شێوازی نوێژكردن لە فڕۆكەدا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
شێوازی نوێژكردن لە فڕۆكەدا 
پرسیار:

شێوازی نوێژكردن لە فڕۆكەدا چۆنە؟ ئەگەر ترسی ئەوەمان هەبوو نوێژەکەمان بفەوتێ چۆن نوێژ بکەین لە نێو فڕۆکە؟

نوێژ کردن لە نێو فڕۆکە دوو جۆرە
جۆرى یەکەم نوێژى سوننەت:
سەرنشینی فڕۆكە ئەتوانێت نوێژى سوننەت ئەنجام بدات لەسەر هەر حاڵەتێك بێت بە وەستانەوە یان دانیشتن و ئاماژە دەكات بە ڕكوع وسوجدە و بۆ هەر ئاڕاستەیەكیش بێت دروستە، بەڵام باشتر وایە لەكاتی یەكەم الله اكبر كە پێی دەوترێت " تەكبیرەی ئیحرام " و دەچێتە ناو نوێژەكەوە ڕووی لە قیبلە بێت. 
جۆرى دووەم نوێژە فەرزەكان
ئەمیش چەند حاڵەتێكی هەیە: 
یەك ەم: ئەگەر توانی نوێژەكەی بكات پێش ئەوەی سەربكەوێت یان دوای ئەوەی كە دابەزی و كاتی نوێژەكە مابوو ئیتر بە جەمع و تقدیم بێت یان تەئخیر ئەوا دەتوانێت. 
دووەم: ئەگەر سەركەوت لە فڕۆكە پێش ئەوەی كاتی نوێژ هاتبێت و گومانی زۆرینەشی وەهابوو كە فڕۆكەكە نانیشێتەوە ئیلا دوای نەمانی كاتی نوێژەكە نەبێت، ئەوا نیەتی جەمع و تەئخیر دەهێنێت، واتە لەگەڵ نوێژەكەی دوای خۆیدا دەیكات. 
سێ یەم: ئەگەر سەركەوت لە فڕۆكە پێش ئەوەی كاتی نوێژ هاتبێت و گومانی زۆرینەیشی وەهابوو كە كاتی هەردوو نوێژەكەی لەدەست دەچێت و نامێنێت یان كاتی ئەو نوێژە نامێنێت كە ناتوانێت جەمعی بكات لەگەڵ نوێژی دوای خۆی وەكو نوێژی بەیانی، ئەوا واجب دەبێت لەسەری كە :
أ. لە نوێژگە (شوێنی نوێژ) ى ناو فڕۆكەكە نوێژەكەی دەکات و ڕوو لە قیبلەش دەکات و بەڕاوەستانەوە و ڕكوع وسوجدە بەجوانی دەبات ئەگەر شوێنی نوێژى تیابوو وە توانی و بۆى كرا.
ب. ئەگەریش نەیتوانی ئەوا لەنێو ڕەتگە " مەمەڕ "ەكەدا نوێژەكەی دەكات .
ج. ئەگەر ئەمەشی نەتوانی ئەوا بە ڕاوەستانەوە دەیكات و ئاماژە دەكات بۆ ڕكوع وسوجدە.
د. ئەگەر ئەمەشی نەتوانی بە ڕاوەستانەوە ئەوا بە دانیشتنەوە لەسەر كورسیەكەی خۆی دەیكات، چونكە دروست نییە نوێژ دوابخەیت هەتا كاتەكەی نامێنێت.
چوارەم : پێویستە لەسەر نوێژخوێن ڕوو لە قیبلە بكات لەكاتی تەكبیرەی ئیحرامدا و پاشان بەئاڕاستەی كورسیەكەی نوێژەكەی دەكات، مەگەر ئەمەی بۆ نەكرێت وئاسان نەبێت، ئەوا پێویست نییە لەسەری. 
پێنجەم : ئەگەر ئاڕاستەی قیبلە گۆڕا بە گۆڕانی ئاڕاستەی فڕۆكەكە، ئەوا نوێژخوێن ئەگەر توانی ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت ئەوا واجب دەبێت لەسەری، و ئەگەریش نەیتوانی ئەو كارە بكات ئەوا لەسەر كورسیەكەی دادەنیشێت و مەرجی ڕووكردنە قیبلە لەسەری دەكەوێت.

سەردان: ١,٠٦٨ بەش: نوێژ