نوێژى قصر و جەمع چۆن دەکرێت و مەرجەکانى چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
نوێژى قصر و جەمع چۆن دەکرێت و مەرجەکانى چین؟
پرسیار:

نوێژى قصر و جەمع چۆن دەکرێت و مەرجەکانى چین؟

بەشی یەکەم : نوێژ کورت کردنەوە (قەصر)
(قصر) واتە: (كورت كردنەوەی نوێژە چوار ركعاتى یەكان بۆ دوو ركعات)

چەند تێبینیەک : 

1.ئەگەر کەسی موسافر لەسەفەرەکەیدا چووە مزگەوتەوە و لە پشت ئیمامی ئەو شوێنە نوێژى كرد بەجەماعەت ئەوا كورتی ناكاتەوە و بەتەواوی دەیكات و دروست نییە كورتی بكاتەوە.
2. دروست نییە سەفەر بەو مەبەستە بكرێت كە ڕوخصەت بتگرێتەوە، وەكو ئەوەی لە ڕەمەزاندا بەڕۆژو نەبیت یان نوێژ كورت بكەیتەوە، وە هەركەسیش بەو نیەتەوە سەفەر بكات ئەوا ڕوخصەتەكە حەڵاڵ نییە بۆی و نایگرێتەوە.
3.نوێژی بەیانی و نوێژی مەغریب كورت ناكرێنەوە و وەکو خۆیان دەکرێت.
4. حوکمى نوێژ كورت كردنەوە لە سەفەردا ئەوەیە کە سوننەتە و ئەمەش مەزهەبی زۆرینەیە.
 مەرجەكانی نوێژ كورت كردنەوە
١) دووری سەفەرەكە ئەوەندە بێت كە نوێژ كورت كردن بیگرێتەوە
زانایان سەبارەت بە دیاری كردنی ئەندازەی دووری ئەو سەفەرەی كە نوێژی تێدا كورت دەكرێتەوە چەندین بۆچونیان هەیە و بەهێزترینیان دووانە:
بۆچوونی یەكەم: ئەو دووریەی كە نوێژی تێدا كورت دەكرێتەوە بریتیە لە ( نزیكەی 88 كم) .
بۆچوونی دووەم: نوێژكورت كردنەوە لە هەر سەفەرێكدا بێت دروست و ڕێگەپێدراوە، مادام بە سەفەر ناودەبرێ لە عورفی خەڵکدا.
وە ئەو كەسەشی كەبە گومانە لە ئەندازەی دووریەكە بەوەی كە ئایا ئەو دووریەیە كە نوێژ كورت بكاتەوە یان نا، ئەوا نوێژ كورت ناكاتەوە و واجبە لەسەری نوێژەكە بەتەواوی بكات.
٢) نەبوونی نیەتی مانەوە لە سەفەردا
ئەوەی نیەتی مانەوەی هەبێت نوێژ بە تەواوی دەكات و كورتی ناكاتەوە.
كەسی موسافر ئەگەر نیەتی مانەوەی چوار ڕۆژ یان زیاتری هەبێت ئەوا نوێژ كورت ناكاتەوە.
هەركەس مایەوە لەبەر پێویستیەك و نیەتی مانەوەی نەبوو، ئەوا نوێژ كورت دەكاتەوە هەرچەندە كاتی مانەوەكەشی درێژ بێتەوە.
٣) سەفەری حەڵاڵ بێت
زانایان ڕاجیاوازن سەبارەت بە سەفەری تاوان كە ئایا ڕوخصەت دەیگرێتەوە یان نا، دوو بۆچوونی تێدایە:
بۆچوونی یەكەم: مەرجە ئەو سەفەرەی كە ڕوخصەت دەیگرێتەوە وەكو نوێژ كورت كردنەوە و بەڕۆژو نەبوون ئەوەیە كە سەفەری حەڵاڵ بێت و ئەگەریش سەفەری تاوان وسەرپێچی بێت ئەوا ڕوخصەت نایگرێتەوە.
بۆچوونی دووەم: هەموو موسافرێك ڕوخصەتی سەفەری بۆ هەیە و دەیگرێتەوە، بەبێ جیاكاری لەنێوان سەفەری حەڵاڵ وسەفەری تاواندا.
٤) شارەكەی خۆی جێهێشتبێت ودەرچووبێت
مەرجی سەفەر ئەوەیە كە خانو و ماڵەكانی شارەكەی جێ هێشتبێت و لەئاوەدانی دووركەوتبێتەوە.

بەشی دووەم: نوێژكۆكردنەوە (جەمع)

(جەمع) واتە: (كۆكردنەوەی نوێژ، بەوەی نوێژی نیوەڕۆ لە گەڵ نوێژی عەسرا كۆبكەیتەوە جا چ لە كاتی نیوەڕۆدا بێت واتە لە پاش نوێژی نیوەڕۆ ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت، یان دواى بخەى و لە كاتی عەسردا بێت واتە لە پێش نوێژی عەسردا نوێژی نیوەڕۆ بكەیت ئەنجا ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت ، بە هەمان شێوە نوێژی مەغریب و عیشاش).

ئەوەی كە مەرجە لە نوێژ كۆكردنەوە
- دەست پێكردن بەیەكەم نوێژ : واتە مەرجە دەبێت لە نوێژكۆكردنەوەدا سەرەتا یەكەم نوێژ ئەنجام بدرێت، واتە ئەگەر نیوەرۆ و عەسری كۆكردەوە ئەوا سەرەتا نیوەرۆ دەكات پاشان عەسریش دەكات، وە ئەگەر مەغریب و عیشایشی كۆكردەوە ئەوا سەرەتا مەغریب دەكات ئەوجا عیشا دەكات وئەمەش بەیەكدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەكە.

چەند تێبینیەک : 

1. نوێژ كۆكردنەوە لە سەفەردا دروستە بەهەردوو شێوازی پێشخستن و دواخستن (تقدیم و تأخیر)

2. دروست نییە نوێژی بەیانی جەمع بكرێت لەگەڵ نوێژی تردا، هەروەها نوێژی عەسر لەگەڵ مەغریبدا.


 

سەردان: ١٢,٢١٠ بەش: نوێژ