ئایا خواردن بە دەستی چەپ حەرامە یاخود بابەتێکە جێگەی خیلافە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا خواردن بە دەستی چەپ حەرامە یاخود بابەتێکە جێگەی خیلافە؟

خواردن بە دەستی چەپ ئەگەر عوزرت ھەبوو ھیچی تێدا نیە, بەڵام بەبێ عوزر حەرامە، چونکە پێغەمبەری خوا نەھی لێ کردووە و فەرموویەتی: (إن الشيطان يأكل بشماله ويشرب بشماله) ، وقد قال الله تعالى: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ وَمَنْ يَتَّبِعْ خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ فَإِنَّهُ يَأْمُرُ بِالْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ} [النور:21] ، پاشان شەیتان خۆشحاڵ دەبێت کە تۆ بەدەستی چەپ نان بخۆیت چونکە لەو حاڵەتەدا شوێنکەوتەی شەیتان و پێچەوانەکاری پێغەمبەری خوایت .
جا بابەتەکە ئاسان نیە! ئەگەر بە دەستی چەپت بخۆیت ئەوا شەیتان خۆشحاڵ دەبێت زیاتر لەوەی کە تەنھا کردارێکە وبەس چونکە تۆ پێچەوانەی پێغەمبەرت کردووە لە کردار و گوفتاردا، جا بۆیە بابەتەکە ئاسان نیە، و پێویستە لەسەر فێرخوازی زانستی شەرعی کە خەڵکی لەمە وریا و ئاگادار بکەنەوە.
زۆرێک لە خەڵکی دەبینین بە دەستی چەپ دەخۆنەوە و دەڵێن لەبەر ئەوەی پەرداخەکە پیس یان چەور نەبێـت، ئەمە لەکاتێکدا زۆربەی پەرداخەکانی ئێستاش لە کاغەز دروست دەکرێت و دوای تۆ کەس بەکاری ناھێنێت, وازی لێ بھێنە با پیس بێت، پاشان ئەگەر پەرداخەکەش شوشە بوو دەتوانرێت ھەڵبگیرێت بەبێ ئەوەی چەور وپیس بێت واتە لە ژێرەوەو بە نێوانی ھەردوو پەنجەی شایەتومان و پەنجە گەورە و بخۆیتەوە، جگە لەوەش ئەگەر ئەوەش نەتوانرا با پیس بێت و دواتر بشۆررێت و ھیچ کێشەیەک نیە، لەبەر ئەوەی مادام زانراوە کە ئەو کارە حەرامە و تاوانبار دەبیت ئەگەر بەدەستی چەپ بخۆیت و بخۆیتەوە ئەوا(شتی) حەرام دروست نیە مەگەر بۆ پێویستی نەبێت.
پرسیارکەر: ئەی ئەگەر بەدەستی چەپ بیگرێت ولەسەر دەستی ڕاست دایبنێت؟
شێخ: ئەگەر پێویستی کرد بەوە ئەوا ھیچی تێدا نیە, بەڵام من خۆم ئەوەم تاقی کردۆتەوە کە پەرداخەکەم لە بەشی خوارەوەی گرتووە و ھیچ پیسیش نەبووە، پاشانیش ئەگەر پیسیش ببێت ئەوا دوای پێنج خولەک دەشۆررێت وپیسیەکەی پێوە نامێنێت، کەوابوو کارەکە ئاسانە, بەھەمان شێوە شت وەرگرتن وپێدان بە دەستی چەپ پێچەوانەی سوننەتە و نەھی لێکراوە.
پرسیارکەر: بەڵام ئایا وتەی زانایانی لەسەرە کە ئەو کارە (دەستی چەپ) دروست بێت؟
