شێوازی بانگەوازی كەسی كافر : ماڵپەڕی وەڵامەکان
شێوازی بانگەوازی كەسی كافر 

شێوازی بانگەوازی كەسی كافر لە باوەڕدارەكەی سورەتی ((غافر))

لەسەردەمی فیرعەوندا و لەناو گەلی بێباوەڕاندا پیاوێك هەبوو كە باوەڕی هێنابوو بەشێوەی نهێنی و ئەم باوەڕەی بەم شێوازە هێشتەوە بۆ ماوەیەك، هەتا پێغەمبەر موسا سەلامی خوای لێبێت دەركەوت و بانگەوازەكەی ئاشكرا كرد، ئەمیش ئەو ساتەوەختەی بەهەل زانی بۆ ئاشكرا كردنی خۆی و باوەڕەكەی وەكو پشتیوانیەك بۆ موسا و شوێنكەوتوانی و بەڕاست دانانیان.

 جا ئەوەی لێرەدا شایەنی تیشك خستنە سەرە ئەوەیە كە ئەم پیاوە ژیر و دانایە بە شێوازێك قسەی بۆ گەلەكەی خۆی كرد و خۆی ناساند و پەیامەكەی موسای بەڕاست زانی و هاوكات خوای پەروەردگاریشی بەو خەڵكە ناساند، كە شایەنی هەڵوەستە لەسەركردنە، چونكە نەبوو بەمەترسی سەرەتا بۆ سەر خۆی ئەوجا موسا، هەروەها بەهەڵەشەوە بانگەوازی نەكرد، كە ببێتەهۆی وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵك و پەلاماردانیان، دڵسۆزی بۆیان نواند بەوەی خێری ئەوانی دەوێت، جا ئەم ڕووداوە لەسورەتی (غافر)دا هاتووە لە ئایەتی (28-45) باسی ئەوە دەكات. وا لێرەدا تێڕامانێك لەشێوازی قسە و بانگەوازی دەخەینەڕوو:

