مەبەست لەسوننەتی نوێژ چی یە ، و پایەکانی نوێژ چەندن ؟ ئەی واجباتەکانی چەندن ؟و جیاوازی نێوان پایە و واجب چی یە ؟
نوێژ چواردە ڕوکن و پایەی هەیە ، لەگەڵ هەشت سوننەت .
بەڵام سوننەتی نوێژ زۆر زۆرە هەیە سوننەتی کرداریە و هەشە بەزمان دەکرێت ، وجیاوازی نێوان پایە و واجب ئەوەیە : پایە لاناچێت ونابێت نەکرێت و تەرک بکرێت تەنانەت بەهەڵەش بێت وهەرگیز مەجالی نەکردنی نییە ، بەڵکو حەتمییە ودەبێت ئەنجام بدرێت ، بەڵام واجب بەهۆی لەبیر چوونەوە لادەچێت ، ودەتوانرێت بەسەژدەی سەهو پڕ بکرێتەوە ، و بۆ درێژەی وةڵامەکە تەماشای خوارەوە .
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سوننەتەکانی نوێژ چین ومەبەست لێیان چی یە ؟
سوننەتی نوێژ زۆر زۆرە هەیە سوننەتی کرداریە وهەشە بەزمان دەکرێت ، ومەبەست لەسوننەت: جگە لەپایە و واجباتی نوێژ دەگرێتەوە .
وە هەندێ لەزانایان سوننەتی گوفتاری نێو نوێژیان بە حەڤدە جۆر پۆلێن کردووە ، وسوننەتی کرداریش بە پەنجاو پێنج سوننەت .
و نوێژ بەنەکردنی سوننەت بەتاڵ نابێتەوە ، هەرچەند بەئەنقەستیش بێت .
ئەمەش خاڵێکی جەوهەری جیاوازی نێوان سوننەت لە لایەک و پایە و واجباتە لەلایەکی تر.
وەجیاوازی نێوان پایە و واجب: پایە لاناچێت ونابێت نەکرێت وتەرک بکرێت تەنانەت بەهەڵەش بێت وهەرگیز مەجالی نەکردنی نییە ، بەڵکو حەتمییە ودەبێت ئەنجام بدرێت ، بەڵام واجب بەهۆی لەبیر چوونەوە لادەچێت ، ودەتوانرێت بەسەژدەی سەهو پڕ بکرێتەوە .
وەبەگونجاوی دەزانین لێرەدا ئاماژە بەپایە وجباتەکانی نوێژ بدەین ، پاشان هەندێک لەسوننەتەکان ، ئەوەش بەپشت بەستن بەمەتنی کتێبی "دليل الطالب" کە پوختەیەکی مەشهورە لەلای زانا حەنبەلیەکان و چەند سەرچاوەیەکی تر:
یەکەم : پایەکانی نوێژ - أرکان الصلاة - :
پایەکانی نوێژ لە چواردە پایه پێك هاتووە بەم شێوەیەیی لای خوارەوە:
1- لەنوێژى فەرزدا وەستان بەپێوە بۆ کەسێك توانای ڕاوەستانی هەبێت .
2- "الله أكبر"ـی دەست پێك کەمەشهورە بە(تكبيرة الإحرام).
3- خوێندنی سورەتی فاتیحە .
4- ڕكوع بردن وکەمترینی ئەوەیە خۆی بچەمێنێتەوە بەشێوەیەك بتوانێت دەست بدات لەئەژنۆکانی ، وبەتەواویش ئەوەیە: پشت بەڕێکی ڕابگرێت بەشێوەیەك لەگەڵ سەریدا ڕێك بێت .
5- بەرز بوونەوە لەڕکوع.
6- بەتەواوی بەرز بوونەوە.
7- سەژدە بردن و تەواوترینی ئەوەیە: لوت ونێو چەوان ودەست ونوکی ئەژنۆ وپەنجەی پێیەکانی بنێتە ئەرز .
8- بەرز بوونەوە لەسەژدە .
9- دانیشتن لەنێوان سەژدەکاندا .
وەهەر چۆنێك دانیشێت هەردەبێت ، بەڵام سوننەتە لەسەر پێی چەپی دانیشێت وپێی ڕاستی بنێتە ئەرز وڕووی بکاتە قیبلە.
10- ئارام بوون ولەحەرەکە کەوتنی ئەندامەکان کەئەوەش پێویستە لەهەر پایەیەکدا کەبەلاشە ئەنجام دەدرێت .
11- تەحیاتی کۆتایی .
12- دانیشتن بۆ تەحیاتی کۆتایی کەسەلامی تێدا دەدرێتەوە .
13- دوو سەلامی کۆتایی ئەوەش ئەوەیە دوو جار بڵێت: السلام عليكم ورحمة الله، ولەنوێژی سوننەت ونوێژی جەنازەدا دەتوانرێت یەك سەلام بدرێتەوە .
شێخ ابن عُثَيمين ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەفەرموێ : (والصَّحيح أنَّ التسليمتين كلتاهما ركنٌ، وأنه لا يجوز أن يخلَّ بواحدة منهما لا في الفرض ولا في النَّفل) ((مجموع فتاوى ورسائل العُثَيمين)) (13/346).
14- بەدوای یەك ئەنجام دانی پایەکان بەو شێوەیەیی باسمان کرد ، خۆ ئەگەر بۆ نموونە بەئەنقەست پێش ڕکوع بردن سەژدە ببات نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە ، وگەر بەهەڵە ئەو کارە بکات پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ڕکوع ودواتر سەژدە ببات.
دووەم : واجباتی نوێژ :
واجبات نوێژ هەشت دانەیە بەم شێوەیەیی لای خوارەوه:
1- اللە ٲکبر" ـەکان جگە لە"اللە ٲکبر"ـی دەست پێك.
