بسم الله الرحمن الرحيم
الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده:
خوای گەورە ژیانی دونیای بۆ تاقیكردنەوەی بەندەكانی دروست كردووە تاوەكو چاكەكار و خراپەكار لەیەكتر جیاببنەوە، و لە ڕۆژی قیامەتیشدا هەركەس بە پێی كردەوەی خۆی پاداشت وەربگرێت.
نابێت هیچ كەسیكی ژیر لەم دونیایەدا چاوەڕوانی ژیانێكی تەواو خۆشی بێ كێشە بكات، چونكە خوا سبحانە بەڵێنی تاقیكردنەوەی بەندەكانی داوە لەڕێگەی بەڵا و موسیبەتەكانەوە و خواش بەڵێنی خۆی ناشكێنێت و دەیباتەسەر، وەكو فەرموویەتی: [وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ حَتَّى نَعْلَمَ الْمُجَاهِدِينَ مِنْكُمْ وَالصَّابِرِينَ] (محمد: 31)
واتە: سوێند بە خوا تاقیتان دەكەینەوە تاوەكو تێكۆشەران و ئارامگرەكانتان بزانین و لە دونیادا ئاشكرا ببن.
هەروەها فەرموویەتی: [ الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً] (الملك: 2).
واتە: پەروەردگار مردن و ژیانی دروستكردووە بۆ ئەوەی تاقیتان بكاتەوە كامتان كردەوەی چاكترە.
كەواتە تا لە دونیادا بیت هەر بەڵا و ناخۆشیت بەسەردا دێت.
* تاقیكردنەوەت بە پێی باوەڕەكەتە
پرسیار كرا لە پێغەمبەری خوا – صلی اللە علیە وسلم -: " أَيُّ النَّاسِ أَشَدُّ بَلَاءً؟ " واتە: كێ لەناو خەڵكیدا بەڵای لە هەمووی قورسترە؟ ئەویش فەرمووی: "الْأَنْبِيَاءُ ثُمَّ الْأَمْثَلُ فَالْأَمْثَلُ فَيُبْتَلَى الرَّجُلُ عَلَى حَسَبِ دِينِهِ فَإِنْ كَانَ دِينُهُ صُلْبًا اشْتَدَّ بَلَاؤُهُ وَإِنْ كَانَ فِي دِينِهِ ڕقَّةٌ ابْتُلِيَ عَلَى حَسَبِ دِينِهِ ".(رواه ابن ماجه وصححه الألباني).
واتە: پێغەمبەران پاشان پیاوچاكان (بە پێی پلەیان)، پیاو (هەروەها ژنیش) بە پێی دینەكەی تاقی دەكرێتەوە، ئەگەر دینی پتەو بێت ئەوا بەڵای قورستر دەبێت، ئەگەریش دینەكەی لاوازی تێدا بێت ئەوا بە گوێرەی ئەوە تاقی دەكرێتەوە.
* لە پێش دابەزینی بەڵا و موسیبەت چی دەكەیت؟
پێش دابەزینی بەڵا داوای سەلامەتی و لەشساغی لە خوای گەورە بكە، و نەكەی وەكو ئەو كەسانە بیت كە خۆزگە دەخوازن بەڵایان بەسەردا بێت، چونكە تۆ نازانیت ئایا لەو كاتەدا ئارام دەگریت یاخود پەنا بە خوا هەڵدەگەڕێیتەوە لە ئاینەكەت و كوفر دەكەیت.
* لە پاش دابەزینی بەڵا و موسیبەت چی دەكەیت؟
لێرەدا مەبەستمان لە بەڵا و موسیبەت هەموو ناخۆشیەكە كە بەسەر مرۆڤدا دێت لە نەخۆشی، مردنی خۆشەویستان، خەم و خەفەت و بێتاقەتی و.... هتد
* لە كاتی توشبوون بە بەڵا
أ. زۆر دوعا بكە و لە خوای گەورە بپاڕێرەوە، و بزانە كە كەس توانای لابردن و سووككردنی ئەو ناخۆشیەی نیە كە بەسەرتدا هاتووە جگە لە الله، وە هەر ئەویشە وەڵامی پاڕانەوە دەداتەوە و بەهانای لێقەوماوەنەوە دێت، هەروەكو فەرموویەتی: [وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ] (غافر: 60).