1. سەرەتا كە هات و خۆی ئاشكرا كرد نەیووت بۆچی باوەڕ بە موسا یان ئەم پێغەمبەرە ناهێنن، بۆ ئەوەی دەرنەكەوێت كە لە مێژە باوەڕی هێناوە ، بەڵكو وتی: " ئەتانەوێ پیاوێك بكوژن كە هەموو تاوانەكەی ئەوەیە ئەڵێت الله پەروەدگارمە؟!" واتە وتی: پیاوێك.
2. وتی: ئەم پیاوە بەڵگەی ڕوون و تەواوی هێناوە لەلایەن پەروەردگارتانەوە، نەیووت: پەروەردگارم یان پەروەردگاری، بۆ ئەوەی ناڕاستەوخۆ پێیان بڵێت كە فیرعەون خوا نییە و بەڵكو خوای من و ئەو پیاوە و ئێوەش الله یە.
3. بەڵگەی عەقڵی بۆ هێنانەوە بۆ ئەوەی باوەڕ بكەن، ئەویش بەم شێوەیە: وتی: ئەم پیاوە ئەگەر درۆ بكات ئەوا تاوانی درۆكەی لەسەر خۆیەتی و تەنها خۆی لێی بەرپرسیارە و زیانتان پێناگات و داوای دەسەڵات ناكات، خۆ ئەگەر ڕاستیش بكات ئەوا سوود و چاكێتیەكەی بۆ ئێوەیە، چونكە ئەو بەهەشتەی كە بەڵێنتان دەداتێ پێی دەستتان دەكەوێت.
4. ئەم پیاوە خۆی لە قەومەكەی جیانەكردەوە و وتی: "یاقومي" واتە: ئەی گەلەكەم ئەی خەڵكەكەم.
5. هێز و دەسەڵاتی خۆیانی بیرخستنەوە كە پشتیان پێی بەستبوو، بەوهۆیەوە باوەڕیان نەدەهێنا ولەخۆبایی بوون، ئەمیش هێز و دەسەڵاتی خوای بۆیان باسكرد و وتی: كێ دەتوانێ لە سزای خوا ڕزگارمان بكات ئەگەر بدات بەسەرماندا؟!
6. بەدوو شت ترساندنی: سزای دونیایی و سزای قیامەت:
سزای دونیایی وتی: ئەترسم خوا سزاتان بدات و لەناوتان بەرێ وەكو چۆن هەریەك لە گەلەكانی نوح و عاد و سەمود و ئەوانەی دوای ئەوانیشی لەناوبرد.
سزای قیامەت وتی: ئەترسم خوا سزای ڕۆژی دواییتان بدات، ئەو ڕۆژەی بەهۆی ناڕەحەتی و ناخۆشیەكەیەوە هەموو كەسێ هاوار و بانگ دەكەن و ناڵەیان دێت و هیچ كەسێك نییە ڕزگارتان بكات لە سزای خوا.
7. دڵیان بە دونیا خۆش بوو، ئەمیش پێی وتن: " يَا قَوْمِ إِنَّمَا هَٰذِهِ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا مَتَاعٌ وَإِنَّ الْآخِرَةَ هِيَ دَارُ الْقَرَارِ " واتە: ئەی قەومەكەم لەڕاستیدا ئەم دونیایە تەنها توێشوویەكی كەمە و ژیانی دواڕۆژ بریتییە لە مانەوەی هەمیشەیی و بێ كۆتا. بۆیە ئەگەر دڵتان بە خۆشی و لەززەتی دونیا خۆشە ئەوا ئەگەر باوەڕبهێنن خۆشی و لەززەتی نەبڕاوەی بەهەشتتان بۆ هەیە و نابڕێتەوە.
8. دیسان بەڵگەی عەقڵی بۆ هێنانەوە و وتی: من بانگتان دەكەم بۆ ڕزگاربوون لە ئاگری دۆزەخ، كەچی ئێوە بانگم دەكەن بۆ چوونە ناو ئاگری دۆزەخ!! دەی ئایا كامەمان شایەنی ئەوەیە وەڵام بدرێتەوە و شوێنی بكەوین؟
9. ئەگەر كەسێ بە نیەتپاكی و دڵسۆزیەوە بانگەواز بۆ لای خوا بكات و تەنها پشت بەو ببەستێت، ئەوا خوای گەورە دەیپارێزێت با لەناو كرۆكی بێباوەڕانیشدا بێت چونكە لە كۆتاییدا خوای پەروەردگار فەرمووی: " فَوَقَاهُ اللَّهُ سَيِّئَاتِ مَا مَكَرُوا ۖ وَحَاقَ بِآلِ فِرْعَوْنَ سُوءُ الْعَذَابِ " واتە: خوای گەورە پاراستی لە فێڵ و پیلانی ئەوەی دایاننابوو، كە بنەماڵەی فیرعەونیشی تووشی سزایەكی سەخت و ناڕەحەت كرد.
10. باسی دووان لە ناوەكانی خوای بۆ كردن ئەوانیش: "العزیز – الغفار" واتە: بەدەسەڵات و لێخۆشبوو. ویستی بەمە پێیان بڵێت: ئەگەر ئێوە باوەڕنەهێنن ئەوا دوورنییە ئەو خوایەی كە بەهێز و توانا و دەسەڵاتە لەناوتان بدات و تێكتان بشكێنێت و كەسیش نییە پەناتان بدات و بتانپارێزێت، ئەگەریش باوەڕبهێنن و شوێنی پێغەمبەرەكەی بكەون ئەوا لەتاوانەكانتان خۆشدەبێت.
11. ئازایی و بوێری ئەم پیاوە باوەڕدارە كە توانی ڕووبەڕووی ئەو هەموو خەڵكە بێباوەڕە بوەستێت و بڵێت: من باوەڕدارم و شوێنی من بكەون و من ڕێگای ڕاستتان پیشان دەدەم. وتی: " يَا قَوْمِ اتَّبِعُونِ أَهْدِكُمْ سَبِيلَ الرَّشَادِ  ".


 

سەردان: ٢٤٧