بومەلەرزە و پەند و ئامۆژگارییەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بومەلەرزە و پەند و ئامۆژگارییەکانى
پرسیار:

وەکو موسڵمان چۆن پەند و ئامۆژگارى لە ڕودانى بومەلەرزە ببینین ، وە چی بکەین تا خواى گەورە سزامان نەدات بە ڕودانى بومەلەرزە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
خوای گەورە دەزانێ‌ بەندەكانی شتیان زۆر و زوو لە بیر دەچێت هەر بۆیە ئایەت و نیشانەی خۆی  ڕەوانە دەكات بۆ ئەوەی بێدار و ئاگادار ببنەوە ، گەر چاكە كار بن زیاتر چاكە بكەن ، گەر خراپەكاریش بن دەستبەرداری خراپە و تاوان ببن و تەوبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە وەكو دەفەرموێت :  [وَمَا نُرْسِلُ بِالآيَاتِ إِلاَّ تَخْوِيفاً]
ئایات و نیشانەكانی خۆمان كە ڕەوانە دەكەین بۆ ئەوەی بترسن و ڕابچەڵەكێن و بگەڕێوە.
بەڕاستی موسڵمان دەبێ بە ڕودانى بومەلەرزە دڵی ڕابچەڵەكێ و بێدار و بە ئاگا بێتەوە .
بەڕاستی یەكێك لە سەربازە گەورەكانی خوای پەروەردگار بریتی یە لە زەوی لەرزە.
تەماشا ئەكەی لە ماوەی چەند ساتێکی زۆر كەمدا شارێك بە كاملی كاول و وێران دەكات ، بۆیە كاتێك كە دەسەڵاتی خوای گەورە هات هیچ كەسێ هیچ دەسەڵاتێ بەرگەی ناگرێت وەکو خواى گەورە دەفەرموێ : [إِذَا أَرَادَ اللَّهُ بِقَوْمٍ سُوءاً فَلا مَرَدَّ لَهُ] كە خوا بیەوێت سزای قەومێك و خەڵكێك و گەلێك بدات گەڕانەوەی بۆ نیە .
ئەمانە هەموی نیشانە و ئایەتی خوان بۆ ئەوەی دڵی ئێمەی پێ ئاگادار بكاتەوە بۆ ئەوەی دڵی ئێمەی پێ ڕابچەڵەكێنێ .
ئێمە وەکو موسڵمان پێمان وانیە ئەمە ڕوداوێكی سروشتی بێت وەكو زۆرێك لە مولحید و كافر و بێ باوەڕەكان دەیڵێن ، بەڵكو ئێمە پێمان وایە یاسا و قودرەت و دەسەڵات و هێزی خوای پەروەردگارە.
ئێمەی موسڵمان باوەڕمان وایە هیچ شتێك ڕوونادا ئیللا بەقەدەری خواى گەورە نەبێت .
وە ئەم زەوی لەرزەیە لەخۆیەوە نەبوون بەڵكو لەخواوە بووە 
بەگاڵتەش نەبووە و ڕووی نەداوە بەڵكو بۆ حیكمەت بووە، بۆ ئەوەی دڵمانی پێ ڕابچەڵەكێ بەڵكو بگەڕێینەوە بۆ لای خواى گەورە و تەوبە بکەین .

بۆ ئەوەی قەدری ئەو نیعمەتە بزانن كە چەندین ساڵە بە ئیسراحەت و بێ لەرزین لەسەر ئەم زەویە دەژین . وانەزانن كاتێ تۆ لە خۆشگوزەرانی دایت و غافڵ و بێ ئاگای و خوای گەورەت لە بیر كردوە بەهەمان شێوەش خوای گەورەش ئاگای لە تۆ نیە نەخێر (وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ )
 دەی با بزانین توخوا دوای ڕوودانی ئەم بومەلەرزانە چەند كەسمان ئیستیغفارمان كرد؟ چەند كەسمان تەوبەمان كرد و گەڕاینەوە بۆ لای خوا ؟
كاتێك لەسەردەمی ئیمامی عومەردا زەوی لەرزە ڕووی دا لەشارى مەدینە وتارێكی بۆ خەڵكی دا و فەرمووی : والله ئەم عقوبەتان بەسەردا نەهاتوە ئیللا بە هۆی تاوانی خۆتانەوە نەبێت ئیللا سەبەبەكەی تاوان كردنی خەڵكی یە سوێند بەخوا دوبارە ببێتەوە لەناوتان دانانیشم [وَمَا أَصَابَكُمْ مِنْ مُصِيبَةٍ فَبِمَا كَسَبَتْ أَيْدِيكُمْ وَيَعْفُو عَنْ كَثِيرٍ]  وە ئێوە تووشی هەر بەڵاو موسیبەتێك ببن بەهۆی تاوانی خۆتانەوەیە هێشتا خوای گەورە لە زۆرێك لە تاوانەكانتان ئەبوورێت‌و سزاتان نادات لەسەری .
بەداخەوە ئێستا ئەو هەموو تاوانە دەبینین لە ناو خەڵکی دا لە پشت کردن لە دین و خواناسی بۆ زینا و مەشروب خواردنەوە و ڕیبا و سفورى ئافرەتان و غەش کردن و حوکم نەکردن بە قورئان و سەرقاڵ بونى خەڵکی بەدنیا و شەهەوات و ....  هەر ڕەحمی خوایە لە ناومان نادات .

بومەلەرزە چی پێمان وت؟ و چ دەرس و پەند و ئامۆژگاریەكی تێدایە
یەکەم : لە ئامۆژگاریەكان : بومەلەرزە هاتنی قیامەتمان بیردەخاتەوە: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمْ إِنَّ زَلْزَلَةَ السَّاعَةِ شَيْءٌ عَظِيم)
ئه‌ی خه‌ڵكینه‌! به‌رده‌وام له‌په‌روه‌ردگارتان بترسن و خۆ بپارێزن له‌خه‌شم و قینی ئه‌و ،فه‌رمانه‌كانی به‌چاكی جێبه‌جێ بكه‌ن، (إِنَّ زَلْزَلَةَ السَّاعَةِ شَيْءٌ عَظِيم) چونكه‌به‌ڕاستی بوومه‌له‌رزه‌و هاتنی ڕۆژی قیامه‌ت و كاولبوونی دنیا، كارێكی زۆر سامناك و گه‌وره‌یه‌
دوو ەم : بومەلەرزە پێی وتین و پێمانی سەلماند كە هیچ كەسێ لە ئێمە زەمانی نیە ، خوای گەورە هەركات ویستی لێ بێت لەناومان دەدات .
سێیەم : پێی وتین ئەبێت لە مەودوا بە خۆماندا بچینەوە ، نابێ غافڵ و بێ ئاگا بین بەڵكو دەبێ ئاگامان لە ماڵ و منداڵ و كچ و خوشك و خێزانەكانمان بێ و ڕێگە نەدەین توشی تاوان و كاری خراپ و ناشەرعی ببن
چوارەم: پێی وتوین هەتا زەوی لەرزە نەبینین قەدری ئەو نیعمەتە نازانین كە بە خۆشی و ئیسراحەت لەسەر ئەم زەویە ژیان بەسەر دەبەین ، هەر وەك چۆن تا نەخۆش نەكەوی قەدری لەشساغی نازانی . 

پێنجەم : پێی وتین کە ماڵی دنیا زۆر کەم قەدر و بێ نرخە چونکە خۆشەویست ترین شتێك كە ئینسان لێی ڕا دەكا لە كاتی بومەلەرزە ماڵەكەیەتی ، ئەو ماڵەی كە عومری بۆ سەرف كردوەو كۆیكردۆتەوەو دروستی كردوەو ڕازاندویەتیەوە ،كاتێك كە زەوی لەرزە دێ خوا خوایەتی نەیكوژێ و نەڕوخێ بەسەری دا و ڕادەكا .

چی بكەین كە بومەلەرزە دوبارە نەبێتەوە
یەکەم : تەوبە و داوای لێ بوردن لە خوای گەورە و دەستهەڵگرتن لە تاوان (وَمَا كَانَ اللَّهُ مُعَذِّبَهُمْ وَهُمْ يَسْتَغْفِرُونَ )
دووەم : پێویستە ئیمان لە دڵماندا جێگیر بكەین تا خوای گەورە سزامان لەسەر لا بدات وەكو قەومی یونس
( لَمَّا آمَنُوا كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَمَتَّعْنَاهُمْ إِلَىٰ حِينٍ )
سێیەم :  هەر هەوڵی چاك كردنی خۆت مەدە بەڵكو كەسوكار و خێزان و منداڵت چونكە ( وَمَا كَانَ رَبُّكَ لِيُهْلِكَ الْقُرَىٰ بِظُلْمٍ وَأَهْلُهَا مُصْلِحُونَ ) وە پەروەردگارت هیچ شارو دێ­یەك لەناو نادات‌و زوڵم و ستەمیان لێ ناكات لە كاتێك كە خەڵكەكەی چاكەكار بن‌و ئیصلاح و چاكسازی بكەن هەموی بەرەو خوا یەكتر ڕابكێشن و یەكتر چاك بكەن
چوارەم : پێویستە صەدەقە بكەین چونكە هاتنی بومەلەرزە و بەڵاو موصیبەت توڕەیی خوایە 
توڕەیی خواش بە صەدەقەی نهێنی لا دەچێ ( إنَّ صدَقةَ السِّرِّ تُطفِئُ غضَبَ الرَّبِّ تبارَك وتعالى)
لە زەمانی عومەری كوڕی عبدالعزیز زەوی لەرزە ڕووی دا فەرمانی كرد خێر و صەدەقە بكەن ، تەوبە و ئیستیغفار بكەن ، بەڵام خەڵکی ئێستا بەزۆرى سەیری هەواڵەكان دەکات و بزانە چەند كەس مردوە چەند كەس ماڵ و حاڵی جێ هێشتوە بەبێ ئەوەى بیرى لاى تەوبە و خێر و صەدەقە کردن بێت .
پێنجەم : پێویستە فەرمان بە چاكە و ڕێگری لە خراپە بكەین ، تەماشاكە قەومەكانی پێشوو ئەوانەیان ڕزگاریان بوو لە سزاى خوا کە فەرمانیان بە چاكە دەکرد و ڕێگریان لە خراپە دەکرد (أَنجَيْنَا الَّذِينَ يَنْهَوْنَ عَنِ السُّوءِ )

كۆتایی ئەم بابەتە بە ئایەتێكی ترسناك دێنین كە بێ دەسەڵاتی ئینسان و دەسەڵات و توانای خوای گەورە دەسەلمێنێت
 [قُلْ هُوَ الْقَادِرُ عَلَى أَنْ يَبْعَثَ عَلَيْكُمْ عَذَابًا مِنْ فَوْقِكُمْ]
ئەی محمد پێیان بڵێ: خوای گەورە تواناو دەسەڵاتی هەیە كە سزایەكتان بۆ بنێرێ لەسەرووی خۆتانەوە لە ئاسمانەوە بە بەرد بارین یان باران بارین یان با یان هەر سزایەكی تر، [أَوْ مِنْ تَحْتِ أَرْجُلِكُمْ]  یاخود لە ژێر پێیەكانتانەوە بە بوومەلەرزەو ڕۆچوون بەناخی زەویدا یان بەغەرق بوون یان بەهەر شێوازێكی تر، [أَوْ يَلْبِسَكُمْ شِيَعًا وَيُذِيقَ بَعْضَكُمْ بَأْسَ بَعْضٍ]  یان بتانكاتە بەش بەش‌و كۆمەڵ كۆمەڵ و گروپ گروپ‌و پارچە پارچە، وە شەڕو ئاژاوە بكەن‌و هەندێكتاندا بەسەر هەندێكتاندا زاڵ بن بە كوشتن‌و دیل گرتن‌و وێرانكاری، [انْظُرْ كَيْفَ نُصَرِّفُ الْآيَاتِ] تەماشا بكە‌و بزانە چۆن ئێمە نیشانەو بەڵگە ئاشكراكانی خۆمانیان بۆ ڕوون دەكەینەوە  [لَعَلَّهُمْ يَفْقَهُونَ ]بەڵكو تێبگەن و بیر بكەنەوە
ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٢,٩٥٤ بەش: هەمەجۆر