بابەتێک یان دووان ئەتوانێ قسە بکات یان وەڵامی شوبهەیەک بداتەوە ئەوا دڵی بۆ ئەوە لێ دەدات و حەقیقەتی خۆی لەبیر دەکات .
چوارەم : تێربوون بە شتێکی پێ نەبەخشراو : کابرا سەیر ئەکات ڕەد و ڕدوود ئەداتەوە ، وەڕەدیش ئەدرێتەوە ، لەوەیە جوێن و قسەی ناشرینیش بکات ، لەوەیە هەر تەحزیرێکی لێ بکات جا فەقیرە وائەزانێ بۆتە هەڵگری ئاڵای بەرگری کردن لەئیسلام بۆیە تێربووە بە شتێک کە پیێ نەبەخشراوە .
پێنجەم : خۆ بە زیرەک پیشاندان لە زانستدا : کابرا بابەتێک یان دووانی خوێندۆتەوە ئیتر گشت قسەکانی هەر لەسەر ئەو دوو بابەتەیە لە گشت کات و ساتێکدا ، لەو ڕێگەیەوە خۆی وەک زانا پیشان ئەدات ، نمونەی ئەمەش زۆر زۆرە ، چونکە برای وا هەیە هیچی نەخوێندووە تەنیا بابەتی دەرچوون له دژی کاربەدەستانی زاڵم و حیزبایەتی هەر باسی ئەمەش ئەکەن کەچی دەستنوێژەکەی ڕێک و پێک نییە .
شەشەم : کردنەوەی دەرگای ئارەزووەکان : پێگەی فەیسبوک ڕێکلام و پۆستی زۆری تێدایە کە گشت کەسێک ئەتوانێت بیبینێت وە گشت کەسێک ئەتوانێت هەر شتێکی بوێ بڵاوی بکاتەوە .
حەوتەم : کردنەوەی دەرگای گومانەکان : کابرای خۆ بە زانا زان لەوەیە بچێتە ناو پەیجی بیدعەکارانەوە تاکو ڕەدیان بداتەوە و بەرگری لە ئیسلام بکات بەڵام لەوەیە گومانەکانیان بچێتە دڵییەوە ، بۆیە نە بیدعەی لەناو برد و نە خۆشی ڕزگاری بوو ! .
هەشتەم : هاوڕێیەتی کردنی تاوان و سەرپێچی : جا له ماوەی دانیشتنی کابرا لەسەر فەیسبوک زۆر سەرپێچی بەرچاوی ئەکەوێت بۆیە هەندێ جار ئامۆژگاری خەڵکی ئەکات و هەڵەکان دەستنیشان ئەکات بە عیلمەوە ، وە هەندێک جاریش بەبێ عیلم دەیکات ، وە زۆر جاریش هیچ ئامۆژگارییەک ناکات و بەسەر هەڵەکان تێدەپەڕێت .
نۆیەم : فیتنەی ئافرەتان : چەندە گەورەیە فیتنەی ئافرەتان لە فەیسبوکدا ، ئافرەت لەبەردەم لاپتۆپ و مۆبیلەکەی دادەنیشێت لەوانەشە باوک و دایکی پێی نەزانن چۆن ئەو ئامێرە بەکار دێنێت ، ئازادی ڕەهای هەیە لە جیهانی ئینتەرنێتی کراوەدا کە گەنجانێکی زۆر تێیدا لەدەست دەرچوونە ، بەدوای پۆست و کۆمێنتێکی ئافرەتان ئەگەڕێ تاکو لایک یان کۆمێنێتی بۆ بکات یان نامەیەکی بۆ بنێرێت ، ئا لێرەوە سەرەتای ئەو چیرۆکە دەست پێ ئەکات که کۆتاییەکەی ناشرین و بێزراوە ، لەوەیە ناسین لە گروپە بانگخوازییەکانیش ڕوو بدات ، لەو گروپانەی کە تەنیا پۆستی بانگەوازی بڵاو ئەکرێتەوە ، جا کابرا پۆست ئەکات و ئافرەتەکەش بۆی ئەنوسێ (جزاك الله خيرًا) ، کابرا بۆی ئەنوسێ (ولك مثله) ، وە شەیتانیش یاری خۆی پێیان ئەکات تاکو سەریان له خراپەوە دەرئەکات ، تەنانەت کابرای واش هەیە کە ئیدیعای ئیلتیزام ئەکات ئافرەتانیش فرێندن لە فەیسبوکەکەی ، ولا حول ولا قوة إلا بالله .
دەیەم : خۆپێشخستن پێش پێگەشتن : هەرکەسێک بتوانێ وشەیەک لێرە و ڕستەیەک لەوێ کۆ بکاتەوە و بیکاتە نوسراوێک و بڵاوی بکاتەوە و قسە له دینی خوادا بکات و ڕەدی ئەم و ئەو بداتەوە ، وە لەوەیە هەزاران کەسیش پۆستەکەی ببینن .
یانزەیەم : خراپ بوونی دڵەکان : جا زۆر مانەوە لەسەر فەیسبوک و موناقەشە لەگەڵ بیدعەکاران یان نوکتە خوێندنەوە یان سەیرکردنی هەواڵە سیاسیەکان ، خراپە لەسەر دڵ بەجێ دەهێڵێت بەتایبەت لەگەڵ هەجر کردنی قورئان ، مەگەر هێندە سەیری قورئان بکات بۆ ڕەد و ڕدودە و کارەکانی ! .
 

سەردان: ٢٧٩