ئاینی ئیبراهیمی و نزای نیشتمانی لە نێوان ڕاستی و بانگەشەی درۆینەدا: خوێندنەوەیەکی زانستی لە چەمک و مەترسییەکاندا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئاینی ئیبراهیمی و نزای نیشتمانی لە نێوان ڕاستی و بانگەشەی درۆینەدا: خوێندنەوەیەکی زانستی لە چەمک و مەترسییەکاندا

پێشەکی

لە ماوەی ڕابردوودا، گۆڕەپانی فیکری و ئاینی شایەتی دەرکەوتنی چەمکێکی نوێ بوو کە بە "ئاینی ئیبراهیمی" ناوبراوە، و هەندێک بیرمەند و سیاسەتمەداران پێشنیاریان کردووە بەبیانوی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ئاینییەکان و کردنەوەی ڕێگایەک بۆ یەکگرتنی شوێنکەوتووانی هەرسێ ئاینی ئاسمانی: ئیسلام، جوولەکە و مەسیحی. بەڵام ئەم بانگەوازە کە لە ڕواڵەتدا بانگەوازی یەکبوون و پێکەوەژیانە، لە ناوەڕۆکدا لادانی بیروباوەڕی مەترسیداری هەڵگرتووە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ناسنامە و بیروباوەڕی ئیسلام.

یەکەم: پێناسەی ئاینی ئیبراهیمی

"ئاینی ئیبراهیمی" ئاینێکی دابەزێنراو نییە لە لایەن خواوە، بەڵکو پڕۆژەیەکی فیکری-سیاسییە کە هەوڵ دەدات بیروباوەڕی ئیسلامی، جوولەکە و مەسیحی لە ژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە هەرسێ ئاینەکە سەر بە پێغەمبەرێکن کە ئیبراهیمە (سڵاوی خوای لێ بێت)، و بانگەشە دەکرێت کە ئەم ئاینانە دەکرێت تێکەڵ بکرێن بۆ پێکهێنانی "ئاینێکی یەکگرتوو" کە هەموان ڕازی بکات.

دووەم: ڕەگوڕیشەی مێژوویی و سیاسی بیرۆکەکە:

ئەم زاراوەیە لە ژینگەی سیاسی ڕۆژئاوادا دەرکەوت، بەتایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، و وەک ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکارهات بۆ دۆزینەوەی جۆرێک لە "ئاساییکردنەوەی ئاینی" کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئاساییکردنەوەی سیاسی و ئابووری. دامەزراوە فیکری و سیاسییە جیهانییەکان پشتگیریان کرد، و لایەنە میدیایی و کەلتوورییەکان بڵاویان کردەوە، و لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت "دیالۆگی ئاینەکان" یان "یەکێتی ئاینەکان" هات.

سێیەم: ڕاستی ئاینی ئیبراهیمی لە ڕۆشنایی بیروباوەڕی ئیسلامیدا

١. ئیبراهیم (علیه السلام) موسڵمانێکی یەکتاپەرستە بووە،

خوای گەورە دەفەرموێت: {مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيًّا وَلَا نَصْرَانِيًّا وَلَكِنْ كَانَ حَنِيفًا مُسْلِمًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ} [آل عمران: 67].

واتا: ئیبراهیم نە جوولەکە بوو نە مەسیحی، بەڵکو موسڵمانێکی پاک و یەکتاپەرست بوو و لە هاوبەشدانەران نەبووە.

کەواتە ئیبراهیم بێبەرییە لە جوولەکەیەتی دەستکاریکراو، مەسیحیەتی گۆڕدراو، و بتپەرستی کۆن و نوێ، بەڵکو لەسەر ئاینی ئیسلام بوو، ئاینی یەکتاپەرستی ڕەسەن.

٢. دوای ناردنی موحەممەد () هیچ ئاینێک جگە لە ئیسلام قبووڵ نییە:

خوای بەرز دەفەرموێت: {وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ } [آل عمران: 85].

واتا: هەرکەسێک جگە لە ئیسلام ئاینێکی تر هەڵبژێرێت، هەرگیز لێی قبووڵ ناکرێت و لە دواڕۆژدا لە زیانمەندان دەبێت.

كەواتە ئیسلام ئاینی کۆتاییە و نەسخکەرەوەی هەموو شەریعەتەکانی پێش خۆیەتی، و ناکرێت لەگەڵ ئاینێکی تردا یەکبخرێت.

٣. بانگەشەی یەکگرتنی ئاینەکان لە ڕووی شەرعییەوە باتڵە بە پێی شەرع، دروست نییە بڵێین ئاینێکی تر جگە لە ئیسلام ڕاستە، خوای بەرز دەفەرموێت: {إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ} [آل عمران: 19].

واتا: بێگومان ئاینی ڕاست لای خوا تەنها ئیسلامە.