واتە: پەروەردگارتان فەرموویەتی لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە.
ب. ئارام بگرە " صبر "، واتە: زمان و ئەندامەكانی تری لاشەت بگریت و بپارێزیت لە توڕەبوون و بێزاری دەربڕین لەو ناخۆشیەی كە تووشت بووە.
بۆ ئەوەی ئارام گرتنیشت لەسەر ئاسان بێت بیر لەم شتانە بكەرەوە:
1. ئەگەر ئارام نەگریت چی دەكەیت ؟
هیچ شتێكت پێناكرێت جگە لە ناشوكری و خۆ تاوانباركردن چونكە هەموو شتێك بەدەستی ئەو خوایەیە كە ئەو ناخۆشیەی بەسەردا هێناویت.
2. بیر لە پاداشتی ئارامگرەكان بكەرەوە:
پێغەمبەری خوا – صلی اللە علیە وسلم – فەرموویەتی:" مَا مِنْ مُصِيبَةٍ تُصِيبُ الْمُسْلِمَ إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا عَنْهُ حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا " (البخاري: 5640).
واتە: هەر موسیبەتێك تووشی موسڵمان ببێت ئیللا خوا بە هۆیەوە لە تاوانەكانی دەسڕێتەوە هەتا ئەگەر دڕكێكیش بچێت بە لەشیدا.
3. لەوانەیە پلەیەكت بۆ دانرابێت لە لای خوای گەورە بەو بەڵایە نەبێت پێی نەگەیت، وەكو پێغەبەری خوا – صلی اللە علیە وسلم – فەرموویەتی: " إِنَّ الرَّجُلَ لَتَكُونُ لَهُ الدَّرَجَةُ عِنْدَ اللَّهِ لا يبلغها بِعَمَل حَتَّى يُبْتَلَى بِبلاء في جسمِهِ فَيَبْلُغُهَا بِذَلِكَ " (حسن / ابن حبان: 2908) .
واتە: بێگومان پیاوی واهەیە پلەیەكی بۆ دانراوە لە لای خوا بە كردەوە پێی ناگات تاوەكو تووش دەبێت بە بەڵایەك لە جەستەیدا، جا خوا بە هۆی ئەو بەڵایەوە دەیگەیەنێت بەو پلەیە.
4. ئەو بەڵایەی بەسەر تۆدا هاتووە سوكترە لە بەڵای كەسانی تری دەوروبەرت، جا بۆیە سوپاسی خوا بكە كە بە گەورەتر تووشی نەكردوویت.
5. بزانە ئەو ناخۆشیەی تووشت هاتووە ماوەیەكی كەمە و لادەچێت بە ویستی خوا سبحانە، جا بۆیە هەوڵا بدە ئەو ماوە كەمە بە جوانی بەڕێ بكەیت و ببیتە یەكێك لە ئارامگرەكان.
6. ئەو ناخۆشیانەی كە بەسەر موسڵماندا دێت لە دونیادا بۆ سڕینەوەی تاوانەكانی و پلە بەرزكردنەوەیەتی ، جا وریابە.
7. ئەو موسڵمانانەی تووشی بەڵا دەبن خوای گەورە خۆشی دەوێن – إن شاء الله -، چونكە پێغەمبەری خوا – ﷺ – فەرموویەتی:" إِنَّ اللهَ إِذَا أَحَبَّ قَوْمًا ابْتَلَاهُمْ " (أخرجه الترمذي وحسنه الألباني)
واتە: ئەگەر خوا گەلێكی خۆش بوێت تاقیان دەكاتەوە
والحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله