تاوان و خراپە هۆکارە بۆ لەبیرچونەوەى زانست و قورئان و کەمبونى ڕزق: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تاوان و خراپە هۆکارە بۆ لەبیرچونەوەى زانست و قورئان و کەمبونى ڕزق
پرسیار:

من گەنجێکم کاتێک تاوان دەکەم هەست بە پەشیمانییەکی زۆر دەکەم لە پاش تاوانەکە، وە زۆریش دەترسم لەبەر ئەوەی ئەو تاوانە ببێتە هۆکارەى لەبیرچونەوەى ئەو زانستەى کە لەبەرم کردووە .
ئەو تاوانەش بەڕاستی بڵێم تەماشاکردنی وێنەى ئافرەت و ڤیدیۆی ناشەرعى و پاشان (استمناء) ئاو هێنانەوەیە بەدەست .
وە من حەزێکی زۆرم هەیە بۆ زەواج کەوا زاڵبووە بەسەر مێشکمدا، بەڵام توانای زەواجم نییە، وە من هەموو دووشەممە و پێنج شەممەیەك بەڕۆژوو دەبم لەگەڵ سێ ڕۆژ لە هەموو مانگێکدا، تکایە وەڵامم بدەنەوە ئامۆژگاریم بکەن من چی بکەم.

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
یەکەم : گومانی تێدانیە تاوان و سەرپێچی شوێنەواری خراپی هەیە لەسەر ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات، وەکو ئیمامی ابن القیم (ڕەحمەتی خوای لێبێت) باسی هەندێ لە زەرەر و زیانەکانى تاوانى کردوە ، ئێمەش هەندێکی بۆ تۆ باس دەکەین:
١- بێبەش بوون لە زانست و زانیاری شەرعی، لەبەر ئەوەی عیلم ڕووناکییەکە خوای گەورە دەیخاتە دڵەکانەوە، وە تاوانیش ئەو ڕوناکییە دەکوژێنێتەوە.
کاتێك ئیمام شافعی لە لای ئیمامی مالك  (ڕەحمەتی خوایان لێبێت) دانیشت، هەندێكی بۆ خوێندەوە، مالکیش پێی سەرسام بوو بە زیرەکی و لێهاتووییەکەی.
پێی فەرموو: من وا دەبینم خوای گەورە ڕوناکی کردووەتە دڵی تۆوە، ئەو ڕوناکییە مەکوژێنەوە بە تاوان کردن.

٢- بێبەش بوون لە ڕزق:
لە موسنەدی ئیمام ئەحمەد هاتووە لە ثەوبانەوە (ڕەزای خوای لێبێت) دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: ( إنَّ الرجلَ لَيُحرمُ الرِّزقَ بالذِّنبِ يُصيبُه ) رواه ابن ماجه (4022) وحسنه الألباني في صحيح ابن ماجه.
واته : (پیاوی وا هەیە بێبەش دەبێت لە ڕزقێك بەهۆی تاوانێکەوە کە ئەنجامی داوە).

٣- تاوان کاریگەری دەبێت لەنێوان خۆی و پەروەردگاری، وە لە نێوان خۆی و خەڵکیدا.
هەندێك لە پێشینە چاکەکان فەرموویانە: کاتێك تاوانێك دەکەم، کاریگەرییەکەی دەبینم لە وڵاخەکەم وە لە خێزانم کە بە خراپ مامەڵە دەکەن.

٤- کارەکانی لەسەر گران دەبێت، دەست نابات بۆ هیچ شتێك ئیللا دەبینێت ئەو دەرگایەی لەسەر داخراوە و کارەکەی بۆ ئاسان نابێت، هەروەکو چۆن کەسێك تەقوای خوای هەبێت کارەکانی بۆ ئاسان دەبێت.

٥- تاوان تاریکییەکە لەسەر دڵ کە هەستی پێدەکات، هەروەکو چۆن تاریکی شەو دەبینێت و هەستی پێدەکات، ئەو تاریکییە لەسەر دڵی دەبێت، وەك چۆن هەست بە تاریکی دەکات بەچاوی، لەبەر ئەوەی عیبادەت و گوێڕایەڵی ڕوناکی یە، وە تاوان و سەرپێچی تاریکی یە، هەتا تاوانی زیاتر بێت ئەوا سەرلێشێواوتر دەبێت تا دەکەوێتە ناو بیدعە و تاوانی لەناوبەرەوە و هەستیشی پێ ناکات، وەك نابینایەك لە شەوێکی تاریك دەرچێت بەتەنها، ئەم تاریکیە زیاد دەبێت تا لە چاوەکاندا دەردەکەوێت، و دەم و چاو دادەپۆشێت، تا هەموو کەس دەیبینێت.
ئیبنو عەبباس (ڕەزای خوایان لێبێت) فەرموویەتی: چاکەکردن نور و ڕووناکییەکەی لە دەم و چاو دەردەکەوێت، وە ڕوناکییەکە لە دڵ، وە ڕزق زیاد دەکات، لاشە بەهێز دەکات، و ئەو کەسە لەلای خەڵکی خۆشەویست دەبێت، وە خراپەش تاریکی یەکەی لە دەم و چاو دەبینرێت، دڵ ڕەش دەکات، و لاشە بێهێز دەکات، و ڕزق کەم دەکات، و خەڵکی ڕقیان لەو کەسە دەبێت.

٦- تاوان هۆکارە بۆ ئەوەی لە عیبادەتی خوای گەورە بێبەش بێت، خۆ ئەگەر هیچ زیانێکی تری نەبێت جگە لەوە بەسە بۆ ئەوەی دەست لە تاوان هەڵبگرێت، کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی زۆرێك لە عیبادەتەکانی لە دەست بچێت، کە هەر عیبادەتێك خێرتر و باشترە لە دونیا و لەوەیشی تیایەتی، ئەو کەسەی تاوان ئەنجام دەدات وەکو کەسێك وایە خواردنێك دەخوات ئەو خواردنە دەبێتە ڕێگر لەوەی خواردنی پاکتر و چاکتر بخوات بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن. خوای گەورە یارمەتیمان بدات.

٧- ئەنجامدانی تاوان وا لەو کەسە دەکات نەتوانێت دەستی لێ هەڵبگرێت و قورس دەبێت لەسەری.

٨- تاوان هۆکارە بۆ لاوازبوونی دڵ لەسەر کاری خێر و چاکە، ویستی شەڕ و خراپەی زیاد دەبێت، و ویستی تەوبەکردنی لاواز دەبێت، هەتا وای لێ دێت ویستی تەوبەکردنی نامێنێت کە ئەمەش گەورەترین نەخۆشی دڵە تا وای لێدێت بەرەو تیاچوون دەچێت.

٩- تاوان هۆکارە بۆ ئەوەی شەرم لەو کەسە نەهێڵێت و تاوانی لا ناشرین نەبێت، وە قسە و ئامۆژگارى خەڵکیش کاری تێ نەکات.

دووەم:  هەست دەکەیت بە بێزاربوون لە تاوان و ڕزگاربوون لێی ئەوە بەڵگەی ڕاستگۆیت و تەوبەکردنتە إن شاء الله.
هەموو کەسێك لە ئێمە پێویستە لەسەری لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆی بکات و بەردەوام بێت تا بتوانێت تێبکۆشێت لەگەڵ نەفسی خۆی.

هەندێك ڕێنماییت دەدەینێ بەڵکو خوای گەورە بیکاتە مایەی سوود بۆ ئێمە و تۆش:
١- داوا لە خوای گەورە بکە و بپاڕێرەوە لێی و زەلیلی خۆت بسەلمێنە، وە بزانە خوای گەورە کەسێك بێ ئومێد ناکات لێی بپاڕێتەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: ( وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ) غافر /6
واتە: پەروەردگارتان فەرموویەتی: تەنها داوا لە من بکەن و لە من بپاڕێنەوە، وەڵامتان دەدەمەوە.
زۆر بپاڕێرەوە و سووربە لەسەر پاڕانەوە، وە بگەڕێ بە دوای ئەو کاتانەی کە دوعا تێیدا وەردەگیرێت، وەکو لە کاتی کڕنوش بردن و کۆتایی ڕۆژی هەینی و کۆتایی شەو، ئەو کاتەی خوای گەورە دادەبەزێت بۆ ئاسمانی دونیا (دابەزینێك کە شایستەی خوای گەورە خۆیەتی، لە بەندەکان ناچێت) دەفەرمووێت: کێ هەیە داوام لێبکات داواکەی وەڵام بدەمەوە، کێ هەیە داوای لێخۆشبوون بکات لێی خۆش ببم.
خاو مەبەرەوە لە دوعا کردن، خوای گەورە نزیکە (بە بیستن و بینین) کەسێك کە لێقەوماوە وەڵامی دەداتەوە و ناڕەحەتی لەسەر لادەبات.

٢- پێویستە لەسەر کەسی موسڵمان زیاتر عیبادەتی خوای گەورە ئەنجام بدات، وەکو خوای گەورە فەرموویەتی: ( إِنَّ الْحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّيِّئَاتِ ) هود / 114 ، 
واتە: چاکەکان خراپە دەسڕێتەوە.
وە ئاگاداری نوێژەکان ببە و گرنگی پێبدە، خوای گەورە فەرموویەتی: ( إِنَّ الصَّلاةَ تَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ ) العنكبوت / 45 .
واتە: نوێژکردن ڕێگرە لە تاوان و سەرپێچی خوای گەورە.

٣- پێویستە لەسەر کەسی موسڵمان خوای گەورە زیاتر بناسێت، ئەویش بە شارەزابوون لە ناو و صیفاتەکانی خوای گەورە، وە بیرکردنەوە لە دروستکراوەکانی وەکو ئاسمانەکان و زەوی، ئەو کاتە شەرم دەکەیت لە خوای گەورە،  وەکو هەندێك لە پێشینە چاکەکان فەرموویانە: سەیری بچوکی تاوانەکە مەکە بەڵکو بزانە سەرپێچی کێ دەکەیت.

٤- بزانە ڕێگەی بەهەشت ناڕەحەتە و پێویستی بە ئارامگرتن و تێکۆشانی نەفس هەیە، خوای گەورە فەرموویەتی: ( وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ ) العنكبوت / 69 .
واتە: وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ پێناو ئێمه‌دا جیهادیان كردووه‌، ئه‌وه‌ به‌دڵنیایی هیدایه‌تیان ئه‌ده‌ین بۆ ڕێگای ڕاستی خۆمان، وه‌ به‌ دڵنیایی خوای گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ چاكه‌كاراندایه‌ به‌وه‌ی كه‌ پشتیوانییان ئه‌كات و سه‌ریان ئه‌خات و یارمه‌تیان ئه‌دات و هاوكاریان ئه‌كات.
جا گەر تۆ جیهادی نەفسی خۆت بکەیت و هەوڵبدەى کە زاڵ ببیت بەسەر نەفس و ئارەزووەکاندا ئەوا خواى گەورە یارمەتیت دەدات و هاوکارت دەبێت .

٥- وردبەرەوە لە سوودەکانی چاو داخستن بەرامبەر حەرامەکان، کاتێك بە ڕێگادایەکدا دەڕۆیت شەیتان و نەفس هانت دەدەن بۆ تێڕوانینی حەرام تۆ بیر لە سوودەکانی چاو داخستن بکەرەوە. 

ئەمەش چەند سوودێکی چاو داخستنە بەڵکو خوای گەورە بیکاتە سوود بۆ ئێمە و تۆش:
- چاوداخستن لە بەرامبەر حەرامەکان شوێنکەوتنی فەرمانی خوای گەورەیە، خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ  ﴾ [سورة النور 30].
واتە: ئەی پێغەمبەر ﷺ بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ: با چاویان دابخەن و چاویان بپارێزن لە بینینی حەرام.
وە شوێنکەوتنی فەرمانەکانی خوای گەورە خۆشبەختی دونیا و قیامەت بەدەست دێت بۆ بەندەکان.
- پاکبوونەوەی دڵ و نەفس و کردەوەکانە.
- ڕێگری دەکات لە شوێنەواری تیرێکی ژەهراوی، چونکە تەماشاکردنی حەرام تیرێکە لە تیرەکانی شەیتان.
- پاداشتی ئەو کەسەی لەبەر خوای گەورە تەماشای حەرام نەکات، تام و چێژی باوەڕ دەچەژێت.
- خوای گەورە فیراسەتێکی تەواوی پێ دەبەخشێت، کە بتوانێت حەق و ناحەق لەیەکتری جیا بکاتەوە.
- دوور دەبێت لە حەسرەت و پەشیمانی، چونکە ئەوەی تەماشای حەرام بکات توشی پەشیمانی دەبێت.
- دڵی پڕ دەبێت لەخۆشی و بەختەوەری، کە زۆر زیاترە لەوەی تەماشای ئەو حەرامە بکات.
- پارێزراو دەبێت لەوەی ببێت بە دیلی هەواو و ئارەزووەکانی.

٦- خۆت خەریك بکە بە هەندێك لە کردەوەی باش، و ئامادەبوونی دەرسی شەرعی، و گوێگرتن لە شتی بەسوود، باشترە لەوەی دەست بەتاڵ بیت، چونکە دەست بەتاڵی و بەتەنهابوون زیانی زۆرە بۆ ئینسان.