كەواتە هەر هەوڵێک بۆ یەکسانکردنی ئیسلام لەگەڵ هەر بیروباوەڕێکی باتڵدا، سڕینەوەی ڕاستییە و چەواشەکردنی خەڵکە.

چوارەم: دیارترین لادانە بیروباوەڕییەکان لە ئاینی ئیبراهیمیدا

١. یەکسانکردنی ڕاستی و باتڵ:

ئەمە لە باتڵترینی باتڵەکانە، چۆن دەکرێت یەکسانی بکرێت لە نێوان ئاینی یەکتاپەرستی و بیروباوەڕێک کە منداڵ بۆ خوا دادەنێن، یان ئەوانەی کە پەیامی موحەممەد () ڕەت دەکەنەوە؟

٢. سڕینەوەی جیاوازیە بیروباوەڕیەکان و جیاوازیە تەشریعیەکان:

ئاینی ئیبراهیمی بانگەواز دەکات بۆ تێپەڕاندنی جیاوازیە بیروباوەڕییەکان، کە ئەمەش پێویستی بە واز هێنانە لە بنەما گەورەکانی ئیسلام وەک شایەتیدان بە پێغەمبەرایەتی موحەممەد () و باوەڕهێنان بە نێردراوێتی پێغەمبەر و پەیامەکەی.

٣. کردنەوەی دەرگا بەڕووی هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام:

ئەگەر هەموو ئاینەکان وەک ڕاست قبووڵ کران، کەواتە هیچ کێشەیەک نییە کە موسڵمان بگوازێتەوە بۆ ئاینێکی تر! ئەمەش بە کۆدەنگی زانایانی موسڵمان باتڵە و لەدین دەرچوونە.

پێنجەم: بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیبراهیمی و دیاردەکانی لە واقیعدا:

١. دروستکردنی پەرستگای هاوبەش:

پڕۆژەی "ماڵی بنەماڵەی ئیبراهیمی" (بيت العائلة الإبراهيمية) لە ئەبوزەبی ڕاگەیەندراوە، کە مزگەوت، کنیست (پەرەستگای جولەکە) و کڵێسا لە یەک شوێن کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی پەرستش لە ژێر دروشمی "یەکێتی" (الوحدة)، کە لە ڕاستیدا تواندنەوەی ناسنامەی ئیسلامی و تێکەڵکردنی بیروباوەڕە.

٢. کۆنفرانس و سیمینار کە بانگەواز دەکەن بۆ تێپەڕاندنی جیاوازییە ئاینییەکان:

چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و دیالۆگ دەبەسترێن کە ناوونیشانی سەرنجڕاکێشیان هەیە وەک "لێبوردەیی"، "پێکەوەژیان" و "یەکبوون و گونجانی ئاینی" و تێیاندا پڕوپاگەندەی بیرۆکەی یەکێتی ئاینەکان دەکرێت، کە دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی باتڵ و تواندنەوەی جیاوازییە سەرەکییەکان لە نێوان ڕاستی و باتڵدا.

٣. وتاری ئاینی کە موجامەلەی ئاینەکانی تر دەکات:

هەندێک لەوانەی خۆیان بە "بانگخوازانی نزیکبوونەوە" پێناسە دەکەن دەردەکەون و ستایشی ئاینە دەستکاریکراوەکان دەکەن، خۆ دەپارێزن لە کافر دانانیان، و بانگەواز دەکەن بۆ دانپێدانان پێیان وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە خوا! ئەمەش لە ئەوپەڕی مەترسیدایە.

٤-ئەنجامدانی (نزای نیشتمانی) یان (نوێژی نیشتمانی) یان (نوێژ یان نزای ئیبراهیمی):

"نزای نیشتمانی" یان ئەوەی کە بە "نوێژی هاوبەشی ئیبراهیمی" ناسراوە، بریتییە لە ڕێوڕەسم یان چالاکیەکی ئایینی کە پەیڕەوانی سێ ئایینی گەورە کۆدەکاتەوە: ئیسلام، مەسیحیەت، و جوولەکە، لەژێر دروشمی "ئایینی ئیبراهیمی" یان "ئایینەکانی ئیبراهیمی".

لەسەر ئەو بنەمایەش ناوەندی پەرستنی هاوبەش بنیات نراون، وەکو ئەوەی پێی دەوترێت "ماڵی بنەماڵەی ئیبراهیمی" لە ئەبوظەبی، کە مزگەوت، کڵێسا و کەنیسەی لە یەک کۆمەڵگادا لەخۆگرتووە.

هەندێک جار نزای هاوبەش، یان ساتەکانی تێڕامانی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، کە پێی دەوترێت "نزای نیشتمانی" یان "نوێژی ئیبراهیمی"، کە تێیدا نوێنەرانی سێ ئایینەکە بانگەشەی "ئاشتی جیهانی" دەکەن، و هەموویان وتەو و نزا ئاڵوگۆڕ دەکەنەوە تێیدا، نزای تایبەت دەکەن و وتەش پێشکەش دەکەن.