2- گوتنێ: سمع الله لمن حمده" لەلایەن هەر یەك لەئیمام ئەوانەش بەتەنها نوێژ دەکەن .
3- گوتنی: ربنا ولك الحمد.
4- گوتنی: سبحان ربي العظيم" یەك جار لەڕکوع دا .
5- گوتنی : سبحان ربي الأعلى" یەك جار لەسەژدەدا .
6- گوتنی: رب اغفر لي" لەنێوان سەژدەکاندا .
7- تەحیاتی یەکەم .
8- دانیشتن بۆ تەحیاتی یەکەم .
سێیەم : سوننەتی نوێژ ئەوانەی کەبەزمان دەوترێن:
سوننەتی نوێژ ئەوانەی کەبەزمان دەوترێن پێك دێت لەمانەی لای خوارەوە:
1- دوای "الله ٲکبر" ـی دەس پێك گوتنی : "سبحانك اللهم وبحمدك وتبارك اسمك وتعالى جدك ولا إله غيرك " وئەمە پێی دەوترێت " دعاء الاستفتاح " .
2- گوتنی" ٲعوذ بالله من الشیطان الرجیم " .
3- گوتنی " بسم الله الرحمن الرحیم "
4- گوتنی " آمين ".
5- خوێندنی سورەتێك دوای فاتیحە .
6- دەنگ بەرز کردنەوەی پێش نوێژ لەنوێژی بەیانی وهەینی ودوو ڕکاتی یەکەمی مەغریب وعیشادا .
7- گوتنی "ملء السماوات وملء الأرض وملء ما شئت من شيء بعد". ئەمە لەسەر بۆ چوونی دروست بۆ هەریەک لەئیمام وئەوانەی دوای ئیمامیشە .
8- زیاد لەیەك جار "سبحان ربي العظیم" کردن لەڕکوع دا، واتە: دوو جار وسێ جار وزیاتریش .
9- زیاد لەیەك جار "سبحان ربي الٲعلی" کردن لەسەژدەدا ، واتە: دوو جار وسێ جار وزیاتریش .
10- زیاد لەیەك جار "رب اغفر لي" کردن لەنێوان سەژدەکاندا ، واتە: دوو جار وسێ جار وزیاتریش .
11- پاڕانەوەى دوای تەحیات بەم دوعایە : (اللَّهُمَّ إِنَّا نَعُوذُ بِكَ مِنْ عَذَابِ جَهَنَّمَ وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ عَذَابِ الْقَبْرِ وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ فِتْنَةِ الْمَسِيحِ الدَّجَّالِ وَأَعُوذُ بِكَ مِنْ فِتْنَةِ الْمَحْيَا وَالْمَمَاتِ) .
چوارەم : ئەو سوننەتانەی بەکردار دەکرێن ، وپێیان دەوترێت" الهيئات ".
دەست بەرز کردنەوە لەگەڵ " الله ٲکبر" ـی نوێژ دابەستندا .
دەست بەرز کردنەوە لەکاتی چوونە ڕکوع .
دەست بەرز کردنەوە لەکاتی بەرز بوونەوە لە ڕکوع .
بەردانەوە دەست دوای ئەوە .
دانانی دەستی ڕاست لەسەر دەستی چەپ .
تەماشای کردنی شوێنی سەژدە .
جودا کردنەوەی پێیەکانی لەکاتی ڕاوەستاندا .
گرتنی ئەژنۆی بەدەستەکانی لەکاتی ڕکوع بردندا وبڵاو کردنەوەی پەنجەکان ودرێژ کردنەوەی پشت وڕێك ڕاگرتنی بەشێوەیەك لەگەڵ سەری دا ڕێك بێت .
توند کردنی ئەندامەکان لەئەرز ئەوانەی کەپێویستە سەژدەیان لەسەر ببرێت .
دوور خستنەوەی قۆڵەکانی لەلاتەنشتی و سک لەڕانەکان ، وڕانەکان لەقاچەکان ، وکردنەوەی ئەژنۆکان ودیوی نێوەوەی پەنجەکانی خستنە سەر ئەرز بەبڵاو کراوەیی وچەقاندنی پەنجەی پێیەکان لەئەرز بەبڵاو کراوەیی ودانانی دەستەکان ڕێکی شانەکان بەکراوەیی لەگەڵ نوقاندنی پەنجاکاندا .
لەتەحیاتی یەکەم دا دانیشتن لەسەر پێی چەپ لەنێوان سەژدەکاندا کەبە "الافتراش" مەشهورە ، ولەتەحیاتی کۆتایی دا ڕاخستنی پێی ڕاست لەژێردا بەشێوەیەک لەلای چەپەوە دەرچێت ئەمەشیان بە "التورك" ناسراوە .
وەدانانی دەستەکان لەسەر ڕانەکان بەبڵاوکراوەیی لەگەڵ نوقاندنی پەنجەکاندا لەنێوان سەژدەکاندا ، وبەهەمان شێوە لەکاتی تەحیات خوێندندا تەنها ئەوە نەبێت لەکاتی تەحیات خوێندندا هەموو پەنجەکان دەنوقێندرێت وپەنجەی نێوەڕاست لەسەر پەنجە کەڵە دادەنرێت و پەنجەی شایتو مان بەرز دەکرێتەوە.
لا کردنەوە بەلای ڕاست وچەپدا لەکاتی سەلامدانەوەدا .
تێبینی: لەهەندێ لەم بابەتانەدا جیاوازی لەنێو زانایاندا هەیە وڕەنگە لای هەندێکیان واجب بێت ولای هەندێکی تریان سوننەت بێت ئەوەش بەدرێژی لەکتێبە فیقهیەکاندا باسکراوە.
والله أعلم.