شێخ: ھەندێ لە زانایان وتویانە مەکروھە, بەڵام برام ئامۆژگاری تۆ وجگە لەتۆش دەکەم ھەرکە پێغەمبەری خوا وتەیەکی فەرموو تۆ مەڵێ ئایا وتەی زانایان ھەیە لەسەر ئەوە؟ چونکە زانایان بە تێگەیشتنی خۆیان فەتوا دەدەن ئەگەر بەڵگەکەیان دەستکەوتبێت ، وە لەوانەشە بەڵگەکەیان دەستنەکەوتبێت، وە یاخود بەڵگەکە شاراوە بێت، بۆ نمونە: ئایا بابەتی پەتا و تاعون شاراوە نەبوو لەسەر ھەندێ لە ھاوەڵان کاتێک کە عومەر بەرەو شام کەوتە ڕێ، پێی وترا کە لەشام تاعون سەری ھەڵداوە، ئەویش وەستا و پرس و ڕاوێژی بەھاوەڵان کرد و ھەریەک لە پشتیوانان و کۆچکەرانی بەجیا کۆکردنەوەو قسەیانی وەرگرت کەچی ھەموویان ئەو فەرموودەیەیان پێ نەگەیشتبوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا کە سەرکەوتوی کردن بۆ گەڕانەوە نەوەک بۆ رۆیشتن، ئەوەبوو عبدالرحمنی کوڕی عەوف ئەو کەسەبوو کە فەرموودەکەی لابوو لەوکاتەدا لەوێ نەبوو کە گەڕایەوە فەرموودەکەی بۆ گێڕانەوە، جا ھەموو ھاوەڵان ئەو فەرموودەیەیان پێ نەگەیشتبوو لەکاتێکیشدا پێکەوە لەیەک شوێندابوون، جا چۆن ئیتر ھەندێک شت شاراوە نابێت لەسەر زانایان لەدوای پەرش وبڵاوبونەوە و زۆربوونی ئوممەت؟!! جا بۆیە نابێت بەرانبەر فەرمایشتی پێغەمبەر بوەستین و بڵێین ئایا ئەو بابەتە خیلافی لەسەر؟ ئەی ئایا ھەندێ لەزانایان جگە لەوەیان نەوتووە؟ ئەگەر ھاتوو پێغەمبەری خوا پێی فەرمووین: (لا يأكل أحدكم بشماله، ولا يشرب بشماله؛ فإن الشيطان يأكل بشماله ويشرب بشماله) ئەوا کۆتایی پێ دێت ودەبڕێتەوە، ئەگەر ھەر موسڵمانێک سەرپشک بکەیت وبڵێیت: ئایا ڕێگە ورێبازی پێغەمبەرت پێ خۆشە یاخود ڕێباز و پیلانەکانی شەیتان؟ لەوەڵامدا دەڵێت: بێگومان رێبازی پێغەمبەر .
پرسیارکەر: ئەی شێخی بەڕێز مەبەستم ئەوەیە ھەندێک خەڵک دەڵێن کەوا ھەندێ لەزانایان بەحەرامی نازانن منیش دڵنیاییم دەوێت؟
شێخ: ئەمە باشە، ابن عباس رضي الله عنهما دەڵێت : [يوشك أن تنزل عليكم حجارة من السماء، أقول: قال رسول الله وتقولون: قال أبو بكر وعمر] ، واتە: دوورنیە بەردتان بەسەردا ببارێت, چونکە من دەڵێم پێغەمبەری خوا وای ووت، کەچی ئێوە دەڵێن: ابوبکر و عومەر وایان ووت.
جا زانایان کێن بەبەراورد لەگەڵ ابوبکر وعومەردا، ئەمە لەکاتێکدا کە خودی پێغەمبەری خوا لەبارەی ابوبکر و عومەرەوە فەرموویەتی: (إن يطيعوا أبا بكر وعمر يرشدوا) وقال: (اقتدوا باللذين من بعدي: أبي بكر وعمر) دەقی لەسەرە کە بۆچوونی ابوبکر و عومەر وەربگیرێت، جا ئەگەر بێتو قسەی ابوبکر و عومەر ئەگەر وەربگرین لەکاتی پێچەوانەبوونی لەگەڵ وتەی پێغەمبەردا مەترسی ئەوەیە ھەیە کەبەردمان بەسەردا ببارێت , چ جای وەرگرتنی قسەی جگە لەوان ؟!! لەبەر ئەوە لەڕاستیدا زۆر ئازارم دەدات کاتێک دەڵێم پێغەمبەری خوا واو وای ووت: کەچی ئەو بڵێت: ئەی ئایا خیلافی لەسە نیە؟ ئەو زانایەی کە خیلافی دروست کردووە پیدەچێت عوزری ھەبێت لەبەر لێکدانەوەکەی یان نەزانینی، بەڵام من عوزرم نیە و ئەگەر زانایەک عوزری ھەبوو ئەوا عوزر بۆ ئەو کەسە نیە کە شوێنی دەکەوێت.
لقاء الباب المفتوح (4) محمد بن صالح العثيمين رحمه الله

 

سەردان: ٤,٧٥٩ بەش: خواردن و خواردنەوە