حوكمی سەیركردنی یاریەكانی تۆپی پێ چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی سەیركردنی یاریەكانی تۆپی پێ چیە؟

الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده، وبعد:

پێش ئەوەى بچینە سەر حوکمی سەیرکردنى یاری تۆپی پێ دەبێ بزانین کە كات سەرمایەیەكی گرنگە لە ژیانی مرۆڤایەتی بەگشتی و موسوڵمانان بەتایبەتی كەتێیدا تێشوو كۆدەكرێتەوە بۆ ڕۆژی دوایی ، پیاو چاكان و زانایان بە تێڕوانینێكی گرینگەوە سەیری كاتیان دەكرد و بەڵكو بەنرخترین شتیش بووە لەلایان .
خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [وَالْعَصْرِ ] واتە: سوێند بێت بە كات و زەمانە، یان بەكاتى تایبەت بە عەسر.
ئاشكراشە كە ئەم سوێند خواردنەش لە لایەن خواى پەروەردگارەوە بە كات و زەمانە، بەڵگەو نیشانەیە لە سەر گرنگى كات، بۆیە سوێندى پێدەخوات.
وە پێغەمبەرى خوا  دەفەرموێ‌ : ( نِعمتان مغبونٌ فيهما كثيرٌ من النَّاسِ: الصِّحَّةُ والفراغُ ) ( رواه البخاري ) ، واتە : دوو نیعمەت هەیە زۆر لە خەڵكی تێیدا خەسارەت مەندن ( لە دەستی دەدەن و قەدری نازانن ) لەش ساغی و دەست بەتاڵی .
لەبەر گرنگى کاتە کە دەبینین مرۆڤى بەرپرسیار كردووە لەوەى كە ئەو گەوهەرە بەنرخە چۆن، و لە چیدا سەرفى بكات بیباتە سەر ؟
وەکو پێغەمبەرى خوا  لەو بارەیەوە فەرموویەتى:
(لاَ تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أَرْبَعٍ : عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ ؟ وَعَنْ عِلْمِهِ مَا عَمِلَ بِهِ ؟ وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أَنْفَقَهُ ؟ وَعَنْ جِسْمِهِ فِيمَا أَبْلاَهُ ؟) صحيح سنن الترمذي رقم : (2417) وصحيح الترغيب والترهيب رقم : (3592) 
واتە : هەردوو پێ‌ی هیچ عەبدێك نـییە لە ڕۆژی قیامەتدا هەنگاو بنێت تاوەكو پرسیاری چوار شتی لێنەكرێت :
یەکەم : سەبارەت بە تەمەنی لە چیدا بە سەری بەردووە ؟
دووەم : وە سەبارەت بە زانستەكەی ئایا كردەوەی پێ‌ كردووە ؟
سێیەم : وە سەبارەت بە پارە و ماڵەكەی چۆن پەیدای كردووە و لە چیدا خەرجی كردووە ؟
چوارەم : وە سەبارەت بە لاشەی لە چیدا بە كاری هێناوە و دایهێناوە ؟
وە ئیمامی ابن القیم - ڕەحمەتی خوای لێبێت - فەرمویەتی :
( إضاعة الوقت أشد من الموت ؛ لأن إضاعة الوقت تقطعك عن الله والدار الآخرة والموت يقطعك عن الدنيا وأهلها ) . الفوائد / ص 44 .
واتە : بەفیڕۆدانی کات گەورەترو مەترسیدارترە لە مردن ؛ چونکە بەفیڕۆدانی کات دەتپچرێنێت لەخوا و لەڕۆژی دوایی بەڵام مردن دەتپچرێنێت لە دونیا و ئەهلەکەی .
جا ئایا شیاوە بۆ گەنج و لاوى موسڵمان كاتى زێڕینى خۆى بە كارێکەوە سەرف بکات کە هیچ سودی بۆ دنیا و قیامەتى نەبێت؟!
یان پێویستە لە باشترین كار و كرداردا بە سەرى بەرێت، كە ببێتە هۆى بە دەست هێنانى ڕەزامەندى پەروەردگار، و گەیشتن بە بەهەشتى بەرین، و ڕزگار بوون لە ئاگرى دۆزەخى هەتا هەتایى، و بێتە سودمەندى موسڵمانان، و پێشخستنیان لە بوارە جۆر بەجۆرەكانى ژیانى دونیا ؟!

سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەکەش دەڵێین :

لەبەر ئەوەی گرنگیدان بە سەیركردنی یاری يە بێسوودەكان بەتایبەتیش یاری تۆپی پێ‌ لە زیادبووندایە، و پارەی خەیاڵی تێدا بە فیڕۆ دەدرێت و شەڕی لەسەر دروست دەكرێت و خۆشەویستی و ڕق لێبوونەوەی لەسەر بونیاد دەنرێت، بۆیە پێمان خۆش بوو بۆ ڕوونكردنەوەی حوكمەكەی ئەم فەتوایەی زانای پایەبەرز (ابن عثیمین) ڕەحمەتی خوای لێبێت وەربگێڕینە سەر زمانی كوردی، خوا سبحانە بیكاتە مایەی سوود بۆ هەموو لایەك، آمین.
دەقی فەتواكە
 پرسیار: ئایا سەیركردنی یاری لە تەلەفزیۆندا دروستە ؟
وەڵام: سەیركردنی یاریەكان لە تەلەفزیۆنەوە من پرسیارت لێدەكەم سوودی چیە؟
پرسیاركەر خۆی: من و كەسێك جیاوازی كەوتە نێوانمان لەسەر ئەم بابەتە جا منیش پێم وت: یەكەم: دەبێتە هۆی كات بەفیڕۆدان و دووەم: عەورەتەكانی تێدا دەردەكەوێت چونكە دایناپۆشن تەنها نیوەی ڕانیان نەبێت، ئەویش وتی: نەخێر دروستە، منیش وتم: پرسیارت بۆ دەكەم لە (ابن عثيمین).
وەڵام لە لایەن شێخ (ابن عثیمین)ەوە:
پێغەمبەری خوا – – فەرموویەتی: " من كان يؤمن بالله واليوم الآخر فليقل خيرا أو ليصمت " واتە: هەركەس باوەڕی بە خوا و ڕۆژی دوایی هەیە با چاكە بڵێت یان بێدەنگ بێت.
جا ئەگەر ڕێگریمان لێكرا بێت لە قسەكردن مەگەر بە چاكە ئەوا كردەوەكردن ئەولاترە، جا سەیركردنی یاری لە واقیعدا چەند مەترسیەكی تێدایە لەوانە:
1. بە فیڕۆدانی كات، چونكە ئەوەی تووش بووە بە سەیركردنی ئەم یاریانە دەبینیت ئەوەندە پێوەی سەرقاڵە تاوەكو كاتێكی زۆری لەدەست دەچێت، وە لەوانەیە نوێژی بەكۆمەڵی لەدەست بچێت وە لەوانەشە ئەنجامدانی نوێژی لەكاتی خۆیدا لەدەست بچێت.
2. سەیری كەسانێك دەكات نیوەی ڕانیان دەرخستووە، و ڕانیش لای زۆرێك لە زانایان عەورەتە، وە وای دەبینین كە گەنج بۆی نیە بەشێك لە ڕانی دەربخات بەتایبەتیش ئەگەر زۆر لەسەرووی ئەژنۆیەوە بێت.
3. لەوانەیە بە گەورەڕاگرتنی كەسانێك بكەوێتە دڵیەوە كە لە فاسقترین یان بێباوەڕترین بەندەكانی خوا بێت، جا گەورەڕاگرتنی كەسێك دەكەوێتە دڵیەوە كە شایستەی بە گەورە ڕاگرتن نیە، و ئەمەش بێگومان شتێكی مەترسی لێكراوە (محذور).
4. دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ماڵ، چونكە ئەم ئامێرە (تەلەفزیۆن) بە وزەی كارەبا ئیش دەكات و وزە بەكاردەبات ئەگەرچی بەكاربردنەكەش كەم بێت بەڵام لەبەرئەوەی نەسوودێكی دینی وە نە دونیایی تێدایە بۆیە بە بەفیڕۆدانی ماڵ دادەنرێت.
5. هەندێك جار سەردەكێشێت بۆ شەڕ و ناكۆكی، جا ئەگەر كەسێك هاندەری ئەم نادیە یان ئەم فەریقە بێت و سەربكەوێت، كەسێكی تر هەیە هاندەری نادیەكەی تر یان فەریقەكەی ترە بەم هۆیەشەوە ناكۆكی و دەمەقاڵێ‌ لە نێوانیاندا دروست دەبێت.
جا لەبەرئەمە دەڵێم: ئامۆژگاریەك بۆ گەنجان بەتایبەتی و بۆ جگە لەوانیش بەگشتی: كاتەكانی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن لەسەیركردنی ئەم یاریانە، و با زۆر بیربكەنەوە:
چی دەست دەكەوێت لە سەیركردنی؟ سوودی چیە؟
پاشان لە هەندێك لە یاریەكاندا دەیانبینیت بۆ نموونە ڕادەكەن پاشان هەندێكیان باوەش دەكەن بە هەندێكی تریاندا، وە گەلێك جار هەندێكیان دەچنە سەرشانی هەندێكی تریان وە چەند هەڵسوكەوتێكی تری هاوشێوەی ئەوە دەكەن كە پێچەوانەیە لەگەڵ سیفەتەكانی پیاوەتیدا (مروءة).
وصلی الله وسلم علی نبینا محمد
سەرچاوە: (لقا‌ء الباب المفتوح: 170).

سەردان: ٦,١٥٤ بەش: گەنجان و لاوان