زۆر زۆر ئەترسم بەزۆرى لە خەوندا وە زۆر جار هەر لە خۆمەوە شت دێتە پێش چاوم : ماڵپەڕی وەڵامەکان
زۆر زۆر ئەترسم بەزۆرى لە خەوندا وە زۆر جار هەر لە خۆمەوە شت دێتە پێش چاوم
پرسیار:

بەڕێزان من زۆر زۆر ئەترسم بەزۆرى لە خەوندا وە زۆر جار هەر لە خۆمەوە شت دێتە پێش چاوم و لە پڕا دەئەچەڵەكێم و دڵم پەلە پەل ئەكات زۆر سوپاستان ئەكەم ئەگەر چارەیەكم بۆ بدۆزنەوە

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان

خوشكی بەڕێز: ئەو ترسە لە ڕێگەی جنۆكەوە بۆت پەیدا دەبێت، هەر ئاوانیشن كە لە كاتی خەوتندا خەوی ترسناك و سامناك و نابەجێ دەهێننە پێش چاوت و خەوی خراپ دەبینیت.
چارەسەری ئەم حاڵتەش بەوە دەبێت كەوا ئەم كارانەی خوارەوە بە شێوازێكی ڕێك و پێك و تەواو وئەنجام بدەیت
1 ـ نابێت بە هیچ شێوەیەك وێنەی گیان لەبەر لە ماڵتاندا هەبێت، چونكە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ((إنَّ الـملائكة لا تدخل بيتاً فيه كلب ولا صورة)) [متفق عليه] .
واتە: بەڕاستی فریشتەكان ناچنە ناو ماڵێكەوە كەوا سەكی تێدا بێت یان وێنە.
جا ئەگەر بە هۆی وێنەوە فریشتەكان نەچنە ناو ماڵێكەوە ئەوا ئەو ماڵە دەبێتە جێگای شەیتان و جنۆكەكان.
2 ـ نابێت بە هیچ شێوەیەك لە ماڵتاندا گۆرانی و مۆسقا لێبدرێت، چونكە گوێ گرتن لە گۆرانی و مۆسقا تاوانە و سەرپێچی فەرمانی خوایە و فریشتەكان و ئیمانداران بێزار دەكات، وە بە پێچەوانەوە گۆرانی و مۆسقا شەیتان و جنۆكەكان دڵ خۆش دەكات و هاندەریانە بۆ كاری خراپە و تاوان.
3 ـ دەبێت لە ماڵتاندا قورئان بخوێنرێت (چ كەسێك بیخوێنێت یان بە كاسێت لێبدرێت) بە تایبەت (سورة‌ البقرة‌) بە كامڵی، چونكە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی:((اقرءوا سورة البقرة في بيوتكم فإنَّ الشيطان لا يدخل بيتاً يقرأ فيه سورة البقرة)) [صحيح الـجامع الصغير رقم: (1170)] .
واتە: لە ناو ماڵەكانتاندا (سورة البقرة) بخوێننەوە چونكە شەیتان ناچێتە ناو ماڵێكەوە كەوا (سورة البقرة‌)ی تێدا بخوێنرێت.
4 ـ دەبێت بەردەوام پەیوەست بیت بە خوێندنەوەی زیكرەكانەوە و دایم دەم بە زیكری خوا بیت، وە بە تایبەت ئەم زیكرانە:
ـ زیكری بەیانیان و ئێواران.
ـ زیكری دوای نوێژە فەرزەكان.
ـ زیكری پێش خەوتن و پاش لە خەو هەستان.
ـ زیكری لە ماڵ دەرچوون و هاتنە ژوورەوە بۆ ماڵ.
ـ زیكری پێش جلوبەرگ داكەندن و پاش لەبەر كردنی.
ـ زیكری پێش چوونە سەر ئاو و پاش دەرچوونە دەرەوە لە سەر ئاو.
ـ هەروەها هەموو زیكرەكانی تر كە لە سوونەتی پێغەمبەری خوا هاتووە، بۆ ئەم مەسەلەیە دەتوانیت سوود ببینیت لەم كتێبە: (حصن الـمسلم من أذكار اليوم والليلة)..
وە بە تایبەت بۆ تۆ زۆر پێویستە كەوا كەمتەرخەم نەبیت لە زیكرەكانی پێش خەوتن وە بە تایبەت تریش (آية الكرسي) و (دوو ئایەتی كۆتایی سورة البقرة: آمن الرسول بـما أنزل إليهِ …) و هەر سێ سورەتی: (قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ …) (قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ …) (قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ الْفَلَقِ …).
ئەگەر هەموو ئەم كارانەت ئەنجام دا لە گەڵ پشتن بەستن بە خواوە ئەوا بە ویستی خوا چاك دەبێتەوە و ئەو ترسەت نامێنێت.
وە بە نیسبەت لەبارچوونی منداڵەكەتەوە، ئەوا پێدەچێت دەستی جنۆكەی تێدا هەبێت و ئەوان لەباریان بردبێت، وە ئەم حاڵەتەش لە كوردەواریدا پێی دەڵێن (مۆكڵە).
چارەسەری ئەمەش بە ئەنجامدانی ئەو كارانەی پێشەوە دەكرێت، لە گەڵ ئەوەی كە دەبێت پێش جووت بوون مێردەكەت ئەم زیكرە بخوێنێت: (بسم الله اللهم جنبنا الشيطان وجنب الشيطان ما رزقتنا).
چونكە پێغەمبەری خوا r فەرموویەتی: ((لو أنَّ أحدكم إذا أراد أن يأتـي أهله قال: بسم الله اللهم جنبنا الشيطان وجنب الشيطان ما رزقتنا، ثُم قدر أنْ يكون بينهما ولد في ذلك لـم يضره شيطان أبداً)) [متفق عليه]
واتە: ئەگەر یەكێك لە ئێوە ویستی بچێتە لای خێزانەكەی و بڵێت: (بە ناوی خواوە، خوایە بە دوورمان گرە لە شەیتان و شەیتان دوور بخەرەوە لەوەی كە پێمان دەبەخشیت) ئەنجا ئەگەر خوا داینابێ كەوا منداڵیان ببێت لەو جووت بوونەوە ئەوا هەرگیز هیچ شەیتانێك زەرەر و زیانی پێناگەیەنێت.
داواكارم لە خوای بە توانا و زانا كە ئێمەش و تۆش بپارێزێت لە شەیتان و فێڵ و پلانەكانی و یاریدەدەرەكانی.
لەلایەن مامۆستا (محمد عبد الرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,٤٨٤ بەش: هەمەجۆر