٧- بگەڕێ بەدوای هاوڕێی باشدا کە یارمەتیت بدات لەسەر گوێڕایەڵی خوای گەورە، لەبەر ئەوەی شەیتان لە کەسێکەوە نزیکە تەنها بێت، لە دوو کەسەوە دوورە، گورك لە مەڕ ناخوات جگە لەوانە نەبێت کە شوانیان نییە.

٨- خۆت بەدوور بگرە لەو شتانەی شەهوەت دەجوڵێنن، وەکو تەماشاکردنی وێنە و ڤیدیۆی حەرام، ئەمە جگە لەوەی خۆی حەرامە بەرەو حەرامێکی تریشت دەبات.

٩- (الإستمناء) ئاو هێنانەوە بەدەست حەرامە، وە شیاو نییە بە نەفسێکی بەرز ئەو کارە بکات، وە بەڵگە هاتووە لەسەر حەرامێتی، پێشتر  هەر لە ماڵپەڕى وەڵامەکان بە درێژی باسمان کردووە .

بۆیە برای بەڕێزم پەلەبکە لە تەوبەکردن و بگەڕێرەوە بۆ لای خوای گەورە، وە ئاگاداربە و بترسە لە توڕەبوونی، وە بزانە بەردەوام بوون لەسەر دین ئەوە فەزڵی خوای گەورەیە، وە لەوانەیە لە سەرپێچی کاران تووڕەبووبێت و ئەو فەزڵەی خۆی لێیان سەندبێتەوە، وەکو خوای گەورە فەرموویەتی: ( وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ الَّذِي آتَيْنَاهُ آيَاتِنَا فَانْسَلَخَ مِنْهَا فَأَتْبَعَهُ الشَّيْطَانُ فَكَانَ مِنَ الْغَاوِينَ ) الأعراف/175. 
واتە: وه‌ ئه‌ی محمد - -  به‌سه‌رهاتێكی تریش بۆ به‌نی ئیسرائیل باس بكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئایه‌تی خۆمانمان پێ به‌خشی، ئیتر چۆن ئاژه‌ڵ له‌ پێسته‌كه‌ی ده‌رئه‌كرێ ئاوا له‌و پیاوچاكیه‌ ده‌رچوو كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیبوو، وه‌ شه‌یتان شوێنی كه‌وت و بوو به‌ هاوه‌ڵی، وه‌ بووه‌ كه‌سێك له‌وانه‌ی كه‌ سه‌ركه‌ش و سه‌رلێشێواون وه‌ كافرو موڕته‌د بوو.
بۆیە بیر لە گەورەیی و دەسەڵاتی خوا بکەرەوە، و بیربکەرەوە کە دەتبینێت، و هیچ شتێك لەلای شاراوە نییە.
شاعیرش دەڵێ : 
وإذا خلوت بريبة في ظلمة والنفس داعية إلى طغيان
فاستح من نظر الإله وقل لها إن الذي خلق الظلام يراني
واتە:
کاتێك بە تەنیا بووی لە تاریکی شەودا و نەفست داوای تاوانی کرد 
شەرم بکە لە بینینی خوای گەورە و بە نەفست بڵێ ئەوەی تاریکی دروست کردووە دەمبینێت.
کاتێك لەگەڵ هاوڕێکانتی یان لەگەڵ دایک و باوکتی گەر نەفست داوای تاوانیش بکات نایکەیت چونکە شەرم لەهاوڕێ و دایک وباوکت دەکەیت، دەبا خوای گەورە لەلات ئاسانتر نەبێت لە بینینی ئەوان و شەرم لە خواى گەورە بکە زیاتر.
وە پێغەمبەری خوا ﷺ وەسێتی کرد بۆ یەکێك لە هاوەڵانی، پێی فەرموو: (أُوصيكَ أنْ تَسْتَحِيَ مِنَ اللهِ تَعالى كَما تَسْتَحِي مِنَ الرَّجُلِ الصَّالحِ مِن قَوْمِكَ) وەسێتت بۆ دەکەم شەرم بکە لە خوای گەورە وەکو چۆن شەرم دەکەیت لە پیاوچاکێکی ناو کەس و کارەکەت.
رواه الطبراني والبيهقي في شعب الإيمان ، وصححه الألباني في صحيح الجامع برقم (2541) .
داوا دەکەین لە خوای گەورە خراپەت لەسەر لابەرێت، و یارمەتیت بدات لەسەر عیبادەت و ڕەزامەندی خۆی. 
والله أعلم .
و: ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٢,٧٣١ بەش: تاوانه‌كان