کەواتە "نزای نیشتمانی" بەشێکە لە پڕۆژەی نزیککردنەوەی ئایینەکان لەژێر چەتری "ئایینی ئیبراهیمی".

وە بێگومان بۆ موسوڵمان ڕێگەپێدراو نییە بەشداری لە نوێژی تێکەڵاو لەگەڵ بیروباوەڕی دژ بە یەکتاپەرستی بکات.

شەشەم: مەترسی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئیسلام و موسڵمانان

١. شێواندنی بیروباوەڕی ئیسلامی بە تێکەڵکردنی لەگەڵ بیروباوەڕی باتڵدا، و سڕینەوەی نیشانەکانی یەکتاپەرستی.

٢. لێدانی دۆستایەتی و دوژمنایەتی (الولاء والبراء)، کە یەکێکە لە بنەماکانی باوەڕ، موسڵمان دۆستایەتی خەڵکی ئیسلام دەکات و دژی کوفرە، بەڵام ئیبراهیمیەت نكۆڵی لەم بنەمایە دەکات.

٣. تواندنەوەی ناسنامەی ئیسلامەتی بە لاوازکردنی ئینتیمای عەقەدی بۆ ئوممەت، و تێکەڵکردنی ڕاستی و باتڵ بە ناوی لێبوردەییەوە.

٤. بەکارهێنانی بۆ خزمەتی سەهیۆنیزمی جیهانی، ئەمە پڕۆژەیەکە کە خزمەتی بەرژەوەندی داگیرکاری ئیسرائیلی دەکات و پاساو بۆ داگیرکاری و تاوانەکانی دەهێنێتەوە بە ناوی ئاینی هاوبەشەوە.

حەوتەم: هەڵوێستی زانایان و بانگخوازان لەم بانگەوازە

زانایانی هاوچەرخی ئیسلامی ڕاستەڕەو و ڕەسەن کۆدەنگن لەسەر باتڵی ئەم بانگەوازە و مەترسیدارێتی لەسەر عەقیدەی ئیسلامەتی، و هەمووشیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم بانگەوازە گومڕاییەکی نوێیە و داهێنراوێکی گەورەی مەترسیدارە.

هەشتەم: ئەرکی موسڵمان بەرامبەر ئەم بانگەوازە:

١. ڕەتکردنەوەی لە ڕووی شەرعی، زانستی و فیکرییەوە.

٢. هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتی و تایبەتەکاندا.

٣. پابەندبوون بە ناسنامەی ئیسلامی ڕاستەقینەوە.

٤. درووستکردنی ڕای گشتی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئاگادارکردنەوەی خەڵکی لێی.

٥. پێویستە زانایانی ئیسلام لەگەڵ دینەکەی خوای گەورەدا ڕاستگۆبن و موجامەلەی دەسەڵاتداران نەکەن و مەترسی ئەم بیروباوەڕە بۆ دەسەڵاتداران ڕوونبکەنەوە و بەهیچ شێوەیەک لەو بۆنانەدا بەشداری نەکەن.

(مێژوو تۆماری دەکات کە کێ پاڵپشتی لە عەقیدەی ڕاستی ئیسلامەتی کردووە و کێیش خیانەتکار بووە بەرامبەری، جگە لە لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی).

٦-پێویستە هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی (سەلەفی و سۆفی و ئیخوان و........ هەموو خەمخۆریکی ئیسلام) بەیەک دەنگ ڕووبەڕووی ئەم بانگەوازە مەترسیە ببنەوە، ئەگەر لەمەدا یەکگرتوو یەک وتار نەبن، چ کاتێک یەک هەڵوێست دەبن!

کۆتایی:

ئاینی ئیبراهیمی بانگەشەکراو هیچ نییە جگە لە پڕۆژەیەکی مەترسیدار کە مەبەست لێی بەتاڵکردنی ئیسلامە لە ڕاستی و ناسنامەکەی، و گۆڕینی بە ئاینێکی نوێ کە هێزە جیهانییەکان ڕازی بکات و ئاسایی بکات لەگەڵ باتڵدا و موجامەلەی خاوەنەکانی بکات. ئەرکی زانایان، بانگخوازان، قوتابیان و هەموو موسڵمانانە کە ڕاستی ئەمە ڕوون بکەنەوە، خەڵک ئاگادار بکەنەوە لێی، و پابەند بن بە ئاینی پاکی ئیسلامەوە، و شانازی پێوە بکەن، و سەربەرز بن بە حوکمەکانی و شەریعەتەکەی.

ئامادەکردنی : سردار جبار محي الدين.

قوتابی دکتۆرا لە فیقه و ئسوڵی ئیسلامی.

سەردان: ٢٠